بڕیارى لێخۆشبوون لە سزای دواخستنی قیستی پێشینه‌كان ده‌درێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

بڕیارى لێخۆشبوون لە سزای دواخستنی قیستی پێشینه‌كان ده‌درێت

 

به‌ڕێوه‌به‌ری بانكێكی خانوبەرە ڕای دەگەیەنێت، بڕیارى لێخۆشبوون لە سزایەكی دواخستی قیستی پێشینەكان (سولفه‌) دراوه‌.

 

عەجیب محەمەد، بەڕێوەبەری بانكی خانوبەرەی هەولێر بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند،: "ئەو هاووڵاتییانەی بەهۆی قەدەغەی هاتوچۆوه‌ لە 11ی 3 بۆ 11ی 5 قیستی پێشینەی خانووبەرەیان نەدابێت، ئەو كاته‌ بڕیارى لێخۆشبوونی لە سزای دواخستنى قیستى پێشینه‌كانى بۆ دەدرێت، چونكە ئەو ماوەیە پشووی فەرمی بووە".

 

هەر هاووڵاتیەك قیستی پێشینە لە وادەی خۆی نەگەڕێنێتەوە ئەوە ساڵانە سزای دواخستنی دەخرێتەسەر بە ڕێژەی 10%، بەڵام بەهۆی قەدەغەی هاتوچۆ ئەو سزایە دوو مانگ لادراوە.

 

بەڕێوەبەری بانكی خانوبەرەی هەولێر گوتیشى: "لابردنی ئەو زیادەیە هاوكارییەكی هاووڵاتییانە، ئێستاش دوای كردنەوەی دەوام خەڵكێكی زۆر قیستی خۆیان دەگەڕێننەوە و 10%ی سزای دواخستنی ئەو دوو مانگەیان لێ وەرناگیرێت، ئەمەش هەموو پێشینەكان دەگرێتەوە".

 

بەپێی ئاماری وەزارەتی دارایی، لە سەرەتای دابەشكردنی پێشینەكانەوە تاوەكوو 31/12/2013 بڕی 4 تریلیۆن و 171 ملیار دینار بۆ پێشینەكان خەرج كراوە و زیاتر لە 620 هەزار كەسیش سوودمەندن بوونە.

 

پێشینەی خانوبەرە لە نێوان 20 ملیۆن تاوەكوو 25 ملیۆن دینارە بوو، لە ساڵی 2014وه‌ ڕاگیراوە، لە ساڵی 2008 بۆ ساڵی 2014 تەنها لە هەولێر 26 هەزار كەس لەو پێشینەیە سوودمەندبوونە.