كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

بەوێنە.. لە سلێمانی کچە وێنەگرێک قۆناغەکانی خۆپارێزی کۆرۆنا بە وێنە دۆکیۆمێنت دەکات

سارا نامۆ، کچە وێنەگرێکی خەڵکی سلێمانی، لە قۆناغی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەڕێگەی کامێراکەیەوە چەندین وێنەی ناو شاری سلێمانی گرتووە و ڕای دەگەیەنێت کە دەیەوێت ئەو قۆناغە جیاوازەی ژیان دۆکیۆمێنت بگات.

سارا نامۆ کە لە ساڵی ٢٠٠٥ەو دەستی بە کاری وێنەگرتن کردووە، لەبارەی کارەکەیەوە بە (باسنینوز)ی ڕاگەیاند: "لە ماوەی قۆناغی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆڕۆنا کە دەوامی فەرمانگەکان و ھاتوچۆی ئۆتۆمبێل و پیادەی ناو شار وەستابوو، لەڕێگەی کامێراکەوە وێنەی چەندین حاڵەتی ژیانم گرتووە کە جێگەی تێڕامان بوون و ویستم بەو کارەم ئەرشیفێک بۆ داھاتوو دروست بکەم".

گوتیشی: "لە قۆناغی خۆپارێزییەکەدا چەند جارێک دەچوومە شەقامەکانی ناوشار و وێنەم دەگرت بۆ ئەوەی لە چاوی کامێراکەمەوە ژیان بۆ بینەران کە لە ماڵەکانیان  دەمانەوە بگوزازمەوە، بۆ ئەو مەبەستە پەڕەی خۆم لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) بەکار دەھێنا و لەوێ دۆکیۆمێنتم دەکردن".

ڕوونیشی کردەوە: "ئەوەی بەلای منەوە سەرنجڕاکێش بوو کشوماتیی شار بوو، لەو کاتەدا کە سیمایەکی ترسناک و ناخھەژێنم دەبینی ھەرگیز شارم بەو جۆرە نەدیبوو، دیمەنی بێلانەکان لەسەر جادەکان زۆر کاریگەریی لەسەرم ھەبوو".

 سارا نامۆ، باسی ئەوەشی کرد کە ئەوە یەکەم کاریەتی و بەرنامەشی بۆ داھاتوو ھەیە لە کاتی ھاتنە پێشی حاڵەتی لەو شێوەیەدا لەڕێگەی کامێراکەیەوە چرکەکانی ژیان تۆمار بکاتەوە.