كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

گەرمیان.. زیاتر لە شەش ھەزار دۆنم زەوی بە تەماتە چێنراوە

"لەمساڵدا بە سەدان تۆن تەماتە لە گەرمیانەوە ھەناردەی پارێزگاکانی دیکە دەکرێ"

بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی گەرمیان ڕایدەگەیەنێت لەلایەن جووتیارانەوە لەمساڵدا زیاتر لە شەش ھەزار دۆنم زەوی بەبەرھەمی تەماتە چێنراوە و بەمزوانە بەرھەمەکەیان دەکەوێتە بازاڕەوە و پێشبینی دەکرێت بەسەدان تۆن تەماتە ھەناردەی پارێزگاکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان و خوارووی عێراق بکرێت.

 

شادیە حسێن، بەڕێوەبەری گشتی کشتوکاڵی گەرمیان، بە (باسنیوز) ی ڕاگەیاند: "بەپێی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی کشتوکاڵی گەرمیان ڕووبەری چێنراوی تەماتە لە سنوری ئیدارەی گەرمیان لەمساڵدا نزیکەی ٦ ھەزار و ٢٥٠ دۆنمە لەجۆرەکانی (سۆفیا، زەھەبی، دوجمە، مەروا، کوردی)".

 

گوتیشی: "بەمزوانە بەرھەمی جووتیارانی گەرمیان دەکەوێتە بازارەوە و پێشبینی دەکەین بۆ ئەمساڵ جووتیارانی خاوەن کێڵگەی تەماتە دەتوانن بە سەدان تۆن تەماتە ھەناردەی پارێزگاکانیتری ھەرێمی کوردستان و خوارووی عێراق بکەن".

 

ئاماژەی بەوەشدا "ھەمیشە لەکاردادەبین بۆ ئەوەی ھەوڵ و ماندووبوونی جووتیاران بەفێرۆ نەچێت و بە بەبازارکردنی بەرھەمەکانیان بحەسێنەوە و بە نرخێکی گونجاو بازارێکی باشیان ھەبێت لە عەلوەکانی ھەرێمی کوردستان ، لەو چوارچێوەیەشدا بە بڕیاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ھەر کیلۆیەک تەماتە بڕی ٦٠٠ دینار باج دانراوە و بڕیارەکەش لە ١٠/٦/٢٠٢٠ ەوە جێبەجێدەکرێت و تا ١٥/١٠/٢٠٢٠ بەردەوام دەبێت".