لە چەند ڕۆژی داهاتوودا خۆراک بەسەر 200 هەزار خانەوادەی کەمدەرامەت دابەش دەکرێ
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

لە چەند ڕۆژی داهاتوودا خۆراک بەسەر 200 هەزار خانەوادەی کەمدەرامەت دابەش دەکرێ

به‌رپرسێکی وه‌زاره‌تی بازرگانیی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاشکرای دەکات، سەرجەم ئەو خۆراكانە گەیشتوونەتە هەرێمی كوردستان كە حكوومەت بۆ دابەشكردنیان بەسەر خێزانە هەژارەكان کڕیبوونی.

 

نەوزاد ئەدهەم، بەڕێوەبەری گشتی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە (باسنیوز) ی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ سەرجەم ئەو خۆراكانە گەیشتنە هەرێمی كوردستان كە حكوومەت بۆ دابەشكردنیان بەسەر خێزانە هەژارەكان کڕیبووی و ئەو خۆراکانەش پێکهاتوون لە ئاردی سفر و دە بوتڵی ڕۆنی زەیت و دوو قوتووی دۆشاوی تەماتە و پێنج کیلۆ نیسک کە سەرجەمی دەکاتە 66 کیلۆ خۆراک".

 

گوتیشی: "ئەو خۆراکانە بە شێوەیەک دابەش کراوە کە %40 ی ئەو خۆراکانە بۆ پارێزگای سلێمانی و %60 ی بۆ پارێزگای هەولێر و دهۆکە، کە سەرجەمی بەشی 200 هەزار خێزانە کە بە نزیکەیی یەک ملێۆن کەس دەگرێتەوە و بەشێوەیەک دابەش دەکرێت کە پێشووتر هاووڵاتیان لە ڕێگەی یەکە ئیدارییەکان و پارێزگا و قایمقامیەت و ناحیەکانەوە ناویان تۆمار کراوە".

 

ئاماژەی بە ئەوەش کرد، ئەو کەسانەی لەو خۆراکانە سوود مەند دەبن کەسانی هەژار و کەمدەرامەتن و ئەو کەسانەن کە بەهۆی پەتای کۆڕۆناوە زیانیان بەرکەوتووە و هیچ مووچەیەکیان نیە و بەشێوەیەکی گشتی هاوکارییەکە هەموو کوردستانی گرتووەتەوە و ڕۆژی شەممە دەگاتە شار و شارۆچکەکان و لە ڕێگەی بریکارەکانی خۆراکەوە لەو ناوچانە دابەش دەکرێن و هەر شوێنێک بە گوێرەی ژمارەی ئەو خێزانانەی کە ناویان تۆمار کراوە.

 

ڕوونیشکردەوە، بۆ ئەوەی خۆراکەکە بەشێوەیەکی دادپەروەرانەوە دابەش بکرێت هەر هەمان ئەو بەڵێندەرانە خۆراکەکە دابەش دەکەن کە کۆبۆنی خۆراک دابەش دەکەن و ئەوان شارەزایان هەیە لەو کارەدا و دەیگەیەنن بە بریکارەکان وئەوانیش بەسەر هاووڵاتیاندا دبەشی دەکەن.