فەرماندەیەكی داستانی هەندرێن كۆمەڵێك یادگاریی باسنەكراو دەگێڕێتەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

فەرماندەیەكی داستانی هەندرێن كۆمەڵێك یادگاریی باسنەكراو دەگێڕێتەوە

داستانی "هەندرێن" لە بەرپەڕی یادەوەرییدا

عزەت سلێمان بەگ دەرگەڵەیی، یەكێك لە فەرماندە دیارەكانی شۆڕشی ئەیلوول، بۆ یەكەم جارە چەند یادگارییەكی خۆش و ناخۆشی داستانی هەندرێن دەگێڕێتەوە.


عزەت سلێمان بەگ، لەودیو داستانی دەستەویەخەی قارەمانییەتی داستانی مەزنی “هەندرێن”، بۆ یەكەم جارە كۆمەلێك یادگاریی خۆش و ناخۆشی داستانە پڕ شكۆكە دەگێڕێتەوە، کە ساڵی ١٩٦٦ هێزی پێشمەرگەی کوردستان تۆماری کرد و ڕژێمی بەعسی بەچۆکدا هێنا.


مام عزەت، ئاماژە بەوە دەکات، کە لە سەروبەندی ئامادەکاریی بۆ هێرشکردنە سەر مۆڵگە و هێزەکانی دوژمن، کە چەند ڕۆژێک پێشتر لە چیاکە جێگیر ببون، نامەیەکی بۆ کاک (ئیدریس بارزانی) ناردووە و لە نامەکەدا دوای ھەڵسەنگاندنی مەوقفی جەبھە، داوای ھێزی لێ کردووە و دەڵێت: “کاک ئیدریس وەڵامی نامەکەی دامەوە و بۆی نووسیبوم، کاک عزەت ئەتوو لە ھەموو کەس باشتر دەزانی، کە ئێمە دەوڵەت نین، لیوا و فەوجی ئیحتیاتم لە بەر دەست بێ، تا بۆت بنێرم. ئەمەوێ ڕاستگۆ بم لەگەڵت، دەبێ ئیعتماد لە سەر خوا و خۆت و ئەو ھێزە بکەیت، کە لە بەر دەستتانە”.


ئەو فەرماندەیە جەخت دەکاتەوە، کە لە وەڵامی نامەکەوە تێگەیشتووە کە دەبێ ئەو شەڕە کێ بیکات. بۆیە قۆڵی لێ هەڵدەماڵێت و گوتی: “ھەموو ھێزی فیدایی و شەڕکەر، تۆپخانە و ئیسناد، تەندروستی و پاڵپشت، لە ٢٥٠ پئشمەرگە تێپەڕی نەدە کرد. ئەوەی داخلی شەڕی ڕووبەڕوو بووین، تەنیا ١٥٠ پئشمەرگە بوو و لە ماوەی سێ سعاتی شەڕدا، ٩٥ سەنگەرمان گرت و سەرتاسەری ھەندرێنمان پاک کردەوە”.


دەرگەڵەیی گوتیشی: “لە شەڕەکەدا، دوای ئەوەی سەنگەری لووتکەی ھەندرێن بە دەست فیداییەکان ڕزگار بوو ، بە گوێرەی پلانی شەڕەکە، ئێمەش لە ناو قەدی ھێزەکەی دوژمن لێمان دان، حەماسەت وا بە گوڕ بوو، کە چووینە ناو قووڵایی هێزەکانی دوژمن، کەوتینە بەر دەستدرێژی چڕ و تەقەی زۆری سەنگەرێک. ئەو سەنگەرەی دوژمن ھێندە بە سەرماندا زاڵ بوو، ھیچ دەرفەتی مقاوەمەمان نەبوو و پێشمەریەکمان بریندار بوو. چارم نەما، ھاواری کاک زراری برام کرد، زرار سلێمان بەگ ئەوکات بەرپرسی دەستەی فیدایی ئەو شەڕە بوو. ئیتر وەک موعجیزە، کە سەرنجی تەقە دەدات و گوێی لە دەنگی من بوو، بە نارنجۆکی دەستی ھێرشی ناو سەنگەری کرد و بە تەنیا، ھەرچی لە ناوی بوو، ئیبادەی کردن و ئێمەش ڕزگارمان بوو”.


مام عزەت دیمەن و سەربووردەیەکی سەیری شەڕەکە دەگێڕێتەوە و دەڵێت: “گەیشتمە سەر لاشەی ملازمێك، لە دەفتەری یاداشتەکانی نوسیبووی ( ليلة الماضية عشت اتعس ليلة في حياتى ، اللهم ارحمنا و ارحم هؤلاء الخونة)، واتە شەوی ڕابردوو، دژوارترین شەو بوو لە ژیانمدا، خودایە ڕوحم بە ئێمە و ئەو خائینانە بکەیت”.


ئەو فەرماندەیەی داستانی مێژوویی ؟هەندرێن” بەداخەوە باس لە دیمەنێکی ڕووداوەکانی شەڕەکە دەکات و گوتی: “گەیشتمە نزیک سەنگەرێکی ئازادکراو، ناڵەی بریندارێک دەھات، کە چووم، نائب عەریفێک زۆر بە دژواری بریندار بووبوو، منیش بە پێشمەرگەکانم گوت با تیماری کەین. کاتێ ئێمە خەریکی تیمارکردنی بووین، پێشمەرگەی ھێزێکی تر ھات و تەقەی لێ کرد و کوشتی. ھەستام خەریک بووم کارێکی توندی لەگەڵدا بکەین، گوتی کاک عزەت من جەماعەتی ئێوە نیم و حەقت نییە بە سەرمەوە. پێم گوت نامەردییەکی گەورەت کرد، لەبەر دروستبوونی حەساسیەت نەبێ، ھەقە وەکوو ئەو کوشتیەت لێ بکەین، بەڵام بڕۆ حەواڵەی خوا بیت”.


عزەت بەگ لە بارەی چارەنووسی ئەو پێشمەرگەیەی سەربازە بریندارەکەی کوشت دەڵێت: “دوای شەش مانگ، ئەو کەسە تەسلیم بە ڕژێم بووەوە، دواتر ڕژێم بە تۆمەتێک گرتی و لە سێدارەی دا”.


لە گێڕانەوەی یادەوەرییەكەیدا، مام عزەت دەڵێت: “دوژمن بە ئەندازەیەک شکا و ھەڵات، نەیزانی چی بردووە و چی بەجێ ھێشتووە”، تەنانەت سەربازێکی کورد بۆی گێڕاوەتەوە، لە ھەڵاتنی سەربازاندا، سەربازێکی بێتەل، کە دەگاتەوە ناو حامیەی ڕواندز، ئەفسەرەکە پێی دەڵێت: ئافەرین بۆ بەجێ نەھێشتنی کۆڵەپشتی بێ تەل. سەربازەکە ئاوەڕێک دەداتەوە و دەڵێت: بۆ سەیدی کۆڵەپشتم ھەر بە پشتەوەیە؟ دوژمن وا سەری لێ شێوابوو.


مام عزەت باس لەوەش دەکات، کە دوژمن لە ١٩٦٦/٥/٢ سەرکەوتە ھەندرێن، ھێندە بە سەرکەوتنێکی گەورە خۆی دەنواند، برووسکەیەک لە وەزارەتی دیفاعی ئێراقی کە بۆ لیوای چوار نووسرا بوو و لە کاتی شەڕەکە و سەرکەوتنی پێشمەرگە، برووسکەکە کەوتبووە دەستی ئەو، کە تیایدا ھاتبوو (يا ابطال ل٤، صعودكم الى جبل هندرين اصبحت حديث مجالس العسكرية في جميع الوطن العربي )، واته پاڵەوانانی لیوای چوار، سەرکەوتنتان بۆ چیای ھەندرێن بووەتە باس و خواسی ھەموو دانیشتنەکانی سەربازیی ولاتانی عەرەبی .


عزەت دەرگەڵەیی دەگێڕێتەوە کە “کاتێک پێشمەرگە لە ١٩٦٦/٥/١٢ چیای ھەندرێنی ڕزگار کرد، شەھید سامی سنجاری، لە ڕۆژنامەی خەبات ئەو برووسکەیە ئەکاتە مانشێتی وتارێک و ئەنووسێ: ئەی پێشمەرگە قارەمانەکان، سەرکەوتنتان لە چیای ھەندرێن، بووەتە باس و خواسی ھەموو دانیشتنە سەربازییەکانی جیھان”.


مام عزەت ئاشکرای دەکات، کە دوو ڕۆژ دواتر شەھید سامی سنجاری ھاتە جندیان و پێشمەرگەیەکی بە دوادا ناردووە، کە پەیامنێری ڕۆژنامەی ئۆبزرڤەری بەریتانی ھاتووە و داوای چاوپێکەوتن دەکەن و ھەر بۆ خۆشیی دەگێڕێتەوە و دەڵێت: “کە لە چیای هەندرێن ھاتینە خوار، ڕیشمان ھاتبوو، جلوبەرگی چڵکن و بۆرھەڵگەڕاون لەبەر بوو. لەولای ئێمەش ڕەشیدی حەمەد عەلیاغای جندیان بە ڕانکوچۆغەیەکی جوان و دوو ڕەختەی فیشەک، ڕاوەستا بوو و زۆر کەشخە دیار بوو. وەرگێڕی پەیامنێری ئۆبزرڤەر، کە کوردێک بوو لە بەریتانیا ھاتبوو، حەماسەتی ھێندە بە دیداری پێشمەرگە گەرم بووبوو، کە چاوی بە قەد و باڵای ڕەشید ئاغا کەوت، لە دڵی خۆیدا گوتبووی ھەبێ و نەبێ ئەو شەڕە، ھەمووی ئەو قەد و باڵایە کردوویەتی. بۆیە پیای ھەڵدەگووت، قوربانت بم، ئێوە سەربەرز و قارەمان و واو وا. ڕەشید ئاغا گوتی: لای من ئەو ھات و ھاوارە مەکە، من ئەو نیم. ئەوەی تۆ لێی ھەڵەی، ئەوەی تۆ مەبەستتە، ئەو جلبۆگەن و ڕیشھاتووانەن. منیش کە سوعبەتی خزمایەتیم لەگەڵ ھەبوو، پێمگوت شەرم ناکەی ئەو کورە کوردە فەشەل دەکەیەوە؟ گوتی نامەوێ بەو قسانە ھانم دا و بە کوشتنم دا، ئەوە ئیشی من نییە.. ئیتر زۆر پێکەنین و ھەستی سەربەرزیم، ئەو ڕۆژە ھەستێک بوو، ئێستاش پێی دەژیم”.


لەكۆتایی گێرانەوەی یادگارییەكانیدا، مام عزەت دەڵێت: “نھێنیی سەرەکیی سەرکەوتنی ئەو شەڕە، ھەستکردنی بەرپرسیارانەی ھەردوو ھێزی شیوعی و پارتی بوو، لە یەکخستنی ڕۆحی بەرگریی ھاوبەش. بە یەکگرتوویی نەبێ، بە تەنیا ڕێگامان سەختە. ئێستاش ئەو ھەبوونەمان بە خۆی دروست نەبووە، دەبا ڕەنجی ئەو زەحمەتەی قارەمانانی ھەندرێن و ھەموو کوردستان، بەبا نەدەین و بیپارێزین.


یەکێک لە داستانە هەر بەناوبانگەکانی شۆرشی ئەیلوول، داستانی هەندرێنە، یەكێك لەو داستانە كەموێنە و پڕ شكۆیانەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، كە لە 1966/5/12 دا بە دروشمی (كوردستان یان نەمان)، هێزی پێشمەرگەی كوردستان، توانی لە شەڕێكی دەستەویەخە لە چیای هەندرێن، گورزێكی كوشندە لە سوپای ئەوكاتەی ڕژێمی بەغدا بدەن و سەرکەوتنێکی مەزنیش لە مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردستان تۆمار بکەن، کە ئێستاش نەوە دوای نەوە بۆ یەکتری دەیگێڕنەوە.