وەرزی سووتاندن.. کورد دایدەچێنێت و پێش دروێنە ئەوان دەیسووتێنن!
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

وەرزی سووتاندن.. کورد دایدەچێنێت و پێش دروێنە ئەوان دەیسووتێنن!

 

دەروازە...

هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو، ئەمساڵیش لە هەمان وەرزدا، وەرزی پێگەیشتنی دانەوێڵەی گەنم و جۆ، وەرزی دروێنە و خلە و خەرمان، دووبارە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە دەشتەکانی قەراج و ناوچەی گوێڕی سنووری قەزای مەخموور، ئاگر بەردرایە دەغڵودانی جووتیارانی کورد و دووریش نییە، وەک شاڵاوەکەی پار، ئەم هەڵمەتی سووتاندنی بەری ڕەنجی جووتیارانی کورد، ئەمساڵیش هەموو زەویوزار و بەرهەمەکانیان لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم لە دەشتی نەینەوا و کەرکووک و دیالە، بگرێتەوە.

لەم سۆنگەیەوە دەپرسین: کێ و بۆچی ئەم کارە دوژمنکارییە بەرامبەر کورد دەکات؟ سووتاندنی دەغڵودان و بەرهەمی ڕەنجی شانی جووتیارانی کورد، لە بەرژوەندیی کێ دایە؟ چۆن بەر بەم شێوە  دوژمنکارییە نوێیە بگیرێت؟   

پاشخان...

لە سەرەتای هەفتەی یەکەمی مانگی ئایاری ٢٠١٩، هەڵمەتێکی سەرتاسەری سووتاندنی زەویوزار و دەغڵودانی جووتیارانی کورد دەستی پێ کرا. هەر لە (کوبانێ)ی ڕۆژئاوای کوردستانەوە بگرە، تا دەگاتە (خانەقین)ی باشووری کوردستان، لە یەک کاتدا گڕ بەردرایە بەروبوومی دانەوێڵە (گەنم وجۆ)ی ئەو ناوچانە و سووتێنران. نەک هەر ئەمە، بەڵکوو لە هەندێک شوێندا، کە جووتیاران فریای دروێنەکردنی بەرهەمەکانیشیان کەوتن، بەڵام بەر لە شەنوکەوکردن، خلە و خەرمانەکەیان گڕ تێ بەردرا، بەمەش بەری ساڵێکی ڕەنج و کۆشش و ماندووبوونی جووتیاران بەفیڕۆ بردرا.

بەپێی زانیارییەکانی ڕاپۆرتێکی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی عێراقی، کە لە ٩ی حوزەیرانی ٢٠١٩ بڵاو کرایەوە، ئاماری ڕووداوەکانی سووتانی زەویوزارە کشتوکاڵییەکان و هۆکارەکانیان و زیانەکانی لە نێوان ٨ی ئایار بۆ ٨ی حوزەیرانی ٢٠١٩، بەم جۆرە خستووەتە ڕوو (٢٧٢ ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە، ٤٧ ڕووداو بە هۆی پساندنی تەلی کارەبا، ٣٥یان بە دەستی ئەنقەست و بە مەبەست، ٢٥یان بە هۆی بڵێسەی ئاگر لە هەندێک ئامێر و ئامراز، ٢٢ ڕووداو بە هۆێ فڕێدانی جگەرە بۆ ناو کێڵگەکان، ٣٢یان بە هۆی سەرچاوەی ئاگری دەرەکیی. ئەمەو لەگەڵ ٨٤ ڕووداوی دیکە، کە هۆکارەکانیان لەلایەن بەڵگەی تاوانەکان پشتڕاست نەکراوەتەوە). هەر بە گوێرەی ئامارەکانی ناو ڕاپۆرتەکەی بەڕێوەبەرایەتیی ناوبراو، ڕووبەری (٣٧٠٨٦) دۆنم زەویی کشتوکاڵیی داچێنراو بە گەنم و جۆ، سووتاوە. لە بەرامبەریشدا توانراوە ڕووبەری (٩٩٣٣٤٤) دۆنم، لە سووتان ڕزگار بکرێت.

هەروەها بەپێی ئامارێکی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراقی، لە ماوەی نێوان (٨ی ئایار تا ٨ی حوزەیرانی ٢٠١٩)، ٢٧٢ ڕووداوی سووتاندنی دەغڵودان (گەنم و جۆ) لە چەند پارێزگایەکی عێراق ڕوویان داوە (سەلاحەددین ٩٤، مووسڵ ٥٥ و کەرکووک ٥١ حاڵەت). قەبارەی زیانی ئەم ڕووداوانە، سووتانی ٤٠ هەزار دۆنم زەویی کشتوکاڵیی و سەدان ملیۆن دینار بووە.

چۆن و بەچی سووتێندراون؟

بە گوێرەی زانیارییەکان، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەی دەزگا تەناهییەکان و ئەو بەڵگانەی لە شوێنی ڕووداوەکاندا کەتووەتە دەستی جووتیاران و تیمەکانی لێکۆڵینەوە. دەرکەوتووە کە زۆرینەی هەر زۆری ئەم ڕووداوانە دەستکرد و بە مەبەست کراون. دۆزینەوەی هاوێنەی گەورەکردن لەناو زەویوزارەکان، کە بە هۆی تیشکی خۆرەوە بڵێسەی گڕی لێ دەکەوێتەوە و خەڵکی نەناسراو بە مەبەست فڕێیان داونەتە ناو زەویوزارەکان.. پچڕاندنی بە ئەنقەستی تەلەکانی تۆڕی کارەبا، کە بە هۆیەوە شۆڕتی کارەبایی بووەتە سووتانی دەغڵودانەکان.. لە هەندێک شوێندا بەدەست، یان دوور بە دوور و لە ڕێگای گوللەی گڕدارەوە، ئاگر بەردراوەتە زەوییەکان.. دۆزینەوەی مۆبایل لەناو چەقی کێڵگە سووتێنراوەکاندا، کە پۆلیس پێیوایە بە تەکنیکی پێشکەوتوو بۆ سووتاندنی زەوییەکان سوودیان لێ وەرگیراوە.. تەنانەت هەندێک سەرچاوەی تەناهی جەختیان لەوە کردووەتەوە، کە لە هەندێک شوێندا ئامێری بچووک بچووک، کە لە دوورەوە بە مۆبایل کۆنتڕۆڵ دەکرێن و دەتەقێندرێنەوە، بۆ سووتاندنی دەغڵودانەکان بەکار هێنراون. بۆیە هەموو بەڵگەکان ئاماژە بەوە دەکەن، کە بە دەگمەن، دەنا تەواوی ڕووداوەکانی سووتانی ئەو زەویوزارە کشتوکاڵییانە و بەرهەمی جووتیارەکان، ڕووداوی دەستکرد و ئامانجدارن، نەک سروشتی و خۆڕسک.

کێ لە پشتی ڕووداوەکانەوەیە؟

بەرپرسە عێراقییەکان ئەم ڕووداوانەی سووتاندنی دەغڵودانی جووتیارەکان و کێلگەکانی دانەوێڵەیان بە پیلان و کاری ڕێکخراو ناو بردووە، کە ئامانج لێی وێرانکردنی ژێرخانی کشتوکاڵیی وڵاتەکەیە، لەوەشدا ئاماژەیان بە هەوڵ و ڕووداوی هاوشێوە لە ناوچە جیاوازەکانی عێراق کردووە، لەوانەش لەناوبردنی کێڵگەکانی چاندنی تەماتە لە بەسڕە، تێکدانی پڕۆژەکانی بەخێوکردنی ماسی، ژەهراویکردنی ئاوی فوڕات و مردنی سەدان هەزار ماسی و......هتد.

پۆلیس و دەزگا تەناهییەکان هەر ئەوکات گوتیان، کە وەک تۆڵەسەندنەوە لە جووتیارەکان، داعش ئەم کارانە دەکات.. هەندێک سەرچاوەی تر باسیان لەوە کرد، کە بە هۆی ئەوەی جووتیارەکان باج و سەرانەیان پێ نەداون، میلیشیاکانی حەشد لەو ناوچانە ئەم کارە دەکەن.. هەندێکی دیکە هۆکارەکە بۆ ناکۆکیی نێوان خەڵکی ناوچەکە لەسەر مافی خاوەندارێتیکردن لە زەوییەکان دەگەڕێننەوە.. سەرچاوەی دیکەش هەبوون پەنجەی تۆمەتیان بۆ ئێران، تەنانەت سعوودیەش درێژ دەکرد.

لەناو ئەم لێشاوانەی تەمەتبارکردنی ئەم و ئەودا، وەزارەتی کشتوکاڵی عێراقی لە بەیاننامەیەکدا جەختی کردووەڕووداوەکانی سووتاندنی کێڵگەکانی دەغڵودانی جووتیارەکان دەستکرد و ئامانجدارن، ئەمەو بەبێ ئەوەی ناوی هیچ کەس و لایەنێک بێنێت، کە لە پشتی ڕووداوەکانی سووتاندنی زەویوزارەکانن.

ئەوەی جێی سەرنج (ئەگەر نەڵێین مایەی پێکەنین!) بوو، تۆمەتبارکردنی ئەمریکا بوو، بەوەی گوایە ناڕاستەوخۆ دەستی لە سووتاندنی کێڵگەکانی دەغڵودانی جووتیاراندا هەبووە. کە تیۆریسێنەکانی ئەمە، زیاتر ئەو کەس و لایەنانە بوون، دەیانەویست بێ تاوانیی ئێران لەم ڕووداوی ئاگرکەوتنەوانەی بۆ خەڵکی بسەلمێنن.. چۆن؟

لە مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨، ڕێککەوتنێک لە نێوان عێراق و ئەمریکا (محەممەد هاشم - وەزیری کشتوکاڵیی عێراق و دۆگلاس ئالن سلێمان - باڵیۆزی ئەمریکا وەک نوێنەری وڵاتەکەی) واژۆ کرا. بەپێی ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکە، پێویست بوو ئەمریکا (وەک یەکەم و گەورەترین هەناردەکاری گەنم بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و وڵاتانی عەرەبی)، لە ماوەی نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠١٩دا، بڕی پێویستی گەنم بۆ عێراق دابین بکات. گوایە هاوکاتی ڕێککەوتنەکە، بەغدا پلانێکیشی هەبوو بۆ ئەوەی سوود لە گەنمی ڕووسیاش وەربگرێت و بیهێنێتە بازاڕەکانی ناوخۆ. بۆ ئەمەش شاندێکی ڕەوانەی ئەو وڵاتە کردووە و مۆسکۆش ئامادەیی خۆی بۆ بەدەنگەوەچوونی داواکەی بەغدا نیشان داوە، بەوەی ئامادەیە پێداویستییەکانی عێراق لە گەنم دابین بکات، بەڵام ئەم هەنگاوەی عێراق، کاردانەوەی ئەمریکای لێ کەوتەوە و واشنتۆنی تا ئاستی دژایەتکردن و ڕەتکردنەوەی بەرنامەکەی بەغدا، تووڕە کردووە.

ئەم هەوڵانەی عێراق لە نێوان واشنتۆن و مۆسکۆ، لەکاتێکدا بوو، کە بەگوێرەی زانیاریی لایەنە بەرپرسەکانی حکوومەتی عێراقی و بەتایبەتیش بەرپرسانی وەزارەتی کشتوکاڵ. بە مەبەستی تێرکردنی پێداویستیی ناوخۆ، عێراق ساڵانە پێویستی بە پێنج ملیۆن تەن گەنم هەیە و بۆ ئەمەش بەرهەمی ناوخۆیی توانای تێرکردنی ئەو پێداویستییەی نییە و پێویست بووە، ڕێککەوتنی هاوردەکردنی بڕی پێویستی گەنم لەگەڵ وڵاتانی هەناردەکاردا بکات.

کاردانەوەکان چیمان پێ دەڵێن؟

سووتاندنی کێڵگەی کشتوکاڵیی و دەغڵودانی جووتیاران بەم شێوە بەرفراوانە و لەیەک کاتدا، کە بە هۆیەوە ڕووبەڕێکی زۆری زەویوزار زیانیان بەرکەوت، کاردانەوەیەکی خێرای لە ناوەندە سیاسی و ئەکادیمی و میدیاییەکانی عێراق و تەنانەت لە ئاستی شەقامیشدا لێ کەوتەوە

پەیوەست بەم پرسە و ئاستی مەترسییەکانی هەڵمەتەکانی سووناندنی کێڵگە کشتوکاڵییەکان لە خانەقین و ناوچە کوردستانییەکان، فراکسیۆنی کوردستانیی لە پەرلەمانی عێراق، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنیدا، ئاماژەی بەوە کردووە کەلایەنگەلی نەناسراوهەوڵی تێکدانی ئاسایش و ئارامیی خانەقین و پارێزگای دیالە دەدەن، هەروەها داوای لە هەردوو سەرۆکایەتیی کۆمار و ئەنجوومەنی وەزیران کرد، کە ڕێوشوێن و ڕێکاری پێویست بۆ بەرگرتن لە پرۆسەکانی سووتاندنی بەروبوومی کشتوکاڵیی و وشکردنی زەوییەکان بگرن”.

ژماریەکی بەرچاویش لە ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی (کەرکووک، نەینەوا، دیالە، سەلاحەددین و ئەنباڕ)، لە بەرامبەر هەڵمەتەکانی سووتاندنی دەغڵودانی جووتیاران، سکاڵایان لەلایەن لایەنە بەرپرسەکان کردووە و نەیشانشاردووەتەوە، کە پرۆسەکە پێشوەختە بەرنامەڕێژکراو و پلانی بۆ دانراوە و جەختیش دەکەنەوە، کە ئەو کەس و لایەنانەی پێیانوایە ئەم ڕووداوانە ئاسایی و سروشتین، لە ئەنجامی ناکۆکیی کەسی و سیاسیی نێوانیان، هەروەها بەهۆی کەمتەرخەمیی و خەمساردیی خۆیان و هەست بەکردن بە بەرپرسیارێتیی لە بەرامبەر ڕەنجی جووتیاران و ئەو هەڕەشەیەی لەسەر ئابووریی عێراق هەی، وا دەڵێن.

لەبارەی هۆکارەکانی پیشتی سووتاندنی دەغڵودانی جووتیاران، ڕەعد دەهلەکی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە گوتی: “دەستی شاراوە، بە شێوەیەکی بەرنامەڕێژ و ڕێکخراو، هەوڵی وێرانکردنی کشتوکاڵی عێراق دەدەن. ڕووداوەکانی پێشووتری لەنابردنی بەرهەمی کێڵگەکانی تەماتە لە بەسڕە و تێکدانی پڕۆژەکانی بەخێوکردنی ماسی، پێمان دەڵێن کە خەڵک و لایەنگەلێک دەستیان لەم کارانەدا هەیە”.

هەروەها ئەحمەد ئەلجبووریی پارێزگاری پێشووتری سەلاحەددین لەم بارەیەوە، لە لێداونێکی ڕۆژنامەوانیدا جەختی کردبووەوە کەزنجیرەی بەردەوام و بەدوا یەکداهاتووی سووتاندنی بەروبوومەکان، کاری لایەنگەلێکن، کە دەیانەوێ ئابووریی پارێزگاکە تێک بدەن و ئەم کارانە بە شێوەیەکی پلان بۆ داڕێژراو جێبەجێ دەکرێن” .

لای خۆیشیەوە، فایەق شێخ عەلی، پەرلەمانتاری عێراق، لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتییتویتەرنووسیبوی: “وا ئەمڕۆ بە تەن بەروبوومی گەنم لە زەوییەکانی سەلاحەددین سووتێنرا، پێشتریش تەلاری وەزارەت و دەزگا و فەرمانگەکان سووتێنران و زنجیرەی ئاگرکەوتنەوەکانیش بەردەوام دەبێت! باشە بۆ لە بەرامبەر جیهاندا ددان بەوەدا نەنێین کە ئێمە نەتەوەیەکین چێژ لە سووتاندنی خۆمان دەبینین و قێز لە بونیادنانەوە و ئاوەدانکردنەوە دەکەینەوە؟

ڕۆژنامەنووس جاسم ئەلشمەری دەپرسێت: “وەزارەتی کشتوکاڵ ڕایگەند کە کۆتایی بە ئامادەکارییە پێویستەکان بۆ بەبازاڕکردنی بەروبوومی گەنم هێناوە، کەواتە بە ڕای ئێوە کێ لە پشتی ئەو ئاگرکەتنەوانەیە و بۆچی لەم کاتەشدا؟

دکتۆر سەڵاح ئەلعەرەباوی بە جۆرێک لە داخ خوارنەوە دەڵێت: “چاوبرسێتیی و تێرنەخۆریی، کە بەرهەمی سیستەمی گەندەڵییەوە هەیە، ڕاوی قووتی جووتیاری عێراقی دەنێت، هیوادارم بزانم کێن بوونەتە هۆکاری بەفیڕۆدانی عەرەقی نێوچەوانی عێراقییەکان

ڕۆژنامەنووس سەیف سەڵاح ئەلهیتی دەڵێت: “میدیا لە بری خزمەتکردن، زیانی بە پرسی سووتانی کێڵگەکانی گەنم و جۆ گەیاند. بە شتێکەوە خەریکی کردین و لە پرسە سەرەکییەکە دووری خستینەوە، ئەوەیش ئەوەیە: ئەولایەنەکێیەلەپشتیئەمتاوانەگەورەیەوئەومیکانیزمانەچینکەلەتاوانکارییەکەدابەکارهێنراون؟

میدیاکر حوسێن دلی ڕاستەوخۆ پەنجەی تاوان بۆ لایەنێک ڕادەکێشێت و دەنووسێت: “کۆڕایەکی گەلێری لە عێراقدا هەیە، کە بەکرێگیراو و پاشکۆ و شوێنکەوتەکانی ئێران بەرپرسی سووتاندنی کێڵگەکانی گەنم و جۆی جووتیارانن. کارەساتی ماسییەکان و ڕووداوەکەی بەسڕە، ئاماژەی ڕوونن، کە جگە لە حزبە بەکرێگیراوەکان و میلیشیاکانی حەشد، سەرچاوە و هۆکاری ئەو ماڵوێرانیی و گەندەڵیی و دواکەوتنەن، کە دەوری عێراق و عێراقییەکانیان داوە

شاهۆ قەرەداغیی نووسەریش دەڵێت: “دەوڵەتێکە لە بچووکترین شتدا شکستی خواردووە، ناتوانێت بەروبوومی جووتیارەکان بپارێزێت و سزای ئەوانەش بدات کە زەوییەکانیان سووتاندووە. وەک چۆن لە کارە گرنگەکانیشدا شکستی خواردووە، بەوەی تا ئێستا ناتوانێت پاریزگاریی لە باڵیۆزخانەکان و بەرژەوەندیی وڵاتانی بیانی بکات و سزای ئەوانە بدات کە باڵیۆزخانەکان بۆمباران دەکەن.. پێم ناڵێن، جگە لە گەندەڵیی و داهێنانی ڕێگای نوێ بۆ دزی و تاڵانیی، ئەم دەوڵەتە لە چیدا سەرکەوتوو بووە؟

هەروەها دکتۆر عومەر بن حەمەد دەڵێت: “ئێران گەنمی عێراق دەسووتێنێت. هەموو ئەو کێشە و قەیرانە ئابوورییانەی بەسەر عێراق هاتوون و دەهێندرێن، هۆکارەکەی بێدەنگییە لە بەرامبەر ئەو هەوڵ و هەنگاوانەی عێراقی ڕادەستی سیستەمی ئەو مەلا و میلیشیایانە کرد، کە دەیانەوێ عێراق بخەنە ناو ململانێ نێودەوڵەتییەکان”.

لای خۆیەوە دکتۆر یاسر ئەحمەد ئەلجبووری دەڵێ: “میلیشیاکانی ئێران لە عێراق، کێڵگە کشتوکاڵییەکانی پارێزگاکان دەسووتێنن، هاوکاتی ئەمەش حکوومەتی بەغدا لەژێر فشاری ئەو میلیشیایانە، دەرگا و دەروازەکانی بە ڕووی هاوردەکردنی خراپترین جۆری گەنم و جۆی ئێران کردووەتەوە، کە هەندێکیان ژەهراویشن، دواجار ئێران تەنیا و تاکە سوودمەندی ئەو بازرگانییەیە”.

دواجار ڕۆژنامەنووس خالید ئەلحەڕبی، لە کۆمێنێتێکی زۆر کورت و پوختدا نووسیویەتی: “ئێران دەیەوێ عێراق بگەڕێتەوە سەردەم و چاخەکانی پێش کشتوکاڵ”.

پیلانی دەرەکیی!

سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن، گوایە ئەم ڕووداوانەی ئاگر تێبەردانی بەروبوومی دانەوێڵەی جووتیاران، دوای ئەوە هاتن، کە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراقی ڕایگەیاندبوو، ئەو ڕێژە بەرزەی لە بە بەرهەمی گەنم و جۆی وەرزی کشتوکاڵیی (٢٠١٩) چاوەڕێ دەکرا، ئاماژەیەکی ڕوون بوو بۆ ئەوەی دوای چەندین دەیە، بۆ یەکەم جار عێراق دەتوانێت بگاتە دۆخی تێرکردنی پێداویستیی ناوخۆ و پشت بە هاوردەکردن نەبەستێت.

هاوکاتی بەپێی زانیارییەکانی یەکێتیی جووتیارانی عێراقی، پێشبینی دەکرا بە هۆی زۆریی ڕێژەی باران بارین، ساڵی ٢٠١٩ عێراق سێ ملیۆن تەن گەنم بەرهەم بهێنێت، کە بەراورد بە ساڵی ٢٠١٨، ئەو ڕێژەیە دووجار زیاتر بوو. بەمەش هاوردەکردنی ڕێژەی گەنم لە دەرەوە بۆ تێرکردنی پێداویستیی بەرنامەی دابەشکردنی ئارد بەسەر هاووڵاتیاندا، بە ڕێژەی ٢٠٪  دادەبەزی. ئەمەش هەنگاوێکی گرنگ بوو، تا بۆ ساڵانی دواتر ئەو ڕێژەیەی هاوردەکردن کەمتر بکرێتەوە و پشت بە بەرهەمی ناوخۆیی ببەسترێت.

لای خۆیشیەوە (عادل عەبدولمەهدی - سەرۆکوەزیران) لە لێدوانێکدا جەختی کردبووەوە، کە ڕێژەی بەرهەمهێنانی گەنم لە عێراق لە ساڵی ٢٠١٩دا زۆر زیادی کردووە و بڕیاریان داوە دەست بە وەرگرتنی گەنمی جووتیاران بکەن.

بە قسەی بەرپرسانی وەزارەتی کشتوکاڵ و یەکێتیی جووتیارانی عێراق، کەشوهەوا و زۆریی ڕێژەی باران بارین هۆکار بوو، تا جووتیاران زۆرترین و بەرفراوانترین ڕووبەری زەویوزارەکانیان دابچێنن و چاوەڕوانی بەرزبوونەوەی بەرچاوی ڕێژەی بەرهەمهێنانی ناوخۆ لە گەنم و جۆ بکرێت.

لەم نێوەدا، لیژنەی کشتوکاڵ لە پەرلەمانی عێراق، بەبێ ئەوەی ناویان بهێنێت، چەند لایەنێکی ناوخۆیی و دەرەکیی بە سووتاندنی گەنم و جۆی جووتیاران تۆمەتبار کرد. کە ئامانجیان لێدانە لە ژێرخانی کشتوکاڵیی و ئابووریی دەوڵەتەکە، بۆ ئەوەی عێراق نەگاتە قۆناغی پشت بەخۆ بەستن و تێرکردنی پێداویستیی ناوخۆ.

عەقید ئەحمەد ئەلعوبێدی، ئەفسەری خانەنشین، کە ساڵانێکی زۆر لە ڕیزی بەرگریی شارستانیی عێراقیدا کاری کردووە، جەخت دەکاتەوە، کە ڕاستە ساڵانە ڕووداوی سووتانی زەویوزاری کشتوکاڵیی، بەتایبەتی کێڵگەی گەنم و جۆ، کە زۆر بە ئاسانی و زوو گڕ دەگرن، روو دەدەن، وەک چۆن ساڵانەش ڕووداوی سووتانی دوکان و بازاڕ و شوێنی دیکەش هەن، بەڵامهیچ گومانێکی تێدا نییە، کە ئەو ڕووداوانەی سووتانی کێڵگەکانی دەغڵودان، بەم شێوە بەرفراوان و سەرتاسەرییە لە ناوچە جیاوازەکانی عێراقدا، ڕووداوی دەستکردن و بە مەبەستەوە دەکرێن و پێشتر بەرنامەیان بۆ داڕێژراوە”.

هەروەها چەند سەرچاوەیەکی بەرپرسی حکوومیی عێراق و لەگەڵیشیاندا ژمارەیەکی چاودێر و شرۆڤەکارانی عێراقی، پەنجەی تۆمەت و تاوانبارکردنیان بۆ چەند لایەنێکی ناوخۆیی و دەرەکیی (بەبێ ناوهێنانی هیچ کەس و لایەنێک) درێژ کرد، کە لە پشتی ئەم ڕووداوی سووتاندنی دەغڵودانی جووتیارانن و وەک پیلانێکی بەرنامەبۆداڕێژراو، بەمەستی وێرانکردنی ژێرخانی ئابووریی عێراق ناویان برد.

جووتیاران گلەیی دەکەن و دەزگاکان پاساو دەدەنەوە!

لایەنە پەیوەندیدارەکان، جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە، کە قەبارەی ئەو زیانانەی لە ڕووداوەکانی سووتاندنی زەوییەکانیان بەر جووتیاران کەتووە، سەدان ملیۆن دینار بووە، ئەمەو سەرەڕای تێکدانی دەیان هەزار دۆنم زەویی کشتوکاڵیی.

بۆ نموونە، بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ، لە کۆی ١٢ ملیۆن دۆنم زەویی کێڵگەکانی گەنم، دوو هەزار دۆنم سووتێندراوە و زیانێکی زۆری بەر کەوتووە. هەروەها سەرۆکی یەکێتیی جووتیارانی عێراق زیانەکە بە سەدان ملیۆن دینار دەقەبڵێنێت.

بەگوێرەی ئامارەکان، زۆرترین زیان بەر ناوچەکانی سەر بە هەردوو پارێزگای دیالە (بەتایبەتی دەغڵوکانی ناوچەکانی قەرەتەپە جەلەولا) و سەلاحەددین کەوتووە. زانیارییەکان باسیان لەوە کردبوو، کە یەکێک لە گەورەترین و فراوانترین کێڵگەی چاندنی گەنم لە عێراق کە سووتێنرا، لە ناوچەی بێجی، بۆ ئەلبو عجیل، تا دەگاتە ڕۆژهەڵاتی تکریت، درێژ دەبێتەوە. ئەمەو سەرەڕای سووتاندنی کێڵگە گرنگ و ستراتیژییەکانی حەویجە و داقووق و گوندەکانی کاکەییەکان لە کەرکووک، دەشتەکانی قەراج و کەندێناوە لە سنووری قەزای مەخموور، ناحیە و گوندەکانی سەر بە قەزای شنگال و سنووری شارەوانیی خودی قەزاکە.

وەک خۆیان باسی دەکەن، لە نا ئامادەیی و بێباکیی دەزگاکانی تەناهیی و پۆلیسدا، جووتیارەکانی ئەو ناوچانەی ڕووبەرێکی فراوانی زەوییەکانیان سووتێندراوە، ناچار بوونە شەوانە ئێشک لە زەویوزارەکانیان بگرن و بۆ ئەمەش لەناو خۆیاندا، گرووپی پاسەوانیی شەوانیان پێک هێناوە. لە بەرامبەردا دەزگاکانی پۆلیس و تەناهیی ئاماژە بەوە دەکەن، کە ڕووبەری ئەو زەویوزارە داچێنراوانە زۆر لەوە گەورتر و فراوانترە، ئەوان بتوانن دڵنیایی پاراستنیان بدەن و هێزەکانیان ناتوانن پاسەوانی ئەم هەموو زەوییە پانوپۆرانە بکەن، لەکاتێکدا کە ئەرکی دیکەیشیان لە ئەستۆ دایە.

کۆتایی!

لەبەر ڕۆشنایی ئەزموونی تاڵی ساڵی ڕابردوو، لە پەیوەست بە سووتاندنی بەرووبوومی کشتوکاڵیی و کڵگەکانی دەغڵودان لە زۆربەی پارێزگاکانی عێراق و بەتایبەتیش لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان (کە ئەمساڵیش پڕووشکی یەکەم ئاگری سووتاندن، ئاراستەی زەویوزاری جووتیارانی کورد و بەروبوومەکانیان کرا و لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا دەغڵودانی جووتیارانی کوردی سنووری قەزای مەخممور لە دەشتی قەراج و گوێڕ کردووەتە ئامانج)، سەرلەنوێ ڕووبەڕووی ئەم پرسیارانە دەبینەوە:

کێ لە پشتی ئەم تاوانکارییانەوەیە؟ بۆچی لە سەرەتای وەرزی دروێنە و کۆکردنەوەی خلەوخەرماندا ئاگر بەردەبێتە ئەم زەویوزارانە؟ لەبەرچی یەکەم جار و بە پلەی یەکەم بەرهەمی جووتیارانی کورد دەکرێتە ئامانج؟ ئایا بەڕاستی داعش و میلیشاکانی حەشد لە پشتی ئەم کارانەوەن، یان لەپشتی ئەمەوە سیاسیەتێکی ترسناکتر و ستراتیژییەتێکی مەترسیدارتری دوژمنکارانە لە بەرامبەر کوردی ئەو ناوچانە هەیە؟ هەڵوێستی پەرلەمان و حکوومەتی هەرێم چییە و پێویستە چۆن و بە چ میکانیزمێک لەگەڵ پەرلەمان و حکوومەتی عێراق ڕووبەڕووی شاڵاو و هەڵمەتی نوێی سووتاندنی زەویوزاری کشتوکاڵی و بەفیڕۆدانی ڕەنج و ماندووبوونی سەک ساڵی جووتیاران ببنەوە؟