ڕۆژنامەیەکی ئەمریکی: هەڵاوسانی ئابووری و بێکاری لە تورکیا زیاتر دەبن
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ڕۆژنامەیەکی ئەمریکی: هەڵاوسانی ئابووری و بێکاری لە تورکیا زیاتر دەبن

حكوومەتی توركیا هەموو هەوڵێك دەدات تا بتوانێت بایەخ بۆ بەهای پارەكەی بگێڕێتەوە، كە ئێستا لەوپەڕی خراپیدایە و تا دێت خراپتریش دەبێت. بە گوێرەی راپۆرتێكی رۆژنامەیەكی ئەمریكی، رەجەب تەییب ئەردۆغان، لە ماوەی ١٨ ساڵی حوكومڕانیدا، وەكوو ئێستا بەو قەیرانە سەختەی داراییدا تێپەڕ نەبووە.

رۆژنامەی (وێل سترێت ژۆرنال)ی ئەمریكی، لە راپۆرتێكدا لەبارەی ئابووریی توركیا لە سەردەمی كۆرۆنادا، باس لە هەوڵەكانی حكوومەتی توركیا دەكات بۆ گێڕانەوەی بایەخ بۆ لیرەی توركی. بە گوێرەی زانیارییەكانی ئەو رۆژنامەیە، توركیا بەرلە هاتنی كۆرۆنا دەیان ملیار دۆلاری ئەمریكی گۆڕییەوە تا بتوانێت بایەخ بۆ بەهای لیرەی توركی بگێرێتەوە، بەڵام هاتنی كۆرۆنا بارودۆخەكەی خراپتر كرد.

لە توركیا رێژەی بێكاری لە بەرزبوونەوە دایە، هەڵاوسانی ئابورریش لە بەرزبوونەوە دایە كە ئەمەش مەترسییە بۆ سەر ئابووریی ئەو وڵاتە و بەرهەمهێنانی كەلوپەل و میوە و سەوزەش وەكوو پێویست هەناردەی دەرەوەی توركیا ناكات، ئەمەش وای كردووە، ئابووریی ئەو وڵاتە ئایندەیەكی خراپی هەبێت.

ئەگەرچی ئەردۆغان گوتی داوای هاوكاری و قەرز لە سندووقی دراوی نێودەوڵەتی ناكەین، چونكە ئەو قەیرانەی بەسەرماندا هاتووە دەستی هێزی دەرەكی تێدایە، بەڵام چەند شارەزایەكی ئابووری پێیان وایە، ئەردۆغان بۆ پڕكردنەوەی كورتهێنانی بودجەی ٢٠٢٠ بەهۆی كۆرۆناوە ناچارە روو لە سندووقی دراوی نێودەوڵەتی بكات.

لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٠ەوە تا ئێستا، لیرەی توركی بەرامبەر بە دۆلار ١٥٪ بەهای خۆی لەدەست داوە، ئەگەرچی لە ماوەی ٤٨ سەعاتی رابردوودا لیرە كەمێك بەهای بۆ هاتەوە، بەڵام ئەمە كاتییە و بە گوێرەی بۆچوونی شارەزایانی ئابووری، ئەگەر بەپەلە رێگەچارەیەك نەدۆزرێتەوە، دوور نییە لیرەی توركیا بەتەواوی دابڕووخێت.

رێژەی بێكاری لە بەرزبوونەوەیە، توركیا بە قەیرانێكی سەختی ئابووریدا تێپەڕ دەبێت، بەڵام بە گوێرەی شرۆڤەی رۆژنامەی (وێل سترێت ژۆرنال)، ئەردۆغان تا ئێستاش یەكێكە لەو سەرۆكانەی لە توركیا ركابەری نییە و ئەم قەیرانانە كاریگەری لەسەر ئەوە نابێت خەڵك لەسەر كورسیی دەسەڵات بیهێنێتە خوارەوە.

ئەو رۆژنامەیە نموونە بە قەیرانی دارایی ٢٠٠٩ دەهێنێتەوە، هەروەها هەوڵی كوودەتای ٢٠١٦، كە ئەردۆغان توانی هەردوو بارودۆخەكە تێپەڕێنێت و هەر وەكوو سەرۆكی وڵات بمێنێتەوە.

بەڵام رۆژنامە بێلایەن و ئۆپۆزسیۆنەكانی توركیا، بە پێچەوانەوە بیر دەكەنەوە، ئەوان پێیان وایە ئەردۆغان كۆتایی هاتووە و ئەگەر هەڵبژاردن بكرێت، هاووڵاتیان لەسەر كورسی لای دەدەن.

پێشبینی دەكرێت بۆ ٢٠٢٠، كەرتی گەشتیاریی توركیا هیچ جموجۆڵێك بە خۆیەوە نەبینێت، چونكە گەشتیاری هیچ وڵاتێك ئامادەیی دەرنەبڕیوە سەردانی توركیا بكات.

ئاژانسی (BBC)ی توركی باس لەوە دەكات، زۆربەی وڵاتان دەیانەوێت٢٠٢٠ كۆتایی پێ بێت و بەرچاویان روون بێت لەبارەی مەترسیی كۆرۆناوە، ئەوكات رێگە دەدەن هاووڵاتیانیان گەشت بۆ وڵاتانی تر بكەن. ئەگەر توركیا لە نیوەی ساڵی٢٠٢٠دا كەرتی گەشتیاری زیندوو نەكاتەوە و گەشتیار رووی تێ نەكات، قەیرانی دارایی سەختتر دەبێت و رێژەی بێكاریش ژمارەی پێوانەیی دەشكێنێت.