دەستەی گەشتوگوزار لەبارەی ھێنانی گەشتیار بۆ ھەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوە دەدات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

دەستەی گەشتوگوزار لەبارەی ھێنانی گەشتیار بۆ ھەرێمی کوردستان ڕوونکردنەوە دەدات

گوتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان ڕای گەیاند تەواوی ئامادەکارییەکانیان بۆ ھێنانی گەشتیار بۆ ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزان بۆ ناوچە گەشتییارییەکان کردووە و لەو ڕووەوە چاوەڕێی بڕیاری پێویستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانن.

نادر ڕۆستی، گوتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزار بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "دوای بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ کردنەوەی شوێن و ناوچە گەشتیارییەکان، ئێستا زۆربەی ناوچە گەشتیارییەکان کراوەنەتەوە و ھاووڵاتیان بەپێی مەرج و ڕێنماییەکان دەتوانن سەردانیان بکەن".

گوتیشی: "ئامادەکاریی پێویستیش کراوە بۆ ڕۆژانی جەژنی ڕەمەزان بۆ ئەوەی پێشوازی لە گەشتیارانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان بکرێت، بەڵام دوا بڕیار دەکەوێتە سەر ڕاگەیاندنی کۆنتڕۆڵکردنی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە ھەرێمی کوردستان و وڵات و شوێنانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان و بڕیاردانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ ھاتنی گەشتیاران بۆ ناوچە گەشتیارییەکان".

نادر ڕۆستی باسی ئەوەشی کرد کە دوای ئاساییبوونەوەی ئەو بارودۆخەی کە بەھۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە دروست بووە، ڕەوشی گەشتوگوزار لە ھەرێمی کوردستان، ھاوشێوەی بوارەکانی دیکە ئاسایی دەبێتەوە و لەڕێگەی پلان و بەرنامەی تایبەتی خۆیان لەلایەک و کەوتنە واری جێبەجێکردنی ئەو ٢٢٧ پڕۆژەیەی دەستەی وەبەرھێنان بۆ گەشتوگوزار دابینی کردوە بەسەدان ھەلی کار دەڕەخسێت کە  کاریگەریی لەسەر داھاتی تاک و حکووەتیش دەبێت.