كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

ڕۆژنامەی جیرۆزالم پۆست: میلیشیاکانی ئێران لە سووریا نەکشاونەتەوە

"بە فەرمانی ڕووسیا شوێنەکان گۆڕیوە"

ڕۆژنامەیەکی ئینگلیزی زمانی ئیسرائیلی بڵاو کردووەتەوە، هێز و میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە سووریا نەکشاونەتەوە و لە ترسی هێرشەکانی ئیسرائیل و پاراستنی خۆیان، و بە فەرمانی ڕووسیا دەستیان کردووە بە جێگۆڕکی و لە شوێنەکانی دیکەی سووریا جێگیر کراون.

بەپێی زانیارییەکانی ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامە "جیرۆزالم پۆست"ی ئینگلیزی زمانی ئیسرائیل، ئێران میلیشیاکانی لیوای "فاتمیون" کە هەموویان شیعەی ئەفغانین، لە ناوچەی دێرلزووری ڕۆژهەڵاتی سووریای گواستووەتەوە بۆ ناوچەی "تەدموڕ" لە ناوەڕاستی ئەو وڵاتە. هەروەها لیوای 313ی لە دێرلزووڕەوە گواستووەتەوە ناو بارەگاکانی میلیشیاکانی لە ناوچەی "سەیدە زەینەب" لە دیمەشق.

بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، بۆ ئەوەی پرۆسەکە سەرنجی خەڵکی ناوچەکە و ئەو هێزانە ڕانەکێشێت، کە لە سووریا شەڕی حکوومەتی دیمەشق و میلیشیاکانی تاران دەکەن، ئێران میلیشیاکانی بەبێ چەک و بە سواری پاس گواستوونەتەوە.  

ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لەمبارەوە ئاماژە بەوە دەکەن، لە دوو هەفتەی ڕابردوودا و لە دوو شوێنی جیاوازی سووریا، میلیشیاکانی ئێران کراونەتە ئامانج. یەکەمیان لە ناوچەی "سەیدە زەینەب" کە بەهۆی هێرشەکانەوە زیاتر لە چوار چەکدار کوژران و ٣٠ کەسیش لە میلیشیاکان بریندار بوون، هەروەها هەفتەیەک پێش ئێستا، لە ئەنجامی هێرشێکی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر میلیشیاکانی حزبوڵڵای لوبنان لە ناوچەی "تەدمور"، نۆ چەکدار کوژران و دەیانی دیکەش بریندار بوون.

لە لایەکی دیکەوە، میلیشیاکانی فەیلەقی "قودس"ی سەر بە ئێران، کە ئێستا لە لایەن ڕووسیاوە پاڵپشتیی دەکرێن، لەسەر داوای ڕووسیا و بە مەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی بارەگاکانی میلیشیا ئێرانییەکان، لە حەلەبەوە گوازراونەتەوە بۆ شارۆچکەی ئەلبوکەمال. هاوکات ڕووسیا داوای لە سەرجەم میلیشاکانی دیکەی ئێرانی لە ئەلبوکەمال کردووە، کە تەواوی هێزەکانیان لە ناوچەکە بکشێننەوە و لە ناوچەکانی تر دابەش و جێگیریان بکەنەوە.

زیانیارییەکان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە، کە ئەم جووڵە و هەنگاوانەی جێگۆڕکێی میلیشاکانی ئێران، دوای ئەو ڕاگەیاندنە دێت، کە سەرچاوەیەکی باڵای بەرگری لە سوپای ئیسرائیل باسی لەوە کردبوو، کە بۆ یەکەمجارە ئێران ژمارەی چەکدارەکانی لە سووریا کەم دەکاتەوە و بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل، بە هەزاران چەکداری میلیشیاکانی دەکشێنێتەوە.

ئەم ڕاگەیەندراوە لە کاتێکدایە، کە هەر یەک لە "عامووس یادلین" سەرۆکی پێشووی دەزگای هەواڵگریی سوپای ئیسرائیل و "جێمس جێفری" نوێنەری تایبەتی ئەمریکا لە سووریا، جەختیان لەسەر ئەوە کردووەتەوە، ئێران بە هیچ جۆرێک لە سووریا نەکشاوەتەوە و ناشکشێتەوە، بەڵکوو شوێنی جێگیربوونی هێز و میلیشیاکانی خۆی ئاڵوگۆڕ پێ کردووە".

هاوکات لەگەڵ قسەکانی ئەم دوو بەرپرسە ئیسرائیلی و ئەمریکییە، سەرچاوە هەواڵگرییەکان ئاشکرای دەکەن، کە لیوای ٣١٣ لە ناونووسکردنی چەکداری زیاتر بەردەوامە، بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵات و باشووری سووریا و بەدیاریکراویش لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان سووریا و ئیسرائیل و جەخت دەکەنەوە کە لە ماوەی ڕابردوودا زیاتر لە ٤٧٠٠ کەسی سوورییلە ناوچەی ڕۆژئاوای فوڕات، لە ڕیزی میلیشیاکانی سەر بە ئێران ناونووس کراون و خراونەتە ناو مەشق و ڕاهێنانەوە.