ئەمڕۆ دووشەممە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق داوای لە یەكێتیی ئەورووپا كرد یارمەتی ئابووری و سەربازی حكوومەتەكەی بدەن، بە تایبەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەكانی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش.
ئەمڕۆ كازمی لە میانی دیداریدا لەگەڵ باڵوێزانی وڵاتانی ئەورووپا لە بەغدا، رایگەیاند یەكێتیی ئەورووپا هاوڕێ و هاوبەشی عێراقە، ئومێدەوارن وڵاتانی یەكێتیی ئەورووپا درێژە بە یارمەتییەكانیان بدەن بۆ عێراق لە شەڕی داعشدا.
كازمی باسی دۆخی خراپی ئابووریی وڵاتەكەی كرد و بە باڵوێزەكانی گوتووە بە تایبەت لەم كاتەدا عێراق پێویستی بە یارمەتی ئابووری هەیە، ئەمەش بە هۆی دابەزینی نرخی نەوت و بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا.
سەرۆك وەزیرانی عێراق دووپاتی كردەوە كە پابەندە بە بەڵێنەكانی بۆ گەلی عێراق و ڕێزگرتن لە مافەكانی مرۆڤ، هەروەها مافی خۆپیشاندانی ئاشتیانە و پاراستنی خۆپێشاندەران، لێپرسینەوەش لەگەڵ تێوەگلاوان لە دەستدرێژیكردنە سەر خۆپیشاندەران.