دەستەی گەشتوگوزار: بڕیارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کاریگەری ئەرێنییان بۆ گەشتوگوزار دەبێ
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

دەستەی گەشتوگوزار: بڕیارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کاریگەری ئەرێنییان بۆ گەشتوگوزار دەبێ

گوتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند ئەو بڕیارانەی کە ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان لە دواکۆبوونەوەی خۆی دای،کاریگەری ئەرێنی لەسەر کەرتی گەشتوگوزار دروست دەکەن،ھاوکات ٢٢% ی پڕۆژەکانی دەستەی وەبەرھێنانیش بۆ بواری گەشتوگوزار تەرخانکراون.

 

نادر رۆستی، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار بە (باسنیوز) ی ڕاگەیاند: "یەکێک لە بڕیارەکانی دواکۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان لێخۆشبوونە لە کرێی دوو مانگی ڕابردووی کرێچییەکانی حکوومەت کە ئەوەش کاریگەری خۆی دەبێت بەتایبەت کە لەو ماوەیەدا پڕۆژە و شوێنە گەشتیارییەکان ھاوشێوەی زۆرینەی شوێنەکانی دیکە داخرابوون و بێ داھات بوون".

 

رۆستی گوتیشی: "بەدەر لەوە ئەو پڕۆژانەی کە لەو ماوەیەدا دەستەی وەبەرھێنان ڕایگەیاندن ٢٢%یان تایبەتن بە گەشتیاری کە بەڕاوێژکردن لەگەڵ ئێمە دانراون و لەبوارەکانی گەشتیاری شوێنەوار، گەشتیاری زستانە ، دانانی تەلەفریک و گەشتیاری سەرکێشی و زۆربواری دیکەدان و بەھۆیانەوە سەدان ھەلی کار بۆ بێکاران دەڕەخسێت و داھاتێکی باشی بەھۆیەوە بەدەست دەخرێت".

 

باسی ئەوەشی کرد پڕۆژەکانی دەستەی وەبەرھێنان کە بۆ گەشتیاری دایناون (٢٢٧) پڕۆژەن و بەسەر ناوچە جیاجیاکاندا بەپێی تایبەمەندی ناوچەکە دابەشکراون و دوای ئاساییبوونەوەی بارودۆخی کۆرۆنا و ھاتنەوەی دەوام،بانگەواز بۆ کۆمپانیا و وەبەرھێن و سەرمایەداران دەکرێت و مەرج و ڕێنمییەکانی جێەجێکردنی پڕۆژەکانیان دەخرێتەبەر بەردەست.