کۆمپانیا چیینییەکان کار بۆ دروستکردنی ئۆتۆمبێلی دژە ڤایرۆس دەکەن
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

کۆمپانیا چیینییەکان کار بۆ دروستکردنی ئۆتۆمبێلی دژە ڤایرۆس دەکەن

 

کۆمپانیاکانی دروستکردنی ئۆتۆمبێل لە چیین، ئەو دڵەڕاوکێ و ترسی تەندروستییەیان قۆستووەتەوە، کە دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی نوێی کۆڕۆناوە زیاتر بووە، بۆ دروستکردنی ئۆتۆمبێل بە تایبەتمەندیی لەناوبردنی ڤایرۆس و بەکتریاکان.

کۆمپانیای (جیلی) دەستپێشخەرییەکی بە بەهای (52) مليؤن دؤلار راگەیاندووە و ناوی ناوە (پڕۆژەی ئۆتۆمبێلی تەندروستی)، کە تایبەتمەندیی نوێی تێدایە، کار ئەکا بۆ پاراستنی سەرنشین لە ڤایرۆس و بەکتریاکان، ئەویش بە رێگرییکردن لە هاتنەژوورەوەی تەنە زۆر وردەکان بۆ ناو ئوتومبێلەکە، کە دەبێتە هۆی پاراستنی شوفێر و سەرنشینان لە هەر تەنێکی زیانبەخش. هەروەها (جیلی) هەموو مادە دژە میکرۆبەکانیش پێش دەخات، بۆ پاراستنی ئەو بەشانەی کاریان پێ لەسەر ئۆتۆمبێلەکە دەکرێ، لەگەڵ
دەسکی دەرگاکان، کە دەبێ لە هەموو ڤایرۆس و بەکتریایەک بەتاڵ بن.

بەگوێرەی راپۆرتەکان، ئوتومبێلەکە دوگمە و یەکەی کارپێکردنی لە مادەی دژە ڤایرۆسەکان و هەواپڕژێنی بەهێز و تیشکی سەروو بنەوشەیی تێدا دادەنرێ، بۆ پاککردنەوەی هەوا، بۆ پاراستنی شوفێر و سەرنشینان.

بەگوێرەی ئەوەی رۆژنامەی (دەیلی میلی)ی بەریتانی دیاریکردووە، ئەگەرچی هێشتا ئەو تەکنەلۆجیایە جێگیر نەکراوە، بەڵام لێکۆڵەرەوان پێشنبینییان وایە، کە ئەمە ببێت بە بۆچوونێکی جیهانی.

هەر بەپێی رۆژنامە بەریتانییەکە، ئەو ئۆتۆمبێلانە سیستەمێکی تایبەتی پاککردنەوەی هەوایان بۆ دادەنرێ، کۆمپانیای (جیلی) دەڵێ، کە هەمان پلەی بەرگریی لەو تەنانەی هەوا بۆ دادەنرێ، کە لە دەمامکی پزیشکیی دەموچاودا هەیە.

کۆمپانیایەکە بەڵێنیشی داوە، کە مادەی نوێی وا دابنێن، تایبەتمەندیی دژە بەکتریا و ڤایرۆسیان هەبێ و لەناو سیستەمی هەواگۆڕکێ و لە بنمیچ و هەموو ئەو دوگمە و دەسکی دەرگایانە دابنرێ، کە زیاتر دەستیان بەر دەکەوێ.

وێڕای ئەو گۆڕانکارییانە لە دیزاینە نوێیەکە، کۆمپانیای (جیلی) خزمەتگوزاریی گەیاندنی ئۆتۆمبێل بۆ ماڵەوەش بەبێ (دەستلێدان) دەستەبەر دەکات، هەروەها فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بۆ گەیاندنی کلیل (سویچ)ی ئۆتۆمبێلەکە بۆ ماڵ یان شوێنی کڕیاران دەگوازێتەوە، ئەوەش بۆ ئەوەی فەرمانبەرانیان کەمترین بەرکەوتنیان هەبێ.

بەڵام کۆمپانیای (سایک مۆتۆرز)، کە کۆمپانیایەکی دیزایین و دروستکردنی ئۆتۆمبێلی چینییە و بارەگاکەی لە شنگهایە، ئەگەرێکی دیکەیشی لە رێی تیشکی سەروو بنەوشەیی لە رێی کون و کەلەبەرەکانی هەواگۆڕکێکانی ئۆتۆمبێل داناوە، کە پێی وایە هەوایەکە لەناو سندووقە سەرەکییەکە پاک دەکاتەوە.

هەروەها کۆمپانیای ئۆتۆمبێلی (جاک) لە کوانگچۆ دەستی کردووە بە بەهێزکردنی سیستەمە تایبەتەکەی بەهۆی فلتەری هەواوە، کە پێی وایە ئەمە یارمەتیی لە پاراستن لە ڤایرۆس و بەکتریاکان دەدا.

لەبەرامبەر ئەم دەستپێشخەریانەشدا، لێکۆڵەرەوەکان پێیان وایە ئەو هەوڵانە، کە پشت بە تەکنەلۆجیایەکی ناجێگیر لە کەشوهەوا دەبەستن، رەنگە دڵەڕاوکێ سەبارەت بە هۆکارەکانی نەخۆشییەکان زیاتر بکات.

چون رین، بەرپرسی کۆمەڵەی توێژنەوەی بازاڕی چینی بۆ (بی بی سی) گوتی “کۆمپانیاکان هەوڵ دەدەن سوود لە ترس لە پەتای کۆڤید -19 وەربگرن، بۆ فرۆشتنی بەرهەمەکانیان”.

رین هەروەها دەڵێ “من نە پزیشک و نە زانام، بەڵام هۆشداریی دەدەم بە بەکارهێنەران، کە ئاگاداربن، لە هەر کۆمپیانیایەک، کە دەڵێ بەرهەمەکانم دەبنە هۆی کەمبوونەوەی گواستنەوەی ڤایرۆسەکان، بەتایبەت ڤایرۆسی کۆڕۆنا”.

لای خۆشیانەوە، فیفیک فایدیا، توێژەر لە کۆمپانیای (فۆرست ئاند سۆلفیان) وای دەبینێ، رەنگە کۆمپانیاکانی دیکەی دروستکردنی ئۆتۆمبێل لە سەرانسەری جیهان، پەنا ببەنە بەر سوودوەرگرتن لە تایبەتمەندییە نوێیەکان، گوتیشی “پێشخستنی ئەو تایبەتمەندییانە بە کردەیی دەرکەوتوون، بەڵام ڤایرۆسی کۆڕۆنا زیاتر گەورەی کردن”.