كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

ئەزموونی هەڵگرتنی پارێزبەندی لە پەرلەمانی عێراق

حەلبووسی: پێنج پەرلەمانتار خۆیان داوایان کرد پارێزبەندییان لەسەر لابچێ تا بچنە دادگا

یەکێک لەو گرفتە یاساییانەی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە عێراق سەبارەت بەو ئەندام پەرلەمانانەی، کە سکاڵای یاساییان لەسەرە، پارێزبەندیی پەرلەمانییانە، کە وای کردووە کەسێک کە لە کەیسێکدا تێوە گلابێت، یان سنوورە یاساییەکانی بەزاندبێت، نەدرێتە دادگا و لێپیچنەوەی یاسایی لەگەڵدا نەکرێت.

لە چەند خولی رابردووی پەرلەمانی عێراقدا، چەندین سکاڵا لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لەسەر بەشێک لە پەرلەمانتاران دەرچووە و ئاراستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و ئەندامانی کراوە، سەرەنجام بەشێک لەو پەرلەمانتارانەی سکاڵایان لەسەر بووە، یان بە بڕیاری سەرۆکی پەرلەمان، یانیش بە دەنگدانی ئەندامانی پەرلەمان پارێزبەندییان لەسەر هەڵگیراوە.

لە مانگی تەمووزی ٢٠١٩، ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، کە بەرزترین دەسەڵاتی دادوەرییە، داوای لە پەرلەمانی عێراق کرد، کە پارێزبەندی لەسەر ٥ پەرلەمانتار هەڵبگرێت.

عەبدولڕەحیم شەمەری، ئەندامی لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمان ئەوکات بە (ئەنادۆڵ)ی راگەیاند: "کە دادگا داوای هەڵگرتنی پارێزبەندیی ٥ پەرلەمانتاری ئاراستەی پەرلەمان کردووە، (بەبێ ئەوەی ناوی پەرلەمانتاران بێنێت)".

گوتیشی "ئەو ٥ پەرلەمانتارە بە کەیسی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی و یارییکردن بە پڕۆژەکان تێوەگڵاون، کاتێک کە بەر لە بوونیان بە پەرلەمانتار، لە سلکی حکوومیدا کاریان کردووە".

شەمەری روونی کردەوە: "هەڵگرتنی پارێزبەندیی لەسەر ئەو پەرلەمانتارانە، یان دەبێ بە دەنگی سێیەکی پەرلەمانتاران بێ، یان سەرۆکی پەرلەمان مافی هەیە پارێزبەندیی لەسەر پەرلەمانتار هەڵبگرێت، کاتێک کە پەرلەمان لە پشووی خۆیدا بێت".

لە تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠١٩، محەمەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، رەزامەندیی پەرلەمانی لەسەر هەڵگرتنی پارێزبەندیی لەسەر ژمارەیەک پەرلەمانتار دا، بۆ لێپرسینەوە لە کەیسەکانیان. لەناو ئەو پەرلەمانتارانەی داوای هەڵگرتنی پارێزبەندییان لەسەر بوو، ناوی تەڵاڵ ئەلزوبغی و نەهلە ئەلڕاوی و لەیال ئەلبەیاتی و ئەحمەد جبووری و یەحیا ئەلمحەمەدی و فالح ئەلعیساوی و ئیبتسام ئەلدڕب هاتبوو.

هەروەها ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە کۆتایی مانگی ئابی ٢٠١٩ داوای هەڵگرتنی پارێزبەندی لەسەر ٢١ پەرلەمانتار هەبووە، بۆ ئەوەی سەبارەت بە گەندەڵی و یاساشکێنییەکان لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بکات.

بەڵام بەهۆی ئەو دۆخەی ئەوکات عێراقی پێدا تێدەپەڕی لە خۆپیشاندانەکان، دوای تێپەڕبوونی دوو مانگ بەسەر داواکەی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، پارێزبەندیی لەسەر تەنیا دوو لە پەرلەمانتاران هەڵگیرا.

سەبارەت بە لێپرسینەوەی پەرلەمانتاران، حەمدوڵا ئەلڕکابی، وتەبێژ بەناوی کوتلەی سائیروون لە پەرلەمان ئەوکات رای گەیاند "کوتلەکەی لە چوارچێوەی دەستووری و یاسایی و بەرنامەی ناوخۆی پەرلەمان لەسەر  لێپرسینەوە رەزامەندە".  

ئەندامێکی بەرز لە پەرلەمان بۆ بۆ (ئەلعەرەبیی ئەلجەدید) ئاماژەی بەوە کردووە، کە محەمەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە وەڵامدانەوەی داوای دادگا بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندیی لەسەر ٢١ پەرلەمانتار، لە مانگی ئابی ٢٠١٩، بڕیاری داوە بە هەڵگرتنی پارێزبەندیی لەسەر ژمارەیەکیان و ناردنیان بۆ دادگا. لەناویاندا تەڵاڵ ئەلزوبغی و ئەحمەد ئەلجبووری.

بەپێی بەڵگەیەکی فەرمییش، کە پەرلەمان ئاراستەی سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی لە ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی کردووە، پارێزبەندیی لەسەر پەرلەمانتار تەڵاڵ ئەلزوبغی هەڵگرتووە و داواشی لە دەسەڵاتی دادوەریی کردووە: "کە رێوشوێن و لێپرسینەوەی یاسایی دژ بە ئەلزوبغی بگرێتە بەر، ئەوانەی سکاڵاشیان لەسەر تۆمار کردووە سەردانی دادگای تایبەتمەند بکەن".

بەپێی زانیارییەکانیش، ئەم بڕیاری هەڵگرتنی پارێزبەندییە، پەرمانتارانی دیکەیش دەگرێتەوە، دیارترینیان ئەحمەد ئەلجبووری و نەهلە ئەلڕاوی و یەحیا ئەلمحەمەدی و فالح ئەلعیساوی ناویان هاتووە.

سەرچاوەیەکیش لە بەشی یاسایی پەرلەمانی عێراق بۆ (ئەلعەرەبیی ئەلجەدید) جەختی کردەوە: "بڕیاری هەڵگرتنی پارێزبەندیی لەسەر پەرلەمانتاران مانای ئەوەیە، کە دادگا وەک هەر هاووڵاتییەکی دیکەی عێراق، مافی بانگهێشتکردن و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا ئەوانیشدا هەیە،" ئاماژەشی دا "ئەو پەرلەمانتارانەی پارێزبەندییان لەسەر هەڵگیراوە، ئاگادار کراونەتەوە".

لای خۆشییەوە پەرلەمانتار (محەمەد ئەللکاش) ئەندام لە کوتلەی (تەیار ئەلحکمە) داوای لە سەرۆکایەتیی پەرلەمان کرد "رێوشوێن دژ بەو پەرلەمانتارانە بگیرێتە بەر، کە لێدوانی رووشێنەر دەدەن”. لە بەیانێکدا روونی کردووەتەوە “هەندێ لە پەرلەمانتاران لە رێی پەیام یان لێدوانە رۆژنامەوانییەکانەوە دەیانەوێ ئاراستەی ئەنجومەنی نوێنەران لە رێڕەوی بڕیاردانان و چاودێری  بەلاڕێدا ببەن و دەستوور و یاسا پێشێل بکەن".

هەندێ لە پەرلەمانتارانیشی بەوە تۆمەتبار کرد، کە وشە و دەستەواژەکانیان "زۆر بازاڕیین" و لەگەڵ رەوشت و دابی خەڵکی عێراق نایەنەوە، دەریشیخست کە "رۆڵی داواکاری گشتی لەم کێشانە نادیارە".

ئەللکاش داواشی لە ئەنجومەنی نوێنەران کرد، کە پارێزبەندیی لەسەر ٢١ ئەندام هەڵبگرێ، کە فرمانی لێپێچینەوەیان لەلایەن دادگای عێراقییەوە بۆ دەرچووە.

لای خۆشییەوە محەمەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمان عێراق دووپاتی کردەوە، کە ئەو ٢١ پەرلەمانتارەی داوای هەڵگرتنی پارێزبەندییان لەسەرە، هەموویان تۆمەتبار نین و "تۆمەتبار تا ساخبوونەوەی تۆمەت بەسەریدا بەریئە".

روونیشی کردەوە، کە ١٠ لەو داواکراوانە کەیسەکەیان پەیوەستە بە گەندەڵی، هی هەندێکیشیان پەیوەستە بە تۆمەتی بڵاوکردنەوە، لە دیدارێکی پێشووی تەلەفزیۆنیشدا ئاماژەی بەوە داوە کە، ٥ پەرلەمانتار خۆیان داوای هەڵگرتنی پارێزبەندییان لەسەر خۆیان کردووە، بۆ ئەوەی سەردانی دامەزراوە دادوەرییە پەیوەندیدارەکان بکەن.

حەلبووسی رەزامەندیی خۆیشی بۆ ئەو داوایانە لە چوارچێوەی دەسەڵاتەکانیدا بینی، کە دەستوور و سیستەمی ناوخۆی پەرلەمان پێی بەخشیوە.

پێشتریش و لە ساڵی ٢٠٠٧دا ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە تۆمەتی پەیوەندیی بە گرووپە چەکدارەکانەوە، 

پارێزبەندی لەسەر پەرلەمانتاری پێشوو (عەبدولناسڕ ئەلجەنابی) هەڵگرت، هەروەها پەرلەمان لە ٢٠١٤ پارێزبەندیی لەسەر پەرلەمانتاری پێشوو (ئەحمەد ئەلعەلوانی) هەڵگرت، ئەویش بەهۆی ناکۆکیی لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی عێراق نووری مالیکی، بەدواشیدا تۆمەتبارکردنی بە رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هێزە عێراقییەکان.

بەگوێرەی پەیامنێری (ئەلعەرەبییە)، لە مانگی ئەیلوولی ٢٠١٩دا، ئەنجومەنی نوێنەران دەنگی دا لەسەر هەڵگرتنی پارێزبەندیی لەسەر پەرلەمانتار (فائق شێخ عەلی)، ئەویش لەسەر داوای  حەنان ئەلفەتلاوی، راوێژکاری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری ئافرەتان، دوای ئەوەی، کە ئەو پەرلەمانتارە لە یەکێک لە دیدارە تەلەڤزیۆنییەکاندا بە پەیام و وشەی نابەجێ هێرشی کردبووە سەر.

فەتلاوی راشیگەیاند، کە سێ داواکاری بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندیی لەسەر پەرلەمانتار فائق شێخ عەلی گەیشتوونەتە پەرلەمان و ئاماژەیشی دا کە "چاوەڕێی ئەنجومەنی نوێنەران دەکا، دەست بە رێوشوێنەکانی هەڵگرتنی پارێزبەندیی لەسەر ئەو پەرلەمانتارەیە بکات".