سەرکەوتنی ساختە.. داعش لە هەڕەتی تێهەڵچوونەوە و هەڕەشەکردندا!
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

سەرکەوتنی ساختە.. داعش لە هەڕەتی تێهەڵچوونەوە و هەڕەشەکردندا!

 

چرکەساتی لەخۆباییبوون!

لە ڕۆژەکانی سەرەتای کانوونی یەکەمی ٢٠١٧، دەستەواژەی “عەبادی سەرکەوتنی مەزن و یەکجارەکیی بەسەر داعش ڕاگەیاند”، زەق و گەرمترین مانشێتی میدیای عێراقی و هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی بوو. لەو ڕۆژەدا، لە میانی دەستپێکردنی چالاکییەکانی کۆنگرەی نێودەوڵەتی میدیا لە بەغدا و لە نماییشێکدا بۆ شاشەی تەلەفزیۆنەکان، کە پاسەوانی شەڕەف و کەرتە جیاوازەکانی سوپا لەناو جلوبەرگی یونیفۆڕمی جیاوازیی سەربازییاندا، دەورویان دابوو. “حەیدەر عەبادی - سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق” بە جۆرێک لە لەخۆبایبوون و ئەوپەڕی غروورەوە، موژدەی سەرکەوتنی کۆتایی بەسەر دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) و پاککردنەوە تەواوی خاکی عێراقی لە تیرۆریستان ڕاگەیاند و گوتی: “هێزە قارەمانەکانمان تەواوی سنووری نێوان عێراق و سووریایان کۆنتڕۆڵ کرد”.

هەر پەیوەست بەم پرسە “فەریق عەبدولئەمیر ڕەشید یاروڵڵا - فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی پاککردنەوەی جەزیرە و بەرزاییەکانی فوڕات”، ئاماژەی بەوە کرد، پاڵپشت بە هێزی ئاسمانی، سوپای عێراق بە هاوکاریی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، لە پاککردنەوەی زیاتر لە ٩٠ گوند و ڕووبەڕی ١٦٠٠٠کم٢ و ڕزگارکردنی ناوچەی جەزیرەی نێوان مووسڵ و ئەنباڕ، سەرکەوتنێکی مەزنیان بەدەست هێناوە و جەختی کردەوە کە “هێزەکانمان بەدرێژایی ١٨٣کم، لە ناوچەی ڕوممانەەوە تا تەل سەفووک، یان ڕوونتر، لە درەوازەی ئەلوەلیدەوە تا دەروازەی رەبیعە، کۆنتڕۆڵی تەواوی سنووری نێودەوڵەتیی عێراق - سووریایان کردووە”.

هەرچی قاسم ئەلئەعڕەجی - وەزیری ناوخۆی عێراقیش بوو، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە، دوای ڕزگارکردنی قەزای “ڕاوە”، ئیدی لە ڕووی سەربازییەوە بە تەواوی کۆتایی بە داعش هات.

لەو نێوەشدا نووسینگەی “عەلی ئەلسیستانی - مەرجعیەتی باڵای شیعە”، لە بەیاننامەیەکدا بەبۆنەی ڕزگارکردنی شارۆچکەکە، پیرۆزبایی لە عێراقییەکان کرد و “کۆتاییهاتنی داعش لە عێراق لەلایەنی سەربازییەوە”ی پشتڕاست کردەوە.

 لەگەڵ مزگێنییەکەی “عەبادی” سەبارەت بە “سەرکەوتنی مەزن” و دروشمی کینەداری “ئاڵای عێراق لەسەر بست بە بستی خاکەکەی هەڵدەکەین” و بانگەشە و دەهۆڵکوتینی فەرماندە سەربازییەکان بۆ لووتبەرزییەکەی سەرۆکوەزیرانی پێشوو و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، “سەلیم ئەلجبووری - سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی عێراق” لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: “ڕاستە لە ڕووی جوگرافییەوە هێزەکانمان کۆتاییان بە داعش هێنا، بەڵام شەڕی وڵاتانی ناوچەکە لە قۆناغی داهاتوودا لەگەڵ ئەم ڕێکخراوە زۆر سەخت دەبێت”.

 

درۆ گەورەکە!

خۆشییەکەی “عەبادی” و فەرماندە سەربازییەکانی و فەرماندەکانی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، دەربارەی سەرکەوتنە مەزنەکەی (٢٠١٧) بەسەر “داعش” و کۆتاییهێنان بە هەڕەشە و مەترسییەکانی لەسەر عێراق، زۆری نەخایاند. چەند ڕۆژێکی کەم دوای ڕاگەیاندنی “سەرکەوتنی کۆتایی”، شانە چەکدارەکانی داعش، چ ئەوانەی لە ناوچە سنوورییەکان، یان ئەوانەی لەناو شار و شارۆچکەکانی عێراقدا خۆیان مەڵاس دابوو و چاوەڕێی دەرفەتیان دەکرد، کەوتنە خۆڕێکخستنەوە و دووبارە دەستکردنەوە بە جموجۆڵ و هێرش.

تێهەڵچوونەوەی داعش لە دەسپێکی ساڵی ٢٠١٨ بە هێرش و چالاکی، موژدەی سەرکەوتنە گەورەکەی ٢٠١٧ی حکوومەتی عێراقی هەرەس پێ هێنا و خەونی سوپا و هێزە تەناهییەکان و میلیشیاکانی، بە ئەرخەیان بوون لە نەمانی هەڕەشە و مەترسییەکانی داعش، کردە بڵقی سەر ئاو. بەوپێیەی ئەمجارەیان چەکدارە تیرۆریستەکان لە سنووری پارێزگاکانی “کەرکووک، دیالە، سەلاحەددین، ئەنباڕ” و هەموو ناوچە کێشە لەسەرەکان و ناوچە سنوورییەکانی نێوان عێراق و سووریا، کەوتنەوە خۆیان و لە شێوەی گرووپی بچووک و تاکەکەسی “ئەوەی بە پرۆسەکانی “گورگە تەنیاکان” ناسراوە، دووبارە دەستیان بە هێرشکردنە سەر یەکەکانی سوپا و پۆلیسی فیدڕاڵی و میلیشیاکانی حەشد و “تەنانەت هێزەکانی پێشمەرگە لەو ناوچانەی دوای خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر بۆشایی تەناهییان تێ کەوت” کردەوە. بەهۆی ئەو بارودۆخ و هەلومەرجە سیاسی و سەربازییەی داعش، کە لە دوای ٢٠١٧ تێی کەوت و بە هۆیەوە ڕووبەرێکی زۆری زەوی لە عێراق لەدەست دا، ئەم جارە و هێرشە نوێیەکانیاندا، تیرۆریستانی شێواز و تەکتیکی نوێیان گرتەبەر، لە نموونەی دانانەوەی کەمین بۆ هێزە سەربازیی و تەناهییە گەڕۆکەکان،  تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژراو، دانانەوەی بۆمبی چێنراو لەناو جەرگەی شار و شارۆچکە و ئاوەکانییەکاندا و هێرشی لەناکاوی گرووپی بچووک بۆسەر بازگە و خاڵەکانی پشکنین و مۆڵگەکان.

سەرەڕای ئەوەی “پێنوێنیی جیهانیی تیرۆر” لە ساڵی ٢٠١٩، لە میانی هەڵسەنگاندنی بۆ دۆخی تیرۆر لە جیهاندا، لە ڕاپۆرتێکیدا کە وێنەیەکی لە پێگەی ئەلیکتڕۆنیی “سی ئێن ئێن عەرەبی” بڵاو کرایەوە. ئاشکرای کرد، کە بەراورد بە ساڵانی پێشتر، کردەوە تیرۆریستییەکان لە جیهاندا لە ساڵی ٢٠١٨ کەمیان کردووە و جەختیش لەسەر ئەوە دەکاتەوە “هێرشە تیرۆریستییەکانی بزووتنەوەی تاڵیبان لە ساڵی ٢٠١٨، لە هەموو ئەو هێرشانە ترسناکتر و گەورەتر بوون، کە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی دیکەی جیهان لەو ساڵەدا ئەنجامیان داون”. تەنانەت ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات، کە تاڵیبان لەو ساڵەدا زۆر زیاتر لە داعش خەڵکی کوشتووە و تیایدا هاتووە: “ساڵی ٢٠١٨، ٧١ وڵات بە لایەنی کەمەوە، کوژرانی کەسێکیان بە هۆی کردەوە تیرۆریستییەکان لە وڵاتەکانیان تۆمار کردووە و ئەفغانستانیش لە لیستی قوربانییەکانی دەستی تیرۆر لەو ساڵەدا، بە ٧ هەزار قوربانیی، ڕیزبەندی یەکەمی وەرگرتووە”.

ڕاپۆرتەکە ڕوونی دەکاتەوە، سەرەڕای کوژرانی “١٣٢٨” کەس بە هۆی هێرش و کردەوەکانی داعش لە ساڵی ٢٠١٨، بەڵام بەراورد بە هەڕەشە و مەترسییە کوشندەکانی لە ساڵانی ٢٠١٤ بەرەو سەرەوە (کە لەو ماوەیەدا لە ڕیزبەندی یەکەم و ترسناکترینی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی جیهاندا بوو) لە پەیوەست بە ژمارەی قوربانییەکانی دەستی کردەوە تیرۆریستییەکانی، لە سەرتاسەری ئەو شوێنانەی خۆی و ڕێکخراوە پاشکۆ و شوێنکەوتەکانی (ئەوانەی بەیعەتیان پێی داوە) لە ناوچەکە و جیهاندا تیایدا چالاکن، ژمارەی قوربانییەکانی دەستی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستییە لە ساڵی ٢٠١٨دا کەم بووەتەوە.

ئەوەی لەو نێوەدا جێی سەرنج و تێڕامانە ئەوەیە، کە وێڕای موژدەی سەرکەوتنە فشۆڵەکەی “عەبادی” بەسەر داعش، کە مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠١٧ بە جۆش و خرۆش و جۆریک لە شانازیی و بەخۆوە نازین، ڕایگەیاند. هاوکات سەرەڕای وردەکارییەکانی ناو ڕاپۆرتەکەی “پێنوێنی جیهانیی تیرۆر”. کەچی بەپێی ئامارەکانی ناو ڕاپۆرتێکی “مایکڵ نایس - توێژەری ئەمریکی لە پەیمانگای واشنتۆن”، ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش لە نێوان مانگی کانوونی دووەم، تا تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٨، “١٢٧١” هێرشی کردووەتە سەر یەکەکانی سوپا و پۆلیس و مۆڵگەکانی میلیشیای هەردوو حەشدی شەعبی و عەشایەری، کە “٧٦٢” هێرشیان تەقاندنەوە بوونە، لەگەڵ “١٣٥” هێرشی ڕاستەوخۆ بۆ پێکانی بەکۆمەڵ و “٢٧٠” کردەوەی تەقاندنەوەی کارا لە ڕێگای بۆمبی چێندراو لەسەر ڕێگاکان. ئەمەو سەرەڕای هەوڵی تیرۆریستانی داعش بۆ دەستدرێژیکردن سەر “١٢٠” بازگە و خاڵی پشکنینی سەربازیی و هێزە تەنهاییەکانی عێراق، لەگەڵ جێبەجێکردنی “١٤٨” کردەوەی کوشتنی ورد، کە ئامانجەکانیان کەسایەتی و بەرپرسی دیاریکراوی سەربازیی و ئەمنی و هی میلیشیاکانی حەشد بووە.

 

ساڵی هۆشدارییەکان! 

 بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی ساڵانەی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە لە ٣١ی تەمووزی سڵی ٢٠١٩ بڵاو کراوەتەوە. لە دوای تێکشکاندنی لە باغۆز لە ئاداری ٢٠١٩، داعش بڕیاری دەستپیکردنەوە بە چالاکییەکانی داوە، بۆ ئەمەش پلانی بۆ ئەنجامدانی هێرشی نێودەوڵەتی داڕشتووە. لە ڕاپۆرتی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکەدا هاتووە: “سەرکردەکانی داعش ئێستا لە ناوچە سنوورییەکانی نیوان عێراق و سووریان، لە سەرووشیانەوە ئەبوبەکر بەغدادی. ئەوان لە ناوچە سەرەکییەکاندا هەوڵی خۆگونجاندن و مانەوە و دوورەپەرێزیی و دواجاریش پێکهێنانی شانە نهێنییەکان لەسەر ئاستی ناوچەییدا دەدەن”.

ڕاپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان جەخت دەکاتەوە کە: “هەر کاتێک داعش بۆ وەبەرهێنان لە کردە دەرەکییەکان دەرفەت و پانتایی هەبوو، ئەوا هێرشی نێودەوڵەتی ئەنجام دەدات و بە ئاسانیش ئەم کارە دەکات”.

ئەمە لەکاتێکدایە کە بەرپرسە ئەمریکییەکان پێش ئەو ڕاپۆرتەش، هۆشداریی لەم جۆرەیان دا. لەم ڕووەوە “باڵیۆز جێمس جیفری - نوێنەری تایبەتی ئەمریکا لە سووریا” لە دوای کەوتنی باغۆز گوتی: “ئەمە کۆتا جەنگ نییە”. هاوکاتی ئەمە، پەیمانگای لێکۆڵینەوەکانی جەنگ لە واشنتۆن (ISW)، لە ڕاپۆرتێکیدا ئاماژەی بەوە کرد، کە “داعش بە شێوەیەکی زۆر خێرا و وێرانکارتر لەو کاتەی بۆ یەکەم جار بەشێکی زۆری لە سووریا و عێراق داگیر کرد، ئامادەکاری بۆ گەڕانەوە دەکات”.

ئەم هۆشدارییە نێودەوڵەتییانە لەکاتێکدا بوون، کە هەر لە ڕۆژی یەکەمی ڕاگەیاندنی “سەرکەوتنی مەزن” لەلایەن “عەبادی” و تا ئەم چرکەساتەش، لە هەموو بۆنە و یادەکاندا، لە شوێنە فەرمی و نافەرمییەکاندا، لە سەکۆ نێوخۆیی و ناوچەیی و جیهانییەکاندا، لە دیدارە میدیاییەکان و میوانداریکردنی شاندە عێراقی و هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەکاندا، بە لێدوانی ڕۆژنامەوانی و بەیاننامە، هەر یەکە لە “سەرۆک بارزانی” و سەرۆکی هەرێمی کوردستان” و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پشتئەستوور بە بەڵگە و ئەرگۆمێنت و واقیعی ڕووداوەکان. بە ڕوون و ڕاشکاوی، هۆشداریان لەبارەی مەترسی و هەڕەشەکانی داعش داوە. هاوکات هۆکارەکانی پشتی ئەم هۆشدارییانەیان بە ئاشکرایی باس کردووە و ئەو زەمینە و بوار و دەرفەتانەیان بۆ بەرپرسانی عێراق و ناوچەکە و دونیاش ڕوون کردووەتەوە، کە بە هۆیانەوە داعش نەک هەر لە عێراق، بەڵکوو لە ناوچەکە و وڵاتانی جیهانیشدا، هێشا و بۆ ماوەیەکی دوور و درێژتریش، سەرچاوەی هەڕەشە و بەردەوامیی جەنگ و تیرۆر و کوشتار و خوێنڕێژییە و ڕایانگەیاندووە، ئەگەر هۆکارە بنەرەتییەکان، کە زەمینەسازیی لەدایکبوونی داعش لە عێراق و دووبارە گەشەکردن و بەهێزبوونەوەیەی ئێستا ڕێکخراوەکە خۆش دەکەن، بنبڕ و چارەسەر نەکرێن، ئەوا داعش و تیرۆر بە گشتی، ناهێڵن مرۆڤایەتی پشوو بدات.

لای خۆیشیانەوە بەرپرسانی دژەتیرۆر لە ئەمریکا، نەیانشاردەوە کە “بە مەبەستی چوونە ڕیزەکانی داعش، زیاتر لە ٤٥ هەزار چەکدار، کە لە ١١٠ وڵاتەوە روویان لە سووریا و عێراق کردووە”. ڕاپۆرتەکانی دەزگا هەواڵگرییەکانی وڵاتانی ئەندام لە نەتەوەیەکگرتووەکانیش لەو کاتەدا، گریمانەی ئەوەیان خستەڕوو، کە ژمارەی ئەندامانی داعش لە دوای تێکشکاندنی لە باغۆز دەگاتە ١٠ هەزار کەس و ڕوونیان کردبووەوە کە “زۆربەی ئەو ئەندامانەی داعش لەناو شانە نهێنییەکاندا جێی خۆیان گرتووە”. کەچی نەتەوەیەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتەکەیدا هۆشداریی ئەوەی دا، کە ڕەنگە ژمارەکە زۆر لەوە زیاتر بێت و “ڕەنگە نزیکەی ٣٠ هەزار کەس لەوانەی چوونە ناو داعش، لەژیاندا بن”. هەر بەپێی زانیارییەکانی ناو ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی ناوبراو، ئەندام و لایەنگرانی داعش لەو ماوەیەدا بۆ دەستگەیشتن بە پارە و سەرچاوەی دارایی، پشت بە تاوانکاریی دەبەستن.

لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئەسۆشێیتد پرێس، هانز جیکۆب شندلەر _ ڕاوێژکاری پێشوو لە ئەنجوومەنی ئاسایش بۆ کاروباری داعش”  لە بارەی هۆکارەکانی دووبارە دەرکەوتنەوە و بەهێزبوونەوەی داعش دەڵێت: “هەموو ئەو هۆکار و ستەمکارییانەی، کە سالێ ٢٠١٣ زەمینەیان لە بەردەم دەرکەوتن و سەرهەڵدانی داعش خۆش کرد، تا ڕۆژی ئەمڕۆش وەک خۆیان ماونەتەوە”. شندلەر کە ئێستا بووەتە ئەندامی تیمی پڕۆژەی نەهێشتنی توندڕۆیی، لە درێژەی قسەکانیدا دەربارەی مەترسی کارابوونەوەی داعش دەشڵێت: “من زۆر نیگەرانم، ئێمە وای دەبینین کە مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە”.

لەلایەکی تر، بەهێزبوونەوەی چالاکی و جموجۆڵەکانی داعش لە ساڵی ٢٠١٩، بەتایبەتی لە مانگەکانی کۆتایی ساڵەکەدا، بۆ خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکانی پارێزگاکانی عێراق دەگەڕێتەوە، کە بە هۆیانەوە ڕەوشی تەناهی و سیاسیی ئەو دەوڵەتە ئاڵۆزیی تێ کەوت. بەجۆرێک، لەگەڵ فراوانبوونی شەپۆلی خۆپیشاندنەکان، ژمارەی هێرشەکانی داعش بۆسەر ناوچە جیاوازەکانی عێراق زیاتر بوون، بەتایبەتی لە سنووری پارێزگاکانی (سەلاحەددین، دیالە، ئەنباڕ، کەرکووک).

بۆ نموونە، لە ٢ی کانوون یەکەمی ٢٠١٩، لە هێرشێکدا، داعش لە دیالە ٤ چەکداری میلیشیای کوشتن و چەند هێرشێکی پچڕ پچڕی کردە سەر ناوچە جیاوازەکانی سنووری کەرکووک. لە ٥ی کانوونی دووەمیش، تیرۆریستان لە خانەقین هێرشیان کردە سەر لیوایەکی هێزی پێشمەرگە. ڕۆژی ١٠ی کانوونی یەکەم و لەیە کاتدا، داعش لە دوو هێرشدا سامەڕا و قەزای دبسی کردە ئامانج، کە لە یەکەمیاندا ٤ چەکداری میلیشیاکانی حەشد و لەوەی دووەمیشیان ژمارەیەکی تر کوژران، ئەمەو جگە لە برینداربوونی دەیانی تر و هەر لە هەمان ڕۆژدا هەوڵی تێکدان و لەناوبردنی سیستەمی کامێراکانی چاودێریی سنووری نێوان هەر دوو پارێزگای دیالە و سەلاحەددینی دا. لە ١٢ی هەمان مانگیشدا، بە هۆی تەقینەوەی دوو بۆمبی چێنراو لە ناوچەی بەلەدیات لە بەغدای پایتەخت، چەندین هاووڵاتی بوونە قوربانیی.

پاش کوشتنی “ئەبوبەکر بەغدادی - ئەمیری داعش”یش لە سەرەتای مانگی کانوونی دووەمی ٢٠١٩ و ڕێک دوای دەستنیشانکردنی “ئەبو ئیبراهیمی هاشمی قەڕەشی” وەک جێگرەوەی ئەو بۆ سەرکردایەتیکردنی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکە، داعش بۆ سەلماندنی بەردەوامیی و هێز و کاریگەریی خۆی، دەستی دایەوە چالاکیی نواندن و هێرشکردن. ئەم چالاکبوونەوەیەی داعشیش لەدوای کوشتنی “بەغدادی” و سەرکردایەتیکردن و گرتنە دەستی جڵەوی کار و بڕیارەکانی ڕێکخراوەکە لەلایەن جێگرەوەکەی، ناوەڕۆک و پەیامی هۆشدارییەکەی “کیڤین مکلاینان - وەزیری ئاسایشی ناوخۆی ئەمریکا بە وەکالەت”، سەبارەت بە بەردەوامیی مەترسییەکانی داعش و قووڵبوونەوەی ئایدیۆلۆژیاکەی لەدوای  مردنی “بەغدادی”ش، دەسەلمێنێت.

بینیشمان کە لە یەکەم چالاکییاندا لە دوای دەستبەکاربوونی ئەمیرە نوێیەکەیان، ژمارەیەک چەکداری داعش لە باکووری بەغدا، هێرشیان کردە سەر بازگەیەکی سەربازیی و لە ئاکامدا سەربازێک کوژرا و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون و بەدوای ئەویشدا و تا ئەمڕۆ، چالاکی و هێرشەکانیان لە ناوچە جیاوازەکانی عێراقدا بەردەوامن.

 

دزەکردن و خۆڕێکخستنەوە!

کۆتایی مانگی شوباتی ٢٠١٩، ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس، لە بەدواداچوونێکی ورد و پڕ زانیاریدا، بابەتێکی مەترسیداری لەبارەی داعش و عێراقەوە وروژاند. بەتایبەتی دوای تێکشکانی ڕێکخراوەکە لە باغۆز و پلانی دزەپیکردنی زۆرترین چەکدارەکانی لە سووریاوە بۆ عێراق و خۆ ئامادەکردن بۆ جەنگێکی دیکەی نوێ.

دوای تێکشکاندنی داعش لە باغۆز لە ئاداری ٢٠١٩، ئومێدەکانی ئەم ڕێکخراوە بۆ مانەوە و بەردەوامیدان بە خۆی لە سووریا زۆر کەم بوونەوە، بۆیە بە سوودوەرگرتن لە بارودۆخی ئاڵۆز و شێواوی عێراق، کە ئێستاشی لەگەڵدا بێت بە دەست بۆشایێکی گەورەی تەناهییەوە دەناڵێنێت، هەروەها قۆستنەوەی دۆخەکە لەپێناو دووبارە خۆڕێکخستنەوە و سەرپەرشتیکردن و وەکارخستنەوەی شانە نهێنی و نووستووەکانیان لە ناوچە جیاوازەکانی عێراق، لە ڕێی پلانێکی تۆکمەوە دەستیان بە پاشەکشەکردن و دزەکردن لە سنوورەکانەوە کرد.

بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسەکە، کە لە سەرچاوە سەربازیی و تەنهاییە عێراقی و ئەمریکییەکان وەرگرتووە، لە ماوەی ٦ی مانگی دوای تێکشکانەکە، واتە لە مانگی ئادارەوە تا ئەیلوولی ٢٠١٩، توانیان زیاتر لە هەزار چەکداریان لە ڕێگای سنووری کراوەی بیابان بپەڕنەوە و دزە بکەنەوە ناو خاکی عێراق. ئەمە لەکاتێکدا بوو، کە هەر بە گوێرەی زانیارییەکانی ناو ڕاپۆرتەکە، سوپای عێراق بە مەبەستی پاراستن و چاودێریکردنی هێڵی پێشەوەی سنوورەکە، زیاتر لە ٢٠ هەزار سەربازی لەو ناوچەیە جێگیر کردبوو.

ڕاپۆرتەکەی ئەسۆشێیتد پرس ئاماژە بەوە دەکات، کە بەشێک لەو چەکدارانەی داعش لە ڕێگای تونێڵەکان، هەندیکیان لە تاریکیایی شەو، بەشێکیشیان بە ڕۆژی رووناک و بە دەمامکی شوانێتی مەڕوماڵات پەڕینەوە و لە سنوورەکانەوە دزەیان کرد. بەگوێرەی زانیارییە هەواڵگرییەکانیش، کە ئاژانسەکە لە ڕاپۆرتەکەیدا پشتی بەستوون، ئەوانەی دزەیان کردووە، لەگەڵ خۆیاندا چەکی سووکیان لەگەڵ خۆیاندا هێناوەتەوە و دوای گەڕانەوەشیان، لە حەشارگە نهێنی و تایبەتییەکانیاندا، کە ساڵی ٢٠١٤ و لەکاتی داگیرکردنی ڕووبەرێکی بەرفراوانی خاکی عێراق، دروستیان کردبوون، پارە و ئازووقە و چەکەکانی تریان دەرهێناوەتەوە.

دوای گەڕانەوەیان و دابەشبوونیان بەسەر ناوچە جیاوازەکاندا، پاش ئەوەی سەرچاوەی خواردن و گوزەرانیان لە کەمیی دا، بە مەبەستی چاندنی تۆوی ترس و تۆقاندنیان و ناچارکردنیان بە هاوکاریکردنیان. دەستیان دایە هێرشکردنە سەر گوند و ئاواییە بچووکەکان و هەڕەشەیان لە خەڵکەکەیان کرد، کە دەبێ پارە و ئازووقەیان بۆ دابین بکەن و هاوکاریان بکەن، بەپێچەوانەوە، ئەوا دەیانکوژن (بە گەڕانەوە بۆ ئەرشیفی هەواڵەکانی ئەو ڕۆژانە لە میدیا جیاوازەکاندا، دەیان هەواڵی هێرشکردنە سەر ئەو گوندانە و کوشتنی موختارەکانیان، کوشتنی ئەوانەی گوایە هاوکاری و ڕێنوێنی سوپا و هێزە تەناهییەکان دەکەن بۆ دۆزینەوەی حەشارگەکانیان، سووتاندنی خانوو و ماڵی ئەندام و لایەنگرانی میلیشیاکانی حەشد، تەنانەت کوشتن و سووتاندنی ماڵ و ڕەز و باخی ئەوانەی ئامادەیی هاوکاریکردنیان نەبوون، دەخوێنینەوە و بەرچاومان دەکەون).

ڕێپۆرتەرەکەی ئەسۆشێیتد پرێس دوای پرسیار و سۆراخکردن، ئاماژە بە نۆ هێرشی جیاواز دەکات، کە تیرۆریستانی داعش تەنیا لە مانگێکدا کردوویانەتە سەر بەرپرسە هەواڵگری و سەربازییە ناوچەییەکان و موختاری ژمارەیەک لە گوندەکان و ئەو کەسانەی گومانی ئەوەیان لێ کردوون، کە هاوکاری سوپا و دەزگا تەناهیی و هەواڵگرییەکانی عێراق دەکەن و وێنەی هەموو ئەو تاوانانەشیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو دەکردەوە (نموونەی ئەو هاووڵاتییەی، کە تیرۆریستان بە تۆمەتی هاوکاریکردنی سوپا و دەزگاکان، لە گوندی تل عەسفووری سەر بە ناحیەی بادۆش هێرشیان کردە سەر ماڵەکەی و ئەو و براکەیان بە بەرچاوی ئەندامانی خێوانەکەیان کوشتن و وێنە و گرتە ڤیدیۆکەیشیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کردەوە).

دوای ئەمە، تیرۆریستانی داعش بۆ نیشاندانی هێز و کاریگەریی خۆیان بە حکوومەتی عێراق، دەستیان دایە هێرشکردنە سەر بازگە و خاڵەکانی پشکنینی سوپا و پۆلیسی فیدڕاڵی و میلیشاکان بە ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو و هاوەن، هەروەها ڕێگرتنی لەناکاو بە گرووپی بچووک لە مەفرەزە گەڕۆکەکان، وەک ئەوەی لە سنووری قەزای شەڕگات، ئۆتۆمبێلێکی پۆلیسیان ڕاگرت و هەر شەش پۆلیسە سەرنشینەکەیان کوشتن. دواتریش دەستیان دایە ڕفاندنی ڕاوچییەکان و دزی و تاڵانکردنی ماڵی خەڵک و ترساندنی جووتیار و وردە بازرگانەکان، بۆ ئەوەی پارە بدەنە ڕێکخراوەکە.

لە هەلومەرجێکی وادا، کە چەکدارانی داعش خۆیان لەناوچە بیابانییە پانوپۆرەکانی ڕۆژئاوای عێراق، هەروەها لە پێچ و پەناکانی زنجیرە چیای حەمرین و لە گوند و ئاواییە دوورەدەستەکانی پارێزگای نەینەوا حەشار داوە و شوێنکاتێکی جێگر و دیاری دەرکەوتن و چالاکی و جموجۆڵیان نییە، ڕاونانیان لەلایەن یەکە سەربازیی و هێزە تەناهییەکانی عێراق و گرووپە گەڕۆکەکانی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی، ڕێپۆرتەرەکەی ئاژانسی ئەسۆشێیتد پرێس گوتەنی: ڕێک وەک یاریی “مشک و پشیلە”ی لێ دێت. هەر وایشی لێهاتووە.

 

خێوی شەو و ترسی خەڵک !

گۆڤاری “فۆڕن پۆلیسی”ی ئەمریکی، لە ڕاپۆرتێکیدا کە لە ٣٠ی ئایاری ٢٠١٩ بڵاو بووەتەوە، ئاماژە بە دووبارە خۆڕێکخستنەوەی شانە نهێنی و نووستووەکانی داعش لەناو عێراق دەکات، بەتایبەتی لەو ناوچانەی کە ساڵی ٢٠١٤ ڕێکخراوەکە تێیدا هەڵتۆقی. ڕاپۆرتەکە باس لە بوونی چەند پاشماوەیەکی کارای تیرۆریستی دەکات، کە لە چوارچێوەی شانەی ٥ تا دە کەسیی کار دەکەن و خۆیان لەو تۆڕی تونێلانەدا حەشار داوە، کە تیایاندا جلوبەرگ و خواردن و کەلوپەل و پێداویستییەکانیشیان پاراستووە.

گۆڤارەکە بە پشت بەستن بە قسە و لێدوانی بەرپرسە سەربازییەکانی پارێزگای ئەنباڕ، ئاشکرای دەکات کە ئەو شانە نهێنییانە بوونەتە هەڕەشە لەسەر خەڵکی ناوچە دوورە دەستەکان، بەتایبەتی خەڵکی گوندەکانی سنووری قەزای هیت و لەسەر زاری ئەوانەوە نووسیویەتی: “خەڵکی ئەو گوندانە و لەناویاندا دانیشتوای گوندی ئەبو تیبان بەردەوام ترسی هاتنی شەویان هەیە، چونکە ئەندامانی داعش تەنیا لە شەودا هێرش دەکەن” و ڕێپۆرتەرەکە باس لەوە دەکات، کە تەنانەت ئەو بەرپرسانەش وەک ئاماژەیەک بۆ شوێن و حەشارگەی تیرۆریستان، بە ترسێکی زۆرەوە، پەنجە بۆ چەند ناوچەیەکی بیابانیی دوور لە گوندەکەیان درێژ دەکەن.

فۆڕن پۆلیسیی ئەمریکی لە دووتوێی ڕاپۆرتەکەیدا، جەخت لەسەر هۆکارێکی گرنگی تەناهیی دەکاتەوە، کە سەرچاوەی دروستبوونی بۆشایی تەناهیی و زەمینەسازییە بۆ جموجۆڵ و چالاکی ئەو شانە چەکدارانەی داعش لە ناوچەکەدا و تیایدا هاتووە: “ئەم دۆخە دەرهاویشتەی ململانێ و پەرتەوازەیی هێزە تەناهییەکانی عێراقە، کە لەناو خۆیاندا پارچە پارچەبوونە و بەسەر ژمارەیەکی زۆری گرووپی چەکدار دابەش بوونە، بە جۆرێک هاوشێوەی زەمینەی ئەو ڕۆژگارانەیە، کە لە ڕابروودا هاوکاربوون لە دەرکەوتن و ڕەگداکوتینی داعش لە عێراقدا”. ڕێپۆرتەرەکە جەخت دەکاتەوە، کە ئەو گرووپە چەکدارانە نەک هەر لە نێوا خۆیاندا هەماهەنگ نین و لەسەر جۆر و شێواز و میکانیزمەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی داعش کۆک نین، بەڵکوو زۆربەیان بە چاوی گومانەوە سەیری یەکتری دەکەن و هەر یەکەیان بیری لای بەرژەوەندییەکانی و فراوانکردنی بازنەی لایەنگرەکان و زیاترکردنی سنووری دەسەڵاتەکانیەتی لەناوچەکەدا.

گۆڤارەکە لەم بارەیەوە لەسەر زاری “ڕیناد مەنسووڕ - توێژەر لە پەمانگای چاتام هاوسی بەریتانی”، ئاماژە بەوە دەکات، کە ئەندامانی دەزگای نەهێشتنی تیرۆر (دژەتیرۆر)، لەگەڵ چەکدارەکانی حەشدی شەعبی قسە ناکەن، یەکەکانی سوپا و پۆلیسی فیدڕاڵیش هەر وا، هەر یەکەیان لە ئاوازێک دەخوێنێت و دەڵێت: “لەکاتێکدا ئەوان شەڕی داعش دەکەن، کەچی لە هەمان ژوور بەیەکەوە دانانیشن و ناخۆن و ناخەون. تەنانەت هەر یەک لەوان پێیوایە ئەوەی تر بەکرێگیراوی ئەمریکایە، یان کرێگرتەی ئێرانە. ئەوە هەر هیچ، کە لەنێو خۆیاندا زانیارییە هەواڵگرییەکان ئاڵوگۆڕ ناکەن”.

گۆڤارەکە نایشارێتەوە، کە ئەگەرچی سەنتەری شارێکی سەرەکیی وەک بەغدا، ڕەنگە تا ئاستێک سەقامگیر بێ و ئاسایشی تێدا بێت، بەڵام دوور نییە لە دوور مەودادا پارێزگاکانی تر بکەونە مەترسییەوە، بەتایبەتی کە داعش سەرلەنوێ لە هەندێک ناوچە دەستی بە هیڕش کردووەتەوە. لەمەشدا ڕێپۆرتەرەکە باس لەو هێرشانە دەکات، کە داعش کردوویەتیە سەر بەرپرسە خۆجێیەکانی هیت و کوشتنی خۆیان و کەسوکاریان، یان ئەو هێرشەی کردیانە سەر ماڵی بەرپرسێکی خۆجێی لە پارێزگای نەینەواو و ئەو چوار لە ئەندامانی خێزانەکەیان کوشتن.

 دواجار “مەنسووڕ” جەخت دەکاتەوە، کە ئەم دۆخە بە ڕیگای سەربازیی چارەسەر ناکرێت و دەڵێت: “لە دۆخێکی وادا، هەوڵی مامەڵەکردن لەگەڵ گرووپێکی وەک داعش، وەک ئەوەیە کە تەنیا کێشەیەکی سەربازیی بێت، بەڵام ڕێگای سەربازیی تەنیا چارەسەری دەرهاویشتەکە دەکات، کە داعشە، بەبێ ئەوەی بتوانێت چارەسەری هۆکارە ڕیشەیی و سەرەکییەکانی سەرهەڵدانی داعش و ئەو گرووپە تیرۆریستیانە بکات.. ئەو ئالنگارییەی ئەمڕۆ ڕووبەڕوومان دەبێتەوە، ئەوەیە کە کەسێک نییە چارەسەری ئەو هۆکارە ڕیشەیی و بنەڕەتییانە بکات!”.

 

گەڕانەوەی مۆتەکە!

دواجار وا بە چاوی خۆمان دەبینین، کە داعش خەریکە دووبارە و بە تەواوی، لە عێراقدا چالاک دەبێتەوە و دەبێتە سەرچاوەی هەڕەشەیەکی جیددی لەسەر ئاسایش و سەقامگیریی دەوڵەتەکە. چاودێرانیش پێیانوایە بەشێکی ئەم کارابوونەوەیەی داعش، پەیوەندیی بە چەند هۆکاریکەوە هەیە، لە نێویاندا (شکستی حکوومەتی عێراقی لە سەردەمی “عەبادی” و هی دوای ئەو، لە ئیدارەدانی قۆناغی دوای داعش.. باڵادەستیی میلیشیاکان و دەستگرتن بەسەر گۆڕەپانی سیاسیی عێراق.. ناکارایی سوپا و هێزە تەناهییەکان، کە لە ئاست گەورەیی مەترسییەکانی ئەم ڕێکخراوە تیرۆریستییە و وەڵامگۆی تەکتیک و تەکنیکە نوێیەکانی کارکردنی نین.. بەردەوامیی شەڕی تایەفی و قووڵبوونەوەی ناکۆکیی سیاسی و ویستی قۆرخکردنی دەسەڵات و تاکڕەویی.. نەگەڕانەوەی سەدان هەزار ئاوارەی عەرەب بۆ ناوچەکانیان، کە لە ترسی ئەو شەڕە تایەفیانە پەنایان بۆ هەرێم هێناوە.. گەندەڵیی و بێدادیی و بەفیڕۆدانی سامانی سەر و ژێر زەویی عێراق.. پەراوێزخستنی ئەو شار و شارۆچکانەی کە لە داعش ئازاد کران، لەلایەن حکوومەت و بە وێرانەیی مانەوەیان، بێبەشبوونیان لە تەواوی خزمەتگوزارییە سەرەتایی و گرنگەکانی بواری تەندروستی و پەروەردە و ئاو و ئاوەڕۆ.. نەبوونی هیچ پڕۆژە و پلانێک بۆ نۆژەنکردنەوە و ئاوەدانکردنەوەی ئەو شار و شارۆچکانەی بە هۆی شەڕی داعشەوە تەخت و خاپوور بوون و ئەمەو چەندین هۆکاری دیکە.

چالاکبوونەوەی داعش و زیاتربوونی هێرشەکانی لە مانگەکانی نیوەی یەکەمی ئەم ساڵیش، بەتایبەتی لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، ئاماژەی ڕوونە بۆ ئەو ڕاستییەی، کە ڕێکخراوەکە بە هۆی بارودۆخی ناجێگیری دەوڵەتەکە، عێراق بە زەویی بەپیتی خۆی دەزانێت، بۆ ئەوەی سەرلەنوێ تیایدا گەشە بکاتەوە و لەوێشەوە هەڕەشە لە ناوچەکە و سەرتاسەری جیهان بکات. هەروەها پشتڕاستکردنەوەی هەموو ئەو هۆشداریی و ئاگادارکردنەوە کوردستانیی و هەرێمایەتیی و نێودەوڵەتییانەشە، سەبارەت بە پێشبینیی بەهێزبوونەوەی ڕێکخراوەکە، کە لە دوو ساڵی ڕابردوودا، بە ڕاشکاوی داویانەتە عێراق.

بەگوێرەی نوێترین ڕاپۆرتی “ڕوانگەی ئەزهەر بۆ فەتوا تەکفیرییەکان”یش بێت، ژمارەی ئەو هێرشانەی داعش لە ماوەی مانگەکانی نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا لە عێراق، دوو ئەوەندەی هەموو ئەو هێرشانەیەتی کە لەو ماوەیەدا لە وڵاتانی تر ئەنجامی داون. تەنانەت داعش لە یەکێک لە بەیاننامەکانیدا، ئاماژە بەوە دەکات کە تەنیا لە ماوەی یەک هەفتەدا ٧٣ هێرش و کردەی لە عێراق ئەنجام داوە.

لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا و بەتایبەتی ئەم چوار پێنج ڕۆژەی دوایی، شەپۆلی هێرشەکانی داعش بۆ سەر مۆڵگە و خاڵەکانی پشکنینی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی و حەشدی عەشایەری و هێزە تەناهییەکانی عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە لە هەڵکشاندایە، بەتایبەتی لە ناوچە سەختەکانی نێوان  پارێزگاکانی کەرکووک و تکریت و دیالە، کە بە “سێگۆشەی مەرگ” ناسراوە. لێرەدا چەند نموونەیەکی سادە (هەموویان نا) ئەم هێرشانە و زیانەکانیان دەخەینە ڕوو:

ڕۆژی ١ی ئایار و لە ئەنجامی هێرشێکی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر ماڵەکەی لە ناحیەی یەسربی سەر بە پارێزگای سەلاحەددین، ئەفسەرێکی فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگاکە کوژرا و ئەندامانی خێزانەکەیشی بریندار بوون و هاوکات دوو ئەفسەری دیکەی پۆلیسیان لە هەمان پاریزگادا کردە ئامانج و کوشتیانن، هەمان ڕۆژیش لە بیابانی ئەنباڕ، سەربازێک لەلایەن نیشانشکێنەکانی داعشەوە کوژرا.

ڕۆژی ٢ی ئایار چەکدارانی داعش لە ناوچەی مەکشیفەی باشووری تکریتی سەر بە پارێزگای سەلاحەددین، هێرشیان کردە سەر مۆڵگەیەکی لیوای ٣٥ی میلیشیای حەشدی شەعبی و بە هۆیەوە ١٠ چەکداری حەشد کوژران. ئەمە لەکاتێکیدایە، کە دوو ڕۆژ پێشتر، داعش هێرشێکی کردە سەر پێگەکانی حەشد و بووە هۆی کوژرانی ژمارەیەک چەکداری حەشد.

هەمان ڕۆژ و لە یەک کاتدا دوو بۆمبی چێنراو، یەکێکیان بە کاروانی هێزێکی حەشدی شەعبی و پۆلیسی فیدڕالی و مەفرەزەیەکی هەواڵگریی و ئەوەی تریان بە هێزێکی گەڕۆکی سەر بە لیوای ٣٥ی حەشددا تەقینەوە. ئەمەو هەمان ڕۆژ لە ناوچەی بەلەد لە پێکدادانێکی سەختدا، تیرۆریستانی داعش و میلیشیاکانی حەشد ڕووبەڕووی یەکتر بوونەوە و بەپێی زانیارییە پشتڕاستکرادوەکانی لایەنە پەیوەندیدارەکانی ناو سوپا و پۆلیس و حەشد، ١٠ کەس لە ئەندامانی هێزەکانیان کوژران و ژمارەیەکیشیان برینداربوون و برینی هەندێکیان سەختە.

٣ی ئایار شانەی میدیای تەناهیی سەر بە حکوومەتی عێراق، لە میانی بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، وردەکاریی سێ هێرشی چەکدارانی داعشی لە هەردوو پارێزگای تکریت و دیالە، کە تێیدا هاتووە: “چەکدارە تیرۆرستەکان گوندی کەلعییەی حاویی گەورە، کە دەکەوێتە سنووری کەرتی فەوجی دووی لیوای ١٨ی پیادەیان بە هاوەن تۆپباران کرد...هەروەها هێرشیان کردە سەر خاڵی ١٧ی سەر بە فەوجی سێ لە لیوای ٢١ی حەشدی شەعبی لە ناوچەی عەیسی باکووری ڕۆهەڵاتی جەلامی دۆر و بە هۆیەوە دوو چەکداری حەشد بریندار بوون”.

شانە میدیاییە حکوومییەکەی عێراق لە بەیاننامەکەیدا باس لەوەش دەکات کە “تیرۆریستێک هێرشی کردووەتە سەر یەکێک لە خاڵەکانی سریەی یەک لە فەوجی ٥ی پیادەی مغاویر، لە سنووری گوندی عەین لەیلا لە نزیک دەلیی عەبباس لە پارێزگای دیالە و بە هۆیەوە چەکدارێک بریندار بوو”.

٣ی ئایار، سەرچاوەیەکی تەناهیی عێراقیی ڕایگەیاند، کە بەهۆی پێکدادانێکی نێوان چەکدارانی داعش و میلیشیاکانی حەشدی عەشایەری لە پارێزگای دیالە و ٥ کوژراو و برینداری لە ڕێزەکانی خەشدی عەشایەری لێ کەوتەوە، کە لە نێویاندا فەرماندەیەکی حەشد هەبوو.

هەر ٣ی ئایار و بەپێی بەیاننامەیەکی شانەی میدیای تەناهیی حکوومی، لە ئاکامی هێرشێکی داعشدا لە پارێزگای دیالە، بۆ سەر بنکەی پۆلیسی زاغنیە لە ناحیەی عەبباڕەی سەر بە قەزای بەعقووبە، ٣ پۆلیس و هاووڵاتیێک کوژران و ٧ پۆلیسیش بریندار بوون.

٤ی ئایار، داعش دوو هێرشی نوێی کردە سەر عێراق، یەکەمیان بۆ سەر خاڵێکی پشکنینی حەشدی عەشایەری و هێزە تەناهییەکان لە پارێزگای دیالەی باکووری بەغدای پایتەخت و کوژراو و برینداری لێ کەوتەوە. دووەمیان بۆ سەر میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە سەخەڕی باشووری بەغدا و ئاکامەکەی کوژران و برینداربوونی ژماریەک میلیشیا بوو.

هەموو ئەم هێرش و چالاکییانە لەکاتێکدان، کە بەپێی بۆچوون و شیکردنەوەی پسپۆر و ناوەند و دەزگاکانی تایبەت بە تیرۆر، زۆرتربوونی هێرشەکانی داعش لە عێراق، پێچەوانەی هەموو پێشبینییەکانی ئەوانە، بەوەی کە پێیانوابووە لەمەودوا، لەبری عێراق، داعش وڵاتی دیکە (ناوچە دوورەدەستەکانی ئەفغانستان، پاکستان، سۆماڵ، وڵاتانی بیابانی ئەفریقیا و لیبیا) دەکاتە پەناگە و مۆڵگەی خۆی و لەوێوە هێرشەکانی ئاراستە دەکات.

بەهەرحاڵ، پرسیارە سەرەکییەکە لێرەدا ئەوەیە: بەڕاست گەلۆ، لەکاتێکدا خەریک بوو بەم دواییانە بابەتی هەڵوەشاندنەوەی میلیشیاکان و گەڕاندنەوەی چەک بۆ دەستی حکوومەت، دەبووە پرسی گەرم و ڕۆژەڤی گفتوگۆ سیاسییەکان، ئاخۆ دەبێ دووبارە بەهێزبوونەوەی داعش و فراوانبوونی سنووری چالاکییەکانی و کاریگەری زەبری هێرشەکانی، دواجار بە قازانجی ئەجێندای ئێران و دووبارە تۆکمەتربوونی ڕیزەکانی میلیشیا شیعییەکانی حەشدی شەعبیی سەر بە ئێران نەشکێتەوە؟

 

تێبینی: لە نووسین و ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتەدا، سوود لە داتا و زانیارییەکانی پێگە ئەلیکتڕۆنییەکانی “بی بی سی عەرەبی، سی ئێن ئین عەرەبی، ئەلحوڕە، دوێچە وێلای ئەڵمانی، میدڵ ئیست ئۆنلاین، نەتەوەیەکگرتووەکان، تۆڕی زانیاریی ئەلنەبەء، سپۆتینگ” وەرگیراوە.