دەقی چاوپێکەوتنەکەی وەزیری دارایی عێراق لەبارەی دۆخی دارایی وڵاتەکە و پرسی مووچە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

دەقی چاوپێکەوتنەکەی وەزیری دارایی عێراق لەبارەی دۆخی دارایی وڵاتەکە و پرسی مووچە

فوئاد حوسێن: داوای قەرەبووکردنەوەی زیانەکانی کورد لەپێناو چەسپاندنی مافەکانە

 

لە دەستپێکی بەرنامەکە و دوای بەخێرهێنانی، پێشکەشکار بێ پێشەکی و بە پێکەنینەوە بە ”د. فوئاد“ دەڵێت: ”ماشەڵڵا ئەم هەفتەیە بوویتە ئەستێرەی مانشێتەکان“.. دکتۆریش بە سادەییەوە دەڵێت: ”من بەردەوام لە خزمەتی هەمووان دام. کاتێکیش پیاو لە پۆستێکی حکوومی دەبێت، هەندێک جار دەبێتە ئەستێرە، جار هەیە هێرشی دەکرێتە سەر و جاریش هەیە ستایشی دەکرێت“.

دووبارە پێشکەشکار بە پێکەنینەوە درێژەی پێ دەدات و جەخت دەکاتەوە کە ”لە بەغدا مانشێتەکان زیاتر هێرشکردنن، نەک پێچەوانەکەی“.. دکتۆریش لەسەرخۆ و بە پێکەنینەوە دەڵێت: ”ڕاستە هێرشکردنە بۆسەرمان، بەڵام پەنا بە خوا دەرەقەتی دێین“
”د. فوئاد حوسێن - جێگری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری ئابووری و وەزیری دارایی عێراق“، لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی ”یاریی کورسییەکان“ی کەناڵی ئاسمانیی ”ئەلشەرقییە“دا، کە ”حوسام ئەلحاج“ پێشکەشی دەکات. تیشکی خستە سەر چەندین لایەنی گرنگی تایبەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، بەتایبەتی بابەتی مووچەی فەرمانبەران و پشک و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان و مانۆرەکانی عێراق بۆ خۆدزینەوە لە بەرپرسیارێتییە دەستوورییەکانی لە بەرامبەر هەرێمی کوردستان وەک کیانێکی سیاسی و دەستووریی و ویستی بەغدا بۆ سەپاندنی ناوەندێتیی بڕیار. ئەمەو لەگەڵ باسکردنی پرسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراقی بە سەرۆکایەتیی ”مستەفا ئەلکازمی - کاندیدی ڕاسپێردراو“ و قسەکردن لەسەر بابەتی کێشە ئابوورییەکانی عێراق، کە ئەگەری زۆری هەیە لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەو دەوڵەتە ڕووبەڕووی قەیرانێکی قووڵی دارایی ببێتەوە.

ئامادەکردن و داڕشتنەوە: نووری بێخاڵی


دەقی چاوپێکەوتنەکە....


* ئەو کێشەیەی لەم دواییانە لە نێوان وەزارەتی دارایی و هەندێک پەرلەمانتار دروست بوو، ئەنجامی دیکەی لێ کەوتەوە، کە وردەکاریی ژمارەیی تێدایە، بەڵام لە قووڵاییەکەیدا وێدەچێ سیاسی بێت. هەر یەکەو قسەیەک دەکات.. بەڕێزتان ڕاتان چییە؟ کێشەکە سیاسییە، یان هەندێ هەڵەی ژمارەیین لە یاسای بودجە؟

- نەخێر، وەک ئەوەی لە واقیع هەیە، شتەکە تەواو بە سیاسی دەبینم، چونکە ئەگەر ژمارەیی بێت، ئەوە مرۆڤ دەتوانێ گفتوگۆی لەبارەوە بکات. ئەویش لەبەر ڕۆشنایی شیکردنەوەی یاسای بودجە. ئەوە ئەگەر شیکردنەوەیەکی دیاریکراو هەبێت، یان لایەنێک هەبێت و بیەوێ بڕگەیەکی دیاریکراوی یاساکە و لایەنێکی تر بڕگەیەکی دیکە شی بکاتەوە. ئەمەش بەو مانایە دێت، کە جیاوازیی لە شیکردنەوەدا هەیە، بەڵام لە کۆتاییدا و بەپێی ئەنجامەکان، من وای نابینم کە پێشێلکردنێکی یاساکە هەبێت، ئەگەر هەشبێت، ئەوا دادگا هەیە و ئەو بڕیار دەدات.

* ئێستا ئێمە لە ڕوانگەی تۆوە گفتوگۆی ئەوە دەکەین، کە ئایا پێشێلکردنی یاسایە یان نا؟ بەڵام بەڕیزتان دەڵێن کێشەکە لە قووڵایی خۆیدا سیاسییە. دەمەوێ بپرسم، مەبەست لەم وروژاندنە سیاسییە چییە؟ بۆچی لەم کاتەدا؟

- یەکەم شت ئەوەیە کە ئێمە لە حاڵەتی پێکهێنانی حکوومەتێکی نوێداین، لەو نێوەدا ناوەکان دێنە گۆڕێ و باس دەکرێن. ئیتر لە بەدبەختی، یان لە باشیی بەختەوە بێت، لە سەرەتاوە باسی ناوی من دەکرێت، دیارە خەڵکانێک هەن و ڕەنگە...

* لە بەدبەختی، یان باشیی بەختەوە؟ ئەم وەڵامە بۆ من گرنگە...

- بەڵێ، لە بەدبەختی، چونکە دۆخی دارایی وڵات و ئەو کەسەی بیەوێ ببێتە وەزیری دارایی، ئەمە بەو واتایە دێت کە دەچێتە شەڕ....

* دەکەویتە ژێر فشاری زۆرەوە.....

- ئەو کەسە لەگەڵ هەلومەرجە بابەتییەکان، لەگەڵ دۆخی دارایی، لەگەڵ کۆڕۆنا دەکەوێتە جەنگەوە. چونکە کۆڕۆنا کاریگەریی بەسەر ئابووریی ناوخۆ و هەرێمایەتی، یان دەرەکی دەبێت. ئایا مەعقوولە کەسێک بچێتە شەڕ و چەکێکی دیاریکراوی نەبێت، کە بۆ ئەم جەنگە ئامادە کرابێت؟ چونکە بەشێک لەو جەنگە پەیوەندیی بە هەلومەرجە ناوخۆییەکانەوە نییە. بۆ نموونە، کۆڕۆنا هێرشی کردە سەر کۆمەڵگای نێودەوڵەتیی، وەک چۆن هێرشی کردە سەر ئابووریش. کەواتە ئەو کەسەی دەبێتە وەزیری دارایی، دەکەوێتە دۆخێکی نەخوازراو لە بەرامبەر گەلدا، چونکە گەل مافی خۆی دەوێ. لای خۆیشیەوە وەزیری دارایی هەوڵی ئەوە دەدات پارە لەملا و ئەولا پەیدا بکات، بۆ ئەوەی دەوڵەت بەڕێوە ببات، ئەمەش سەختە. کەواتە لە واقیعدا ئەمە لە باشیی بەختەوە نییە.

* باسی ناوی تۆ کرا، دواتر هەندێ هێز هەن، ئایا دەیانەوێ دکتۆر فوئاد لەسەر کورسیی ئەم وەزارەتە لابدەن، یان پشکی کورد لەم وەزارەتە نەهێڵن؟

- ئەوەی من دەیبینم، ئامانجەکە نەهێشتنی پشکی کوردە لە وەزارەتی دارایی.

* بۆ؟

- بۆ خۆت دەزانی، هەندێکیان بە ڕاشکاوی قسە دەکەن و دەڵێن، کە نابێ هیچ بوار و کەرتێکی ئابووری، نە وەزارەتی نەوت، نە وەزارەتی دارایی، بدەینە کورد.

* هۆکارەکە چییە؟

- بەگوێرەی بیرکردنەوەی ئەوان، گوایە ئێمە لەم ڕێگایەوە، ژێرخانی ئابووریی کوردستان بونیاد دەنێین. ئێ باشە، خۆ پێویستە بە ژمارە، بە یاسا قسە بکەیت. لەکۆتاییشدا وەزیری دارایی پابەند و ملکەچی یاسایە و لە دەرەوەی یاسا ناجووڵێتەوە. هەروەها پابەندی ڕێنماییە داراییەکان و بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیران و چاودێریی پەرلەمانە، بەڵام ئەوان وا بیر دەکەنەوە، کە وەزارەتی دارایی، یان وەزارەتی نەوت، ئەگەر بەدەستی کوردەوە بن، مەترسییە.

* ڕێگام بدە بە زمانی ژمارەکان بێمە ناو بابەتەکە و دواتر دەگەڕێینەوە سەر لایەنی سیاسی. بە ژمارەکان بێت، دەبێ هەرێم ڕۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکات و تەواوی داهاتی ئەو بڕە نەوتەش بگەڕێتەوە بۆ حکوومەتی بەغدا، لە بەرامبەر ئەوەشدا شایستە داراییەکان لە بەغدا بدرێتە هەرێم. ئەمە کورتترین ڕێگایە. دیارە ئەمەش دوای ئەوەی کۆمەڵێک حیساباتتان کردووە. بۆ نموونە، نرخی نەوت چەندە و ئەگەر بەم شێوە و ئەم شێوەیە بوو، چەند پشکی خۆم دەبەم، ئیتر بەم جۆرە. ئایا ئەم شتە ڕووی دا، یان نا؟

- ڕووی دا...

* چۆن ڕووی دا؟ تێمبگەیەنە

- دەزانی، ئێمە بڕگەیەکمان هەیە، ئەویش ماددەی (١٠)یە لە یاسای بودجە (ج٢). لەم ماددەیەدا ئاماژە بە ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم و ئەرکەکانی کراوە. سەبارەت بە ئەرکەکانی سەر شانی هەرێم، دەبێ بەلایەنی کەمەوە ڕۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل ڕادەستی حکوومەتی فیدڕاڵی بکات. باشە ئەی لە بەرامبەر ئەوەدا چی؟ لە هەمان ماددەی ئەو یاسایەدا، واتە یاسای بودجە، سزا دیاری کراوە، یان جۆریک لە سزا دیاری کراوە، کە من دژی ئەو جۆرە بابەتانەم. چۆن دەکرێت بە یاسا سزای گەلەکەت بدەیت؟

* سزاکە چییە؟

- سزاکە ئەوەیە، ئەگەر ئەو بڕە نەوتە ڕادەست نەکەن، ئەوا هیچیان نادەینێ و لە پشکی ئەوان دەبەین. پشکی ئەوان (مەبەستی هەرێم) لە بودجەی بەکاربردن و وەبەرهێنان لە بودجەی گشتی.... ڕێگام بدە بە ژمارە قسە بکەم، چونکە وا باشترە. پشکی بودجەی بەکاربردن و وەبەرهێنانی هەرێم لە بودجەی گشتی ساڵی ٢٠١٩ ، دە ترلیۆن و ٥٩٩ ملیار دینارە. واتە بە ڕێژەی ١٢،٦٧٪. دیارە من ئاماژەم بەم دوو بڕگەیە کرد، دەنا زۆر بڕگە و جۆری دیکەی ناو بودجە هەن، ئەگەر پشکی کورد لەوانە هەموو بخەینە سەر یەک، ئەوا دەگاتە ١٢ ترلیۆن و شتێک، بەڵام ئێمە ئێستا قسە لەم دوو بوارەی بودجە و ئەو بڕە پارەیە دەکەین. باشە، من ساڵی ڕابردوو پێنج ترلیۆن و ٤٤٨ ملیارم داوە.

* واتە لە تەواوی ساڵی ٢٠١٩، باشە ئەمە بۆ؟

- چونکە من مانگانە ٤٥٢ ملیارم بۆ مووچەی فەرمانبەران (مەبەستی هەرێمە)داوە. ئەمەش بەو مانایە دێت، کە نیوەی ئەم پارەیە بڕدراوە. ئەگەر ئەو پشک و شایستە داراییانەی دیکەیش زیاد بکەین، لە کۆتایی ساڵدا بڕینێکی کەمە. ئەوەی کە یاسا لە منی داوا دەکات، یەکەمیان پابەندبوونمە بە دانی مووچەکان، کردوومە.. هەروەها ئەو یاسایە داوای بڕینی پشکی هەرێمم لێ دەکات، ئەویشم کردووە، وەکووتر، ئەو یاسایەی داوای وەرگرتنی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت دەکات، ئەوان نەیانکردووە (مەبەستی هەرێمە)، بەڵام لە یاساکەشدا هاتووە ”ئەگەر نەشیان دا“، ئەمەش بەو واتایە دیت، کە ئەوان بژارەی تریان هەیە. واتە یان ئەوەتا دەینێرن و ئێمە تەواوی پارەکە دەدەین، یان ئەگەر نەیان نارد، ئەوا بڕی پارەی ئەو نەوتە دەبڕین. دەی ئەوان نەیاننارد و ئێمەش لە بەرامبەردا ئەو بڕە پارەیەمان بڕیوە. کەواتە کێشەکە چییە؟ بۆیە ئەگەر پرسەکە پرسێکی ژمارەییە، ئەمە واقیعەکەیە.

* ئێستا تێگەیشتم کە پشکی هەرێم لە بودجەی گشتی بۆ ساڵی ٢٠١٩ دە ترلیۆن و ٦٠٠ ملیارە، ئەوەی کە حکوومەتی فیدڕاڵی لەو بڕە داویەتی، ٥ ترلیۆن و شتێکە، کە نیوەی ئەم بڕە پارەیەیە و ئەوەی تریش لە پشکی نەوتەکە بڕدراوە. بەڵام هەرێم ڕۆژانە ٢٥٠ هەزار بەرمیل نا، بەڵکوو ٤٠٠، ٤٥٠، هەندێک جاریش ٥٥٠ هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکات، ئەی بۆ حیسابی ئەو هەناردانە نەکراوە، کە لەسەروو ٢٥٠ هەزار بەرمیلەکەیە؟

- ئەوەی کە بۆ ٢٥٠ هەزار بەرمیلیان دیاری کرد، ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ بودجە کۆنەکە. واتە ئێمە بۆ ساڵانی ٢٠١٨ و ٢٠١٧ دەگەڕێینەوە، کە ئەو ژمارەیە دەگەڕایەوە. واتە هەندێ لە ژمارەکان پەیوەندییان بە بودجەکانی پێشووترەوە هەیە، بەڵام ئەو پرسیارەی تۆ باشە، چونکە ئەم بابەتە لە پەرلەمان باس کرا. پەرلەمان دەیتوانی بپرسێت: بۆ ٢٥٠ هەزار بەرمیل؟ ئەوانن یاساکەیان داڕشتووە، بەڵام ئەگەر بە دیوی هەرێمدا باسی هۆکارەکە بکەین، ئەوا هەرێم بۆ خۆی پارەی درهێنانی نەوتی داوە. واتە ئەو پارەیە لە حکوومەتی فیدڕاڵییەوە نەهاتووە، تەنانەت تەواوی ژێرخانی نەوت لە سەرەتاوە تا ئێستاش، هەمووی لەسەر گیرفانی هەرێم بووە و حکوومەتی هەرێم پارەکەی خەرج کردووە.. هەروەها گواستنەوەی نەوتیش کە پێویستی بە تێچوو و خەرجیی هەیە، ئەو تێچووانەش حکوومەتی هەرێم دەیاندات. لەلایەکی دیکەوە، ئەو گرێبەستانەی کە حکوومەتی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوتی واژۆ کردووە، لەو گرێبەستانە جیاوازن، کە کۆمپانیاکان لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی گۆڕەپان و کەرتی نەوتی عێراقیدا واژۆیان کردووە. گرێبەستەکانی ئەوێ، گرێبەستی هاوبەشین لەگەڵ کۆمپانیاکان، بەڵام گرێبەستەکانی ئێرە، گرێبەستی ڕاژە و خزمەتگوزارین. ئەم گرێبەستانەی هاوبەشی، چەندین ئەرک و پابەندی دەخەنە سەر شانی حکوومەتی هەرێم. بۆیە بەشێک لەو نەوتەی دەردەهێنرێت، دەدرێتە کۆمپانیاکان. لەبەر ئەوەشە کاتێک گفتوگۆ لەسەر بابەتی ڕادەستکردنی نەوت لەلایەن هەرێمەوە کرا، هاوکات گفتوگۆ لەسەر مافەکانی کۆمپانیاکانی نەوت کرا، کە نەوت دەردەهێنن.

* باشە دکتۆر.. هاوشێوەی ئەوەی بەغدا کە هەندێ هەڵە بەرامبەر هەولێر دەکات، هەولێریش هەڵە بەرامبەر بەغدا دەکات، بەڵام هەولێر بە شێوەیەک مامەڵەی لەگەڵ بەغدا نەکردووە، کە هەرێمێکە لە چوارچێوەی حکوومەتێکی فیدڕاڵی. بۆ نموونە، دیوانی چاودێریی دارایی نەچووەتە هەولێر تا ئەو حیساباتانە بکات و ئەمەش دەروازەیەک بێت بۆ ئەو پەیوەندییە دروستە. هاوکات دەروازە سنوورییەکانیش نەچوونەتە ژێر باری چاودێری، لەوەی کە تایبەتە بە حکوومەتی فیدڕاڵی. کەمیی و زۆریی ژمارەی فەرمانبەرانی هەرێمیش نەخراوەتە ژێر چاودێریی حکوومەتی فیدڕاڵی. بۆچی ئەم ڕێککەوتنانە بەردەوام لەسەر بێ متمانەیی هەردوولا واژۆ کراون؟

- ڕێک وەک بەڕێزت باست کرد، دروستکردن و بوونی متمانە، گرنگە. ئەمەش پەیوەندیی بە کێشەگەلی هەڵپەسێردراوەوە هەیە، کە ڕەگیان بۆ مێژوو و هەڵوێستی حکوومەتە یەک لەدوا یەکەکانی عێراق لە بەرامبەر کورد و بەرخۆدانی کورد بەرامبەر حکوومەتەکانی بەغدا، دەگەڕێتەوە. واتە ئەمە پەیوەستە بەکەڵەکەبوونی ئەو کێشانە، بۆیە هەر بەڕاستی پرسی متمانە، پرسێکی گرنگە و پێویستە کەسێک لێکۆڵینەوەی لەسەر بکات، بەڵام ئێمە دەستوورمان هەیە، دەستووریش جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، کە دەوڵەتی عێراق، دەوڵەتێکی فیدڕاڵییە. بۆیە کاتێک دەوڵەتی فیدڕاڵیی دەسەڵاتەکان دابەش دەکات، مەبەست دەسەڵاتە سنووردارەکان و هاوبەشەکان و دەسەڵاتی هەرێمەکانە، هەموو ئەمانە لە دەستووردا هەن. من پێموایە ئێمە (مەبەستی حکوومەتی عێراقە) پابەندی دەقی دەستوور نەبووین، هەردوولاش پێشێلکاریی دەستووریان کردووە. هاوکات کێشەیەکیش لە دەستوورەکەدا هەیە، ئەوەیش ئەوەیە کە نزیکەی ٥٠ ماددەی دەستووریی هەن، پێویستیان بەوەیە بە یاسا ورد بکرێنەوە. واتە تەفسیری ئەو ماددە دەستوورییانە پێویستیان بە دەرکردنی یاسا هەیە. زۆربەی ئەم ماددانەش پەیوەستن بە سروشت و جۆری پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی فیدڕاڵی و حکوومەتی هەرێم، کە بەداخەوە یاساکان دانەڕێژران. بۆ نموونە، لە دوای ٢٠٠٣، یان با بڵێین لەدوای ٢٠٠٥ەوە، گەورەترین کێشە لە نێوانی بەغدا و هەولێر، پرسی نەوتە. ڕاستە ئێمە لەناو دەستووردا ماددەیەکمان لەسەر نەوت هەیە، کە نەوت موڵکی گەلە و چی و چیتر، بەڵام دەرەنجام ئەوەیە، کە ئەمە پێویستی بە داڕشتن و دەرکردنی یاسایە، بۆ وردکردنەوە و شیکردنەوەی ماددەکە. بە هەمان شێوە، پڕۆژە یاسای نەوت و گاز لە ٢٠٠٧ەوە بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە، بۆیە کاتێ بۆ دەستوور دەگەڕێینەوە، هەر لایەنە و بەجۆرێک تەفسیری دەستوور دەکات، ئەمەش دەبێتە هۆی ناکۆکی.....

* ببوورە کە قسەکانت دەبڕم.. هەموو حکوومەتە یەک لەدوا یەکەکانی عێراق (مەبەستی دوای ڕووخانی بەعسە).. هەردوو حکوومەتەکەی مالیکی، کە پێموایە پێش ئەوە، پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا زۆر باشتر بوون.. دواتریش حکوومەتی عەببادی و ئێستاش حکوومەتی عەبدولمەهدی.. هەر حکوومەتێک کە دێت، ڕێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ هەرێم دەکات.. ساڵێک، ساڵێک و نیو ڕەت نابێت و ئەو ڕێککەوتنە هەڵدەوەشێتەوە و دووبارە دۆخەکە پشێویی تێ دەکەوێت.. بۆچی ناگەنە ڕێککەوتنێکی ڕیشەیی، کە بەپشت بەستن بە دەستوور، یان بە عورفی سیاسی، یان بە هەر شتێک کە بگونجێ، تا بە هۆیەوە تەواوی کێشەکان چارەسەر بکرێن؟ چ شتێک ڕێگرە؟

- ڕێککەوتنی ڕیشەیی دەکرێت، ئەگەر بگەینە ڕێککەوتنێک دەربارەی یاسا. بۆ نموونە سەبارەت بە نەوت، ئەگەر یاسا هەبێت، ناکۆکی دروست نابێت. ئەگەر لەسەر تەفسیری یاساکەش ناکۆکی دروست بوو، ئەوا ڕاستەوخۆ دەگەڕێینەوە دادگا، بەڵام ئێمە یاسامان نییە، بەڵکوو ماددەیەکی دەستووریمان هەیە و هەر یەکە و بە جۆریک تەفسیری دەکات. ئینجا تۆ سەیر کە، من باسی ٥٠ ماددەی دەستووریی دەکەم. بۆیە کاتێک یاسامان نەبێت، دەبێ بگەڕێینەوە سەر یاسا کۆنەکان. یاسا کۆنەکانیش هەموویان ناوەندیی و سەنتراڵیین. یاساکانی سیستەماکانی ڕابردوون.. جاری وا هەیە دەگەڕێینەوە بۆ یاسایەکی ساڵی ١٩٦٠، یان ١٩٥٠، لەکاتێکدا ئێمە لە سەردەمێکی دیکە، لە دەوڵەتێکی دیکە، لە دۆخێکی دیکە، لە سیستەمێکی دیکەی جیاوازداین. کەواتە ئێمە کێشەمان لە یاساکاندا هەیە، بۆیە لە چارەسەکردنی دروستی ئەم کێشانە، پێویستە بۆ ئەو ماددە دەستوورییانە و داڕشتنی یاساکان بگەڕێینەوە. کاتێکیش یاساکان هەبن، ئەوا کێشە و پرسەکان بە شێوەیەکی تر چارەسەر دەکرێن.

* ئێستا داوایەک لە دادگا هەیە، ٢٥ پەرلەمانتار واژۆیان کردووە و بۆ دادگا بەرزیان کردووەتەوە.. کۆمێنتت چییە لەسەر ئەم بابەتە؟ چی دەڵییت؟ دەچیتە بەردەم دادگا، یان چی؟

- من ئامادەم، هیچ کێشەیەکم نییە. ئەگەرچی ئەوەیشم بیستووە، کە هەندێک لەو پەرلەمانتارانە واژۆی خۆیان لەسەر داواکە دەکێشنەوە، چونکە نەیاندەزانی مەبەستی پشتی واژۆکردنەکەیان چییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا من ئامادەم بچمە بەردەم دادگا، چونکە هیچ شتێکم نییە. من یاسایەکم هەیە، کە یاسای بودجەیە، لەناو ئەو یاسایەدا ماددەیەکم هەیە، کە هەندێکیان بەم شێوەیە و هەندێکی تر بەو شێوەیە تەفسیری دەکەن، بەڵام من یاساکەم پێشێل نەکردووە.

* دکتۆر بەر لەوەی بچنە سەر تەوەری دووەم، دەمەوێ پرسیارێکی تر بکەم. ئەمیندارێتیی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری ڕاگرتنی مووچەکانی دا، ئەمە ئەمیندارێتیی ئەنجوومەنی وەزیرانە، قەوارەیەکی سیاسیی نییە. بەڕێزیشتان وەزیر و ئەندامی ئەنجوومەنی وەزیران و جێگری سەرۆک وەزیرانن، ئایا ئەو بڕیارەی لە ئەمیندارێتییەکە دەرچوو، ئەویش سیاسییە؟

- پێموایە بڕیارەکەی ئەمیندارێتیی ئەنجوومەنی وەزیران هەڵە بوو.

* بۆچی؟

- یەکەم شت ئەمە لە دەسەڵاتی ئەمیندارێتیی ئەنجوومەنی وەزیراندا نییە، بەڵکوو دەسەڵاتی وەزیرە. بەڵام ئەمیندارێتییەکە لە بڕیارەکەیدا پشت بە نووسراوێکی بەڕێز سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران دەبەستێت. کاتێکیش پشت بە سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران دەبەستێت، ئەمە شتێکی ترە. چونکە دەسەڵاتەکانی سەرۆک وەزیران لە دەسڵاتی ئەمیندارێتیی زیاترن.

* ئەی قسەت لەگەڵ دکتۆر عادل کرد؟

- بەڵێ، قسەم لەگەڵ بەڕێز سەرۆکی وەزیران کرد. ئەویش بە واتای وشە پێی وتم: ”کاتێک ڕەشنووسی نووسراوەکەم بۆ هات، لەسەرم نووسی: پابەندبوون بە یاسای بودجە و یاسای کارگێڕیی دارایی“، بەڵام دیارە برایان لە ئەمیندارێتیی ئەنجوومەن، ئەوانەی شیکردنەوە بۆ یاساکان دەکەن، بە شێوەیەکی تر بۆ یاسای کارگێڕی دارایی چوون، ئەمە لەکاتێکدایە کە شیکردنەوە و لیکدانەوەیەکی تریش بۆ یاساکە هەیە.

* دواجار دەکرێ ئەم نووسراوە پووچەڵ بکرێتەوە، واتا ڕەنگە سەرۆکی وەزیران بیکێشێتەوە؟

- پێویستە بگەینە ڕێککەوتن، بەم شێوەیە نابێت. دواجار من وەزیری داراییم و پێویستە بزانم و دەبێ ڕوونکردنەوە بدرێت، کە ئایا ناردنی پارەی بۆ هەرێم (لەم ساڵدا) چونکە باسی ساڵی ڕابردوو ناکەن، ساڵی ڕابردووش لە چوارچێوەی پڕۆژەی بودجەدایە و منیش پابەندی پڕۆژەکە بوومە. تەنانەت بەڕێز سەرۆکی وەزیران جەختی کردەوە، کە ساڵی ٢٠١٩ هیچ کێشەیەکی تێدا نەبووە. هەروەها بۆ خۆیشی چەندین جار لێدوانی داوە، کە ئێمە مووچەکان دەدەین. هاوکات بەڕێز جێگری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری وزەش، چەندین جار لێدوانی داوە، کە ئێمە مووچەکان دەدەین. واتا هیچ کەس کێشەی لەسەر مووچەکان نییە، جگە لە چەند دەنگێک، کە ئێستا گویمان لێیان دەبێت و باس لە ساڵی ڕابردوو دەکەن و هیچ کەسیش کێشەی لەسەر ساڵی ٢٠١٩ نییە. کێشەی ئێستا لەسەر ساڵی ٢٠٢٠ و پەیوەندیی بە یاسای کارگێڕی داراییە، بەڵام دیسان چەندین ماددە و بڕگە لە یاسای کارگێڕی دارایی هەن، کە شیکردنەوە و لێکدانەوەی جیاواز هەڵدەگرن.

* زۆر باشە، هەرێم بە نووسراوێکی زۆر درێژ وەڵامی دایەوە، کە بۆ خوێندنەوەی پێویستم بە کاتژمێرێک هەبوو، چونکە نزیکە سی لاپەڕە دەبوو. ئەوەی سەرنجی من و خەڵکیشی ڕاکێشا، هەرێم داوای قەرەبووکردنەوەی هەموو ئەو زیانانە دەکات، کە لە ساڵی ١٩٦١ بەسەرەوە، بەر کورد کەوتوون. واتە بە دوو کۆمارییەکەی پێشووتریش، نەک هەر کۆمارییەکەی ئێستا. جگە لەوەش داوای لە بەغدا کردووە، کە قەرەبووی پەنادان و لەخۆگرتنی ئاوارەکانیش بکاتەوە. سەرەتا دەربارەی ئەو داوایەی قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانانەی ڕژێمی ڕابردوو لە کوردی داوە، هەمان شتی لە بەسڕە و نەجەف و کەربەلا و ناوچەکانی تریش کردووە، بەمەش مافی هەموو پارێزگاکانە کە داوای قەرەبووکردنەوە لە بەغدا بکەن. ئایا پێتان سەیر نییە، کە کەسێک ئەم داواکارییانە بخوێنێتەوە دۆش دابمێنێ و بەلایەوە مەعقوول نەبن؟

- دیارە من وتەبێژی هەرێم نیم...

* بەڵام دواجار بەڕێزتان یەکێکیت لە سەرکردە گەورە و دیارەکانی هەرێم و پارتی دیموکراتی کوردستان...

- ڕاستە، بەڵام ئەگەر بتەوێ ئەم بابەتە شی بکەمەوە، ڕاستییەکەی ئەوەیە کە لەباربردنی ماف شتێکە و وەرگرتنی ماف شتێکی ترە. پێموایە هەرێم دەیەوێت ماف بچەسپێنێت. بەوەی کە ساڵانێکی زۆر زیانمان پێ گەیشتووە و هۆکاری زیانەکانیش دەوڵەتی عێراقە، نەک حکوومەتی ئێستا. تۆش دەزانیت، کە لە دونیادا ئەم شتە هەیە، بەوەی حکوومەتەکان قەرەبووی زیانەکانی حکوومەتەکانی پێش خۆیان دەکەنەوە. بۆیە پێموایە هەرێم لەو بڕگەیەدا دەیەوێت ماف بچەسپێنێت، شتەکە هەر ئەوەیە. ئەمە بۆ ناوچەکانی تریش ڕاستە، کە بە دەستی حکوومەتەکانی پێشوو زیانیان بەرکەوتووە. واتە ئەوانیش هەمان مافیان هەیە، ئەگەر بیچەسپێنن، ئەم چەسپاندنە، بەڵگەیەکە بۆ مێژوو.

* دکتۆر من دەمەوێت سوود لە کات وەربگرم، سەبارەت بە داڵدەدانی ئاوارەکان، ئایا هەرێم پارەی لە ئاوارەکان خەرج کردووە، یان ئەوەی کە من زانیوومە، وەزارەتەکان پارەی پێویستیان تەرخان دەکرد، ئیتر وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران، یان پەروەردە و...

- نا نا، من ئەوکاتە سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێم بووم. ئەوکاتەی پێشوازیمان لە ئاوارەکان کرد، ئەوە ئەرکی ئێمە بوو. واتە وەک ئەرکی خۆمان، دەرگاکانمان کردنەوە. هەر بەم بۆنەیەوە، بەداخەوە دەڵێم کە بەغدا دەرگاکانی بە ڕووی ئاوارەکان داخست. ئەمەش کاردانەوەیەکی سەیری لە هەرێم لێ کەوتەوە. کاردانەوە لە بەرامبەر ئەو ئاوارانەی، کە لە ترسی جەور و ستەمی داعش و لە ترسی شەڕ و کوشتار ڕادەکەن، کەچی لە بەغدا دەرگاکانیان بەڕوودا دادەخرێن. بۆیە هەرێم لەو کاتەدا وەک ئەرکێک دەرگاکانی بەڕوودا کردنەوە، دیارە ئەمەش پێویستیی بە خەرجیی هەیە. من ئەو کاتانە لەناو ئەنجوومەنی وەزیران نوێنەراتیم دەکرد و ئەندامی ئەنجوومەن بووم و لە نزیکەوە لێکۆڵینەوەمان لەو پرسە دەکرد. کێشەی بنەڕەتیش ئەوە بوو، کە ئێمە خۆمان بە دەست کێشەی داراییەوە دەمانناڵاند. بەتایبەتی کە لە ٢٠١٤ شەڕ و کوشتار دەستی پێ کرد، لە هەموو عێراق و لەناویشیدا لە هەرێمی کوردستان دۆخی ئابووری و ژیانی ئابووریی وەستان. ئەو وەبەرهێنەرانەی کارا بوون، لە ترسی جەنگ و دەرهاویشتەکانی، هەموویان ڕۆیشتن. ئەمەش بووە هۆی داتەپین و دۆخێکی ئابووریی ترسناک و هەمووان کەوتنە خزمەتی جەنگ. لەو کاتانەدا ئاوارەکان گەیشتن، بێگومان هەر ئاوارەکان نا، بەڵکوو پەناهەندەشمان هەن، کە هی سووریان.

* کەواتە حکوومەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان خۆی بەرپرسیارێتییەکەی گرتە ئەستۆ و کەس هاوکار و هاوبەشی نەبوو؟

- حکوومەتیش (مەبەستی حکوومەتی عێراقە) لە ساڵی ٢٠١٤ بە هۆی دابەزینی بەرچاوی نرخی نەوت و شەڕی داعش، تووشی کێشە و قەیرانی دارایی بوو، لەبەر ئەوە حکوومەتی هەرێم بەرپرسیارێتییەکەی هەڵگرت.

* پرسیارەکە ئەوەیە، داواکردن بە قەرەبووکردنەوەی داڵدەدانی ئاوارەکان، ئەویش هەر چەسپاندنی مافە؟

- دەبێ ئەو پرسیارە لەوان بکرێت، بەڵام من وای دەبینم کە پێویستە خەڵک بزانن، چونکە هەڵمەتێک لە دژی هەرێم هەیە، خەڵکێک هەیە دەڵێت هەرێم پارەی بەغدا و نەوتی بەسڕەی لووش کرد. بۆیە هەرێم دەیەوێ باسی دۆخەکە بکات و بۆیانی ڕوون بکاتەوە، کە ئەمە ڕاستیی ڕەوشەکەیە.


* ڕێگام بدە بچینە سەر تەوەرێکی دیکەی سیاسی، ئەگەرچی تەوەری ڕەوشی داراییمان ماوە، لەناویدا ڕەوشی دارایی عێراق بە شێوەیەکی گشتی. ئێستا قەوارە سیاسییەکان گفتوگۆ سەبارەت بە پێکهێنانی حکوومەت بە پێکهاتەیەکی نوێ و بە سەرۆکایەتیی بەڕێز (مستەفا ئەلکازمی) دەکەن، کە بۆ سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران ڕاسپێردراوە، ئەوە ئەگەر تێبپەڕێت. شتێک کە لەو نێوەدا باڵکێش بوو ئەوە بوو، هەرێمی کوردستان و سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لە کاندیدکردنی بەڕێز (مستەفا ئەلکازمی) کرد بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت، ئەمە تەنانەت پێش ئەوەی بە فەرمیش ڕابسپێردرێت، کە ئەمەش بە شێوەیەکی گشتی، پێچەوانەی عورفە سیاسییە باوەکانە. ئایا ڕاستە کە فشارێکی دەرەکیی، نەک بە مانای ناچارکردن، بەڵکوو بە گەیشتنە لێکتێگەیشتن، بووە هۆی ئەوەی هەرێم ئەم هەنگاوە بنێت؟

- نەخێر، من وای دەبینم کە کار و هەنگاوەکانی هەرێم پێشوەختە دیراسەت کراون. ئەمەش بە حوکمی ئەو ڕەوشە سیاسییەی، کە عێراق پێیدا تێدەپەڕێت.

* واتە لە چ لایەنەکەوە دیراسەت کراوە؟

- لەو لایەنەی، کە ئێمە پێویستیمان بە حکوومەتێکی کارایە. ئێمەش لە بەغدا قسە لەم پرسە دەکەین، ئەوانی تریش قسە دەکەن. حکوومەتی کاربەڕێکەر، حکوومەتێکی ئیفلیجە و لە دۆخی ئیفلیجیدایە.

* چییە وا دەکات پێتان وابێت، کە (مستەفا ئەلکازمی) حکوومەتێکی کارا پێکدەهێنێت؟ واتە ئێوە متمانەی تەواوتان بەو پیاوە هەیە، کە حکوومەتێکی کارا بەرهەم دێنێت؟

- لەو نێوەدا دوو شت هەن. یەکێکیان ئەوەیە، کە حکوومەت دەتوانێ بە شێوەیەکی یاسایی، کاری خۆی بکات، حکوومەتێک کە دەسەڵاتی ڕوون و تەواوی هەیە، بەڵام حکوومەتێک هەیە هیچ دەسەڵاتێکی تەواوی نییە. ئەو حکوومەتەی ئێستا کە هەیە، حکوومەتی کاربەڕێکەر، دەسەڵاتی تەواوی نییە. بۆ نموونە، بڕیارێک لە پەرلەمان هەیە، کە هی پارساڵە، کە وەرگرتنی قەرز قەدەغەیە، چ ناوخۆیی یان دەرەکی، ئێستا من وەک وەزیر، ناتوانم ئەو کارە بکەم. دەی باشە من لە کوێ پارە بێنم؟ ناتوانم گرێبەستەکان واژۆ بکەم. واتە حکوومەتێکە لە ڕووی یاساییەوە، دەستی بەستراوە. من کە باسی حکوومەتێکی کارا دەکەم، مەبەستم ئەوەیە کە دەسەڵاتی تەواوی هەیە و پشت بە سەرۆک وەزیران و ئەو وەزیرانە دەبەستێتت، کە حکوومەتەکە پێک دەهێنن.

* باشە، دانوستاندنەکان چۆن لەگەڵ کورد بەڕێوە چوون؟ لێرە لەسەر وردەکاریی ئەو شتە قسە لەگەڵ بەڕێزتان دەکەم، بەو پێیەی یەکێکیت لە سەرکردە دیارەکانی هەرێم و لەناو پارتی دیموکراتی کوردستان. دانوساندنەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان، یان حزبە کوردییەکان چۆن بەڕێوە چوون؟ ئایا لەو نێوەدا یەکانگیریی لە پێوەر و بەهاکان، لە خستنەڕووی بابەتەکان، لە یەکەی پێوانەیی هەبووە، کە لە دیاریکردنی وەزارەتەکاندا پشتیان پێ دەبەسترێت، یان ئێوە مەرجگەلی دیاریکراوتان هەبوون؟

- ئێمە کاتێک باس لە دانوستاندن لەگەڵ برای ڕاسپێردراو، (کاک مستەفا)دا دەکەین، تەنیا باس لە دانوستاندنەکانی ناو خۆمان ناکەین. چونکە دانوستاندنی شیعە - شیعە، لە نێوان حزبە شیعییەکاندا هەیە.. دانوستاندنی شیعە لەگەڵ مستەفا، هەروەها دانوستاندنی سووننە - سووننە و پێکهاتی سووننە لەگەڵ کاندیدی ڕاسپێردراو.. من کە باس لەم شتانە دەکەم، لەبەر ئەوەیە کە ئەمە ڕەوش و واقیعەکەیە، ئەگەر هەندێک کەسی دیکەیش باسی هەندێک شتی تر دەکەن، بەڵام واقیعی عێراق ئەوەیە کە باسی دەکەم.. ئەمەو با بڵێین دانوستاندنی کوردستانییش لەگەڵ برامان (کاک مستەفا). ڕاستییەکەی ناکۆکیی هەیە، ناکۆکییەکەش لەسەر دوو شتە. ڕوانگەیەک دەڵێت، وا باشتر و شیاوترە، کە حکوومەتێک لە سەربەخۆکان پێک بهێنرێت، بەڵام میکانیزمی دەستنیشانکردنی سەربەخۆکان چییە و چۆنە؟ ئەمە نازانرێت. کاتێکیش باس لە سەربەخۆکان دەکەین، واتای ئەوەیە کە بەڕێزی ڕاسپێردراو، بۆ خۆی کەسەکان هەڵدەبژێرێت. ڕوانگەیەکی تر هەیە دەڵێت ئەمە هەڵەیە. هەڵەیە لەبەر کۆمەڵێک هۆکار، بەڵام مافی حزبەکانە، ئەوانەی قەوارەی پەرلەمانیان هەیە و لە کاروانە سیاسییەکەدا بەشدارن، کە خەڵک کاندید بکەن، وەک چۆن مافی ڕاسپێردراو هەیە، ڕەتیان بکاتەوە...

* ئێوە لەگەڵ کام لەم بژارانەدان؟

- ئێمە ئێستا و تەنانەت لەگەڵ برایان (عەللاوی و زورفی)یش، بژارەکەمان ڕوون بوو. ئەویش ئەوەیە، کە هەرێم کیانێکی فیدڕاڵییە، کیانێکی دەستوورییە، حکوومەتی هەیە، پەرلەمانی هەیە، سەرکردایەتیی سیاسی و حکوومیی هەیە. بۆیە شووناسی هەرێم ئەوە دەسەپێنێت، کە بۆ خۆی کەسەکان هەڵبژێرێت و دیاریان بکات. چونکە ئەوە مافی خۆیەتی، لە بەرامبەردا، بەڕێزی ڕاسپێردراو، مافی ئەوەی هەیە ڕەت بکاتەوە، یان ڕازی نەبێت. ئەمە بژارەی یەکەمی هەرێم بوو، بەڵام هەستمان کرد کە لە هەندێ شوێنی جیاواز، لە هەندێ پێگەی جیاواز دەگوترێت، کە بە هۆی ئەم ڕاستەیە (چونکە ئەوەی ڕوونە ئەوەیە کە برایان باسی ڕاستە - مسگره) دەکەن و ئەگەر کوردەکان لە دەرەوەی ئەو ڕاستەیە هاتنە ناو هاوکێشەکە، ئەوا بنەمانی ڕاستەکە پێشێل دەکەن. بۆیە گوتمان باشە، ئێمە نابینە ئاستەنگ لەبەردەم پێکهێنانی حکوومەت، فەرموو با بەڕێز (مستەفا ئەلکازمی) بچێت حکوومەتەکەی پێک بهێنێت و ئێمەش لە پەرلەمان پشتی دەگرین.

* واتە بەشداریی ناکەین؟

- گرنگ، ئەمە ڕوونە. لە میانی قسەکردنی لەگەڵ من و سەرکردەکانی تردا لە ڕێگای تەلەفۆن، بە کاک (مستەفا)مان گوت: ئێمە پیرۆزباییت لێ دەکەین، حکوومەتەکەت پێک بێنە و بەهێزەوە پشتت دەگرین و لە پەرلەمان دەنگت پێ دەدەین، بەڵام ئەم (ڕاستەیە)ی خۆت، بەسەر ئەوانی تردا جێبەجێ و پیادە بکە.

* وەڵامی ئەو چ بوو؟ ئایا دەیگوت نەخێر، پێویستە ئێوەش بەشداریی بکەن، یان چی؟

- نەخێر، هەموو حزبەکان، چ شیعی بن یان سووننی، دەڵێن پێکهێنانی حکوومەت بەبێ کورد ناکرێت، ئەمە واقیعە، بەڵام دێمە سەر ئەوانی تر....

* باسمان لە دۆخی پێکهێنانی حکوومەتی نوێ دەکرد، دیارە ویستێکیش لای کورد هەیە، یان بژارەیەک لە کۆمەڵی بژارەکان ئەوەیە، بڕۆ حکوومەت پێک بهێنە و ئێمە بەشداریی ناکەین. ئەم ناڕەزاییە لەسەر بنەمای ئەوە بوو، کە نەبوونی توانای هەرێم، یان باوەڕنەبوونی هەرێم بەوەی سەربەخۆکان بخاتە ناو حکوومەتەکە، سەرچاوەی گرتووە؟ کێشە چییە؟ باشە بۆچی هەرێم کەسی سەربەخۆی کوردی بە توانا و پسپۆری جیاواز نەهێنێت و پێیان بڵێت فەرموون ببنە وەزیر، لە نموونەی سەرۆکی زانکۆیەک، یان مامۆستای زانکۆ و.......کێشەکە لەکوێ دایە؟

- ئێمە کێشەمان لەگەڵ سەربەخۆکاندا نییە، بەڵکوو کێشەمان لەگەڵ ئەو حکوومەتە هەیە، کە پێک دەهێنرێت. پرسەکە پێکهێنانی حکوومەت نییە، ئەو حکوومەتەی پێک دەهێنرێت پێویستە حکوومەتێکی بەهێز بێت، حکوومەتێک بتوانێت بڕیارەکان بدات.. حکوومەتێک پەیوەندییەکان دروست بکات...

* واتە بە بوونی خەڵکی سەربەخۆ حکوومەتێکی بەهێز نابێت؟

- بەدڵنیاییەوە، بۆچ؟ نەک لەبەر کەسی سەربەخۆ. چونکە ئێمە کە باس لە حکوومەتێکی سەربەخۆ دەکەین، یەکەم شت پێویستە سەرکردەکان تیایدا بن، سەرکردایەتییەک کە ئەزموونێکی کارگێڕیی، یان ڕێکخستن و لە بواری جیاوازدا هەبێت. لەبەر ئەوەی ئەمە سەرکردایەتیکردنە، سەرکردایەتیکردنی وەزارەتیش کارێکی ئاسان نییە. ئەمەیان خاڵێکە، واتە پرسی سەرکرادیەتیی گرنگە. دەشکرێ کەسی سەربەخۆ، سەرکردە بێت و سەرکردەش نەبێت. ئێمە باوەڕمان بەوە نییە فەرمانبەران بنێرینە بەغدا، چونکە وەک فەرمانبەر کار دەکات، بەڵام کە سەرکردە دێتە بەغدا، سەرکردایەتیی دەکات.. بەشداریی دەکات. چەمکی هاوبەشیی ئەوەیە، کە هاوبەشیی هەمووان بیت و هاوبەشییەکەش دەبێ لەسەر بنەمای بەرنامە و دروستکردن و وەرگرتنی بڕیار، هەروەها لەسەر بنەمای جێبەجێکردن بێت. سەیرکە، ئەگەر حکوومەت لە سەربەخۆکان پێک هات، ئەو حکوومەتە لە پەرلەمان کێشەی دەبێت، چونکە لە ئەنجامدا پەرلەمان بریتییە لە قەوارە سیاسییەکان. ئەگەر حکوومەتەکە هی سەربەخۆکان بێت، لە خودی وەزارەتیشدا کێشەمان دەبێت. من باسی واقیع دەکەم، زۆرینەی بەڕێوەبەر و بەڕێوەبەرە گشتییەکان، کە لە ٢٠٠٣ەوە تا ئێستا دامەزراون، حزبی سیاسیان لە پشتە، یان سەر بە حزبی سیاسین. ئەو وەزیرە سەربەخۆیەی، کە دێت و هێزی ڕێکخستنی نییە، هێزی کۆمەڵگەیی نییە، هیچ هێزێکی نییە. ڕەنگە تەنیا شتێک کە هەیبێت، هێزی یاسایی بێت، بەڵام ڕووبەڕووی سەختیەک دەبێتەوە، ئەگەر هێزی ڕووبەڕووبوونەوەیشی نەبێت، ئەوا سەرکەوتوو نابێت. لەبەر ئەوەیە کە دەڵێم، بابەتەکە پرسی پێکهێنانی حکوومەت نییە، بەڵکوو پرسی بەردەوامیی حکوومەت و دانی بڕیارە سەختەکانە. ئێمە لەم وڵاتەدا لەبەردەم ئالنگاریی مەزنداین، پێویستیمان بە بڕیاری زۆر سەخت هەیە، بڕیارە سەختەکانیش پێویستە لەلایەن حکوومەتێکی بەهێزەوە بدرێن. واتە ئێمە پێویستیمان بە حکوومەتی بەهێزەکان هەیە، نەک حکوومەتی بێهێز و لاوازەکان..

* دکتۆر بەمپێیە بێت، ئێستا هەرێم دوو چارەسەری هەیە، یان حکوومەتی بەهێزەکان، کە باست کرد، یان ئەوەتا ئێمە بەشداریی ئەم حکوومەتە ناکەین، بەڵام پشتگیریی دەکەین. بە ئاراستەی کام بژارەدا ڕۆیشتوون؟ لەکاتێکدا ئێمە باسی هەفتەیەک، یان شەش ڕۆژ دەکەین، کە بۆ پێکهێنانی حکوومەت ماون..

- بزانە، با قسە لەسەر ئەوە نەکەین، بابەتی ئەوەی کە بەشداری ناکەین، ئەوەمان نەگوتووە. گوتوومانە پشتیوانیی حکوومەتەکەت دەکەین، تەنانەت ئەگەر........! پێشینە بۆ ئێمە، پێکهێنانی حکوومەت و پشتگیریکردنی کاک (مستەفا)یە. کێشەکە ئەوە نییە، بەڵکوو کێشەکە ئەو شتەیە کە بەڕێزی ڕاسپێردراو، خستوویەتیە ڕوو، تەنانەت تا ئەوەی کە حزبە شیعییەکانیش تا ئێستا نەگەیشتوونەتە هیچ ئەنجامێک. لە کۆتاییدا، دەبێ حزبە شیعییەکان بگەنە ئەنجامێک و لە نێوان خۆیاندا ڕێکبکەون و......

* بەڵام تا ئەم چرکەساتەش شتەکان بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە و هێشتا چارەسەر نەکراون...

- بەڵێ، منیش وای دەبینم و زانیاریشم هەیە، کە تا ئەم چرکەساتەش، شتەکان بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە. ڕاستە بەڕێزی ڕاسپێردراو، بەرنامەکەی خۆی نووسیوە و ئێمە ڕەخنەیەکی گەورەمان لەسەر بەرنامەکە هەیە. یەکەم شت، بەرنامەکەی نەخستە بەردەستی ئێمە، ئەمە کارێکی ڕاست نییە...

* ئەو نەیخستە بەردەم قەوارە سیاسییەکان، بەڵکوو ناردیە پەرلەمان..

- ئەوەیان نازانم، بەڵام ئەمە کارێکی ڕاست نییە..

* خاڵی دووەم چییە؟

- خاڵی دووەم ئەوەیە، کە بەرنامەکە، بەرنامە نییە، بەڵکوو داڕشتنێکە و پرسە بنەڕەتی و سەرەکییەکانی تێدا نییە بۆ چارەسەرکردنی دۆخەکە...

* ڕەنگە لەبەر ئەوە بێت، کە حکوومەتێکی کاتیی و حکوومەتی ئاوارتەیە و ئەرکی ئەوەیە کە...

- ڕێگەم بدە، من وای نابینم حکوومەتێکی کاتیی بێت، ئەو حکوومەتە ئەگەر پێک بێت، ئەوا تا کۆتایی ماوەکەی، درێژەی دەبێت و تەواوی دەکات. چونکە هەموو ئەو زانیارییانەی پێمان دەگەن، ئەوەیە کە هەڵبژاردنی پێشوەختە دەکرێت، بەڵام هەڵبژاردنی پێشوەختە بووەتە دروشم و بەس. چونکە هیچ ئامادەکاریێک بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە لە گۆڕێدا نییە. نە یاساکە ئامادەیە، نە کۆمسیۆن ئامادەیە، نە ئامراز و کەرەستەکانی جێبەجێکردن ئامادەن. هەمووان دەڵێن بابەتەکە پێویستی بە ساڵێک، ساڵ و نیوێک، دوو ساڵ هەیە. ئێ دوای دوو ساڵ، دەگەینە کۆتایی ماوەکە. کەواتە با باس لە حکوومەتی ئاوارتە، یان حکوومەتی کاتیی نەکەین، چونکە ئەمە ڕاست نییە...

* پێتوایە ئێمە، یان هێزە سیاسییەکان ناچار دەبن پەنا بۆ کاندیدی چوارەم ببەن؟

- نەخێر، ئێمە تا ئێستاش لە دانوستاندانین. ڕەنگە بەڕێزی ڕاسپێردراو، لە دانوستاندندا پەنا بۆ تەکتیکیکی دیاریکراو ببات، بۆ پێکانی ئامانجێکی دیاریکراو، بەڵام حزبەکانیش قسەی خۆیان هەیە. لەو نێوەدا جۆرێک لە هەماهەنگیی لە نێوان حزبە شیعی و سووننی و کوردییەکاندا هەیە، بۆ ئەوەی بە ڕێگا دروستەکە، هاوکاریی بەڕێزی ڕاسپێردراو بکەین و لە ئەنجامدا دەگاتە حکوومەتێکی بەهێز.

* بەپێی ئەو پێدراوانەی لە ژوورە داخراوەکاندا (ئەگەر دەربڕینەکەم ڕاست بێت) دێنە دەرەوە، چانسگەلی ئەوە هەن، کە بەڕێز (مستەفا ئەلکازمی) تێپەڕێت، یان ئەم چانسانە لەدابەزین دان؟

- هێشتا چانسەکانی هەن، ئەگەر بێت و شێوازەکەی بگۆڕێت. شێوازی کار بگۆڕێت...

* کام شێواز؟

- من ئەوم بینی و پێویستە ڕاشکاو بم. لەبیر نەکەین، ئەو هاوڕێشمە، بەڵام کێشە ئەوەیە کاتێک ڕاسپێردرا، یەکەم پرسیار کە لێمان کرد ئەوە بوو: تیمەکەت کێن؟ تیمی نەبوو.. بەڕێز (عەدنان ئەلزورفی) تیمی هەبوو، بەڵام تیمی دانوستاندنکار نەبوو، ئەو بۆ خۆی دانوستاندنی دەکرد. زۆر لە ئێمە داوامان لە بەڕێز (مستەفا) کرد، کە شاندێکی دانوستاندنکار پێک بهێنە، نەک بە خۆت دانوستاندن بکەیت و پێویستە تیمێکی دانوستاندنکارت هەبێت. ئەو تیمی دانوستاندنکاری نییە، ئەمەش کێشە سەرەکییەکەیە. بەو واتایەی، لای ئەم و لای ئەو، لەم شوێن و ئەو شوێن قسە دیەکات، دوور نییە لەناو یەک حزبدا سێ کەس بدوێنێت. لەکاتیکدا ئەگەر تیمێکی دانوستاندنکار ئەمە بکات، هەموو شتێک دەنووسێت.. دەگاتە لێکتێگەیشتن.. دەگاتە هەندێک باوەڕ.. ناکۆکییە بینراوەکان دەنووسێتەوە.. چارەسەرە هاوبەشەکان دەنووسێتەوە، لە ئەنجامدا هەموو ئەمانە کۆدەکاتەوە و سوودی لێ وەردەگرێت، بەڵام نەبوونی شاندێکی دانوستاندنکار، بۆشایی و کەموکوڕیێکی گەورەیە، کە هەیەتی..

* کەواتە بۆ ئەوەی تەکتیکەکەی بگۆڕێت، پێویستە تیمێکی دانوستاندنکار پێک بهێنێت؟

- من وای دەبینم، ئەو هێشتا کاتی ماوە...

کاتی ماوە؟ تەنیا هەشت ڕۆژی ماوە!

- هیچ نییە...

* دکتۆر ڕێگام بدە بچینە سەر چیرۆکێکی دیکەی گرنگ لەو چیرۆکانەی، کە لەم ماوانەی دواییدا تەواوی عێراقییەکانی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە، ئەویش بریتییە لە دابەزینی نرخەکان نەوت و دۆخی دارایی بەشێوەیەکی گشتی. حکوومەتی دکتۆر (عادل عەبدولمەهدی) با بڵێم لە چوارچێوەکە چووەدەر، نەک چوارچێوەکەی شکاند.. لەو چوارچێوەیە چووە دەر، کە لە سەردەمی حکوومەتی بەڕێز (عەببادی) ڕێککەوتن لەگەڵ سندووقی نەختی نێودەوڵەتی کردبوو، بەلایەنی کەمەوە لەسەر کەمکردنەوەی ڕێژەی دامەزراندنەکان. جووڵەی میلاک و پڕکردنەوەی بۆشاییەکان کران، کە تا ئاستێک شتێکی مەعقوول بوو، بەڵام بوونی سەدان هەزارا کرێگرتەی ڕۆژانە و گرێبەستەکان بە ڕێژەیەکی زۆر و بەبێ شێوازێکی بەرنامە بۆ داڕێژراو، کە ئاستی خەرجیی بەرز کردەوە. چ شتێک حکوومەتی بەڕێز (عادل عەبدولمەهدی) ناچار کرد بەم ئاراستەیەدا بڕوات؟

- ئەمە پرسیارێکی گرنگە، چونکە لە سەرەتای پێکهینانی حکوومەت، لەو گفتوگۆیانەی لە ئەنجوومەنی وەزیران، یان دواتر لە ئەنجوومەنی ئابووریدا (کە پێشتر لیژنەی بوو و دواتر بووە ئەنجوومەنی ئابووری) کردمان، وەزیرە ئابوورییەکان هەموویان ئامادە بوون و منیش شەرەفی ئەوەم پێ بڕا، سەرۆکایەتیی ئەم ئەنجوومەنە بکەم. گفتوگۆکان بەو ئاراستەیەدا بوون، کە هەڵاوسانیکی زۆر لە میلاکاتی دەوڵەت هەیە. هەتا ئەو کاتەش کە نرخی نەوت باش بوو، گوتمان پێویستە بەرەو دۆخی رەشیقکردنەوەی حکوومەت بچین، بەڵام ئەم دۆخی ڕەشیقکردنە پێویستی بە ئابووریی جێگرەوە هەیە. واتە ناتوانی قووتی خەڵک ببڕیت، ئەمە کارێکی سەختە و ناشکرێت، بەڵام ڕەخساندنی هەلی کار لە شوێنی دیکە، دەبێتە هۆی ئەوەی، دەوڵەت ڕەشیق بکرێت. ئیتر بەم ئاراستەیەدا چووین، یەکەم شت بە هاندانی وەبەرهێنانی ناوخۆیی و دەرەکی، ئەوکاتیش هەموو هۆتێلەکانی بەغدا پڕ بوون لە وەبەرهێنەرە بیانەکان و لەگەڵ ئێمە لە دانوستاندندا بوون، بۆ ئەوەی سەرمایە و وەبەرهێنانی دەرەکی بێنینە ناوەوەی وڵات. هەروەها خەریک بوو هانی کەرتی تایبەتیش بدرێت، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی، کەرتی تایبەتی لە عێراقدا لاوازە...

* کەرتی تایبەت بەهۆی ڕێکار و یاساکانەوە لاوازە، ئەوە حکوومەتە دەتوانێت کەرتی تایبەت بەهێز بکات..


- ڕاستە، بەڵام ئێمە کێشەمان هەیە، کێشەکەش ئەوەیە کە دەوڵەتی عێراقی هەر لە بنەڕەتەوە، وەک دەوڵەتێکی ناوەندی و سێنتراڵ دەستی پێ کرد. دواتر لە سەردەمە جیاوازەکاندا، دەستمان بەوە کرد کە تەبەننی سۆسیالیزم بکەین، دواتریش کە حزبی بەعس هاتە سەر حوکم، بە تەواوی پشتی بە سەنتڕاڵیزم و ناوەندێتیی بەست، بەتایبەتی لە کەرتی ئابووریدا ناوەندێتیی جێی گرتبوو..

* لەگەڵ ئەمەشدا ١٧ ساڵمان بەڕێ کرد و لە دوای ٢٠٠٣ حکوومەت خەریک بوو....

- نەخێر. یەکەم شت ئەوەیە کە عەقڵیەتی ناوەندێتیی ئێستاش هەیە، ئیتر چ لە حکوومەت بێت، یان لە پەرلەمان. واتە کاتێک یاساکان دادەڕێژین، بۆ ناوەندێتیی دەگەڕێینەوە و بەشێکی کێشەی نێوان هەولێر و بەغداش، پەیوەندیی بەو عەقڵیەتە سەنتڕالگەراییەوە هەیە.. دووەم شت ئەوەیە، کە خودی دامەزراوەکان ناوەندیین. بۆ نموونە، دامەزاروەی وەزارەتی دارایی، کە بینیم، تووشی شۆک بووم. ئەو بیرۆکراتییەتەی لە وەزارەتی دارایی هەیە، بۆ حاڵەت و ڕابردووی کەڵەکەبوو دەگەڕێتەوە. وەزارەتی دارایی کۆنترین وەزارەتەکانی عێراقە و کاتی خۆی پێی دەگوترا وەزارەتی گەنجینەکان و تەمەنی نزیکەی ١٠٠ ساڵ دەبێت. ئەمە ڕێنمایی و بیرۆکراتیەتی وەزارەتی دارایی. وەزارەتی نەوت هەر وا، ناوەندێتییەکە وەک سەرباز. وەزارەتی دارایی ناوەندێتییەکە وەک سەرباز، واتە وەک سوپا. ئەم ناوەندگەراییە چ وەک کولتوور و چ وەک یاساش، هەیە و ئامادەیە. ئینجا با بۆ پرسی یاساکان بگەڕێینەوە. من پێشتر گوتم، کە لە نزیکەی ٥٠ ماددەی یاساییدا، دەگەڕێینەوە بۆ ڕژێمی پێشوو. ئەم کەرتەی ناوەندگەراییە هێشتا بەهێزە. ئێمە لە بواری ئابووریدا بە تەواوی پشت بە نەوت دەبەستین. نەوتیش لە دۆخی ناوەندگەرایی دایە و لە دەستی دەوڵەتە و ناوەندگەرایە، پارەش لە نەوتەوە دێت. واتە پارە لە دۆخێکی ناوەندگەرایی دێت و لە دۆخێکی ناوەندگەراییشەوە خەرج دەکرێت. کەواتە چۆن کەرتی تایبەت بونیاد بنێین؟ بۆیە پێویستە عەقڵیەتەکە و تەنانەت کولتوورەکەش بگۆڕدرێت. گوتمان گفتوگۆمان لەسەر ئەم بابەتە دەکرد، چ لە ئەنجوومەنی وەزیران و بەتایبەتیش لە ئەنجوومەنی ئابووری، کە هەر یەک لە وەزیرانی (کشتوکاڵ، پلاندان، بازرگانی، پشەسازی و دەستەی وەبەرهێنان و نوێنەری وەزارەتی نەوت) لەناو ئەنجوومەنی ئابووریدان. گفتوگۆمان لەسەر ئەوە دەکرد، کە ئاخۆ چۆن هەنگاو بە هەنگاو دۆخەکە لە ناوەندێتیی ئابووری، بۆ کرانەوەی ئابووری بگۆڕین؟ دیارە بۆ ئەمە پێویستیمان بە یاساکان هەیە و بیرمان لەم بابەتانەش دەکردەوە. ئەمە ئەو هۆیە بوو، کە نەمانتوانی ئابووریی تەریب بونیاد بنێین، لەبەر ئەوەی فەلسەفەی....

* پرسیاری من لەو نێوەدا ئەوەیە. بەپێی تیۆرەکان ئەوە دەبینم، کە ئەنجوومەنی وەزیران لە ماوەی دکتۆر (عادل عەبدولمەهدی) بەشێوەیەکی باش بیر دەکاتەوە، بەڵام لە واری کردەنیدا تووشی شۆک دەبم لە ئاست ئەو شتەی لێی بەرهەم هات.. بەرزبوونەوەی خەرجیی بۆ ٢٠ ترلیۆن لە ماوەی دوو مانگ، یان سێ مانگ، کێشەیەکی گەورەیە...

- ئەمە پەیوەندیی بە هەلومەرجی خۆپیشاندانەکانەوە هەبوو. دەزانی لە مانگی تشرینی یەکەم، ئەگەر سەیری پێوەرەکانی حکوومەت بکەیت، کە پێویستە مێژوونووسەکان لێکۆلینەوە لەمەدا بکەن، چونکە ساڵی ٢٠١٩ بووە بەشێک لە مێژوو. ئەو هەشت مانگەی، کە حکوومەت تەواوی دەسەڵاتەکانی هەبوو، ئەو گۆڕانکارییە دەبینیت، کە ڕووی دا، بەڵام لە مانگی تشرینی دووەم و بەهۆی خۆپیشاندانەکان و لە ئەنجامی سیاسەتی پۆپۆلیستی.. سیاسەتی پۆپۆلیستی (حکوومەت، فراکسیۆنە پەرلەمانییەکان، حزبەکان و.....)، کێشەکان چارەسەر بکەن.. کێشەکان چارەسەر بکەن....! باشە کێشەکان چۆن چارەسەر بکەین؟ وەزیفە دابهێنن، خەڵک دابمەزرێنن.....! بەمەش بازدانێکی سەیر لە دامەزراندنی خەڵک دەستی پێ کرد، ئەم بابەتەش بۆ ئیدارەدانی ڕەوشەکە بوو...

* دکتۆر، ڕووپۆشی دارایی... بۆ نموونە، چەند ڕۆژێک پێش ئێستا، وەزیری کارەبا لە لێدوانێکیدا ڕایگەیاند، کە ٩٠ هەزار کەس بەبێ ڕووپۆشی دارایی دامەزرێنراون و تا ئێستاش مووچەیان وەرنەگرتووە. حکوومەت چۆن کەسێک دادەمەزرێنێت و ڕووپشی دارایی (مووچە)ی بۆ فەراهەم نەکردووە؟

- کێشەکە لێرەدایە، واتە دامەزراندن. دواتر دامەزراندن کەوتە دەستی پارێزگاکان. واتە ئەوپەڕی ناوەندێتیی لە حکوومەتی ڕابردوودا، بە شێوەیەکی تر جێبەجێ کرا و دامەزراندن و گرێبەستەکان لەسەر بنەمای (کرێ) کران. بەم شێوەیە، خەرجکردن لە پەیکەری وەزیفی زیادی کرد، تا گەیشتە ئاستی تەقینەوە. لە واقیعدا ئەمە سیاسەتێکی هەڵەیە، بەڵام ئەو کەسە، یان سەرکردەی سیاسی، یان ئەو پەرلەمانتارەم دەوێت، کە بیر لە هەڵبژاردن دەکاتەوە، بێت و بوەستێ و بڵێت من ئەمە هەڵە بوو و قبووڵی ناکەم....! ئەمە ئەو سیاسەتە پۆپۆلیستییە بوو، کە وڵاتی وێران کرد، بەڵام لە هەمان کاتدا ئەگەر نرخەکانی نەوت وەک خۆیان بوان و کۆڕۆنا نەهاتبا، ڕەوشەکەمان بە جۆرێکی دیکە دەبوو، نەک وەک ئەوەی ئێستا کە هەیە. ئێمە شۆکی زۆرمان بۆ هات.. شۆکی زێدەڕۆیی لە خەرجیی.. شۆکی کۆڕۆنا، کە بووە هۆی ئیفلیجبوونی ئابووریی نێودەوڵەتی و لۆکاڵی.. شۆکی دابەزینی نرخەکانی نەوت.. دوا شۆک ئەوەیە، کە بەگوێرەی ڕێککەوتنی ئۆپێک، دەبێ ڕێژەی هەناردەی نەوتمان کەم بکەینەوە. هەموو ئەم شۆکگیریانە.....

* دکتۆر تۆ ئەوانەت ژماردن و من خەریک بوو بیانژمێرم.. هەموو ئەم هەلومەرجانە کۆبوونەتەوە و ئێستا ئێمە لەبەردەم قەیراندین. خەڵک دەیەوێ تەنیا یەک شت لەم قەیرانە تێ بگات، ئایا کاریگەریی لەسەر مووچەکان دەبێت؟ ئایا سەری مانگ دێت و حکوومەت ناتوانێ مووچەی فەرمانبەران بدات، یان مووچەکان پەیوەندییان بەمەوە نییە و ڕەنگە پلانی جێگرەوە هەبن و....؟

- دیارە گوتیان کە مووچەی ئەم مانگە نادرێت، دامان...

* ئاخر گوایە ئەمە داهاتی فرۆشەکانی مانگی ئادارە و.....

- هیچ نییە، ئێمە دەتوانین مانگی داهاتووش مووچە بدەین، ئەمەش دەوەستێتە سەر نرخەکانی نەوت. ئەگەر نرخەکانی نەوت لەسەر دۆخی ئێستا بمێننەوە.. بۆ نموونە، پێموایە نرخی برێنت ئەمڕۆ ٢٣ دۆلارە، واتە کەمێک بەرز بووەتەوە. بۆیە ئەگەر نرخەکان بەرز ببنەوە، کاریگەریی دەبێت، بەڵام ئایا دەزانیت بڕی داهاتەکانی تریش کەمی کردووە؟ بەڵام خەرجیش کەمی کردووە. ئێمە پەیوەندیی بازرگانیمان لە بەرژەوەندیی وڵاتانی تر هەبوو. واتە ئاڵوگۆڕیی بازرگانیمان، هەمووی لە بەرژەوەندیی وڵاتانی دیکە بووە. بۆ نموونە، ئاڵوگۆڕیی بازرگانیی لەگەڵ ئێران، نزیکەی ١٢ بۆ ١٣ ترلیۆن دینار بوو، جگە لەوەی کە چوار ملیار دۆلار لە بەرامبەر کڕینی غاز و کارەبا دەدەینە ئەو وڵاتە. ئەوەی تر هەر هەموو کەلوپەل و کاڵایە، کە هاوردەی دەکەین. لەگەڵ تورکیاش بە هەمان شێوە. لەگەڵ (چین)یش بە هەمان شێوە....

* دکتۆر کەواتە ڕاست نییە ئەمە ناو بنێین ئاڵوگۆڕی بازرگانیی، چونکە ئێمە هیچ شتێک هەناردە ناکەین و تەنیا شت هاوردە دەکەین...

- چین بە هەمان شێوە، ئێمە تەنیا نەوتمان بۆیان هەناردە دەکرد، لەگەڵ ئەواندا گەیشتە ٢٠ ملیار دۆلار، ڕۆژانە ٧٠٠ تا ٨٠٠ هەزار بەرمیل نەوتمان پێیان دەفرۆشت. هەموو ئەمانە وایان کرد خەرجیمان کەم ببێتەوە، نەک هەر لە ئاستی دەوڵەت، تەنانەت خەرجیی ناو خێزانیش، چونکە لە دۆخی ئێستادا لە ماڵەوە دانیشتوون. لە دیوەکەی تردا دەبینین، کە کەرەستە و کاڵای کشتوکاڵی، هەموو لە بازاڕەکاندا هەیە، ئەمەش لە ئەنجامی سیاسەتی حکوومەت و لە ئەنجامی ئەو بڕیارە بوو، کە لە ئەنجوومەنی ئابووری دامان. لە ئەنجوومەندا، کۆمەڵێک بڕیارمان دەرکردن، سەبارەت بە کەمکردنەوە لە هاوردەکردنی ژمارەیەکی زۆر لە پێداویستی و کاڵای کشتوکاڵیی و گۆشتەکان. ئەمە بەشێوەیەکی سەیر هانی کەرتی کشتوکاڵیی دا...

* ئەوەی گرنگە ئەم دۆخە بەردەوام بێت...

- گەنم، جۆ، هێلکە، مریشک، هەموو ئەو شتانە ئێستا خۆماڵیین، چونکە هانی کەرتی کشتوکاڵیمان دا. ڕاستە نەمانتوانی هانی کەرتی تایبەت و پیشەسازی بدەین، بەڵام یەکەم هەنگاو، کە لەم حکوومەتەدا نامان، هاندانی کەرتی کشتوکاڵیی بوو و گەیشتینە ئەنجامێک و خەڵک بە چاوی خۆی ئەم ئەنجامە دەبینێت و سوپاس بۆ خوا ئێستا لە دوکان و شوێنەکاندا، کەرەستە و کاڵا و گۆشتەکان، بە ڕێژەیەکی بەرچاو هەن...

* من کاتم تەواو بوو، بەڵام دەمەوێت دوا لێدوانت لێ وەربگرم.. ئایا دەتوانین بڵێین کە عێراق دەتوانێت مووچەی فەرمانبەرەکانی بدات و لەوانەیە لە مانگێک لە مانگەکانی داهاتوودا، مووچە نەوەستێت، یان نا، شتەکە نادیارە و ڕەنگە بچێتە ژێر باری......؟

- نەخێر، من وای دەبینم هەندێک شوێنمان هەن، کە دەتوانین لە مانگەکانی داهاتوودا پشتیان پێ ببەستین، بەڵام وەکوو وەزیری دارایی، پێویستیم بە چەند بڕیارێکە و من لەم ڕووەوە دەستەکانم بەستراون. وەک وەزیری دارایی، پێویستیم بە بڕیارگەلێک هەیە، کە بە هۆیانەوە بتوانم قەرزی ناوخۆیی وەربگرم. قەرزی ناوخۆیی لە شوێنێک وەرناگرین، لە بانکەکانمان وەردەگرین. بۆ نموونە، بانکی ڕافیدەین و ڕەشید سەر بە دارایین، پەیوەندیشمان لەگەڵ بانکی بازرگانیدا هەیە...

* قەرزی ناوخۆییت چەند پێویستە بۆ بەڕێکردرنی کارەکان؟

- ئێمە دەتوانین کارەکان بەڕێ بکەین، چونکە داهاتەکانی نەوت دێنە ناوەوە. ڕاستە کەمن، بەڵام دەتوانین بەم قەرزە ناوخۆییانە تەواوی بکەین، کە هەمانە، بۆ ئەوەی مووچەی خەڵک بدەین. دیارە لە نووسینگەی بەڕێز سەرۆک وەزیران، لەناو ڕاوێژکارەکان، لە وەزارەتی دارایی، لە ئەنجوومەنی وەزیران، لە ئەنجوومەنی ئابووری، گفتوگۆی چڕ هەن، دەربارەی چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخەکە، ئەگەر نرخەکانی نەوت هەر بەم شێوەیەی ئێستا مانەوە. چۆنیەتی دانی مووچەکان، ئەو هەنگاوانەی پێویستە بگیرێنەبەر، هەموو ئەم شتانە لێکۆڵینەوەیان لەسەر کراوە، بەڵام تا ئەم پرکەساتە بڕیاری بڕینی مووچە لە ئارادا نییە.

* دکتۆر سوپاست دەکەم بۆ ئەم دیدارە بەرهەمدارە..

- منیش سوپاست دەکەم.