كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

چاودێرێکی سیاسی: ئەنجامی رادەستکردنەوەی سلێمانی ئەوە دەبێت کە لە کەرکووک بینرا

”دەیانەوێ لە پەنای لامەرکەزیەتەوە سلێمانیش رادەستی عێراق بکەنەوە“

گروپی 16 ئۆکتۆبەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە پەنای لامەرکەزیەتی سلێمانییەوە، ئامانجیەتی شاری سلێمانی هاوشێوەی کەرکووک رادەست بە عێراق بکات، چاودێرێکی سیاسیش پێیوایە ئامانجی ئەو رادەستکردنە هەر ئەوە دەبێ کە لە کەرکووک بینیمان، کە ئەوەشیان بەشێکە لە نیشتمانفرۆشی و بچووککردنەوە و لاوازکردنی قەوارەی هەرێمی کوردستان.

بەرنامەی کاری حکوومەتی نوێی هەرێمی کوردستان بووە لەو کابینەیە دا پرسی لامەرکەزیەتی ئیداری لە شارەکانی هەرێمی کوردستان زیاتر گرنگی پێبدات و بچەسپێنێ، کە لە ئێستاش لە شارەکانی هەرێمی کوردستان جۆرێک لە لامەرکەزیەتی ئیداریان هەیە و ئیدارەی شارەکان بەستراونەتەوە بە ئەنجومەنی پارێزگا و پارێزگای شارەکەوە، بە جۆرێ کە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە تاوەکوو ئێستا، داھاتی سلێمانی وەکوو پارە هیچ بڕێکی ڕەوانەی ھەولێر نەکراوە.

بەپێی بەدواداچوونێکی پێشتری (باس) بۆ داھاتی سلێمانی، دەرکەوتووە کە داھاتی ئەو شارە پێش ئەو قەیرانە و هاتنی کۆڕۆنا و قەدەغەی هاتووچۆ بەبێ بەرھەمی نەوت لە بەنزین و نەوتی سپی و غاز، کە لە پاڵاوگەی بازیان بەرھەم دەھێنرێن، ساڵانە لە مەرزەکان و داھاتە ناوخۆییەکان لە ھاتوچۆ و کارەبا و باج و رسووماتەکان، لە ساڵانی رابردوو گەیشتووەتە نزیکەی ٨٠٠ ملیار دینار، بەڵام ئەو داھاتە وەکوو پارە لە ساڵی ٢٠١٤ەوە ڕەوانەی ھەولێر نەکراوە، تەنیا بە گشتی روونکردنەوە لەسەر خەرجییەکان دراوەتە وەزارەتی دارایی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، هەموو ئەو پارانە بەپێی پسولە لە پڕۆژە و خزمەتگوزاریەکانی ئەو شارە دووبارە خەرجکراوەتەوە، کە بەو پێیەش بێت، پرسی لامەرکەزیەتی سلێمانی لەم قۆناغە هیچ داهاتێکی زیاتر بۆ سلێمانی دەستەبەر ناکاتەوە ئەگەر بێت و سەرچاوەی داهاتی شارەکە روون و ئاشکرا نەبێت کە چەندە و لە چیدا خەرج دەکرێت.

چونکە، ھەر بەپێی زانیارییەکان، لە ساڵانی رابردوو داھاتی گومرگەکانی سلێمانی بە (باشماخ و پەروێزخان و سەیران بەن و گومرگە نافەرمییەکان) ساڵانە گەیشتووەتە ٤٠٠ ملیار دینار، بە شێوەیەک تەنیا داھاتی مەرزی باشماخ، نزیکەی ٣٠٠ ملیار و پەروێزخان ٨٤ ملیار و سەیران بەن ٣٦ ملیار دینار بووە، ئەوە جگە لەو خاڵە گومرگییە نافەرمییانەی کە کۆڵبەران و بە ڕێگەی نایاسایی کاڵا و شتومەکیان لێوە دێت و دەچێت.

کە ھەر بەپێی زانیارییەکان، داھاتی ساڵانەی فڕۆکەخانەی سلێمانی نزیکەی ٢٠ ملیار و کارەبای سلێمانی ٨٥ ملیار و شارەوانی ٤٨ ملیار و زیاتر لە ٢٤٠ ملیار دیناریش ساڵانە داھاتی بەڕێوبەرایەتییەکانی سلێمانی بووە، بەڵام بەپێی پڕۆژە و خزمەتگوزاریەکانی شارەکە بێت ئەو پارە زۆرە لە ئاوەدانکردنەوەی شارەکەدا خەرج نەکراوە و بەردەوام هاووڵاتیانی ئەو شارە گلەییان لە خزمەتگوزرایەکان بەتایبەتی خراپی رێگەو بانەکانی هەبووە.

پار ساڵ، عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان، لەگەڵ بڵاوکردنەوەی چەند بەڵگەنامەیەک لەبارەی داھاتی ناوخۆی سلێمانی، لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (فەیسبووک) ئاشکرای کرد، کە ئەو بڕە پارەیە تەنیا وەک حیساب دەچێتەوە ھەولێر و بەبێ ئاگاداری ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیش ھەڵسوکەوتی لەگەڵدا کراوە و پارەکەش لەبەردەستی پارێزگاری سلێمانیدا نییە.

چاودێرانی سیاسیش پێیانوایە، ئەو لامەرکەزیەتەی کە ئێستا گروپی 16ی ئۆکتۆبەری ناو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، هەوڵی بۆ دەدات ئەو لامەرکەزیەتە ئیداریە نیە کە لە کارنامەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و هەندێ لایەنی دیکە دا هەیە کە ئامانج لێی چەسپاندنی زیاتری لامەرکەزیەتە بۆ هەموو شارەکانی هەرێمی کوردستان بۆ رێکخستنەوەی داهات و خەرجیەکان بە ئامانجی خزمەتگوزاری زیاتر، بەڵکو ئەو لامەرکەزیەتەی کە گروپی 16 ئۆکتۆبەری یەکێتی هەوڵی بۆ دەدات سیاسیە و ئامانج لێی رادەستکردنی شارەکەیە هاوشێوەی کەرکووک بە بەغدا، کە ئەوەش زیاتر لەوەی لێ چاوەڕێ ناکرێ کە لە کەرکووک بینراوە.

لەمبارەوە، جەمال عەبدوڵا نوسەر و چاودێری سیاسی، بۆ (باسنیوز) رای گەیاند،  ئەو لامەرکەزیەتەی کە باس دەکرێ ئەگەر بەدەر بێت لە ئامانجی سیاسی و تەنیا لامەرکەزیەتی ئیداری بێت بۆ مەبەستی رێکخستنەوەی زیاتری داهاتی هەرێمی کوردستان، ئەوە ئاساییە و ئەو خاڵە لە لامەرکەزیەت لەناو پلان و بەرنامەی ئەو کابینەیەی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا بە روونی باسی لێوە کراوە، بەڵام ئەوەی باسی لێوە دەکرێ لە سلێمانی ئامانج لێی ئەو لامەرکەزیەتە ئیداریە نیە بۆ سلێمانی، بە حوکمی ئەوەی ئامانجی سیاسی لە پشت داواکەوە هەیە کە بریتیە لەوەی کە هەموو قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان کە فیدڕلیە هەڵبوەشێت و بچوکبکرێتەوە و دەسەڵاتەکانی هەولێر وەکو پایتەخت بپوکێننەوە و نەیهێڵن، دواجار هەموو شارەکانی هەرێمی کوردستان وەکو پارێزگایەکی عێراق لێبکەن، واتا ئامانجەکە گەورەترە لەوەی تەنیا سلێمانی وەکو کەرکووک بکەوێتەوە ژێر رکێفی بەغدا بەڵکو دەیانەوێ هەموو شارەکانی هەرێمی کوردستان وەکو کەرکووک لێبکەن و رادەستی بکەن، کە ئەوەش وەکو فرۆشتنی هەموو کوردستانە بەڵام سەرەتاکەی بە سلێمانی دەست پێدەکات،  گووتیشی ”ئەوە ئامانجە سیاسیەکەیە کە رانەگەیەنراوە بەڵام لە ژێر پەردەوە هەم عێراق و هەم کۆمەڵێک لەو گروپانەی کە کەرکووکیان رادەستکرد کاری بۆ دەکەن، چونکە سلێمانی چ دەسەڵاتێکی پێویست بووە و نەیدراوەتێ؟ هەموو دەسەڵاتێکیان هەبووە کە ئەگەر بیانویستایە خزمەتی شارەکە بکەن، ئەوەی ئێستا دەیکەن لەلایەن خۆدزینەوەیە لە بەرپرسیاریەتی و لەلایەکی دیکەش درێژکردنەوەی خیانەتی ١٦ ئۆکتۆبەرە بە فرۆشتنی هەموو شارەکانی هەرێمی کوردستان کە سەرەتا دەیانەوێ لە سلێمانیەوە بێت و ئیستغلالی ئەو بارودۆخە ئابووریەیە کە بەهۆی هەرزانی نەوت و پەتای کۆڕۆناوە دەیکەن، هەر بۆیەش لەو تەوقیتەدا دەبینرێ ئەو بەشە مووچەیەش بڕاوە کە لە عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان دەهات“.

بەڵام، سۆران سێوکانی لێکۆڵەری سیاسی، بۆ (باسنیوز) ئاماژەی بەوە دا، ئەو هەوڵە سەرکەوتوو نابێت، چونکە دەبێ دەستووری عێراقی بۆ بگۆڕدرێت و هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان وا ئاسان نیە، گووتیشی ”پرسی کەرکووک جیاوازە چونکە تا ئێستا شارێکی هاوبەشە لە نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق، بەڵام سلێمانی شارێکە لە چوارچێوەی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستاندایە“.