زانکۆی گەرمیان دەست بە خوێندنی ئەلیكترۆنی دەكات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

زانکۆی گەرمیان دەست بە خوێندنی ئەلیكترۆنی دەكات


لەپێناو نەفەوتانی ساڵێکی خوێندنی خوێندکاران، لە سبەینێوە خوێندن لە زانکۆی گەرمیان بە شێوەی ئەلیکترۆنی پاڵپشتکار دەست پێدەکات، سەرۆکی زانکۆکەش ڕایدەگەیەنێ زەمینەسازی پێویست بۆ پرۆسەکە کراوە.


دکتۆر فەرھاد قادر سەرۆکی زانکۆی گەرمیان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند "لەپێناو نەفەوتانی ساڵێکی خوێندنی خوێندکاران و بەھۆی بەردەوامی ئەم دۆخە نەخوازراوەوە ناچارین لە سبەینێوە ھاوشێوەی زانکۆکانی تر دەست بکەین بە خوێندن بە شێوەی ئەلیکترۆنی پاڵپشتکار، بۆ ئەو ماوە کەمەی لە ساڵی خوێندنی ٢٠١٩/٢٠٢٠ ماومانە".


گوتیشی "وەکو ئەنجوومەنی زانکۆ تێگەیشتنی تەواومان بۆ دۆخی دارایی و دەروونی و تەندروستی و تەنانەت سیاسی و کۆمەڵایەتی ھەرێمەکەمان ھەیە و ھەر لەو چوارچێوەیەشدا مامەڵە لەگەڵ واقیعەکەدا دەکەین و رەچاوی بەدەمەوە ھاتنی ئێوەی بەڕێز دەکەین، بەوبۆنەیەوە داوا لە تەواوی مامۆستایانی بەڕێزی زانکۆمان دەکەین بە پاڵنەری (ھاندان) نەک (زۆر لێکردن) لەگەڵ خوێندکاراندا ھەڵسوکەوت بکەن".


ڕوونیشی کردەوە "زانکۆمان بەپێی توانا زەمینەسازی پێویستی بۆ ئەم پرۆسەیە کردووە، کە شێوازی خوێندنی ئەلکترۆنی پاڵپشتکارە نەک ئۆنلاین، واتا زیاتر کارەکان لەڕێگەی بەکارھێنانی ئەو ئەپڵیکەیشن و بەرنامانەوە ئەنجام دەدرێن، کە خوێندکار دەتوانێت دواتر و لەکاتی ھەبوونی ھێڵی ئینتەرنێتدا بڕواتە سەریان و بیانبینێت ، ھەر لەو رێگەیەوە بەشداریکردن و ئامادەبوونیان تۆماردەکرێت، لەکاتی زۆر پێویستدا نەبێت بەرنامەکانی پەیوەندیکردنی ڕاستەوخۆ بەکارناھێنرێت".


ئاماژەی بەوەش دا "مامەڵەی واقعی لەگەڵ (تاقیکردنەوەکانی وەرزی دووەم و کۆتایی ساڵ و ئەو بەشەی پرۆگرامی خوێندن کە لەم ماوەیەدا دەخوێنرێت) دەکرێت و لەکاتی ئاساییبوونەوەی بارودۆخەکە، راستەوخۆ کۆتایی بەمشێوە خوێندنە دەھێنین و دەرۆینەوە نێو ھۆڵەکانی خوێندن".