په‌که‌که‌ی ئیمڕۆ، ئه‌و په‌که‌که‌یه‌ی نه‌وه‌ده‌کانی سه‌ده‌ی ڕابردوو نییه، که تێیدا ده‌رکه‌وتن. ئێستا و ئالێره‌دا گومان له‌سه‌ر ده‌رکه‌وته‌یه‌کی مانیپولیره‌ی په‌که‌که هه‌یه، که له سه‌ره‌تاوه په‌که‌که ئه‌وه نه‌بووبێت، که خۆی پیشانی کورد داوه. به دڵنیاییه‌وه هه‌ست و لۆگیکی نه‌ته‌وه‌یی کورد له باشوور و ڕۆژئاوا و ڕۆژهه‌ڵاتدا هه‌ست و لۆگیکێکی تره وه‌ک له‌وه‌ی په‌که‌که هه‌یه‌تی. هه‌تاوه‌کوو دوای ڕاپه‌ڕین ده‌گمه‌ن بوون ئه‌و هاووڵاتییانه‌ی که په‌که‌که‌یان ده‌ناسی، لێ شه‌ڕ دژ به په‌که‌که له‌دوای ڕاپه‌ڕین هۆکار بوو بۆ ناساندنی زیاتری په‌که‌که له کوردستانی گه‌وره‌دا به گشتی و له باشووردا به‌تایبه‌ت. ئه‌م شه‌ڕه بڕیارێکی په‌رله‌مانتاری بوو نه‌ک هی پارته‌کان خۆیان به جیا. ئه‌وده‌میش یه‌کێتی و پارتی براوه‌ی گه‌وره‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کان بوون. واتا هه‌ر له سه‌ره‌تاوه کێشه‌ی په‌که‌که کێشه‌یه‌کی حوکمڕانی بووه نه‌ک هی پارته‌کان. له یه‌که‌م هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانه‌وه هه‌تاوه‌کوو ئێستا بوونی په‌که‌که به‌و شێوه‌یه‌ی که هه‌یه، بەپێی یاسا ڕێگاپێنه‌دراو بووه، به‌ڵام هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی خەڵكی باشوور هه‌میشه هۆکار بووه له به‌رگه‌گرتنیان و بگره پارێزگاریکردنیشیان. کورد له باشووردا هه‌میشه به ڕۆحێکی کوردانه‌وه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ په‌که‌که‌دا کردووە.
کاتێک له ساڵی ١٩٩٩دا عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان ده‌ستگیر کرا، کوردی کوردستانی گه‌وره له ناوه‌وه و له ده‌ره‌وه‌ی وڵات‌دا به‌وپه‌ڕی ڕۆحی کوردانه‌وه ده‌رکه‌وتن، ئه‌م ڕۆحه کوردییه په‌که‌که‌ی به‌هێزتر کرد، په‌که‌که‌ش ئه‌م هه‌له‌ی زیاتر بۆ خۆی قۆزته‌وه و له‌و کاته‌شه‌وه په‌که‌که بوو به بوونه‌وه‌رێکی تر، بوونه‌وه‌رێک که له‌سه‌ر هێز و توانای ناوچه‌کانی تر ده‌ژی. له‌دوای ئۆجه‌لانه‌وه، بەئاشکرا دیاره که په‌که‌که خاوه‌نی ته‌نیا ڕێچکه‌یه‌کی سیاسیی نییه، به‌ڵکوو چه‌ندین ڕێچکه، که زیانێکی گه‌وره به دۆسیه‌ی کورد بەگشتی ده‌گه‌یه‌نن. نه‌ک به ته‌نها باشوورییه‌کان، به‌ڵکوو باکوورییه‌کانیش قسه له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌که‌ن، که تورکیا خاوه‌نی ده‌سته له‌ناو په‌که‌که‌دا، نه‌ک به ته‌نها باشوورییه‌کان، به‌ڵکوو خودی خۆرهه‌ڵاتییه‌کانیش قسه له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌که‌ن، که ئێران خاوه‌نی ده‌سته له‌ناو په‌که‌که‌دا. سووریا و ئێراق دوو وڵاتی وێرانه‌ن، ده‌نا به دڵنیاییەوە ئه‌وانیش خاوه‌نی ده‌ست ده‌بوون له‌ناو په‌که‌که‌دا. ئه‌وه‌شی دەمێنێته‌وه، ئه‌و خه‌ڵکه خوێنگه‌رمه که به ڕۆحێکی کوردانه‌وه له‌ناو پەکەکەدا تێده‌کۆشن له‌پێناوی هیچدا. سه‌رانی په‌که‌که له لێدوانه بەردەوامییه‌کانیاندا ئه‌م ڕاستییه دوورباره ده‌که‌نه‌وه، که تاکی کورد شەرمەزار ده‌که‌ن، که تاکی کورد خه‌مبار ده‌که‌ن به لێدوانه‌کانیان.
ئه‌گه‌ر ته‌ماشا بکه‌ین، ئه‌وا ئاسان ئه‌م ڕاستییانه له بۆچوونه‌کانی دوران کالکاندا دەربارەی ئێران ده‌بینین، کاتێک ئه‌و دەلێت: ئێمە جگە لەوەی كە تێبینیمان لەسەر جۆری پرۆژەكەی ئێران هەیە، بۆ گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەراست، لە ڕووی ئایدیۆلۆژییەوە، بەڵام وەك پرۆژەیەكی ئامادە لەگەڵ پرۆژەی ئێمەشدا نزیكایەتیی هەیە، ستراتیژی هاوبەشمان لەگەڵیان هەیە، چونكە ئێرانیش هاوشێوەی ئێمە دژی تێكدانی دەوڵەتی گەلانی دیموكراتە، كە پارچەكردنی عێراق و سووریا و توركیا و ئێران دەگرێتەوە، ئێمەش هاوشێوەی ئێران هەمان ئامانجمان هەیە بۆیە هەردوولامان ڕووبەڕووی ئەو پرۆژانە دەبینەوە. لێره‌دا مه‌به‌ست له خه‌باتی پێشمه‌رگه‌یه، مه‌به‌ست له خه‌بات و تێکۆشانی ئه‌وانه‌یه، که تێده‌کۆشن بۆ به‌ده‌ستهێنانی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی کورد.
دوران کالکان به‌مه‌شه‌وه ڕاناوه‌ستێت و دەڵێت: "ئەگەر ئێران بەردەوام بێت لە هاوكاریی گەلانی دیموكرات لە ڕووبەڕووبوونەوەی لەگەڵ دابەشكارانی دەوڵەتانی رۆژهەڵاتی ناوەراستدا، ئەوە ئێمە تاران دەكەینە ناوەندێكی ستراتیژی و فیدراسیۆنی پاراستنی دەوڵەتانی گەلانی دیموكرات، چونكە ئێمە و چەپەكانی توركیا و سووریا و لە عێراقیش لەو هەوڵەداین، كە لەگەڵ ئێران‌دا هاوبەشیەكی ستراتیژی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو كوردانە ببەستین، كە دەیانەوێت دەوڵەتانی عێراق و سووریا و ئێران و توركیا بەرەو دابەشبوون ببەن، بەتایبەتی لە عێراق كە بارزانیەكان و كوردەكانی باكوری عێراق لەو هەوڵەدان و دەیانەوێت دەوڵەت دروست بكەن، ئێمە یەكەم هێز دەبین ڕووبەڕوویان دەبینەوە".
ئا لێره‌دا ده‌بینین، که په‌که‌که‌ی ئێستا هیچ نییه، بێجگه له کلکی ته‌ورێک، ته‌وری تورکیا و ئێران، که له په‌ڕاندنی سه‌ری کورد زیاتر هیچی تری ناوێ. من وه‌ک کوردێک شه‌رم ده‌که‌م، که که‌سێکی وه‌ک دوران کالکان چ کورد بێت و چ سه‌رکرده‌یه‌کی سیاسیی کوردیش بێت، هه‌روه‌کوو چلۆن شه‌رمم ده‌کرد، کاتێک ئیبراهیم تاتڵسم له ته‌نیشت ئه‌ردۆگانه‌وه بینی، کاتێک سوپای تورکیا عه‌فرینی داگیر کرد و ئیبراهیمیش گۆرانیی بۆ سوپای تورکیا ده‌گوت.
سه‌رکردایه‌تیی په‌که‌که هێزی پێشمه‌رگه‌ی پێ هێزێکی مه‌ترسیداره، چونکه تێکۆشانی پێشمه‌رگه، تێکۆشانه بۆ سه‌ربه‌خۆیی و جیابوونه‌وه له ئێراق، جیابوونه‌وه له ئێران و به‌ده‌ستهێنانی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ بۆ کورد. له‌م ڕوانگه‌یه‌شه‌وه له زینی وه‌رتێ به هاوکاریی یه‌کێتی، ڕووبه‌ڕووی هێزه‌کانی وەزاره‌تی پێشمه‌رگه بوونه‌وه، ئاخر ئەمانە دژی دروستبوونی ده‌وڵه‌تی کوردین و نایانه‌وێت کورد له ئێراق جیا بێته‌وه. هه‌ر بۆیه به هیچ شێوه‌یه‌ک نایانه‌وێت به‌ها بۆ سوپایه‌ک دابنێن، که ناو ده‌نرێت سوپای هێزی پێشمەرگی کوردستان، که سوپای وه‌زاره‌تی به‌رگریی کوردستانه، سوپای وەزاره‌تی پێشمه‌رگه‌یه. ئه‌گه‌ر هه‌تا ئێستا ڕاستییه‌ک شاراوه بووبێت، ئه‌وا ئیمڕۆ چیتر شاراوه نییه، ئه‌ویش بریتییه له‌وه‌ی، که ده‌سته‌کانی تورکیا و ئێران له‌ناو په‌که‌که‌دا ده‌یانه‌وێت په‌که‌که له باشووردا بێت، ئه‌مه بۆ لێدانی باشووره، بۆ لێدانی حکوومه‌تی هه‌رێمە. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش ته‌نانه‌ت خاوەنی ده‌ستن له به‌غدا، کۆمه‌ڵه ده‌ستێک، که کاریان دروستکردنی بەربەستی یاساییه بۆ حکوومه‌تی هه‌رێم.
دۆران کالکان ئەندامی کۆنسەی سەرۆکایەتیی پەكەكە و دەستەی بەڕێوەبەرایەتیی كۆماجڤاكی كوردستان (كەجەكە) دەڵێت: "هیچ دەسەڵاتدارێكی عێراق، سووریا، ئێران و توركیا مافی بڕیاردانی تێكدانی دەوڵەتانی گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نییە، ئێمە لە قۆناغێكداین، كە دەوڵەتانی گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەپارێزین. بۆ ئەوەی گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، دەوڵەتانی دیموكراتی گەلان لەناو ئەو چوار دەوڵەتە بنیات بنێین. لێره‌دا مه‌به‌ست له ئێراق، ئێران، سووریا و تورکیایه، که کورد بۆی نییه ئه‌م ده‌وڵه‌تانه له‌ت بکات، به‌وه‌ی داوای جیابوونه‌وه‌ی خۆیان لێیان و به‌ده‌ستهێنانی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی خۆیان بکه‌ن.
دۆران کالکان به‌مه‌شه‌وه ڕاناوه‌ستێت و ده‌ڵێت: "پێكهاتەی كورد لەو دەوڵەتانە هەوێنی پاراستنی و بنیاتنانی دەوڵەتی گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و نابێت كورد بیر لە دەوڵەتی سەربەخۆ بكاتەوە. گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەسەر بنەمای نەتەوە و دەوڵەت دروست بكرێت. ئەمە پرۆژەیەكی شاشە و هەڵەیەكی ستراتیژییە، بۆیە ئێمە بە هەموو شێوەیەك دژی دروستكردنی دەوڵەتی نەتەوەی كوردین و لەگەڵ پاراستنی دەوڵەتی عێراق و سووریا و ئێران و توركیا داین، بەڵام خەباتی ئێمە بۆ گۆڕینی شوناسی ئەو دەوڵەتانەیە، بۆ دەوڵەتی گەلانی دیموكراتی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست. ئه‌م ده‌ربڕینه، ده‌ربڕینێکی له‌سه‌دا سه‌دی تورکیایه، چونکه له دیدی تورکیاوه ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تێکی کوردی له‌سه‌ر مانگیش دروست بکرێت، ئه‌وا مه‌ترسییه بۆ سه‌ر تورکیا. لێره‌دا له خوێنه‌ران ده‌پرسم، ئاخۆ بۆچوونه‌کانی دوران کالکان بۆچوونی شۆڕشگێڕێکی کورده یاخوود سیخووڕ؟
بۆ دۆران کالکان، شنگال و مووسڵ، خاڵی پاراستنی دەوڵەتی گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەراستە و بەیەك بەستنەوەی ڕێڕەوی گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، هه‌ر بۆیە وه‌ک کالکان خۆی ده‌ڵێت، ئه‌وان ڕووبەڕووی پێشمەرگە دەبنه‌وه، چونكە ناسنامەی پێشمەرگە ناسنامەیەكی مەترسیدارە، لەسەر دەوڵەتانی عێراق و سووریا و ئێران و توركیا، کە لە هەوڵی دروستكردنی دەوڵەتی نەتەوەدان. کالکان ده‌ڵێ: كوردستان مافی دەوڵەتی نەتەوەی نییە، ئەم مافە سەرمایەداری بە كوردی داوە، بۆ بەرژەوەندیی جەمسەرگیریی و سیاسیی و عەسكەری، بۆیە ئێمە بە هەموو شێوەیەك ڕووبەڕووی دەبینەوە. ئالێره‌دا من بیر له‌وه ده‌که‌مه‌وه، که ئاخۆ کێ قسه ده‌کات؟ چ شه‌رمه‌زارییەکی گه‌وره‌یه، که که‌سێکی وه‌ها وه‌ک شۆڕشگێڕێکی کورد بناسێنرێت.
هه‌ندێک سیاسیی باشووریش هه‌بوون و ئێستاش هه‌ندێک هه‌ن، که پێیانوایه ده‌وڵه‌تێکی کوردی خه‌ونێکی شاعیرانه‌یه. ئه‌م ده‌ربڕینه شه‌رمه‌زارکه‌ره، لێ بۆچوونه‌کانی کالکان پڕ مه‌ترسیین، چونکه دوژمن له‌ودا قسه ده‌کات. ئه‌م ڕاستییانه له وته‌کانی کالکاندا ده‌بینین، کاتێک کالکان ده‌ڵێت:
پەكەكە بۆ دروستكردنی ناسنامه‌ی نەتەوە و دەوڵەت بۆ كورد دانەمەزراوە. قوتابخانەی په‌که‌که، ناكرێت بە پارتی و یەكێتی و گۆڕان و دیموكرات و ئەنەكەسێ و پەدەكەی باكوور چەندانی حزبی‌تر بچوێنرێت، ئەمە هەڵەیەكی گەورەیە، چونکه پەكەكە ناسنامەی دەوڵەت و نەتەوەی كورد ناپارێزێت، به‌ڵكوو دژی دەوەستێتەوە. ماوه‌ته‌وه بپرسم، که ئاخۆ ئێوه له باشووردا، له باکووردا، له ڕۆژئاوا و ڕۆژهه‌ڵاتدا بۆ چ شتێک تێده‌کۆشن و چ شتێک ده‌پارێزن؟