کورد مافی خۆیەتی لە نەوتی کەرکووک و مووسڵدا پشکی هەبێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

کورد مافی خۆیەتی لە نەوتی کەرکووک و مووسڵدا پشکی هەبێت

دروستكردنی دەوڵەتی توركیا لەسەر دەستی ئەتاتورك، رێككەوتنی (لۆزان)ی بە دوای خۆیدا هێنا، كە توركیا لەو رێككەوتنەدا سنوورەكانی لەلایەن وڵاتانی ئیمپریالیزم بۆ كێشرا و، توانی چەند دوورگەیەكی یۆنان بۆ خۆی مسۆگەر بكات و چەند دوورگەیەكی تریش لەدەست بدات. هەروەها خاكی عێراقیشی بە تەواوی لەدەست دا، بەڵام بە چەند مەرجێك.

زۆرجار رەجەب تەیب ئەردۆغان باسی ویلایەتی مووسڵ دەكات، كە پێشتر لەژێر دەستی داگیركاریی عوسمانییەكاندا بووە. مەبەستی ئەردۆغان روونە كە ئێستاش چاوی لەوەیە لە خێر و بێری ئەو شارە بخوات وەكوو چۆن پێشتر خواردوویانە.

لە رێككەوتنی (لۆزان)دا بە ئامادەبوونی فەڕەنسا و بریتانیا، توركیا بەو مەرجە لە مووسڵ كشایەوە، كە٣٠٪ داهاتی نەوتی ئەو شارە بۆ توركیا بێت.

تەها ئاكیول مێژوونووس و نووسەری دیاری توركیا، چەندین جار گوتویەتی توركیا تا ساڵی١٩٦٠ ساڵانە ٣٠٪ داهاتی نەوتی مووسڵی لە لایەن عێراقەوە بۆ هاتووە.

بەڵام دوای ئەوەی عەبدولكەریم قاسم  هاتووەتە سەر دەسەڵات و دوای ئەویش سەرۆكەكانی تر، حكوومەتی عێراق گوتوویانە ئێمە بۆچی ئەو سەرانەیە بدەینە توركیا؟ ئەوان ئەو ٣٠٪ەی نەوتی مووسڵیان لە توركیا بڕی.

بەهۆی ئەوەی توركیا كێشەی ناوخۆیی زۆری بووە، كوودەتا بەسەر "عەدنان مەندەریس"دا كرا و پاشان بارودۆخی سیاسی تێك چوو، توركیا نەیتوانی پاڵەپەستۆ بخاتە سەر عێراق بۆ بابەتی پارەی نەوتی مووسڵ.

ئاكیول ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، كە بەهۆی ئەوەی توركیا بێدەنگ بووە لە وەرگرتنی ٣٠٪ی داهاتی نەوتی مووسڵ، بۆیە بابەتەكە كۆتایی پێ هات و ئیدی پرسی وەرگرتنی ٣٠٪ی نەوتی مووسڵ لە لایەن توركیاوە داخرا.

ئەو باسی لەوەش كرد، كە هەڵەیەكی گەورە بووە توركیا چاوپۆشی لەو بابەتە كردووە، چونكە ئەمە رێككەوتنە و دەبێت ببرێتە سەر.

هەر بۆ زانیاری، توركیا تا كوودەتایەكەی١٩٨٠ بە سەرۆكایەتیی كەنان ئێڤرەن، لە بودجەی ساڵانەی وڵاتی توركیا، ٣٠٪ داهاتی نەوتی مووسڵ لە بودجە جێگر كراوە، بەڵام وەریان نەگرتووە.

باشە توركیا بۆ ماوەی ٣٠ ساڵ ٣٠٪ نەوتی مووسڵ بۆ خۆی ببات، بەبێ ئەوەی مووسڵ هیچ پەیوەندییەكی بە توركیاوە هەبێت، ئەی بۆچی بۆ كوردێك كە كەركووك خاكی خۆیەتی و زۆرینەی دانیشتوانەكەی كوردن گوناح بێت باس لە داهاتی نەوتەكەی بكات.

ئێستا كە كورد داوای مووچەی نیوەی فەرمانبەران دەكات لە عێراق، بەشێك وا دەزانن ئەو پارەیە بەخێر و سەدەقە دەدرێتە كورد، نازانن ئەوە پارەی نەوتی خۆمانە و دەیان ساڵە دەیدزن و مانگانەش وەكوو خێر بەشێكی كەممان دەدەنێ.

هەر ئەو تەها ئاكیوڵەی مێژوونووسی توركیایە، لە بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنی (CNN) بەشی توركی دانی پێدا نا كە سەدەمانێك مووسڵ زۆرینەی دانیشتوانەكەی كورد بووە و بە پلەی دووەمیش توركمان و سێیەمیش عەرەب.

كەواتە كورد مافی خۆیەتی لە داهاتی نەوتی مووسڵ و كەركووك پشکی خۆی هەبێت، ئەمەش نە خێرە و نە سەدەقەیە.