شارەزایانی ئابووری پێیان وایە دابەزینی نرخی نەوت کاتی دەبێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

شارەزایانی ئابووری پێیان وایە دابەزینی نرخی نەوت کاتی دەبێت

"عێراق و هەرێمی کوردستان بەیەکەوە پلان بۆ بەردەوامبوونی مووچەی فەرمانبەران دادەنێن"

شارەزایانی ئابووری پێیانوایە دابەزینی نرخی نەوت کاتی دەبێت و لە سەرەتای ئەم مانگەوە نرخی نەوت جێگیر و بەرز دەبێتەوە، بڕیارده‌ری لیژنه‌ی دارایی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ئاشکرای دەکات کە عێراق و هەرێمی کوردستان بەیەکەوە پلان بۆ بەردەوامبوونی مووچەی فەرمانبەران دادەنێن.

لە شەوی ڕابردووەوە نرخی نەوت ناجێگیریی زۆر بەخۆیەوە بینیوە و تەنانەت نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا گەیشتە خوار سفر، بەڵام نرخی خاوی برێنت و ئۆپێک دابەزینەکەی بەراورد بە نەوتی سووکی تەگساس ناکرێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو نرخە بۆ نەوتی خامی برێنت بۆ مانگەکانی پێشتر زۆر کەمە کە لە بازاڕدا دەفرۆشرێت، شارەزایانی ئابووری و کەرتی نەوتیش پێیانوایە ئەو دابەزینە کاتییە و لەدوای سەری مانگەوە تا سنوورێک نرخی نەوت بەهاکەی بۆ دەگەڕێتەوە و جێگیر دەبێت.

لەمبارەوە، محەمەد سەعدەدین بڕیارده‌ری لیژنه‌ی دارایی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان بۆ (باسنیوز) رای گەیاند: "دابەزینی نرخی نەوت چاوەڕوانکراو بووە، بەڵام دابەزینەکە کاتییە و لە ماوەی دوو مانگی داهاتوودا دەگەڕێتەوە بۆ بەهای جارانی خۆی، گوتیشی: "بابەتی نەوتی تەکساس پەیوەندی بە نرخی نەوتی برێنت و ئۆپێک نیە، نرخی ئەو نەوتەی هەرێمی کوردستان و عێراق دەیفرۆشن بەو شێوەیە دانەبەزیوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەموو جیهان بە قەیرانێکی ئابووریدا تێدەپەڕێ، بەو هۆیەشەوە عێراق و هەرێمی کوردسان ئێستا سەرقاڵی دانانی پلانێکن بۆ بەردەوامبوونی مووچەی فەرمانبەران و ڕێكخستنى دارايی وڵات".

شارەزایانی کەرتی نەوتیش بەگشتی چەند هۆکارێک بۆ داشکانی نرخی نەوت دیاری دەکەن.لەمباروە د. محەمەدعەلی عوزێری، دکتۆرا لە کارگێڕی و ئابووری، بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "نەوتی تەکساس نرخێکی ناوخۆییە و جیھانی نییە، واتە لە سەر کاغەزە و و بڕێکی زۆر کەمی لێ فڕۆشراوە و کاتی رادەستکردنی بۆ مانگی پێنجە، یان دەتوانین بڵێین کە کڕیاری نەوتەکان کە پێشر گرێبەستی کڕینیان کردبوو و دوێنێ دوایین ڕۆژیان بوو بۆ فرۆشتنەوەی بەو شوێنانەی کە بەکاری دەھێنن و دەبێ لەسەر بارھەڵگرەکان لە مانگی پێنج دایبەزێنن".

 

 گوتیشی: "ئەوەی تێبینی کراوە دوێنێ کڕیار بۆ مانگی داھاتوو نەبوو و فرۆشیارەکان تا زیاتر زیانی مانەوەی نەوت لەناو بارھەڵگرە نەوتییەکان نەمێنێ و پارە بۆ ئەوانیش نەژمێرن، بێ بەرامبەر ویستیان نەوتەکانیان ساغ بکەنەوە، هەر بۆیەش نەوتی برێنت توانی پارێزگاری لە نرخە جیھانییەکەی بکات و بە شێوەی نەوتی سووکی تەکساس دانەبەزی".

ئەو شارەزای ئابووریە بەگشتی دابەزینی نرخی نەوتی بۆ چەند هۆکارێکی جەوهەری گەڕاندەوە لەوانە،  یەکەمیان: یەدەگی نەوت ئەمریکی کۆکراو کە لە عەمبارەکانی ئەمریکا گەیشتووەتە سەرووی ٦٤٤ ملێون بەرمیل و کۆگاکان بۆ یەکەمجارە لە میژوودا پڕ بوون کە کە تەنیا یەدەگی پێویستی بەکار ھێنانی ٣١ ڕۆژە بۆ ئەمریکا.

 دووەمیان: زیاتر لە ١٦٠ ملێون بەرمیل نەوت لەسەر بارھەڵگرە دەریاییەکان ھەیە بۆ فرۆشتن و لەگەڵ ئەوەش بەرھەمھێنەرەکانی ئەمریکی لە دەرھێنانی نەوت بەردەوام بوون.

سێیەم: شکستی ھەوڵەکانی ئۆپێک و رووسیا بۆ بەرزکردنەوەی نرخ و دۆخی کۆرۆنا و کەمیی داواکاری بۆ نەوت و زۆریی فرۆشتن ئەوانەش هۆکاری دیکەن.

هاوکات، فەیسەڵ عەلی شارەزا لە کەرتی ئابووری پێی وایە، داشکانەکەی بازاڕی نەوت، مێژوویی و کاتییە. لە ئەکاونتی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک، نووسیویەتی: "لەبەر ئەوەی ئەمڕۆ سێشەممە گرێبەستەکانی مانگی ئایار تەواو بوو، کە دەبێ سەوداکارانیش بە زووترین کات نەوت بۆ کڕیار بۆ ئەو نەوتەی کڕیویانە بدۆزنەوە، ئەوە هۆکاری سەرەکی داشکانەکە بووە".

 

فەیسەڵ عەلی پێشی وایە، ئەم ڕەوشە کورت مەودایە، چونکە گرێبەستەکانی مانگی شەش هێشتا لەسەروو (٢٠) دۆلارەوەیە، واتە کێشە لە پەیکەری نرخی ئایندەی نەوتدا نییە، بەڵام ئەمەی ئێستا پەیوەندیی بە سەوداکارانی ئەمڕۆوە هەیە، ئەویش داخستنی گرێبەستەکانی مانگی ئایارە.