كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

پەیوەندییەكانی رووسیا و سووریا ئاڵۆزی تێدەکەوێت

ئێران هەوڵی قۆستنەوەی دۆخەکە دەدات

پەیوەندییەكانی رووسیا و ڕژێمی بەعس لە سووریا ئاڵۆزی تێكەوتووە و ڕاگەیاندنەكانی مۆسكۆ هێرشێكی توندیان بۆ سەر بەشار ئەسەد سەرۆكی ڕژێمی سووریا دەستپێکردووە، ئەندامێکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کوردییش لە سووریا پێیوایە مۆسكۆ لە دۆخێکی خراپی ئابووریدایە و زیاتر لەوە بەرگەی مانەوە لە سووریا ناگرێت.

ڕۆژنامەی (پراڤدا)ی ڕووسی كە لە ڤلادمێر پۆتین سەرۆكی رووسیا نزیكە، لە ڕاپۆرتێكدا نووسیویەتی لە كاتێكدا ڕووسیا ژیانی دەیان سەربازی لە سووریا كردووەتە قوربانی، بەڵام ئێستا بەشار ئەسەد خەریكی كڕینی تابلۆیە بۆ ژنەكەی و سامان كۆدەكاتەوە.

هەروەها ڕۆژنامەكانی ڕووسیا، بەشار ئەسەدیان بەوە تۆمەتبار كردووە كە شەرعیەتی نیە و زیاتر لە دوو لەسەر سێی خەڵكی سووریا ئەسەدیان قبووڵ نیە، هەروەها بەشار ئەسەد ئێستا هیچ گرنگیەک بە ئابووری وڵات نادات و سووریا مایەپووچ بووە، ئەمەش وا دەكات ئاسایش و بەرژەوەندییەکانی ڕووسیا بخاتە مەترسیەوە.

هەر ئەمڕۆش محەمەد جەواد زەریفی وەزیری دەرەوەی ئێران گەیشتە دیمەشق و لەگەڵ بەرپرسە باڵاکانی سووریا کۆبووەوە. چاودێرانیش پێیانوایە ئێران دەیەوێت ناكۆكییەكانی ئەسەد و پۆتین بقۆزێتەوە بۆ زیادكردنی هەژموونی خۆی لە سووریا و لەمەشدا ئێران ئەزموونی هەیە، هەروەكو ئەوەی لە عێراق و لوبنان و یەمەن كردوویەتی.

لەمبارەیەوە د.کاوە عەزیزی چاودێری سیاسی و ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا بۆ (باسنیوز) رایگەیاند لەم قۆناغە رووسیا دەیەوێ بە فشارکردنە سەر بەشار ئەسەد چارەسەری دۆخی سووریا بکات، چونکە دۆخەکە گەیشتووەتە لوتکە، دەرفەتی ئاڵۆزی و شەڕ نەماوە، چونکە هیچ هێزێک لە سووریا بەرگەی زیاتر لەوەی کە روویداوە ناگرێت، ئەو دۆخە بۆ رووسیا زەحمەتە کە مانەوی ئەو هەموو سەرباز و هێزە زۆرەوە لە سووریا کە خەرجیان زۆرە و قەیرانێکی قووڵی ئابووری بەرۆکی هەموو جیهانی گرتووە، جگە لەوەش رووسیا لەم قۆناغە دەیەوێ لەگەڵ ئەمریکاش بگات بە رێکەوتن، لە بەرامبەر بەوەش وەکو دەبینرێ بەشار ئەسەد نایەتە پێشەوە و هەر لەسەر بۆچوونەکانی سەرەتای ئاڵۆزیەکانی سووریایە، ئەوە وایکردووە رووسیا ناچار بێت فشار بخاتە سەر بەشار ئەسەد و رژێمی سووریا، تاوەکو لەو لوتبەرزیەی بێتە خوارەوە و دەرفەت بە ئاشتی و گفتووگۆ بدات بەتایبەتی لە چوارچێوەی ئەو لیژنەیەی بۆ نوسینەوەی دەستووری سووریا پێکهاتووە.

هەروەها گوتی "دۆخەکە بەشێوەیەکە هەموو هێزە گەورەکان پێویستیان بە سووریایەکی ئارام هەیە، ئەوەش بەبێ فشارکردنە سەر بەشار ئەسەد روونادات، لەبەرئەوە لەم قۆناغە رووسیا دەیەوێ چارەسەری سیاسی بۆ دۆخی سووریا بدۆزێتەوە".

لای خۆیەوە د.سەنگەر سەید قادر، لێکۆڵەر لە سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، بۆ (باسنیوز) رایگەیاند نیگەرانیەکانی پۆتین و رووسیا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بەشار ئەسەد پلانی ڕووسیای بۆ ئاسایكردنەوەی دۆخی وڵات و گۆڕانكاری لە دەسەڵات و كەمكردنەوەی دەسەڵاتەكان ڕەتكردووەتەوە كە ئەمەش هەوڵی ڕووسیا بۆ دروست كردنی سوریایەكی نوێ بە تەواوی پەكخستووە، لە کاتێکدا کە ڕووسیا دەیەوێت سوریا بكات بە نمونە و بەرهەمێكی ستراتیژی و بە جیهان بڵێت ئەوە ئەو سوریایە كە من دروستمكرد كە جیاوازە لەو عێراقەی ئەمەریکا لە دوای ڕووخانی سەدام بنیاتی نا.

ئەو لێکۆلەرە سیاسیە ئاماژەی بەوەش دا کە ئێران دەیەوێت ناكۆكیەكانی ئەسەد و پۆتین بقۆزێتەوە بۆ زیادكردنی نفوزی خۆی لە سوریا و لەمەشدا ئێران ئەزموونی هەیە، هەروەكو ئەوەی لە عێراق و لوبنان و یەمەن كردوویەتی.