كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
عارف روشدی 15/04/2020

ئەنفال؟ بەڵێ ئەنفال! لوتکەى ڕیسوابوون

لەوەتەى ئەم بەشەى کوردستان (کوردستانى باشور) بە دەوڵەتى عیراقەوە لکێنراوە ، بە چەندین شێوە بەردەوام ڕووبەڕووى چەوساندنەوەو داپلوسین بوتەوە ، هەر لە سەردەمى پاشایەتییەوە (لەوانەیە باشترین قوناغ بێت) پروسەى ڕاگواستن و تەعریب پیادەکراوە ، چەندین جار لە شوڕشەکانى بارزان و ئەیلول و گولاندا ، گوندو وارەکانى ولاتەکەمان خاپورکراون ، ساڵى ١٩٦٣ : لە گوندى (صوریا) ى دەشتى سلێڤانەى سەربەقەزاى زاخو نزیکەى (٧٠) کەس بە کومەڵ شەهیدکران ، هەر لە هەمان ساڵدا لە حامییەى سەربازى سلێمانیدا دەیان هاولاتى بێگوناهى ئەو شارە لە سەر دەستى تاوانبار (زەعیم سدیق) گوڵە بارانکران ، ساڵى ١٩٦٩: لە گوندى (دەکان) ى سەر بە قەزاى شێخان تەواوى دانیشتووانى گوندەکە لە ئەشکەوتى (دەکا) دا کە خویان پەنادابوو لە ترسی بوردونمان و هێرشى هێزەکانى حکومەت سوتینران ، لە ٢٤ى ٤ى ١٩٧٤ دا شارى قەڵادزێ بە چەند فروکەیەک خڵتانى خوێنکراو زیاتر لە ٣٠٠ شەهیدو ٥٠٠ بریندارى لێکەوتەوە، لە هەشتاکاندا چەندین گوندو شاروچکە لە دەڤەرە جیاکانى کوردستاندا کیمیاباران وتەختکران ، تاوانکارییەکەیان گەیشتە ئەوەى لە ١٦ى ٣ى ١٩٨٨ دا شارى هەلەبجەى سەرکەش بە گازى کێمیایی و ناپاڵم بخنکێنن ، لە هەمان ساڵدا و لە تاوانکارییەکى دیکەدا (٨٠٠٠) هەزار بارزانى لە ئوردووگاکانى دەورو بەرى شارى هەولێر ئەنفالکران .لە ماوەى ساڵانى شەرى ٨ سالەى عیراق - ئیران دا ، بە تایبەتى لە ساڵى ١٩٨٨دا واتە : بەر لە (٣٢) ساڵ ، کەرب و کینەى شوڤینیانەى داگیرکەرى عەرەبی عیراقى بە سەرکردایەتى بەعسییەکان بۆ لە ناوبردنى گەلەکەمان گەیشتە تروپک و بە دروشم و ناوونیشانى (ئەنفال) ؟؟؟ بەڵی (ئەنفال) ئەنجامدرا ، ئەنفالەکەیان بریتیبوو لە کوتاییهێنان بە هەمو بوون و بونەوەرەکان (مروڤ ، ژینگە و هەر چى سەرچاوەى دیکەى ژیان ) ، لە ئەنجامدا (١٨٢) هەزار کەس لە نەتەوە و ئایینىە جیاوازەکانى کوردستان لە کوشتارگەیەکى هولوکوستیدا لە ناوبران ، زیاتر لە (٤٥٠٠) گوند خاپورکران .
لە بەرپاکردنى پروسەى ئەنفالدا بێجگە لە بالا دەستى بیرى شوڤینى و ویستى قەلاچوکردنى گەلى کوردستان لە ڕووى جەستەیی و روحییەوە، داگیرکەر مەبەستى دورترى هەبوو، خۆى لە خواستى پەرتەوازەکردنى یەکجارەکى خەلکى کوردستاندا دەبینییەوە ئەویش پەنابردن بوو ، بۆ نابووتکردنى (ئابورى کوردستان) و تلانەوەى کومەڵگاى کوردەوارى لە هەژارى و نەداریدا ، پلانەکەى بریتیبوو لەوەى : سەرەراى سیاسەتى فەرمى راگواستن ، ژیانى کولەمەرگى دەێیتە پالنەرێکى دیکەى بەجێهێشتنى کوردستان لە لایەن هەژمارێکى زورى بێکارانەوە ،لە کاتێکدا بە شیکیان لە ناچارى دەبوون بە چەکدارى ڕژیم . خوش بەختانە پلان و پیلانەکەى ڕژیم بەو شێوەیەى کە مەبە ستی بووسەرینەگرت ، بەلام تا ڕاددەیەک کاریگەرییە نەرێنییەکانى تا ئێستا بە جەستەى بونیادى ئابورى کومەڵگاکەمانەوە بە دی دەکرێن ، هەروەها کارتێکردنەکەى لە کورت بینینى (نیشتیمانى - نەتەوایەتى) هەندێ گروپی کەمى توێژێک کە دەکرێ تەنها بە ( قەلەم بەدەست) ناوزەدبکرێن خوى دەنوێنیت .
لەم کوستە نیشتیمانى و نەتەوەییەدا پێویستە گەلەکەمان و هەموو لایەنەسیاسییەکانى کوردستان بگەنە ئەو راستییە :
ئایا بێجگە لە رێگە گرتن لە چەند بارەبونەوەى ئەم مەینەتانە کارێکى شیاوتر و پیروز تر هەیە ؟ بە دڵنییاییەوە نییە ، ئەو کارەش تەنها بەوە دەکرێت :
یەکەم : ناکوکییەکان وەلا بنرێن ، چونکە سەر چاوەى دەوڵەمەندى داگیرکەرانە بۆ لەناوبردنمان .
دووەم : یەک دەستى و تەبایی لە چواچێوەى حکومەتى هەرێمى کوردستاندا ، هەموومان هەماهەنگ و کارا بین لە پێناوى بە دیهێنانى ئامانجە پیروزەکانمان لە سەربەخویی و پێشکەوتنى کومەڵایەتیدا.
درود بۆ گیانى پاکى شەهیدانى ئەنفال .