ئه‌گه‌ر بێت و سه‌رنجی ژیان بەگشتی له‌ناو کۆمه‌ڵگای کوردی‌دا بده‌ین، هه‌مانکاتیش به‌راوردی بکه‌ین له‌گه‌ڵ بۆ نموونه بیست بۆ سی ساڵێک پێش ئێستا، ئه‌وا گۆڕانکارییه‌کی گه‌وره له زۆر بواردا به‌دی ده‌که‌ین، لێ ئه‌وه‌ی به تۆزقاڵ گۆڕانکاریی به‌سه‌ردا نه‌هاتووه، بریتییه له ڕق و کینه، که نه‌ک بووه به کو‌لتوور، به‌ڵکوو بووە به سروشتی به‌شێکی گه‌وره‌ی هاووڵاتییانی کورد. هیچ تاکێک له کۆمه‌ڵگای کوردییدا به‌دی ناکه‌یت، که ئه‌زموونێکی ڕه‌ش و تاڵی له‌گه‌ڵ ئه‌م سروشته‌دا نه‌بێت، ئینجا له خێزانێکی بچکۆلانه‌وه بگره هه‌تاوه‌کوو پارته‌کان و ته‌نانه‌ت حکوومه‌تیش، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بێت‌و به ئاگا بیر له‌م کێشه کۆمه‌ڵایه‌تی و ده‌روونییه نه‌که‌ینه‌وه و ئێستا و ئالێره‌دا چاره‌سه‌ری نه‌که‌ین، ئه‌وا هه‌تا بێت زیانی زیاتر به خۆمان و به کۆمه‌ڵگاش ده‌گه‌یه‌نین. ئه‌گه‌ر کۆنتڕۆڵی ئه‌م ڕقه نه‌که‌ین، ئه‌وا ڕق ده‌بێته داینه‌مۆی بیرکردنه‌وه و ژیانمان. له‌دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه، ئاستی گه‌شه‌ی ئه‌قڵانیی تاکی کورد چ لەناوه‌وه و چ لەده‌ره‌وه‌ی وڵات‌دا هه‌تا بێت دڵخۆشکه‌رتر ده‌بێت. له‌م ڕووه‌شه‌وه ته‌ماشای ئاستی خوێنده‌واریی کۆمه‌ڵ بکه، سه‌رژمێریی خه‌ڵکانی هه‌ڵبژارده و ئه‌کادیمیی له ئاستێکی دڵخۆشکه‌ردایه. ئه‌گه‌ر قسه له‌سه‌ر گه‌شه‌ی ئه‌قڵ و فێربوون بکه‌ین، ئه‌وا ده‌بینین، که خه‌ڵکانێکی زۆر گه‌شه‌یان کردووه و فێر بوون. ئالێره‌دا به‌ڵامێک دێته کایه‌وه، ئه‌و به‌ڵامه‌ش قسه له‌سه‌ر فێربوون ده‌کات. وه‌ک گوتم، خه‌ڵکانێکی زۆر فێر بوون و ئیمڕۆ هه‌ر یه‌که‌یان خاوه‌نی ماسته‌رنامه، خاوه‌نی دکتۆران له بوارێک‌دا، خه‌ڵکانێک پرۆفێسۆرن ...تد. به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خاوه‌نی ڕق و کینه‌یه‌کی گه‌وره‌ن. ئه‌م ڕق و کینه‌یه‌ش له مێژوویه‌کی ژیانیاندا، هه‌مانشێوه پرۆسه‌یه‌کی فێربوون بووه و فێر بوون، که ڕقیان به‌رامبه‌ر به خه‌ڵکانێک هه‌بێت. ڕق له خاڵ، مام، پوور. ڕق له خاڵۆزا، ئامۆزا، پوورزا. ڕق له گوندێک، شارێک، ناوچه‌یه‌ک، بنه‌ماڵه‌یه‌ک...تد.
فێربوون بۆ من بریتییه له هێشتنه‌وه‌ی کۆنه‌کان و په‌یوه‌ندییدارکردنی به نوێیەکانه‌وه. بۆ نموونه، مرۆڤایه‌تی زیاد له هه‌زار و پێنج سه‌د ساڵ باوه‌ڕی وابوو، که زه‌وی چه‌قی گه‌ردوونه و ته‌واوی پلانێت و ئه‌ستێره‌کانی دی به ده‌وریدا ده‌سووڕێنه‌وه، هه‌تا ده‌رکه‌وتنی گالیلیۆ، که سه‌رله‌به‌ری سیستێمه‌که‌ی هه‌ڵوه‌شانده‌وه. زیاد له سێ سه‌د ساڵ مرۆڤایه‌تی له‌سه‌ر ده‌ستی ئیسحاق نیوتن پێیان وابوو، که کات له هه‌موو شوێنێکی گه‌ردووندا وه‌ک یه‌ک ده‌ڕوات، هه‌تا ده‌رکه‌وتنی ئالبه‌رت ئاینشتاین، که دیسان سه‌رله‌به‌ری سیستێمه‌که‌ی هه‌ڵوه‌شانده‌وه. ئالێره‌دا ته‌ماشا ده‌که‌یت، که فێربوونه کۆنه‌کانمان هێشتا له‌گه‌ڵماندا ده‌ژین، به‌ڵام نه کاریان پێده‌که‌ین و نه به ڕاست وه‌ریان ده‌گرین، چونکه فێری ڕاستییه‌کی تر بووین، که په‌یوه‌ستی ده‌که‌ین به فێربوونه کۆنه‌کانمانه‌وه. وێڕای ئه‌وه‌ی هه‌موو ده‌زانن، که پێشتر زه‌وی به چه‌قی گه‌ردوون ناسێنراوه، به‌ڵام ئیمڕۆ هیچ که‌س کاری پێناکات.
پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه، که بۆچی تاکی کورد فێربوونه کۆنه‌که‌ی خۆی ناخاته ژێر نیشانه‌ی پرسیاره‌وه؟ ئه‌مه وێڕای ئه‌وه‌ی، که خاوه‌نی فێربوونێکی نوێشه، که‌چی هێشتا فێربوونه کۆنه‌که‌ی وه‌ک ڕاستی چ ده‌بینێت و چ کاریشی پێده‌کات. وه‌ڵام لێره‌دا ئه‌وه‌یه، که تاک فێربوونه نوێیەکه‌ی له‌گه‌ڵ فێربوونه کۆنه‌که‌یدا نه‌خستووەته په‌یوه‌ندییه‌وه. ئیدی به‌بێ گوێپێدانه ئه‌وه‌ی، که تاک خاوه‌نی دکتۆرایه له بوارێک‌دا، مامۆستای زانکۆیه...تد. هه‌ندێک تاکی تر هه‌ن، که ئاستی خوێنده‌وارییان یان ئه‌وه‌تا نزمه، یان خاوه‌نی خوێندنێکی کورتن، یان خاوه‌نی خوێندنێکی مامناوه‌ندیین. ئه‌مانه ناتوانن له‌نێوان فێربوونی نوێ و فێربوونی کۆندا خاوه‌نی دروستکردنی په‌یوه‌ندی بن، چونکه له ئامڕازه‌کانی بیرکردنه‌وه‌دا خاوه‌نی که‌مین، به‌ڵام ئه‌زموونیش ده‌یسه‌لمێنێت، که ئه‌وه‌ی ده‌یه‌وێت، ئه‌وا ده‌توانێت. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه، که چۆن ده‌توانن فێر بن؟ وه‌ڵام:
1- به گوێگرتن، به‌ڵام گوێگرتنێکی ئاگایانه. ئه‌مه‌ش به واتای دۆزینه‌وه‌ی ئامڕازه نوێیەکانی بیرکردنه‌وه له وته‌گه‌لێکدا، که ده‌شێت ڕۆژانه چه‌ندین جار و به چه‌ندین شێوه و له چه‌ندین خه‌ڵکی جیاوازه‌وه گوێمان لێ بێت.
2- کاتێک ئه‌م ئاگاییه قووڵ ده‌بێته‌وه، ئه‌وا بۆ تاکی گوێگر گۆڕانکاریی به‌سه‌ر ته‌واوی کێڵگه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا دێت، له‌کاتێکدا کێڵگه‌که هه‌مان کێڵگه‌یه، که ئه‌و پێشتر تێیدا ژیاوه.
3- هه‌ستکردن به گۆڕانی کێڵگه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان، ده‌بێته هۆی گۆڕانی چۆنیه‌تیی بیرکردنه‌وه، هه‌ستکردن و ویست.
4- هه‌موو ئه‌مانه له خاڵێکدا ده‌ست پێده‌کەن، له په‌ڵه‌یه‌کی بچکۆلانه‌دا ده‌ست پێده‌کەن، که ئۆتۆ شارمه‌ر ناوی ده‌نێت په‌ڵه‌ی کوێر.
شارمه‌ر له په‌ڵه‌ی کوێردا قسه له‌سه‌ر ئه‌و خوو و بیرکردنه‌وانه ده‌کات، که فێری بووین و به‌رده‌وام به‌کاری ده‌هێنین، که به‌رده‌وام ده‌گه‌ڕێینه‌وه سه‌ری، وێڕای ئه‌وه‌ی ناڕاستن و زیانبه‌خشن، که‌چی به‌رده‌وام کاری پێ ده‌که‌ین. شارمه‌ر ده‌ڵێ، گۆڕان کاتێک دروست ده‌بێت، ئه‌گه‌ر بێت‌و ئێمه ئه‌و په‌ڵه کوێره به‌جێ بهێڵین، ئه‌گه‌ر بێت‌و ئێمه له‌و په‌ڵه کوێره بێینه ده‌ره‌وه. پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه، که چۆن له‌و په‌ڵه کوێره ڕزگارمان ده‌بێت؟ وه‌ڵام:
1- به‌وه‌ی، که بەئاگا بیت له‌وه‌ی، که چی بکه‌یت، کاتێک ته‌ماشای ڕیالیتێتێکی تر ده‌که‌یت؟
2- چۆن بیکه‌یت، ئه‌وه‌ی ده‌ته‌وێت بیکه‌یت؟ وه‌ڵام، له ڕێگای پێرسپێکتیڤێکی تره‌وه، له ڕێگای تێڕوانینێکی تره‌وه.
3- چۆن بیر بکه‌یته‌وه؟ وه‌ڵام، خودی خۆت له‌ناو هه‌موو شته‌کاندا ببینه و بدۆزه‌ره‌وه، ئه‌مه‌ش به واتای خاوه‌نی ئیمپاتیی به. ئیمپاتییش به واتای هه‌ستکردن به به‌رامبه‌ر، که هه‌ست به چیی ده‌کات.
هاتنه ده‌ره‌وه له په‌ڵه‌ی کوێر، پێویستییه‌کی زۆری به ئاگاییه. کورد ده‌ڵێ، کوێرانه مه‌دوێ، کوێرانه بیر مه‌که‌ره‌وه، کوێرانه بڕیار مه‌ده. ئه‌م کوێرانه‌یه‌ی کورد، تێڕوانینێکی ئۆبیه‌کتیڤانه‌یه، چونکه له‌م سۆنگه‌یه‌وه بیرکردنه‌وه‌ی تاکی کوێر نزم هه‌ڵده‌سه‌نگێندرێت، مامه‌ڵه‌کانی نزم هه‌ڵده‌سه‌نگێندرێت...تد. لێ کوێرییه‌که‌ی شارمه‌ر، قسه له‌سه‌ر فێربوونێک ده‌کات. بۆ نموونه، تاکێکی کوێر له ماڵه‌که‌ی خۆیدا ده‌زانێت، که ده‌رزییه‌کی بچووکیشی له کوێدا هه‌ڵگرتووه و ده‌یدۆزێته‌وه، به‌ڵام لەده‌ره‌وه‌ی ماڵه‌که‌ی خۆیدا، له شوێنێکی نامۆدا، ناتوانێت ئاسان بسووڕێته‌وه. ئه‌م په‌ڵه کوێره‌ی ئاگایی، وه‌ک هۆده‌ی مرۆڤێکی کوێر وه‌هایه، که ته‌نیا به‌وانه کار ده‌که‌یت، که له‌به‌رده‌ستتدان، بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر بتوانیت، ئه‌وا پێویسته ئه‌م په‌ڵه کوێره به‌جێ بهێڵیت و بێیته ده‌ره‌وه، وه‌ک شارمه‌ر ده‌ڵێ، هاوشێوه‌ی تابلۆکێشێک، که له‌به‌رده‌م خامێکی سپی‌دا ڕاوه‌ستاوه، هه‌موو ئاگایی و فۆکسی خۆی ده‌دات به‌و به‌تاڵییه و خۆی بۆ نیگارکێشان ئاماده ده‌کات.
ئاخۆ مه‌به‌ستی شارمه‌ر چییه، که داوا ده‌کات وه‌ک نیگارکێشێک له‌به‌رده‌م خامێکی سپی‌دا ڕابوه‌ستن؟ وه‌ڵام، واتا له بارودۆخێکدا په‌نا بۆ هیچ فێربوونێکی کۆن مه‌به، به‌ڵکوو به‌تاڵ به، وه‌ک خامه‌ی سپیی نیگارکێشێک، ئیدی لێره‌وه کریاتیڤیتێت ده‌ست پێده‌کات، ئه‌و تابلۆیه‌ی لەکۆتاییدا کێشاوته، به‌رهه‌می ئاگاییه‌کی نوێیه.
ئاخۆ وێنه‌کێشان چ په‌یوه‌ندییه‌کی به داهێنانی گفتوگۆکانمانه‌وه هه‌یه؟ وه‌ڵام، گفتوگۆکردنیش هونه‌ره، وه‌ک هونه‌ری وێنه‌کێشان، که ده‌بێت له‌به‌رده‌م خامه‌یه‌کی سپی‌دا ڕابوه‌ستین و له ئاگاییه‌کی تره‌وه کریاتیڤانه تابلۆیه‌ک بنه‌خشێنین، که جێگای سه‌رنجی هه‌مووان بێت. ئێمه ئه‌و کاته فێر ده‌بین، که گفتوگۆ ده‌که‌ین و مامه‌ڵه ده‌که‌ین، له‌م فێربوونه‌شدا دوو سه‌رچاوه هه‌یه.
1- له ڕابردووه‌وه، هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی، که فێری بووین.
2- له ئاینده‌وه، واتا هه‌موو ئه‌و شتانه‌ی، که له کاتی گفتوگۆکردنمان و مامه‌ڵه‌کانمانه‌وه فێری ده‌بین.
له‌م فێربوونه‌دا، گرنگه زۆر، که ئێستا و ئالێره‌دا ئاماده بین. واتا کاتێک گفتوگۆ ده‌که‌ین، مامه‌ڵه ده‌که‌ین، ئه‌وا له سه‌دا سه‌د له‌وێ بین، نه‌ک گوێنه‌گرین و خه‌یاڵمان له شوێنێکی تر بێت، ته‌ماشای شوێنێکی تر بکه‌ین، ئینته‌رێسه‌مان نه‌بێت، ویستمان نه‌بێت گوێ بگرین....تد.
له ده‌رکه‌وتنی کۆرۆناوه هه‌تاوه‌کوو ئێستا، چه‌نده‌ها کێشه‌ی تر بوو به به‌شێک له ژیانی ڕۆژانه‌ی هاووڵاتییانی کورد له باشووری کوردستاندا. له‌م کێشانه‌دا توندوتیژیی فیزیکی و ده‌روونیی به‌ده‌رکه‌وتن، له‌م کێشانه‌دا گفتوگۆی توندوتیژ به‌ده‌رکه‌وتن، له‌م کێشانه‌دا به‌شێک له سیاسییه‌کان، نووسه‌ران و میدیاکان له چه‌قی په‌ڵه کوێره‌که‌ی خۆیانه‌وه ده‌یانڕوانییه ژیان و کێشه‌کان.
له‌م کێشانه‌دا کار له‌سه‌ر ئه‌وه نه‌کرا، که هه‌موو پێکه‌وه به‌هێزین، نه‌ک بەپێچه‌وانه‌وه. ده‌بوایه دیدی هه‌موو پێکه‌وه به‌هێزین وه‌ک چاوگه‌یه‌کی ئێسێنتیێل ته‌ماشا بکرایه، وه‌ک چاوگه‌یه‌کی پێویستیی ژیان ته‌ماشا بکرایه، نه‌ک دژی کار بکرایه. بۆ من دیدی هه‌موو پێکه‌وه به‌هێزین خاوه‌نی سێ کۆڵه‌که‌یه:
1- من ده‌مه‌وێت.
2- من ده‌توانم.
3- من ده‌زانم.
ئه‌مه‌ش پرۆسه‌یه‌کی چ سۆسیۆلۆگی و چ ده‌روونییه، چونکه لێره‌دا پێکه‌وه کارکردن و پێکه‌وه بیرکردنه‌وه و پێکه‌وه بڕیاردان، ژیانی به‌شێکی گه‌وره‌ی هاووڵاتییانی له باشووری کوردستاندا ڕزگار کرد. هه‌تا نووسینی ئه‌م وتاره، باشووری کوردستان خاوه‌نی ته‌نیا سێ سه‌د و سی و یه‌ک تووشبوو و چوار مردووه به کۆرۆنا، که به هه‌ق ده‌بێت جێگای شانازیی هه‌مووان بێت و به ویژدانیشه‌وه سوپاسی حکوومه‌ت بکرێت. لێ خه‌ڵکانێک پێیاننوایه، که شتێک نییه ناوی حکوومه‌ت بێت، به‌ڵکوو ئه‌وان حکوومه‌ت و ته‌واوی داموده‌زگاکانی به کۆمپانیایه‌کی گه‌وره ده‌زانن، هه‌ر بۆیه داوای له‌ناوچوونی حکوومه‌ت ده‌که‌ن. له‌ناوچوونی حکوومه‌تیش وه‌ک چه‌ندین جار دووباره‌ی ده‌که‌مه‌وه، خواست و ویستی دوژمنانه، چونکه ئه‌وان نایانه‌وێت، که کورد خۆبه‌ڕێوه‌به‌ر بێت. پشتگیرکردنی حکوومه‌ت له باشووردا، یه‌که‌مین و گرنگترین هه‌نگاوه بۆ گه‌یشتن به ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆ، بۆ ئه‌وه‌ی ببینه خاوه‌ن ده‌وڵه‌ت، پێویسته پشتگیریی حکوومه‌ت بکه‌ین. ئێمه له ڕێگای حکوومه‌ته‌وه پیشانی دوژمنان و جیهانی ده‌ده‌ین، که چه‌ند لێهاتوو و کارامه‌ین، که چه‌ند بەتواناین له به‌ڕێوه‌بردن و حوکمڕانییدا. پێچه‌وانه‌که‌یشی، نه‌ویستنی هه‌بوونی ده‌وڵه‌تێکی کوردییه.
من پێم وایه کورد له باشووری کوردستاندا خاوه‌نی سێ جیهانبینییه:
1- ئه‌وانه‌ی سه‌ردارن، سه‌رکرده‌ن، سیاسیین، خاوه‌ن پۆستن. ئه‌مانه پێیان وایه، که جیهان به‌و شێوه‌یه‌یه، که هه‌یه، چونکه له دیدگای خۆیانه‌وه ته‌ماشای جیهان ده‌که‌ن.
2- ئه‌وانه‌ی تێده‌کۆشن. ئه‌مانه پێیان وایه، که جیهان له ڕێگای چالاکییه‌کانی ئه‌وانه‌وه ده‌گۆڕدرێت، ئه‌مه‌ش به واتای ئه‌وه‌ی، که ئه‌مانه به‌شێکن له جووڵه و چالاکی.
3- ئه‌وانه‌ی خاوه‌نی بیرکردنه‌وه‌ی خاوه‌ن کوالیتێتن. ئه‌مانه پێیان وایه، که جیهان به‌و شێوه‌یه‌ی لێ دێت، که تاکه‌کانی ئاگایانه مامه‌ڵه‌ی ده‌که‌ن. ئه‌مه‌ش به واتای ئه‌وه‌ی، که تاک خۆی ببێت به چاوگه‌یه‌ک.
له ڕیفراندۆمه‌وه هه‌تا شازده‌ی ئۆکتۆبه‌ر، به ڕوونی ئه‌م سێ جیهانبینییه له باشووری کوردستاندا ده‌بینرا، ده‌شێت بۆ به‌شێک له هاووڵاتییان نادیار بووبێت، به‌ڵام ڕووداوه‌کان ئه‌م ڕاستییه‌یان پێده‌گه‌یاندین. هه‌نووکه‌ش ئه‌م سێ جیهانبینییه له جاران زیاتر کاری پێده‌کرێت، پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه، که ئاخۆ لۆن بگه‌ین به‌وه‌ی، که له‌پێناو ئاینده‌یه‌کی گه‌ش و به‌خته‌وه‌ردا، به‌شێکی گه‌وره‌ی هاووڵاتییان لێک نزیک بکه‌ینه‌وه؟ وه‌ڵام، له ڕێگای گفتوگۆی بێ توندوتیژی و گفتوگۆی ئێفێکتیڤه‌وه. بۆ نموونه، وه‌ک سه‌رۆک وه‌زیران ده‌ڵێ، پێکه‌وه به‌هێزترین.
ڕووداوه‌کان پیشانی ده‌ده‌ن، که تاک خاوه‌نی گرفتگه‌لێکی ده‌روونی و نۆیرۆلۆگیین، ده‌نا هه‌رگیز وه‌ک دیارده‌یه‌کی نۆرماڵ ته‌ماشای ئه‌م جۆره مامه‌ڵه، تێڕوانین و گفتوگۆیانه ناکرێت. ناکرێت به‌شێکی بچووک له تێکۆشانیاندا بۆ شکستپێهێنانی ئاینده‌ی کورد، هه‌وڵی کۆنتڕۆڵکردنی هه‌موو شت بده‌ن و داوایان هه‌بێت له چۆنایه‌تی و چۆنیه‌تیی ژیان له ئێستا و له ئاینده‌دا. ناکرێت زۆرینه له بێزارییاندا بێده‌نگیی هه‌ڵبژێرن و دووره‌په‌رێز بن، هه‌تاوه‌کوو ئه‌مانه هه‌موو شت له‌ناو ده‌به‌ن، که ده‌یان ساڵه له‌پێناویدا خوێن ده‌ڕێژرێت.