چەند گرووپێکی سیاسی لە هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی میدیای فەرمی و سێبەر و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە، هەوڵدەدەن کۆڕۆنا بۆ مەرامی سیاسی و بەرژەوەندیی خۆیان بەکار بهێنن.
لە وڵاتە پێشکەوتوو و دیموکراسییەکان، بۆ پرسی پەتا و کاریگەرییە جیهانییەکان لەسەر دەوڵەت و هەرێمەکانیان، هیچ کات جیاوازی لە نێوان هەوڵەکانی دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن و میدیاکانیان بۆ هەماهەنگیکردن و کۆنتڕۆڵکردن بەدی ناکرێ، بەڵام لە هەرێمی کوردستاندا ئەوەی تێبینی دەکرێ، هەندێک لە گرووپە ئۆپۆزسیۆنەکان بە تایبەتیش میدیا و گرووپ و پەیجەکانی سەر بە شاسوار عەبدولواحید، کار لەسەر چەواشەکاری و لێکترازانی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەکەن بە قازانجی ئەوەی دواتر دەستکەوتی سیاسی و کەسی بەدەست بهێنن و پێگەی خۆیانی پێ بەهێز بکەن.
لە بەرامبەردا زانا مەلا خالید، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان بە (باسنیوز)ی راگەیاند، ئەم کابینەیەی حکوومەت هەر لە دەستپێکیەوە هەنگاوی گەورە و بوێرانەی ناوە، بەڵام ”لەم هەوڵەی کە ئێستا دەدرێت، هەر لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکان بەتەنیا نین، هەندێک گرووپ کە حزبەکانیان له حكوومهتیشدان، خهڵك هان دهدهن ڕێكارهكانی حكوومهت بشكێنێت، کە ئامانج لهو جۆره مامهڵانه، ههر بۆ ئهوه دهگهڕێتهوه کە به مهزهندهی خۆیان، ئهگهر ئهم نهخۆشییە زیاتر بڵاو ببێتەوە، حكوومهت شكست دههێنێت و ئهوان براوه دهبن“.
ئەو ئەندامەی فراکسیۆنی پارتی جەختی کردەوە کە دەبێ هەموان بزانن، ”ئێمە هەموومان پێکەوە لەسەر ئەو كهشتییهین کە ناوی هەرێمی کوردستانە، ئەوە بڕینەوەی داری ژێر خۆیان و راکردنە لە بەرپرسیاریەتی کە پارتی لە هیچ دۆخێکدا لە بەرپرسیارێتی راناکات و لە خزمەتی خەڵکی کوردستاندا دەمێنێتەوە”.
پێشتر سەعد خالید، ئەندامی دەستەی سەرۆکایەتیی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان بە (باسنیوز)ی راگەیاندبوو کە لە ئەنجامی ئەم دۆخەی ڕووبەڕووی هەرێمی کوردستان بووەتەوە بەهۆی پەتای کۆرۆناوە، کاتی ئەوەیە هەموو لایەنەکان بە ئۆپۆزسیۆنیشەوە پشتیوانی لە هەوڵەکانی حکوومەت بکەن.