ناو ماڵی شیعەکان لەسەر زورفی و کازمی دەبێتە دوو بەش
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ناو ماڵی شیعەکان لەسەر زورفی و کازمی دەبێتە دوو بەش

چاودێرێکی سیاسی: دواجار رەنگە شیعەکان لەسەر عەبدولمەهدی رێک بکەونەوە

هێشتا هەشت رۆژ لەبەردەم عەدنان زورفی کاندیدی راسپێردراو بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق ماوە، بەڵام لایەنە شیعییەکان دەبن بە دوو ئاراستەی جیاواز و ئەگەری زۆرە زورفی بۆ هاتنە پێشەوەی مستەفا کازمی پاشەکشەی پێ بکرێت و بە فەرمی لەلایەن سەرۆکایەتی کۆماری عێڕاقەوە کازمی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران رابسپێردرێت، کە ئێستا رەزامەندی زۆرینەی ناو ماڵی شیعەکانی لەسەرە و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانیش پێشوازی لە کاندیدکردنی کازمی کردوە.

لە چەند رۆژی رابردوو زۆرینەی هێزە سیاسییەکانی ناو ماڵی شیعەکان لە عێراق بۆ کاندیدکردنی مستەفا کازمی سەرۆکی دەزگای هەواڵگری عێراق بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێ عێراق، لە شوێنی عەدنان زوڕفی رێکەوتن.

بەپێی زانیارییە رۆژنامەوانییەکانیش، ئەگەری زۆرە عەدنان زورفی بە پێدانی پۆستێکی باڵا لە حکوومەتی کاتیی عێراق رازی بکرێت و لە کاندیدکردنی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران بکشێتەوە، بەدوای ئەوەشدا لەلایەن سەرۆکایەتی کۆمارەوە مستەفا کازمی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران رابسپێردرێت ، کە جگە لە دەنگی زۆرینەی شیعەکان، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانیش بە فەرمی پێشوازی لەو کاندیدە کردووە و زۆرینەی لایەنە سوننەکانیش بە باشتر لە زوڕفی بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستەی دەزانن، کە ئەوەش چانسی کازمی بەرز کردووەتەوە.

د.کرمانج عوسمان، چاودێری سیاسی و شارەزا لە یاسا نێودەوڵەتییەکان، بە (باسنیوز)ی راگەیاند، ئەگەر چی مستەفا کازمی سەرۆکی دەزگای هەواڵگری عێراق پێشتر بەلای لایەنە شیعەکانەوە قەبوڵکراو نەبوو، بەڵام دژایەتی عەدنان زورفی، جارێکی تر ناوی کازمی هێناوەتەوە پێشەوە، ”عەدنان زوڕفی لە کاندیدکردنی بۆ ئەو پۆستە بەکارهێنرا، دوور نیە هێنانە پێشەوەی کازمی تەنیا بۆ شکستپێهێنانی زوڕفی بێت و  هەر بۆیەش کازمی بۆ ئەوەی بەکارنەهێنرێت، کۆمەڵێک مەرجی پێشوەختەی هەیە“.

ئەو چاودێرە پێیوایە ئەو دوو کاندیدە ناو ماڵی شیعەکانیان دابەش کردووە، کرمانج عەسمان لەو بارەیەوە رایگەیاند، ”ئەگەری زۆرە ئەگەر عادل عەبدولمەهدی قبوڵی بکات دواجار هەر دوو ئاراستەکە لەسەر عەبدولمەهدی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران و حکوومەتی قۆناغی راگوزەر لە عێراق تا هەڵبژاردن، رێکبکەون، ئەگەر نا روون نییە دۆخی عێراق بەچی دەگات، چونکە جگە لە کێشە ناوخۆییەکانی، ئێران و ئەمریکا لە سیناریۆکانی عێراقدا رۆڵی بەرچاویان هەیە“.

مستەفا کازمی، لە دایکبووی ساڵی 1967ـە، لە ساڵی 2016ـەوە بووەتە سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانیی عێراقی و هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە یاسا، تەنیا رەگەزنامەی عێراقی هەیە و ئەوەش چانسێکی زیاتری لە کاندیدەکانی دیکە پێداوە، کە نەبوونی رەگەزنامەی وڵاتێکی دیکە، مەرجێکی خۆپیشاندەران بوو بۆ کەسایەتیی سەرۆک وەزیران.