دوو کتێبی نوێی نەژاد عەزیز سورمێ نووسەر و هونەرمەند چاپ و بڵاو کرانەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

دوو کتێبی نوێی نەژاد عەزیز سورمێ نووسەر و هونەرمەند چاپ و بڵاو کرانەوە

دوو بەرهەمی نوێی نەژاد عەزیز سورمێ نووسەر، شاعیر و هونەرمەندی ناسراوی کورد لەژێر ناونیشانی "دیدار لەبارەی شیعر و ڕۆژنامەنووسی" و "هونەری کۆلاژ، مێژوو... تەکنیک.. ئەزموون (ئاماژەیەک بۆ کێڵگەیەکی ورشەدار)  چاپ و بڵاو کرانەوە.

کتێبی دیدار لەبارەی شیعر و ڕۆژنامەنووسی، کە چاپی یەکەمیە، لەدووتوێی ٤١٤ لاپەڕەدا چاپ کراوە و بەرگ و کاری کۆمپیۆتەری لەلایەن "کاروان محەمەد سینۆ"وە جێبەجێ کراوە.

ئەم بەرهەمە کۆمەڵێک لەو دیدار و چاوپێکەوتنانەی نووسەرە کە لەبارەی شیعر و ڕۆژنامەنووسییەوە لە قۆناغە جیاجیاکانی ژیانیدا لەگەڵیان ساز کردووە و ڕوانگەی خۆی سەبارەت بە شیعر و ڕۆژنامەنووسیی کوردی دەربڕیوە.

نەژاد عەزیز سورمێ، نووسەر، شاعیر و هونەرمەندی کورد لە بەشێک لە پێشەکیی ئەم کتێبەدا نووسیویە: "ئەوەی لە دووتوێی ئەم کتێبەدا کۆ کراونەتەوە چەند دیدارێکی ڕۆژنامەنووسین لە کاتی جیاجیادا بە داوای ئەو ڕۆژنامە و گۆڤارانەی (لە شوێنی خۆیاندا ئاماژە بە ژمارە و ڕۆژی دەرچوونیان دراوە) لەگەڵم کراون.

زادەی وەختی خۆیانن، کیرڤی بۆچوونەکانمن لەوەی پەیوەستن بەو مەسەلانەی لە پرسیارەکاندا ورووژێنراون.

دەنووسێت: "دیارە من لەم ڕاستەدا باس لە کێکۆڵینەوە ئەکادیمییە ڕەسەنەکان ناکەم و کە بە مێتۆدی زانستی و دروست و بەڵگاوەر و ئاکامگردەوە دەنووسرێن، بە قەد ئەوەی رووم لەو نووسینانەیە، هەوڵ دەدەن بە هێنانەوە و خۆ‌ەڵواسین بە بۆچوون و بیروڕای دی ڕەوایی بە هی خۆیان بدەن".

بەرهەمی دووەمی نووسەر و هونەرمەند لەژێر ناونیشانی "هونەری کۆلاژ، مێژوو... تەکنیک.. ئەزموون (ئاماژەیەک بۆ کێڵگەیەکی ورشەدار) کە ناوەرۆکێکی هونەرییانەیە و لە دووتوێی 433 لاپەڕە و ئەمساڵ (2020) لە هەرێمی کوردستان چاپ کراوە و کاری بەرگ و دەرهێنانی هونەری نووسەر و هونەرمەند نەژاد عەزیز سورمێ بۆ خۆی ئەنجامی داوە.

نەخشەساز و کاری کۆمپیۆتەر لەلایەن کاروان محەمەد سینۆوە ئەنجام دراوە.

ئەم بەرهەمەش ڕوانگە و بۆچوونەکانی نووسەرە لەبارەی هونەری کۆلاژ، نیگارکیشان و شێوەکاریم هاوکات باسی ئەزموونی خۆی لە بواری هونەری کۆلاژ و وێنەکیشان و کارە هونەرییەکانی و پێشانگە و چالاکییەکانی لەم بوارەدا دەکات.

ئەم کتێبە هونەرییە کە کتێبێکی ڕەنگاڵەی هونەرییە لەگەڵ تابلۆ هونەرییەکانی هونەرمەند لەگەڵ تێکست، هاوکات بەشێکی تایبەتە بە هەڵبژاردەیەک لەو کارە کۆلاژییانەی لە (شەش پیشانگای تایبەتی)دا لە نێوان ١٩٩٥ تا ٢٠١٧ کە لە کات و شوێنی جیاجیادا نمیاشی کردوون.

هاوکات لە بەشێکی ئەم بەرهەمە هونەرییەدا چەند بابەت و نووسینی چەند نووسەرێکی کورد بە کوردی و عەرەبی لەبارەی کارە هونەرییەکانی نووسەر و هونەرمەند نەژاد عەزیز سورمێ خراونەتە ڕوو لەگەڵ ڕوانگەی چەند نووسەر و هونەرمەندێک لە کاتی پیشانگا هونەرییەکانی.