وەزیری تەندروستی: بڕیاری تر بۆ کەمکردنەوەی قەرەباڵغی و خۆپارێزی دەردەکەین
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

وەزیری تەندروستی: بڕیاری تر بۆ کەمکردنەوەی قەرەباڵغی و خۆپارێزی دەردەکەین

"لەو 500 کەسەی بێ پشکنین لە ئێران گەڕاونەتەوە بەشێکیان لە کەرنتینەدان، بەڵام ژمارەیەکی زۆریشیان خۆیان نەیاوە بەدەستەوە"

 

د.سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە گفتوگۆیەکی تایبەتی (باس)دا، قسە لەبارەی رێکارەکانی بەرەنگاربوونەوە و پێشگری لە ڤایرۆسی کۆرۆنا دەکات و رای دەگەیەنێت، رۆژانە لە هەولێر 45 پشکنین بۆ ئەو کەسانە دەکرێت کە گومانی کۆرۆنایان لەسەرە. جەختیش دەکاتەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەت، بۆ پاراستنی هاووڵاتییان لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەردەوام لەگەڵیان لەسەر خەتە و پاڵپشتیانە.


سەرەتا باسی لەوە کرد، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ پاراستنی هاووڵاتییان لە ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەردەوام لەگەڵیان لەسەر خەتە، گوتی: "رۆژانە سەرۆکی حکوومەت بەردەوام لەگەڵمان لەسەر خەتە، بە بەردەوام پرسیار و بەدواداچوونی خۆی دەکات، هەروەها بەردەوام پاڵپشتیی خۆی زیاد دەکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا و هەموو هاوکارییەکی ئێمەی کردووە، دەستی هەموو وەزارەت و لایەنە پەیوەندارەکانی بۆ ئەو هەڵمەتە کردووەتەوە".


وەزیری تەندروستیی کوردستان، پێی وایە، رێکارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان بە باشی بەڕێوە دەچن، بەڵام نیگەرانیی خۆی لەوە پیشان دەدات، ئێستاش خەڵکێکی زۆر خۆیان لە قەرەباڵغی دەدەن، گوتی: "قەرەباڵغی لە هەندێک شوێن باش نییە، هیوادارین هاووڵاتی پێشەنگ بێت لە جێبەجێکردنی رێنماییەکان و دوورکەوتنەوە لەو شوێنانە، چونکە لە هەموو دونیا ئەوە سەلمێندرا، دوورکەوتنەوە و کەمترین بەرکەوتن باشترین رێگایە بۆ خۆپارێزی لەو ڤایرۆسە".


روونیشی کردەوە، دوای داخستنی قوتابخانە و زانکۆکان و مزگەوت و شوێنە ئایینییەکان، پلانیان دەبێت بۆ داخستنی شوێنی تریش، گوتیشی: "هەموو ئەو شوێنانەی قەرەباڵغی دروست بکەن و ئێمە پێمان باش نەبێت، ئەوا راسپاردە دەکەین بڕیاری پێ دەردەچێت و دادەخرێت، هەندێک بڕیاری نوێتریش بۆ ئەو بابەتە دەردەکرێت".


جەختیشی کردەوە، دەوامی فەرمانگە حکوومییەکان کەم کراوەتەوە و بەڕێوەبەرە گشتییەکان راسپێردراون بەگوێرەی پێویست دەوام بە فەرمانبەران بکەن، تەنیا بۆ ئەوەی کاروبارەکان رانەوەستن و پەنجەمۆریش هەڵگیراوە.


زیاتر گوتیشی: "رێنماییەکانی خۆپارێزی زۆر سادە و ساکارن، داواکارین لە هاووڵاتییان پێوەیانەوە پابەند بن، دەبێ پشتگیری و هاوکاریی تیمەکانی تەندروستی بکەن، بەم جۆرە نەخۆشییەکە کۆنتڕۆڵ دەکرێت، هاووڵاتییان دڵنیا دەکەینەوە کە بەردەوام دەبین لە کاری پێویست بۆ ڕێکارەکانی خۆپارێزی و دۆزینەوەی گومانلێکراوان و ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوە و بەدواداچوونی چارەسەرییەکانی نەخۆشەکان".


سەبارەت بە ئاماری تووشبوانی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان، گوتی: "تا ئەم کاتەی قسەی تێدا دەکەین، 9 حاڵەت لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراون، بەداخەوە مامۆستا ئایینییەکەی سلێمانی بەهۆیەوە گیانی لەدەست دا".


سەبارەت بەو گومانەی لەبارەی گیانلەدەستدانی مامۆستا ئایینییەکە دەگوتران، بەرزنجی گوتی: "راستە مامۆستا ئایینییەکە نەخۆشیی تری هەبوو، بەڵام پشکنینی ئێمە دەری خست هۆکارەکە کۆرۆنا بووە، پشکنینی تەندروستیی عێراقیش ئەوەی دووپات کردەوە، کە هۆکارەکە کۆرۆنا بووە، ئێمە پشکنینمان بۆ بنەماڵەی ئەو کۆچکردووە کرد، کۆڕێکی لەگەڵ نەوەیەکی مامۆستا ئایینییەکە تووشی کۆرۆنا بوونە، بەڵام تەندروستشیان باشە".


وەزیری تەندروستی ئاشکراشی کرد، رۆژانە پشکنین بۆ گومانلێکراوان بە کۆرۆنا دەکەن، دەشڵێت: "ئەگەر ئەنجامی پشکنین پۆزەتیف بێت، ئەوکات بە نەخۆش دادەندرێت، ئەگەر نا ئەوانی تر بە نەخۆش ئەژمار ناکرێن، رۆژانە لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 45 پشکنین بۆ ئەو کەسانە دەکرێت، کە گومانیان لەسەرە، ئەگەر لە تاقیگەی ئێمە ئەنجامەکە پۆزتیف بێت، ئەوا بۆ دڵنیایی خۆمان رەوانەی بەغدای دەکەین، ئەگەرنا پێویست بە بەغدا ناکات، چونکە لێرە هەمان ئامێری تاقیگەی ناوەندی لە هەولێر بە هەمان مواسەفات هەیە و هەمان ئیشی بەغدا دەکات".


لەبارەی ئاماری کەرنتینەکراوانیشەوە گوتی: "دوو هەزار و 804 کەس لە 30 شوێنی جیاواز کەرنتینە کران، لەو ژمارەیە 982 کەس رەوانەی نێو خانەوادەکانیان کرانەوە، ئەوانی تریش 14 رۆژەکەی خۆیان تەواو بکەن، رەوانەی ماڵەوە دەکرێنەوە".


ئەو رەتی کردەوە، کەس لە شوێنەکانی کەرەنتینە خۆی دزیبێتەوە، یان ئاسانکاریی بۆ کرابێت: "بەدواداچوونمان بۆ ئەو زانیارییانە کردووە، دەرکەوت راستیی تێدا نییە، ئەوەی کەرنتینە کرابێت 14 رۆژی خۆی تەواو کردووە، پاشان نێردراوەتە ماڵەوە".


ئەو کەسانەی بێ پشکنین لە ئێران گەڕاونەتەوە هەرێمی کوردستان و خۆیان حەشار داوە، ژمارەیان زیاتر لە 500 کەسە، بە گوتەی وەزیری تەندروستی، بەشێک لەو کەسانە دەستگیر کراون، گوتی: " لەو 500 کەسەی بەبێ پشکنین و کەرنتینە لە ئێران گەڕاونەتەوە، بەشێکیان لە لایەن دەزگا ئەمنییەکان دەستگیر کراون، هەندێکیش تریش خۆیان هاتوون و براونەتە کەرەنتینە، بەڵام ژمارە زۆرەکە تاوەکوو ئێستاش ماون، ئەوەش مایەی مەترسییە".


پەیوەست بەو زانیارییانەی باس لەوە دەکەن، لە دەروازەی مونزیڕیە لە خانەقین خەڵکێکی زۆر بێ پشکنین دێنەوە لە ئێران، گوتی: "پێشووتر خەڵکێکی زۆر لە ئێرانەوە بێ پشکنین بە دەروازەی مونزیڕیەدا دەهاتنەوە هەرێمی کوردستان، بەڵام ئێستا ئەو دیاردەیە کەم بووەتەوە".


ئاماژەی بەوەش دا، وەزارەتی ناوخۆ رێکارەکانی توند کردووە، بۆ ئەوەی رێگری لە بە قاچاخهێنانی خەڵک لە ئێرانەوە بۆ کوردستان بکرێت، گوتیشی: "وەزارەتی ناوخۆ لە رێگەی لیوای پاسەوانیی سنوور کاری خۆی دەکات بۆ رێگریکردن لە هێنانی خەڵک بەقاچاخ لە ئێرانەوە، ئەوەی ئەو کارە بکات دەستگیر دەکرێت، پێویستە هەموولایەک پابەندی بڕیارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی ناوەخۆ و ڕێنماییەکانی وەزارەتی تەندروستی بن و پاڵپشتیی تیمەکانی تەندروستیی بن، بۆ دۆزینەوەی هەر گۆمانلێکراوێک و گەشتیارێک، کە دوورن لە چاوی تیمەکانی تەندروستی".


ئەوەشی خستە ڕوو، دوای کۆبوونەوە لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیی عێراق، بڕیار دراوە لەو بودجە و هاوکارییەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا تەرخان دەکرێت، بەشی هەرێمی کوردستانیشی لێ بدرێت، گوتیشی: "دوای گفتوگۆیەکی زۆر و کۆبوونەوە لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی، توانیمان قەناعەتیان پێ بهێنین و بووە بڕیاریش، کە لە بودجەی تەرخانکراو بۆ بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا، بەشی هەرێمی کوردستانیش بدرێت".


ئەو دژایەتیی خۆی دەربڕی بۆ بڵاوکردنەوەی ترس و تۆقاندن بەناوی هۆشیاری و خۆپارێزی، گوتیشی: "ئێمە دژی تۆقاندن و ترساندنی خەڵکین، ئێمە لەگەڵ ئەوەداین هاووڵاتی پابەندی رێنماییەکان بێت، پێمان ناخۆشە هەر کەسێک بانگەشەی خراپ و تۆقاندن بکات، وەزارەتی تەندروستی رێنماییەکانی خۆی و زانیارییەکان بڵاو دەکاتەوە، بۆیە بەدەر لەوە، نابێت هاووڵاتی بڕوایان پێ بکات و پشتی پێ ببەستێت".


ئەوەشی خستە ڕوو، هاتنی گەشتیار لە ناوەڕاست و باشووری عێراق قەدەغە کراوە، هەروەها رێگەش بە هاتنی خەڵکی ئێرانی نادرێت، بێنە هەرێمی کوردستان.