كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

بەرپرسێكی وەزارەتی بازرگانی: چەندین دۆسێی ئەو كۆمپانیایانەی فێڵیان لە خەڵك کردووە لە دادگان

 

چەند دۆسێیەکی فێڵكردنی كۆمپانیاكان لە دادگاكانن و هەندێك كۆمپانیای وەهمیش ئاشكرا بوونە کیی قۆڵی خەڵكیان بڕیوە. بەرپرسێكی تۆماری كۆمپانیاكانیش، چەند زانیارییەكی گرنگ ئاشكرا دەكات.


پشتیوان وەرتی، بەڕێوەبەری تۆماری کۆمپانیاکانی هەولێر بە (باس)ی راگەیاند، چەندین كۆمپانیا قۆڵی خەڵكیان بڕیوە و مافی خەڵكیان خواردووە و دراونەتە دادگا، گوتیشی: "بەردەوام نووسراوی دادگاكانمان بۆ دێت، داوای زانیاری لەسەر ئەو كۆمپانیایانە دەكەن".


ئاماژەی بەوەش کرد: "بەهۆی سەرپێچییەوە، پشكی كۆمپانیا، یان دۆسێکانیان گل دەدرێتەوە، یان كارەكانیان رادەگیرێت، كەیسیان لە دادگا زۆرە و كێشەكانیشان جۆراوجۆرە".


لە هەولێر زیاتر لە 19 هەزار كۆمپانیای تۆمار كراو هەن، بەشێكی ئەو كۆمپانیایانە چالاك نین و ساڵانە نوێ ناكرێنەوە.


روونیشی كردەوە: "ئەو كۆمپانیایانەی چەند ساڵە كاریان نەكردووە، دەیانەوێت كۆمپانیاكەیان پاكتاو بكات، پێویست ناكات دووبارە كۆمپانیای تازە بكەنەوە، بەڵكوو دەتوانن پاكتاوی بكەن، هەندێكیان پێوەندییان بە باجەوە هەیە، هەندێكیشیان پەیوەندییان بەوەوە هەیە نوێ ناكرێنەوە، بۆیە كۆمپانیاكەیان پاكتاو دەكەن".


وەرتی جەختى كردەوە، هەندێك جارهەندێك كۆمپانیا فێڵیان كردووە و پارەی خەڵكیان خواردووە، یان كاری نایاساییان كردووە: "دادگا نووسراوی بۆ كردووین، دوای لێكۆڵینەوە دەركەوتووە، لە تۆماری كۆمپانیاكان تۆمار نەكراوە و ساختەن".


ئەو بەرپرسەی وەزارەتی بازرگانی دووپاتی كردەوە، هەندێك كۆمپانیای وەهمی هەن و خەڵكیش بەهۆی مامەڵەكردن لەگەڵیاندا زیانیان بەركەوتووە، گوتیشی: "دۆسێمان لە لایە كۆمپانیای وەهمی فێڵی لە سەدان کەس کردووە، دەركەوتووە كۆمپانیایەكە لای ئێمە هیچ دۆسێیەكی نییە".


بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تۆماری کۆمپانیاکان، نزیکەی 29 هەزار کۆمپانیا لە هەرێمی کوردستان تۆمار کراون.


بەڕێوەبەری تۆماری کۆمپانیاکانی هەولێر پێی وایە، داوا دەكات خەڵك هۆشیار بن: "پارەی خۆیان یان موڵك و كاڵای خۆیان بە کەسانێك نەدەن، كە بە خۆیان دەڵێن كۆمپانیا، تاوەكوو لە دروستیی تۆماركردنیان ئاگادار نەبن".


بەپێی زانیارییەكان، لە بواری بازرگانی و گەشتیاری و ئۆتۆمبێل و خانووبەرەدا كۆمپانیای وەهمی فێڵیان لە خەڵك كردووە.


تاوانی (فێڵکردن) بەپێی ماددەی ٤٥٩ لە یاسای سزادانی عێراقی بە (بەندکردن) سزا دەدرێت، کە لە ماوەی سێ ساڵ کەمتر نەبێت، هەروەها بە پێژماردن غەرامە پێنج هێندەی بڕی فێڵەكەی.