دەستەی گشتی گەشتوگوزاری ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، پشکنینیان بۆ ھەزار و 130 شوێن کردووە و 98 شوێن بەهۆی پابەند نەبوونیان بە ڕێنماییەکان سزا دراون.
نادر ڕۆستی، گوتەبێژی دەستەی گشتی گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە (باسنیوز) ی ڕاگەیاند: "بە مەبەستی پاراستنی گیانی هاووڵاتییان لە مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بڕیاردراوە چالاکییەکان رابگیرێن و گەشتە ئاساییەکان بوەستێنرێن و نێرگەلەخانەکان دابخرێن و رێنماییەکانی خۆپاراستن جێبەجێ بکرێن، بۆ بەدواداچوون و دڵنیابوون لە بنکەکانی گەشتوگوزار چەند لیژنەیەک لە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی ( هەولێر، سلێمانی، دهۆک، گەرمیان) پێکهنران، لە ماوەی رابردوو توانرا پشکنین و بەدوواداچوون بۆ ھەزار و 130 بنکەی گەشتوگوزار بکرێت، لە ئەنجامی پابەند نەبوونیان بە رێنماییەکان 98 شوێن سزا دران".
ڕاشیگەیاند: "نوێنەرانی گەشتوگوزار لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی شارەکان بەشداری لە لیژنە گشتییە کارگێرییەکان دەکەن و هاوکار و هەماهەنگن بۆ جێبەجێکردنێ بڕیار و رێنماییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و لیژنەکان بۆ رۆژانی داهاتوو بەردەوام دەبن و شوێنە پێویستەکان بەسەردەکەنەوە".