چاپی سێیەمی کتێبی «زمان، ئەدەب و ناسنامە» بڵاو کرایەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

چاپی سێیەمی کتێبی «زمان، ئەدەب و ناسنامە» بڵاو کرایەوە

 سێیەمین چاپی کتێبی ڕەخنەیی "زمان، ئەدەب و ناسنامە" لە نووسینی د. هاشم ئەحمەدزادە لەلایەن وەشانگەی مانگ لە بانە کەوتە بەر دیدی خوێنەران.

پێگه‌ی هه‌واڵی «ماڵی کتێبی کوردی» لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چاپی نوێی کتێبی ڕەخنەیی "زمان، ئەدەب و ناسنامە"ی لە نووسینی د. هاشم ئەحمەدزادە  لەلایه‌ن چاپەمەنی مانگ و لە دووتوێی ۴۲۲ لاپەڕەدا بڵاو کردەوە.

 ئەم کتێبەی نووسەر هەڵگری کۆمەڵێک وتارە کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا لە گۆڤارە کوردییەکانی ناوەوە و دەرەوەی وڵات بڵاو کراونەتەوە. هەر وتارێکی ئەم کتێبە، سەربەخۆیە و لە هەمان کاتیشدا خاڵی هاوبەشی هەموو وتارەکان بریتییە لە بوارە جیاوازەکانی زمان، ئەدەب و ناسنامە لە کوردستان.

 ئەو باسانەی لەم کتێبەدا خراونەتە ڕوو بریتین لە: "ڕۆمان و دیکتاتۆر، دۆن‌کیشۆتی کوردی، قورسایی خەیاڵ بەسەر واقیعدا، ڕۆمان و ناسنامە، نەریت و دژەنەریت لە گێڕانەوەیەکی پیاوانەدا، لە جوەیدەوە بۆ هیوستن، هەڵوێستی۵۳ نەفەر و چارەنووسی زمانی نەتەوەیەک، ڕۆمانی کوردی و ژنانی ڕۆماننووس، ناسنامە و زمان، لە دۆنکیخۆتەوە بۆ هەناسەی زیندوو، ئەدەب و سیاسەت، کێ ڕاستە و کێ هەڵەیە؟ وت‌ووێژ دەربارەی زمان، ئەدەبیاتی تاراوگە، ڕۆمان و باوەڕ، ڕەخنەی ئەدەبی و دەقی کوردی، مێژوو و ڕاستی و بەڵگە” و چەند بابەتێکی دیکە.

 لە پێشەکی ئەم کتێبە نووسەر دەڵێت: "لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا کۆمەڵێک لە دۆستان و ئاشنایانم بە شێوەی جۆراوجۆر پێوەندییان پێوە گرتووم و داوایان لێ کردووم کۆی وتارە چاپ کراوەکانم لە شێوەی کتێبێکدا چاپ و بڵاو بکەمەوە. بە لەبەرچاوگرتنی هەل‌ومەرجی بڵاوکراوە کوردییەکان و دژوارییەکانی دۆزینەوەی کتێبخانه و ناوەندگەلێک کە مرۆڤ بتوانێت دەستی بە ئاڕشیڤی گۆڤار و ڕۆژنامە کوردییەکان ڕابگات. داواکاری دۆستانم بە ڕەوا زانی و بۆ ئەم مەبەستە هەوڵم دا وتارەکانم کۆ بکەمەوە و ئەگەر شوێنێک ویستی چاپ و بڵاویان بکاتەوە بیانخەمە بەر دەستیان."

 د. هاشم ئەحمەدزادە ساڵی ۱۹۶۱ لە ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان لەدایک بووە و قۆناغەکانی خوێندنی تا ئاستی بەکالۆرێس لە ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان تەواو کردووە. لە ساڵی ۱۹۸۸ هەتا ۲۰۰۵ لە سوید ژیاوە. ساڵی ۱۹۹۵ بەکالۆرێسی لە ڕۆژهەڵاتناسیدا لە زانکۆی ئوپسالا وەرگرتووە و دواتر هەر لەم زانکۆیەدا باوەڕنامەی ماستەر و دکتۆرایشی وەرگرتووە.

هاشم ئەحمەدزادە چەندین وتاری ئاکادێمیکی بە زمانی ئینگلیزی لەسەر زمان و ئەدەب و سیاسەت بڵاو کردووەتەوە. لە ساڵی ۱۹۹۹ تا ۲۰۰۵ لە زانکۆی ئوپسالا لە بەشی ڕۆژھەڵاتناسیدا وانەبێژ بووە. لە پاییزی ساڵی ۲۰۰۵دا دەچێتە زانکۆی ئێگزێتر لە بریتانیا و لەوێ ناوەندی لێکۆڵینەوەی کوردی لە کۆلێژی زانستە کۆمەڵایەتییەکان و لێکۆڵینەوەی نێونەتەوەییدا دادەمەزرێت. لە ساڵی ۲۰۱۱ پلەی پرۆفیسۆری یاریدەدەری (associate professor) پێ دەبەخشرێت.

 

لەسەر بەرگی پشتەوەی ئەم کتێبەدا هاتووە:

 «ئەوەی کە ئێمە کێین، چ وەک تاک و چ وەک نەتەوە، ڕەنگە گرینگترین پرسێک بووبێت کە لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمەوە، لەو کاتەوە کە بە شوێن پڕۆسەی مۆدێڕنیزاسیۆندا دەوڵەت-نەتەوەکان لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا دامەزران، مرۆڤی کورد لە خۆی کردبێت. بە واتایەکی تر، ڕەنگە مێژووی خەباتی جۆراوجۆر و نەپساوەی کوردان لەم ماوە دوورودرێژەدا شتێک نەبووبێت جگە لە دۆزینەوە و دەستەبەرکردنی وڵامی ئەم پرسیارە.»

 «لە گوتاری کوردی لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا کۆمەڵێک وشەی جیاواز بۆ گوزارەکردن لە چەمکی «identity» دەکار هاتوون، بە باوەڕی من هێشتا وشەیەک کە بتوانێت هەڵگری مانای چەمکییانەی «identity» بێت لە زمانی کوردیدا جێگیر نەبووە و ئاوڕێکی خێرا لە گوتاری پارچه پارچه کراوی کوردی نیشان دەدات کە ئەم وشانەی خوارەوە لە لایەن کەسانی جیاوازەوە لە بەری چەمکی ئاماژەپێکراوی ئینگلیزیدا دەکار هاتوون: پێناسە، هۆوییەت، هەوێتی، شوناس، شناس، ناسنامە، ناسە، پێناس، هەویەت. گەڕان بە دوای مانای ئەم وشانە لە فەرهەنگە کوردییەکاندا دەریدەخات کە هیچ کام لە فەرهەنگەکان ئەو وشانەی سەرەوە بەو جۆرەی کە بۆ نموونە وشەی «identity» لە قامووسێکی ئینگلیسیدا مانا دەکرێتەوە، مانا ناکەنەوە.»

پێشتریش نووسەر چەند کتێبێکی دیکەی گرنگی چاپ و بڵاو کردووەتەوە کە دیارترینیان ئەمانەن: