لە سلێمانی خوێندنەوە بۆ دوو كتێبی ساسان عەونی دەكرێ
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

لە سلێمانی خوێندنەوە بۆ دوو كتێبی ساسان عەونی دەكرێ

 

ئەمڕۆ سێشەممە 25ی شوباتی 2020 لە شاری سلێمانی، لە لایەن دوو مامۆستا و توێژەرەوە، خوێندنەوە بۆ دوو كتێبی ساسان عەونی، نووسەر دەکرێت کە بە ناوەکانی (ناوەڕاستی رۆژهەڵات، ململانێ و هەژموون) و (ئامانجەكانی مۆسكۆ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا) بڵاو کراوەتەوە.

كاتژمێر 3ی ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە ٢٥ی شوباتی ٢٠٢٠، لە دەزگای رۆشنبیریی جەمال عیرفان لە شاری سلێمانی، بە سپۆنسەریی رێكخراوی (كوردستان دیالۆگ)، مەراسیمێك بۆ ناساندن و راڤەكردنی دوو كتێبی ساسان عەونی، نووسەر، دەكرێت، وێڕای ئەوە كتێبەكانیش وەك دیاری بەسەر ئامادەبووان دابەش دەكرێن.

رێكخراوی (كوردستان دیالۆگ) تێچوو و ئامادەسازیی مەراسیمەكەی لە ئەستۆ گرتووە و پێشتریش چەند كارێكی دیكەیان بۆ راڤەكردنی كتێبی نووسەران كردووە.

(ناوەڕاستی رۆژهەڵات ململانێ و هەژموون)، لە نووسینی ساسان عەونی، لەلایەن توێژەر دانا كەمال خوێندنەوەی بۆ دەكرێ، كە ئەم كتێبە باس لە پێگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە جیهان و ململانێی وڵاتانی زلهێز لەم ناوچە گرنگ و ئاڵۆزە دەكات. هەروەها باس لە پێگەی هەرێمی كوردستان لەم بەشە گرنگەی ناوچەكە دەكات وەك ناوچەیەكی جوگرافیی گرنگ كە رۆڵی لە سیاسەتی ناوچەكەدا دەبێت.

هاوکات سیروان حەمەشەریف، مامۆستا و توێژەر، خوێندنەوە بۆ كتێبی (ئامانجەكانی مۆسكۆ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا) دەكات. ئەم كتێبەشیان هی نووسەری رووسی دیمیتری ترینینە و ساسان عەونی وەریگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی. ناوەڕۆكی كتێبەكە باس لە سیاسەت و چاوتێبڕینی رووسیا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكات، بە تایبەتیش نووسەری كتێبەكە خۆی بەڕێوەبەری پەیمانگەیەكی رووسییە بۆ سیاسەت و بە وردی ئاگای لە ململانێ و سیاسەت و ئامانجەكانی مۆسكۆ لەم ناوچە گەرمەی جیهاندا هەیە. تێیدا ئامانجە گەورەکانی ڕووسیا لە ناوچەکە خراوەتە ڕوو، بە تایبەتیش دوای شەڕی سووریا و ئەو رەوشە ئاڵۆزەی وڵاتەكە، جارێكی دیكە رووسیای زلهێز هاتەوە نێو هاوكێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، تا ئاستی بەهێزبوونەوەی مۆسكۆ لەم ناوچە گەرمەی ململانێی وڵاتان.