کتێبی مێسی - 171
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

کتێبی مێسی - 171

نیمار وه‌ك ركابه‌رى میسى بۆندى له‌گه‌ڵ كرا

له‌ ماوه‌ی رابردوودا چه‌ند رووداوێك به‌سه‌ر لیۆنێل میسی، یاریزانی به‌رشه‌لۆنه‌دا هات، له‌وكاته‌دا گومان هه‌بوو ده‌ستێكی شاراوه‌ له‌پشت ئه‌و رووداوانه‌وه‌ بێ، كه‌ ده‌یویست لۆژیكی ژیانی ئه‌و یاریكه‌ره‌ به‌ نائاسایی بڕوات. گۆڵكارى مێژوویى به‌رشه‌ له‌ یاریی قۆناغی هه‌شتى وه‌رزی (2012، 2013)ی چامپیۆنسلیگ دووچاری پێكان هات، كه‌چى ویستى بگه‌ڕێته‌وه‌، كێشه‌ی خۆدزینه‌وه‌ی باجیان له‌ ئیسپانیا زیندوو كرده‌وه‌، به‌ڵام دوای ئه‌وه‌ ده‌ركه‌وت تاوانه‌كه‌ راوێژكاریی دارایی میسی ئه‌نجامی داوه‌، بۆیه‌ یاریكه‌ره‌كه‌ خۆى زوو كێشه‌كه‌ی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی گه‌نجینه‌ی ئیسپانیا كۆتایی پێهێنا، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ كاریگه‌رییه‌كی له‌سه‌ر دروست بكات و به‌دواى ئه‌وانه‌دا بگه‌ڕێت، کە خه‌ریكى هه‌ڵدانه‌وه‌ى ئه‌و مه‌له‌فانه‌ن. به‌هۆى ئه‌وه‌ى له‌وكاته‌دا لیۆ به‌ شێوه‌یه‌كی خراپ یاریی ده‌كرد، ئه‌مه‌ش وایكرد یانه‌كه‌ى هه‌وڵ بدات به‌ هه‌ر جۆرێك بێت، گرێبه‌ستی نه‌یمار داسلیڤا، وه‌ك جێگره‌وه‌ی میسی، واژۆ بكات. كێجه‌كه‌ به‌ڵێنیدا به‌ ئاستێكى چاتر بێته‌وه‌ یاریگه‌كان، كه‌چى كێشه‌یه‌كی دیكه‌ی بۆ دروست كرا، گوایه‌ باوكی خه‌ریكى سپیكردنه‌وه‌ی پاره‌یه‌ له‌ رێگه‌ی مادده‌ هۆشبه‌ره‌كانەوە. دواتر وه‌زاره‌تى ناوخۆى ئیسپانیا گوتیان: "ئه‌و قسانه‌ له‌سه‌ر بابى لیۆ، بنه‌مایه‌كی یاساییان نییه‌".


رۆژنامه‌ و میدیكارانى جیهان و هه‌وادارانی لیۆ پێیان وابوو، ده‌ستێكی شاراوه‌ له‌پشت ئه‌و تۆمه‌تانه‌وه‌ هه‌یه‌، بۆ ئه‌وه‌ى نیمار زاڵ بكه‌ن به‌سه‌ریدا و ریال یانه‌كه‌ى ركابه‌رى گرفتبار ده‌كات، به‌ڵام هه‌ندێكى دیكه‌ ده‌یانگوت له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی هەر دوو لایه‌ یاریكه‌ره‌كه‌ له‌ خولی ئیسپانیا به‌رده‌وام بێت، بۆ ئه‌وه‌ی لالیگا هه‌رده‌م سه‌رنجڕاكێش بێت و پاره‌یه‌كی زۆر داهاتی بێت، پێده‌چێت ئه‌وه‌ نه‌زانن له‌ ساڵى (2012)، كه‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ به‌رشه‌ و ریاڵ (200) ملیۆن یۆرۆیان له‌ گواستنه‌وه‌ی ته‌له‌ڤزیۆنی یارییه‌كان وه‌رگرت، هه‌روه‌ها دواتر له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی ریاڵ مه‌درید و یه‌كێتیی تۆپی پێ و حكوومه‌تی ئیسپانیاشه‌، كه‌ وابكه‌ن لیۆ له‌و وڵاته‌ دڵخۆش بژی و هه‌ست به‌ ئارامیی خۆی و خانه‌واده‌كه‌ی بكات، له‌به‌رامبه‌ردا، میسى وه‌ك پیشه‌ى هه‌میشه‌یی، به‌ ئاست و ئامار و داتا وه‌ڵامى گشت لایه‌كى ده‌دایه‌وه‌، ئه‌وه‌بوو له‌به‌رامبه‌ر یانه‌ی ریاڵ بیتیس له‌ یارییه‌كى خولی ئیسپانیدا توانیی دوو گۆڵ تۆمار بكات، به‌مه‌ش كۆی گۆڵه‌كانی گه‌یشته‌ (345). ئه‌وه‌ی جێگه‌ی سه‌رنجه‌ له‌و ژماره‌یه‌دا ئه‌وه‌یه‌، كه‌ دیگۆ ئارماندۆ مارادۆنای ئه‌فسانه‌ی تۆپی پێی ئه‌رجه‌نتینی، له‌ ته‌واوی كاروانی وه‌رزشیی خۆیدا هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ گۆڵه‌ی تۆمار كردووه‌. هه‌رچه‌نده‌ میسی به‌شێوه‌ی یه‌ده‌گ دابه‌زییه‌ ناو یاریگه‌ و ئه‌نجامه‌كه‌ش ئه‌وكات به‌ دوو گۆڵ بوو، به‌ڵام لیۆ توانیی دوو گۆڵی دیكه‌ بۆ به‌رشه‌لۆنه‌ تۆمار بكات، به‌و جۆره‌ یارییه‌كه‌ به‌ ئه‌نجامی (4 به ‌2) كۆتایی هات. له‌ ساڵی (2004) تا (2013) میسی (313) گۆڵی بۆ به‌رشه‌لۆنه‌ و (32) گۆڵی بۆ هه‌ڵبژارده‌ی وڵاته‌كه‌ی تۆمار كردبوو، له‌كاتێكدا مارادۆنا (311) گۆڵی بۆ ئه‌و یانانه‌ تۆمار كردووه‌، كه‌ یاریی بۆ كردوون‌. كاروانی وه‌رزشیی دیگۆ له‌ ساڵی (1976) ده‌ستی پێكرد و له‌ (98) كۆتایی هات، واته‌ بۆ ماوه‌ی (22) ساڵ (692) یاریی كرد، به‌ڵام كاروانی وه‌رزشیی ئه‌وكاته‌ى لیۆنێل ده‌ ساڵ له‌وه‌ی مارادۆنا كه‌متر بوو، (458) یاریشی له‌گه‌ڵ یانه‌ و هه‌ڵبژارده‌كه‌ی ئه‌نجام دابوو. میسی ئه‌و ساڵه‌ ناسناوی ژماره‌ (20)ـی له‌گه‌ڵ یانه‌ی به‌رشه‌لۆنه‌ به‌ده‌ست هێنا، واته‌ ئه‌و له‌ ته‌مه‌نی (25) ساڵیدا خاوه‌نی (20) ناسناو بوو، ئه‌مه‌ش ریكۆردێكی نوێیه‌، كه‌ هیچ یاریزانێكی دیكه‌ له‌و ته‌مه‌نه‌ بچووكه‌دا تۆمارى نه‌كردووه‌. كه‌واته‌ ژماره‌ پێوانه‌ییه‌كانی میسی سه‌لمێنه‌ری ئه‌وه‌ن، كه‌ ئه‌و بۆ چه‌ند جاری دیكه‌ شایه‌نی بردنه‌وه‌ى خه‌ڵاتی باشترین یاریزانى جیهانه‌ و گرنگیش نییه‌ كێ تۆمه‌تى بۆ دروست ده‌كات، که‌واته‌ ده‌كه‌وێته‌ پێش گه‌وره‌ ئه‌ستێره‌كانى وه‌كوو مارادۆنا و گرنگ نییه‌ ریال و ئیسپانییه‌كانیش چى ده‌ڵێن.