کتێبی مێسی - 170
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

کتێبی مێسی - 170

ریبیرى یه‌كه‌م بوو، مێسى به‌ باشترین ده‌ستنیشان كرا

یه‌كێتیی تۆپی پێی ئه‌وروپا له‌ ساڵى (2013) ناوی ئه‌و سێ یاریزانه‌ی راگه‌یاند، كه‌ كاندید بوون بۆ وه‌رگرتنی خه‌ڵاتی باشترین یاریزانی (2013)ـى كیشوه‌رى ئه‌وروپا. ئه‌وانیش بریتی بوون له‌ لیۆنێل میسی، ئه‌ستێره‌ى به‌رشه‌لۆنه‌ و كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئه‌وكاتى یانه‌ى ریاڵ مه‌درید و فرانك ریبێری، یانه‌ى بایرن میونخی ئه‌ڵمانى. بڕیار بوو له‌ 29/8/2013 براوه‌كان ده‌ستنیشان بكرێن. له‌م باره‌وه‌ رۆژنامه‌یه‌كی ئیسپانی ئاماری ژماره‌ و ده‌ستكه‌وته‌كانی ئه‌و سێ یاریكه‌ره‌ى بڵاو كرده‌وه‌. ده‌ركه‌وت له‌ رووی ژماره‌وه‌ میسی پێشه‌نگی گرتبوو، به‌م جۆره‌: لیۆ میسی له‌وكاته‌دا دووه‌م كاندید بوو، هه‌روه‌ها ناسناوی خولی ئیسپانیی له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌ی به‌ده‌ست هێنابوو، گۆڵكاری ئه‌و خوله‌ش ‌بوو بە (46) گۆڵ. له‌به‌رامبه‌ردا هه‌شت گۆڵی له‌ خولی یانه‌ پاڵه‌وانه‌كانی ئه‌وروپا تۆمار كردبوو. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا، نۆ گۆڵى بۆ هه‌ڵبژارده‌ی ئه‌رجه‌نتین تۆمار كردبوو، واته‌ كۆی گشتیی گۆڵه‌كانی له‌و وه‌رزه‌دا ده‌گه‌یشته‌ (69) گۆڵ به‌ جامى شا و سۆپه‌ره‌وه‌. له‌به‌رامبه‌ردا كریستیانۆ رۆناڵدۆ ده‌ستكه‌وته‌كانی زۆر بوون. ئه‌و ساڵه‌ گۆڵكه‌ری خولی یانه‌ی پاڵه‌وانه‌كانی ئه‌وروپا بوو به‌ (12) گۆڵ، له‌ لالیگاى ئیسپانى خاوه‌نى (34) گۆڵ بوو، له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ى پرتووگال چوار گۆڵى هه‌بوو، به‌ جامى شا و سۆپه‌رى ئیسپانى (59) گۆڵى كردبوو. هه‌رچیى فرانك ریبیریه‌، له‌ هه‌ردوو یاریزانه‌كه‌ی دیكه‌ چانسی باشتری هه‌بوو بۆ وه‌رگرتنی خه‌ڵاته‌كه‌، به‌هۆی ئه‌وه‌ی توانیبووى له‌گه‌ڵ یانه‌كه‌ی هه‌ر سێ ناسناوه‌ گرنگه‌كه‌ به‌ده‌ست بێنێت، كه‌ بریتیبوون له‌: خولی ئه‌ڵمانی و جامی ئه‌ڵمانیا و خولی یانه‌ پاڵه‌وانه‌كانی ئه‌وروپا، به‌ڵام گرفتی ریبێری له‌وه‌دابوو، ژماره‌ تاكه‌ كه‌سییه‌كانی له‌ ژماره‌كانی ئه‌و دوو یاریزانه‌ی سه‌ره‌وه‌ كه‌متر بوو، چونكه‌ ئه‌و ته‌نیا ده‌ گۆڵی له‌ خولی ئه‌ڵمانی و دوو گۆڵی له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژارده‌ی فه‌ره‌نسا و ته‌نیا یه‌ك گۆڵیشی له‌ خولی یان پاڵه‌وانه‌كانی ئه‌وروپادا هه‌بوو. واته‌ له‌ وه‌رزه‌كه‌دا (13) گۆڵى هه‌بوو، به‌ڵام جامه‌كه‌ى ئه‌وروپا سه‌نگى قورس كردبوو ببێته‌ كوڕى ساڵى كیشوه‌رى پیر. له‌كۆتاییدا میسى شكستى هێنا و ریبیرى خه‌ڵاتى ساڵانه‌ى باشترین یاریزانى ئه‌وروپاى برده‌وه‌، له‌به‌رامبه‌ردا میسى پله‌ى دووه‌مى وه‌رگرت، كه‌چى دواى ئه‌مانه‌ ماڵپه‌ڕى (هۆ سكۆرد)ى وه‌رزشیی به‌ناوبانگ، به‌ له‌به‌رچاوكردنى ئامار و داتاكانى هه‌ر یاریزانێك پێشكه‌شی كردبوو، پێكهاته‌ى نموونه‌یى قۆناغی گرووپه‌كانى خولى یانه‌ پاڵه‌وانه‌كانى ئه‌وروپا ده‌ستنیشان كرا. له‌و پێكهاته‌یه‌دا لیۆنێل میسی به‌ شێوه‌یه‌كى چاوه‌ڕوان نه‌كراو به‌ باشترین یاریزانى ئه‌و قۆناغه‌ دیاریكرا، چونكه‌ به‌هۆى پێكانه‌وه‌، له‌ كۆى شه‌ش یاریىدا، ته‌نیا چوار یاریى ئه‌نجامدابوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا له‌سه‌ر (10) خاڵ نۆ خاڵى به‌ده‌ست هێنابوو، هه‌روه‌ها پله‌ى دووه‌م به‌ر ئاریان رۆبنی هۆڵه‌ندیی یانه‌ى بایرن میونخی ئه‌ڵمانى كه‌وت، به‌ هه‌شت خاڵ. ئه‌وه‌ى جێگه‌ى تێڕامان بوو، ناوى فرانك ریبێریى ئه‌ستێره‌ى یانه‌ى بایرن میونخی ئه‌ڵمانى له‌و پێكهاته‌یه‌دا نه‌بوو، سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى به‌ باشترین یاریكه‌رى ئه‌وروپاى ساڵى (2013) دیاریكرا. ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدابوو ئه‌و پێوه‌رانه‌ى یوفا چاكترین یاریزانى پێ دیارى ده‌كرد، دیاربوو به‌ هه‌موو جۆرێك جه‌ماوه‌رى وه‌رزشى ره‌تیان ده‌كرده‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌وانه‌ هه‌ر میسییان لا په‌سه‌نده‌، ناسناوى هه‌بێ و نه‌بێت.