كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

خانووە كۆنەكانی ئاكرێ‌ دەكرێنە شوێنی گەشتیاری و فۆلكلۆری

ئاكرێ‌، یەكێكە لە شارە دێرینەكانی كوردستان و زۆر دەوڵەمەندە بە هەبوونی ژمارەیەكی زۆر شوێنی شوێنەواری و سێ‌ گەڕەك لە ئاكرێ‌ هەیە كە زۆر كۆنن و ساڵانە لە وەرزی زستاندا بەهۆی بارانبارینی زۆرەوە مەترسیی رووخانیان لەسەر دروست دەبێت و ژمارەیەك خانووش بەهۆی نوژەننەكردنەوەیان داڕووخاون.

هیوا شەماڵ، بەڕێوەبەری شوێنەواری ئاكرێ‌ بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "هەر سێ‌ گەڕەكی (چۆستەیی، گۆرەڤا و قاپەكی) بە گرنكترین شوێنەوار دەزانین لە سەرنتەری ئاكرێ‌ و بەهۆی ئەوەی ئاكرێ‌ بە خانووە كۆنەكانی ئەو گەڕەكانە ناسراوە كە ئەو خانووە كۆنانە بەپێی نەخشەی تەلارسازی كۆن و شوێنەواری دروست كراون، وەك بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەوارەكانی ئاكرێ‌ هەوڵی زۆرمان داوە كە خانووە كۆنەكانی ئاكرێ‌ نوژەن بكرێنەوە و لەسەر شێوەی كۆنی خۆی و بەپێی رێنماییەكانی پاراستنی كولتووری، ساڵی 2010-2011 نزیكەی 250 ملیون دیناری بۆ نۆژەنکردنەوە بۆ تەرخان کرابوو كە ئەوكات سەرۆكایەتیی شارەوانی ئاكرێ بەتەما بوون خانووە كۆنەكان نوژەن بکەنەوە".

گوتیشی: "بینای كولتووری پێویستە كەسانی پسپۆڕ و شارەزا لە بواری كولتووردا كاری تێدا بكەن، خانووە كولتوورییەكان لە ئاكرێ‌ بەداخەوە زۆر جار نیگەرانی خۆمان راگەیاندووە لە تێكچوونی خانووە كۆنەكانی گەڕەكەكانی (چۆستەیی، گۆرەڤا و قاپەكی) بەهۆی ئەوەی رۆژانە رێژەی گەشتیاران بۆ ئاكرێ‌ زیاد دەبێت، بەتایبەتی گەڕەكە كۆنەكانی ئاكرێ‌، هەموو هەوڵێكمان داوە خانووە كۆنەكان نوژەن بكرێنەوە و دواتر بكرێنە هۆتێل و موتێل و خواردنگە فولكۆرییەكان و قاوەخانە و پەرتووكخانە و بە تەواوی بكرێتە شارێكی گەشتیاری و كولتووری، بە مەرجێك ئەو كەرەستەیە بەكار بهێنرێت كە پێشتر بۆ دروستكردنی خانووەكان بەكار هێنراون" .

ئەوەشی خستە ڕوو: "ساڵانە لە وەرزی زستان و بارانباریندا خانووە كولتوورییەكان دەڕووخێن و بەهۆی نوژەننەكردنەوەیان بەرەو رووخان دەچن و نزیكەی 15 خانووی كۆنی ئاكرێ‌ ئێستا مەترسیی رووخانیان لەسەرە و لێژنەیەكمان پێكهێناوە بۆ كۆكردنەوەی ئاماری خانوو كۆنەكان و ئەوانەی رووخاون و ئەوانەی مەترسیی لەناوچۆنیان لەسەرە و ئەوانەی چۆڵ كراون و ئەوانەش ماون، دوای تەواوی ئامارەكان بە دەرخستەیەك بەرزی دەكەینەوە بە شێوەی بەڵگە و دیكیۆمێنتاری بۆ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان".