ڕۆمانی عەفرین نوێترین بەرهەمی جان دۆست کرایە سۆرانی
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ڕۆمانی عەفرین نوێترین بەرهەمی جان دۆست کرایە سۆرانی

عەفرین نوێترین ڕۆمانی جان دۆست، نووسەری بەناوبانگی کوردی خەڵکی کۆبانییە کە لەلایەن وریا غەفووری، وەرگیڕی خەڵکی سەقزەوە کراوەتە سۆرانی، ئەم وەرگێڕە پێشتر ڕۆمانەکانی "سێ‌هەنگاو و سێدارەیەک و کۆبانی" بەرهەمی جاندۆستی لە کورمانجییەوە بۆ شێوەزاری سۆرانی گۆڕیوە.

 ڕۆمانی "عەفرین، یان ڕێڕەوی ئارام" وەک لە ناوەکەیدا دیارە ئەو کارەساتەی لە کاتی هێرشی ئەرتەشی داگیرکەری تورک، ڕووی دا و ڕووداوەکانی دوای ئەومان لە زمانی کامەرانەوە کە مێرمنداڵێکی تەمەن چواردە، ساڵە بۆ دەگێڕێتەوە.

لە ڕۆمانەکەدا گرنگییەکی زۆر بە دۆخی دەروونیی منداڵان لە شەڕدا دراوە؛ ئەو منداڵانەی کە شەڕ نەک هەر جەستە، بەڵکوو ڕۆحیشی پارچە پارچە کردوون و لەژێر دار و پەروودی شەڕدا ورد و خاشی کردوون؛ ئەو منداڵانەی کە شەڕ دەرفەتی دنیای منداڵیی لێ سەندوونەتەوە و ڕێگەی ئاواز و گۆرانی  و یاریی منداڵانە و هەموو ئەو شتانەی منداڵ دێنێتە سەر کەیف، لێ گرتوون. ئەو منداڵانەی کە ئیدی شەڕ ناهێڵێ شاد و بەکەیف بن و مێکشیان پڕ بووە لە وێنەی تانک و تۆپ و گەمارۆ و قات و قڕی و جلی ڕەش و شەقامی سوور.

جان دۆست جارێکی دیکەش بە زمانە سێحراوییەکەی وەکچۆن لە ڕۆمانەکانی "کۆبانی، و سێ هەنگاو و سێدارەیەک، میرنامە و مژاباد" و بەرهەمەکانی دیکەیدا پێی ئاشنا بووین، دۆخی دەروونیی منداڵانی شەڕمان بۆ دەگێڕێتەوە و ئەو وێرانییەی شەڕ لە ڕۆحی منداڵاندا دروستی کردووە، بەرجەستە دەکات.

لە زمانی کامەرانەوە وەک گێڕەوەی چیرۆک کە باوکی لەلایەن داعشەوە ڕفێندراوە و خوشکەکەی بە فڕۆکەی تورک بووەتە دوو پارچە و دایکی کە شەڕ زمانی بردووەتە بەس و ئالانی برای کە شەڕ ناهێڵێ وەک خۆی منداڵ بێت و بەو تەمەنە بچووکەیەوە ئاوارەی دەشت و هەردانی دەکات و لە ئەنجامیشدا وەک ئاوارەی شەڕ، نیشتەجێی ژێڕ خێوەتێکی سپی دەکات و خودی کامەران کە کاریگەرییە نەرێنییەکانی شەڕ لەسەر ڕۆحی منداڵانەی وای لێ دەکات هەموو شەوێ کەوڵاوکەوڵ ببێت و ببێتە تەبەشیرێک یان ئەوەی کە هەموو شەوێ میز بە خۆیدا بکات، دەگێڕێتەوە و لەگەڵ ئازارەکانی شەڕ و ماڵوێرانی و ئەو نەهامەتییانەی بە ساڵانە لە هەموو پارچەیەکی کوردستان بە سەر کورداندا دێت و هیچمان لێی بیانی نین، جارێکی دیکە ئاشنامان دەکاتەوە.

لە چەند ساڵی ڕابردوودا بەرهەمەکانی جان دۆست جیا لەوەی لە کورمانجییەوە کراونەتە سۆرانی، هاوکات کراونەتە عەرەبی و فارسیش.

ڕۆمانی کۆبانێ کە پێشتر بە سپۆنسەریی دەزگای میدیایی (باس) چاپ و بڵاو کرایەوە، بە زمانی فارسی وەرگێڕدراوە و لە ئێران بڵاو کراوەتەوە.

 جان دۆست، (Jan Dost) نووسەر، شاعیر و وەرگێڕی کورد، لەدایکبووی 1965ی کۆبانێیە. لە زانکۆی حەلەب بەشی بایۆلۆژیی تەواو کردووە. لە ساڵی ٢٠٠٠ەوە لە ئاڵمانیادا دەژی. بە شیعر دەستی بە کاری ئەدەبی کرد و یەکەمین دیوانی (قەڵای دمدم) ساڵی ١٩٩١ لە ئەڵمانیا و پاشان لە ھەمان ساڵدا لە ئەستەنبووڵ بڵاوی کردەوە. ھەروەھا (دیوانی جان)ی لە دوبەی و ئەستەنببوڵ چاپ کردووە. چەندین کتێبی لە کوردییەوە بۆ عەرەبی وەرگێڕاوە. وەک مەم و زینی ئەحمەدی خانی، کە ناوی ناوە (الدر الثمين في شرح مم و زين)، بە چوار چاپ لە دیمەشق و بەیرووت و دھۆک بڵاو بوونەتەوە، پاشان کتێبی (عادات و ڕسووماتنامەی ئەکرادییە)ی مەلا مەحمووی بایەزیدی و ڕۆمانی (میرنامە) و دۆمانی (لابیرەنتا جنان - متاھە الجن)ی حەسەن مەتی بۆ پڕۆژەی ئەلکەلیمە کردوونەتە عەرەبی و لە ئەبوزەبی چاپ کراون. ئەمانە و جگە لە وەرگێڕانی ڕۆمانی (مژاباد) و (مارتینی بەختەوەر) بۆ عەرەبی. ئینجاش نووسینی دوو ڕۆمان بە زمانی عەرەبی بەناوی (دم عای المئذنە) و (عشيق المترجيم). ھەروەھا کۆمەڵێک شیعری سەییاب و ھەردوو ڕۆمانی (مھاباد بەر بەئۆڵەمپیادا خودێ) و (پەڕ)ی سەلیم بەرەکاتی کردوونەتە کوردی. پاشان کتێبی (الحدیقە الناصريە) ی لە فارسییەوە کردووەتە عەرەبی و (قاموس بدائع اللغە)ی لە فارسییەوە کردووەتە کوردی.

هەتا ئێستا هەشت ڕۆمانی نووسیوە کە بریتین لە:

 (مژاباد) ٢٠٠٤، (سێ ھەنگاڤ و سێدارەک) ٢٠٠٧، (میرنامە) ٢٠٠٩، (مارتینێ بەختەوەر) ٢٠١٢، (عشیق المترجم) ٢٠١٤، (دم علی المئذنە) ٢٠١٤، (نواقیس روما) ٢٠١٦ و کۆبانێ ساڵی 2017.

ڕۆمانی (کۆبانێ) ساڵی 2018 بە سپنسەریی دەزگای میدیایی (باس).