كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

گەنجێكی كورد بە فەرمی بانگهێشتی كۆمپانیای GOOGLE دەكرێت

"زمانی کوردیی بە GOOGLE زیاد کردووە

گەنجێكی كوردی دانیشتووی پارێزگای هەڵەبجە لەپای هەوڵدانی بۆ جێگیركردنی زمانی كوردی ناوەندی (سۆرانی) لەسەر ماڵپەڕی جیهانیی GOOGLE، لەلایەن كۆمپانیا GOOGLE ەوە بە فەرمی بانگهێشتی نووسینگەی سەنگافوورەی ئەو كۆمپانیایە دەكرێت.

بۆكان حەسەن جاف، دانیشتووی پارێزگای هەڵەبجە، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "لەپای هەوڵدانم بۆ جێگیركردنی زمانی كوردی ناوەندی (سۆرانی) لەسەر ماڵپەڕی جیهانیی GOOGLE، لەسەر بانگهێشتی فەرمی كۆمپانیای GOOGLE، ڕۆژی 28/1/2020، سەردانی نووسینگەی وڵاتی سەنگافوورەی ئەو كۆمپانیایە دەكەم".

گوتیشی: "بڕیارە ماوەی دوو ڕۆژ لە نووسینگەی كۆمپانیاكە لەو وڵاتە بمێنمەوە و لەگەڵ چەندین بەرپرسی باڵای GOOGLE كۆ ببمەوە و چەندین بابەتی مێژوویی باس بكەم".

ئاماژەی بەوەش دا: "ئەم سەردانەم دەبێتە ڕۆژێكی مێژوویی بۆ زمانی كوردی و هیوادارم بتوانم ئەوەی گرنگە بیگەیەنم و بەشدار بم لە كۆنفرانسی لووتكەی كۆمپانیای GOOGLE".

بۆكان حەسەن جاف، لە ماوەی 6 ساڵی رابردوودا زیاتر لە 100 هەزار داتای بۆ سەر زمانی کوردی وەرگێڕاوە و بە ئامانجی دانانی زمانی كوردیی ناوەندی (سۆرانی) لەسەر ماڵپەڕەكە هاوشێوەی زمانە جیهانییەكانی دیكە، لە ماڵپەڕی GOOGLE تۆماری كردووە.

ڕۆژی 20/11/2019، كۆمپانیای GOOGLE لەڕێگەی نووسینگەی وڵاتی سەنگافوورەی كۆمپانیاكەوە خەڵاتی تایبەتی كۆمپانیای پێشكەشی ئەو گەنجە كوردە كرد، كە دیارییەكە پێكهاتبوو لە سوپاسنامەیەكی كۆمپانیاكە و جلوبەرگ و هەندێ شتی تایبەت بە كۆمپانیاكە".