عەبدولحەکیم خەسرەو: زیاتر لە 600 ملیار دینار بۆ چەندین پڕۆژەی گرنگ تەرخان کراوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

عەبدولحەکیم خەسرەو: زیاتر لە 600 ملیار دینار بۆ چەندین پڕۆژەی گرنگ تەرخان کراوە

پێشینەی کارمان دابینکردن و پێدانی مووچە و خزمەتگوزاری و پڕۆژەکانە

 

عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون لە ئەنجوومەنی وەزیرانی کوردستان، لە گفتوگۆیەکی تایبەت لەگەڵ (باس)دا، چەندین پرسی گرنگ دەخاتە ڕوو و رای دەگەیەنێت، لەپاڵ دابینکردنی مووچەی فەرمانبەران، کاری لەپێشینەیان وەگەڕخستنەوەی پڕۆژەکان و باشترکردنی خزمەتگوزارییەکانە بۆ هاووڵاتییان. جەختیش دەکاتەوە، حکوومەت تەنیا چاوی لەسەر شارە گەورەکان نییە، بەڵکوو چاویان لەسەر دەوروبەر و ناوچە گەشتیاری و کشتوکاڵییەکانیشە.

سەرەتا باسی لە کارکردنی یەک تیمیی کابینەی نۆیەم کرد و گوتی: «حکوومەت وەکوو یەک تیم کار دەکات، ئەنجوومەنی وەزیران بە هەموو ستافەکەیەوە، هەماهەنگییەکی باش لەنێوانیاندا هەیە، چونکە سیاسەتی گشتیی حکوومەت پێویستی بەوە هەیە، لەسەر چەند ئاستێک کاری بۆ بکرێت، ئەو هاوکارییەی وەزارەتەکانیش خاڵێکی گرنگ و ئەرێنییە».

روونیشی کردەوە، کابینەی نۆیەم لەسەر ئەو هێڵە گشتییانە کار دەکات، کە رێککەوتنیان لەسەر کراوە و کابینەکەی لەسەر دامەزراوە.

ئاشکراشی کرد، لەنێوان دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی وەکوو وەزارەتی دارایی و پلاندانان، لەگەڵ فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون، هەمووان بۆ پڕۆژەکان کاریان لەسەر چەند خاڵێک کردووە، گوتی: «ریزبەندی دراوەتە پڕۆژەکان، هەروەها یارمەتیی هەردوو وەزارەتی پلاندانان و دارایی دراوە و چەندین پڕۆژە چوونەتە واری جێبەجێکردنەوە، هاووڵاتییانی کوردستانیش هەستیان بەو جووڵەیەی بازاڕ و ئابووری و خزمەتگوزارییەکان کردووە، بەتایبەتی لە بەگەڕخستنەوەی پڕۆژەکان و دووبارە جووڵانی کارەکان».

پێوەند بە هەنگاوەکانی چاکسازی لە کابینەی نۆیەمدا، عەبدولحەکیم خەسرەو گوتی: «لە چەند بوارێکدا چووینەتە پێشەوە و هەنگاوی باش نراوە و زۆر باشیش کار دەکرێت، بەڵام دەبێ ئەوەمان لەیاد بێت، ئێمە لە قۆناغی ئامادەکاریداین و کارەکانی ئامادەکارییش بە رێکوپێکی بەڕێوە دەچن، هەماهەنگییەکی باشیش لەنێوان ستافی حکوومەت و وەزارەتەکاندا هەیە، ئەوەش بنەمای جێبەجێکردنی هێڵە گشتییەکانی حکوومەتە».

ئاشکراشی کرد، پڕۆژەی چاکسازی، کە ئێستا لە پەرلەمانە، پڕۆژەیەکی گرنگە. بەڵام پێی وایە، چاکسازی تەنیا بە پڕۆژەیاسا ناکرێت، گوتیشی: «چاکسازی تەنیا بە پڕۆژەیاسا ناکرێت، بەڵکوو لەسەر چەندین ئاستی تری ئیداری و ئابووریدا دەکرێت، پڕۆژەیاسای چاکسازی یەکێکە لە هەنگاوەکانی چاکسازی و بەدڵنیاییەوە ئەو پڕۆژەیە کاریگەریی دەبێت لەسەر بەشێک لەو ئامانج و پلانەی کە هەمان بووە و دەتوانین سەری بخەین، ئەگەر هاتوو یاسای چاکسازی لە لایەن پەرلەمانەوە پەسند بکرێت».

ئەو بەرپرسەی حکوومەت جەختیشی کردەوە، پلان و بەرنامەی باشیان هەیە، بەڵام نایشارێتەوە، کە دەبێت رەچاوی بارودۆخی عێراق و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە بکەن، دەشڵێت: «بۆ ئەوەی بەرنامەی حکوومەت وەکوو خۆی جێبەجێ بکرێت، دەبێ چاوەڕوانی بارودۆخی عێراق و ناوچەکە بکەین، گرنگ ئەوەیە حکوومەت لە بەرنامە و پلان و پڕۆژەکانیدا جدییە».

ئەو هاتە سەر پڕۆژەکان و ئاشکرای کرد، بە قۆناغ پڕۆژەکان دەخرێنە واری جێبەجێکردنەوە، گوتیشی: «زیاتر لە 600 ملیار دینار بۆ چەندین پڕۆژەی گرنگ تەرخان کراوە و پڕۆژەکان چوونەتە واری جێبەجێکردنەوە و قۆناغ بە قۆناغ پارەیان بۆ خەرج دەکرێت، بەشێکی زۆری ئەو پڕۆژانە لە ماوەی داهاتوودا تەواو دەبن، چونکە ئەوانەی پارەیان بۆ تەرخان کراوە، رێژەی جێبەجێکردنیان لە 85% بوو، بۆ ئەمساڵیش کار بۆ ئەوە دەکەین، پارە بۆ ئەو پڕۆژانە تەرخان بکەین، کەوا رێژەی جێبەجێکردنیان بەرزە، بۆ ئەوەی تەواو بکرێن و بخرێنە خزمەتی هاووڵاتییان».

سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون ئاماژەی بەوەش دا، پڕۆژەی هەموو وەزارەتەکانیان کۆ کردووەتەوە و بەپێی ئیمکانیەت و داهاتی هەرێمی کوردستان پارەیان بۆ تەرخان دەکرێت، بۆ ئەوەی تەواو بکرێن.

سەبارەت بەوەی، بۆچی ئەم کابینەیە زۆرتر گرنگی بە پڕۆژەکانی رێگاوبان دەدات، ئەو گوتی: «ژێرخانی ئابووری لەسەر بنەمای رێگاوبان دادەنرێت، چونکە گەشەپێدانی ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بە رێگەی رێگاوبانەوە دەکرێت، ئێمە تەنیا چاومان لەسەر شارە گەورەکان نییە، بەڵکوو چاومان لەسەر دەوروبەر و ناوچە گەشتیاری و کشتوکاڵییەکانیشە، بۆ ئەوەی جۆرێک هاوسەنگی لە گەشەپێداندا هەبێت، بۆیە لەم قۆناغەدا لە پلانی ستراتیژیی هەرێمی کوردستاندا گرنگیدانە بە رێگاوبانەکان».

عەبدولحەکیم خەسرەو، لەبارەی پلانی دامەزراندنی فەرمانبەران، گوتی: «ئەوەی پێویست بوو بڕیاری دامەزراندنی بەشێکی یەکەمەکانی زانکۆ بوو، دواتر بڕیار درا بە دامەزراندنی مامۆستایانی گرێبەست، بۆ دامەزراندنی فەرمانبەرانی گرێبەست، ئێستا لەژێر دیراسەتکردنداین، دوای دیراسەتکردن، بەدڵنیایی بڕیاری  گرنگ دەدرێت، بۆ ئەوەی کار لەسەر میلاکی پێویست بکەین، بەپێی پێداویستی ئەوانیش دەکرێنە هەمیشەیی».

گوتیشی: «ئێمە واقیعین، حکوومەتی هەرێم بەپێی ئیمکانیەت کار دەکات، تاوەکوو ئیمکانیەت هەبێت ئەوا کار بۆ خەڵکی خۆمان دەکەین، پێشینەی کارمان دابینکردنی مووچەیە، بەڵام خزمەتگوزاری و پڕۆژەکان بۆ ئێمە لە پێشینەی کارەکانمانن، ئەو داهاتەی لەبەردەستمان بێت، بۆ ئەو بوارە وەگەڕی دەخەین، ئێستا بەرنامەی حکوومەت بەردەوامیدانە بە پێدانی مووچەی فەرمانبەران لە کاتی خۆی و خزمەتگوزارییەکان، کە دوو پرسی سەرەکین لای حکوومەت».

ئاشکراشی کرد، لەم ماوەیەدا ئەنجوومەنی وەزیران چەندین کۆبوونەوەی کردووە، زیاتر لە 40 بڕیاریشی دەرکردووە، کە زۆربەیان پەیوەندییان بە فەرمانبەران و هاووڵاتییان و خزمەتگوزارییەوە هەبووە.

راشی گەیاند، لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان لێژنەیەکی هاوبەش هەیە: «پێکهاتووە لە ئەندامانی ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی و وەزارەتی پلاندانان، ئەم لێژنەیە زۆر گرنگە، چونکە کاری لەسەر رێکخستنەوەی خەرجییەکان کردووە، هاوکات هەموو داهاتی ناوخۆیی دەخرێتەوە ناو گەنجینەی گشتی و دواجار لە گەنجینەی گشتی، بەپێی ئەو دەسەڵاتەی بە وەزیری دارایی دراوە و بەپێی ئەو پێداویستی و بڕگانەی کە پێویستە بەسەر وەزارەتەکاندا خەرج بکرێت، ئەمە قۆناغێکی راگوزەرە لە هەرێمی کوردستان و بارودۆخی هەرێمی کوردستان وا دەخوازێت ئەو رێکخستنەوەیە لە داهات و خەرجییەکان بکرێت، ئەمەش بەرچاوڕوونیمان لەمەڕ داهات و خەرجییەکان و چۆنیەتیی خەرجکردنی و رێگاگرتن لە بەهەدەردانی داهاتەکانمان پێ دەدات”.