رێباز حەملان: ئابووریی هەرێمی كوردستان بەرەو باشی دەڕوات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

رێباز حەملان: ئابووریی هەرێمی كوردستان بەرەو باشی دەڕوات

"پەسەندکردنی پرۆژەیاسای بودجەی عێراق دواش بکەوێت، مانگانە 453 ملیار دینارەكەی بەغدا دەنێردرێت و مووچەش بەردەوام دەبێ"

پڕۆژە هەمواری یاسای وەبەرهێنان ئامادەیە و حكوومەت دەینێرێتە پەرلەمان، رێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆکی حكوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کاروباری ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنان و راژەی گشتی، لە گفتوگۆیەكی تایبەتی (باس)دا، چەندین پرسی پەیوەست بە ئابووری و مووچە و وەبەرهێنان دەخاتە ڕوو. رای دەگەیەنێت: “سێ مووچەی ئەمساڵ پاشەكەوت ناكرێن و بەردەوام دەبن. ئاشكراشی دەكات، ئێستا لە ئەنجوومەنی وەزیران كار بۆ ئەوە دەكرێت پرسی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران بكرێتەوە.


سەرەتا ئاماژەی بەوە دا، بەهۆی پرۆژەیاسای چاكسازییەوە ئەگەر وەک خۆی پەسەند بکرێت، چەندین كێشە و گرفتی كارگێڕی و دارایی چارەسەر دەبن، گوتیشی: "بەهۆی ئەو یاسایەوە، بەشێكی زۆری كێشەی ئیمتیازاتی پلە تایبەتەكان و خانەنشینی و كێشەی مووچەی كەمئەندامان و تۆڕی كۆمەڵایەتی و ئیمتیازی كەسوكاری شەهیدان چارەسەر دەبێ، بەڵام ئەوەی گرنگە لەنێو پەرلەمان، ئەو پڕۆژەیە وەكوو ئەوەی حكوومەت ناردوویەتی، پەسەند بکرێت".


زیاتر گوتیشی: "لە كابینەی رابردووشدا، كە یاساكە نێردایە پەرلەمان، لە پەرلەمان زۆر دەستكاری كرا، بۆیە دەبێ چاوەڕوان بین بزانین لە پەرلەمان یاساكە چۆن دەردەكرێت".


حەملان روونی كردەوە، ئێستا زەمینە لەبارە بۆ ئەوەی چاكسازی لە هەرێمی بكرێت، گوتیشی: "یەكێك لە پێشینە گەورەكانی كارنامەی كابینەی نۆیەم و ئەو پەرۆشییەی جەنابی سەرۆكی حكوومەت هەیەتی بۆ چاكسازییە، بۆ ئەوەیە لە جێگایەك بوەستین و خۆمان رێك بخەینەوە، ئێستاش زەمینەكە لەبارترە، چونكە چاكسازی پێویستی بە كۆدەنگیی هەموولایەنە سیاسییەكان و هەموو فراكسیۆنەكان هەیە، ئێستاش ئەوەی لە كوردستان بەرجەستەیە، ئەو لایەنانەینشی كە ئۆپۆزسیۆنن، هەموویان هاوكار و هەماهەنگن لەسەر ئەوەی كە دەبێت چاكسازیی فیعلی لە هەرێمی كوردستاندا بكرێت، چونكە ئەگەر چاكسازی نەكرێـت و خۆمان رێك نەخەینەوە و مەسەلەی داهات و خەرجی رێك نەخرێت، هەر جۆرە داهاتێكمان لە بەغداوە بۆ بێت، ئەگەر نەتوانین جۆرە هاوسەنگییەك لەنێوان خەرجی و داهاتدا بكەین، ئەوا لە داهاتوودا زیانی زۆر بەر ئابووریی كوردستان دەكەوێت".


یاریدەدەرەكەی سەرۆكی حكوومەت، گوتیشی: "كابینەی نۆیەمی حكوومەت، بە تایبەت سەرۆك وەزیران، یەكێك لە كارە لەپێشەكانی گرنیگیدانە بە چارەسەركردنی كێشەی مووچە، بۆیە ئەو هەموو هاتوچۆیەی نێوان هەولێر و بەغدا، ئەو هەموو زەمینەسازییەی لەسەر ئاستی سەرۆكایەتیی حكوومەت لەگەڵ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق و سەركردە سیاسییەكانی عێراقدا كراوە، لەپێناوی مووچەی فەرمانبەران و مامۆستایان و پێشمەرگە و كەسوكاری شەهیدان بووە".


رێباز حەملان، گوتیشی: "دڵنیایی دەدەینە مووچەخۆران، كەوا حكوومەت گەرەنتیی ئەوەی كردووە، هەر 30 رۆژ جارێك مووچە بدرێتە فەرمانبەران و مووچەخۆران، ئەگەر یاسای بودجەی عێراقیش پەسند نەكرێت، یان دوابخرێت، ئەوا مانگانە 453 ملیار دینارەكەی بەغدا دەنێردرێت و مووچەش بەردەوام دەبێت".


لەمیانەی قسەكانیدا دووپاتی كردەوە: "ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری داوە مووچەی مانگی 10 و 11 و 12ی ساڵی 2019 پاشەكەوت نەكرێت، بەڵكوو بەردەوام دەبێت لە دابەشكردنی".


حەملان گوتیشی: "سەبارەت بە دانەوەی مووچە پاشەكەوتكراوەكانی فەرمانبەران، ئەوە دەوەستێتە سەر چۆنیەتیی جێبەجێكردنی بودجەی عێراق و ئەو لیژنە هاوبەشەی كە لەنێوان حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی عێراق، لەگەڵ چاودێریی دارایی هەرێم و بەغدا، كە بەدواچوون بۆ قەرزەكان و پاشەكەوت دەكەن، ئەو بابەتە لەوێدا یەكلایی دەكرێتەوە".


ئاماژەی بەوەش دا: "پەیوەندییەکانی حکوومەتی هەرێم لەگەڵ حکوومەتی عێراق باشن و هەوڵی سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان ئەوەیە، دوای دەستلەکارکێشانەوەی عەبدولمەهدی، هەر حکوومەتێکی دیکە بێتە سەر دەسەڵات، مافەکانی هەرێمی کوردستان پارێزراو بن".


پەیوەست بە دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران، كە لە ساڵی 2016وە وەستاوە، ئەو یاریدەدەرەی سەرۆكی حكوومەت گوتی: "پرسی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران ئێستا لە ئەنجوومەنی وەزیران لەژێر دیراسەدایە، سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانیش كاری جدیی لەسەر دەكات و لەكاتێكی نزیكدا یەكلایی دەكرێتەوە".


باسی لەوەش كرد، ئەنجوومەنی راژە دروست دەكرێت، كە كارەكانی تایبەت دەبن بە فەرمانبەران و میلاكات، گوتیشی: "بەشێكی گرنگی كاری ئەم ئەنجوومەنەش دوای دەرچوونی یاسای چاكسازی لە پەرلەمان، زۆربەی جێبەجێكردنەكەی دێتەوە ئەنجوومەنی راژە، چونكە ئەنجوومەنەكە كاری سەرەكی بۆ رێكخستنەوەی میلاكات و دەرماڵە و پلەی فەرمانبەران دەبێت".


سەبارەت بە بواری وەبەرهێنان لەو كابینەیەدا، یاریدەدەری سەرۆكی حكوومەت بۆ کاروباری ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنان و راژەی گشتی، گوتی: "لەسەر راسپاردەی سەرۆكی حكوومەت، لەگەڵ دەستەی وەبەرهێنان و وەزارەتی شارەوانی و وەزارەتی پلادانان و ئەنجوومەنی وەزیران خەریكی دانانی نەخشەڕێگەیەكی چوار ساڵیین بۆ وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان، بەپێی ئەو نەخشەڕێگەیە، دیاری دەكەین کە هەرێمی كوردستان لە چ شوێن و شار و شارۆچكەیەك پێویستی بە چ جۆرە وەبەرهێنانێكە لە بواری كشتوكاڵ و گەشتیاری و پیشەسازی، لە بواری تەندروستی و خوێندن و پەروەردە و كارەبا، وەك جاران ناكەین، هەر كەس پارچە زەوییەكی دەست بكەوێت و بیكاتە بینا و شوقە، ئێمە بەدوای ئەو پێداویستییانەدا دەگەڕێین، كە بۆ خزمەتكردنی خەڵك و خزمەتگوزاریی گشتییە".


حەملان جەختیشی كردەوە، وەبەرهێنان لە كەرتی كشتوكاڵ لە كارە لەپێشەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەبێت، گوتیشی: "پڕۆژە هەمواری یاسای وەبەرهێنان ئامادەیە و حكوومەت دەینێرێتە پەرلەمان بۆ هەمواركردنەوەی، بە جۆرێك یاساكە دادەڕێژرێتەوە، كە هاوسەنگی هەبێت لەنێوان بەرژەوەندیی باڵای خەڵكی كوردستان و پاراستنی مافی وەبەرهێنەر".


ئەو گەشبینیی خۆی پیشان دا، كە ساڵی 2020 ساڵێكی باش دەبێت بۆ ئابووریی هەرێمی كوردستان: "دڵنیام ئابووریی هەرێمی كوردستان بەرەو باشی دەڕوات، هەروەها پلانێكی حكوومەت ئەوەیە، هەموو پشتبەستنی بە نەوت نەبێت، بەڵكوو سەرچاوەكانی داهاتمان زیاد بكەین و رێكی بخەینەوە".