موشیر رەشید ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی یاسایی لە دەستەی نەزاهەی هەرێمی کوردستان، لە گفتوگۆیەکی تایبەتی (باس)دا قسە لەبارەی پڕۆژە یاسای چاکسازی دەکات. راش دەگەیەنێت، باشترین پڕۆژەیە و ئەو کەس و لایەنانەی دژی بن، ئایندەیەکی باشیان بۆ هەڕیمی کوردستان ناوێت. ئاشکراشی دەکات، لە پڕۆژەی چاکسازیدا خانەنشینی نایاسایی و پێدانی پلە و ناونیشانی ناشایستە ناهێڵدرێت.
سەرەتا ئاماژەی بەوە دا، ئەوان له ساڵی 2014ـهوه بهڵگه کۆدهکهنهوه، بۆ ئهوهی چاکسازی بکرێت، بەڵگەکانیش دراونهته حکوومهتی ههرێمی کوردستان، تا جێبهجێیان بکات، گوتی: "بۆ خانەنشینی نایاسایی، پلەبەرزکردنەوە و کۆمەڵێک بابەتی تری کارگێڕی و دارایی، هەموو کارە نایاساییەکان بە داتاپەیس دراون بە حکوومەت، ئێستا پڕۆژەی چاکسازی لە لایەن حکوومهت نێردراوە بۆ پهرلهمان، پڕۆژهکە بە ئامانجی گهڕانهوهی دادی کۆمهڵایهتی و بهفیڕۆنهدانی سامانی گشتییە".
ئەوەشی خستە ڕوو، ئهو ئامارهی لهبهردهستدایه، تهنیا له پێوهری بڕوانامهدا، ههزار و 557 کهس بهدهر له یاسا بهرز کراونهتهوه بۆ پلهی باڵای وەکوو ڕاوێژکار و بریکاری وهزیر، هەروەها سەدان کەسی تریش پلەی جۆراوجۆریان بە نایاسایی پێ داوە، گوتیشی: "یاسای خزمەتی شارستانی بۆ پلەبەرزکردنەوە دوو پێوەری وەرگرتووە، پێوەری بڕوانامە و پێوەری خزمەت، بۆ جێگیرکردنی پلە و ناونیشان و خانەنشینبوون، تەنیا لە پێوەری بڕوانامە هەزار و 557 کەس، کە بە نایاسایی پلەیان پێ دراوە، بەگشتی نزیکەی 2 بۆ 3 هەزار کەس بەدەر لە رێنمایی پلەیان پێ دراوە و بە بەڵگە ئەوانەمان داوەتە حکوومەت و لە پڕۆژەیاسای چاکسازیدا رێکار بۆ ئەو پرسە داندراوە".
موشیر رەشید، گوتیشی: "جێگەی دەسشتخۆشییە بۆ کابینەی نۆیەم، کە پڕۆژەی چاکسازیی گەیاندە پەرلەمان، ئێمەش پشتگیریی پڕۆژەکە دەکەین، هەندێک خەڵک بە ناوی دەرماڵە کێشە بۆ پڕۆژەکە دروست دەکەن، ئەوانە ئامانجیان ئەوەیە چاکسازی نەکرێت".
جەختیشی کردەوە، دابەشکردنی دەرماڵە نادادپەروەریی تێدا هەیە، دەبێت چاوخشاندنەوە بە دەرماڵەکان بکرێت، لە پڕۆژەی چاکسازییشدا ئەوە جێگیر کراوە، گوتیشی: "هەندێک دەرماڵە هەیە لە هەندێک وەزارەت بە کەسێک دەدرێت، کە شایستەیە و ماندووە و مەترسیی لەسەرە، کەچی دراوە بەو فەرمانبەرانەیش کە هیچ ماندوو نین و مەترسییان لەسەر نییە، ئەوە پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت و بنەمای دادگەریی تێدا پەیڕەو دەکرێت چونکە ئەو کارە ستەمە لەوانەی شایستەن".
ئاشکراشی کرد، 461 کهس به پلهی وهزیر و بریکار و ڕاوێژکار و بهڕێوهبهری گشتی، که یهک ڕۆژ کاریان لهو پۆستانه نهکردووه، یا به پلهی بهرزتر خانهنشین کراون، گوتیشی: "ئەوانە دوو جۆرن، هەیە هەر وەزیفەی نەدیوە و بەم پلانە خانەنشین کراوە، هەیانە وەزیفەی بینیوە، بەڵام بە پلەی بەرزتر خانەنشین بووە، بۆ نموونە بەڕێوەبەری گشتی بووە بە وەزیر خانەنشین بووە، لە پڕۆژەی چاکسازیدا ئەوەی وەزیفەی نەدیبێت، ئەوا خانەنشینییەکەی هەڵدەوەشێندرێتەوە، ئەوەیشی پلەی زیادی پێ درابێت، دەگەڕێندرێتەوە سەر پلەکەی خۆی، ئەوەش بە مەرجی خزمەتی 15 ساڵ و 45 ساڵ تەمەن".
بەرپرسەکەی دەستەی نەزاهە دووپاتی دەکاتەوە، پڕۆژەی چاکسازی پڕۆژەیەکی زۆر باشە، گوتیشی: "ئەو لایەن و حزب و کەسانەی دژی پڕۆژەی چاکسازی بوەستنەوە، ئەوا گەندەڵن و نایانەوێت گەندەڵی کەم بکرێتەوە، ئەگەر نا ئەم پڕۆژەیە باشترین پڕۆژەیە، هەنگاوی یەکەمە بۆ چاکسازی لە کەرتی گشتی".
موشیر رەشید داوا دەکات هەموو پەرلەمانتاران دەنگ بەو پڕۆژەیە بدەن، گوتیشی: "گرنگە هەموو ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان دەنگ بە پڕۆژەی چاکسازی بدەن، هەر پەرلەمانتارێک سە بە هەر لایەنێک بێت دەنگی پێ نەدات، ئەوا ئایندەیەکی باشی بۆ کوردستان ناوێت، ئەگەر لایەنەکەش پشتگیریی ئەو کەسە بکات بۆ دەنگنەدان، ئەویش دەچێتە چوارچێوەی هەمان پێناسەوە".
ئەو بەرپرسە، هاتە سەر خانهنشینی سهربازی و پێدانی پلهی جۆراوجۆر پێیان، گوتی: "خەڵکانێک هەن هەموو تەمەنی خۆیان لە خزمەتی پێشمەرگایەتی و خەبات بەسەر بردووە و خەباتی کردووە، بەڵام هەشن خۆیان خزاندووەتە نێو لیستی خانەشینیی سەربازی، بۆیە پێداچوونەوە دەکرێت و ئەوەی شایستە بووبێت مافی خۆی پێ دەدرێت، هەیە یەک سەعات پێشمەرگایەتیی نەکردووە بە 900 هەزار دینار خانەنشین بووە، پێشمەرگەش هەیە 40 ساڵ خەباتی کردووە 300 هەزار دیناری هەیە، بۆیە ئەو نادادییە ناهێڵدرێت، سەرۆک وەزیرانیش رژدە لەسەر ئەوەی مووچەی باش و ئیمتیازەکان بۆ ئەو کەسانە بن کە بە فیعلی پێشمەرگە بوون یان پێشمەرگەن".
ئاماژەی بەوەش دا، بەو پڕۆژەیە 70%ی چاکسازی لە وەزیفەی گشتیدا دەکرێت، بهرهنگاربوونهوهی گهندهڵییش دهبێ به چاکسازی له کهرتی گشتییەوە دهست پێ بکرێت.
گوتیشی: "ئەوەی تر کە دەمێنێتەوە، پەیوەندیی بە هەنگاوی ترەوە هەیە، کە چاوەڕوان دەکەین بگیرێتە بەر، ئەویش گۆڕانکارییە لە هەیکەلیەتی وەزارەت و فەرمانگەکان، دەبێ بهڕێوهبهرایهتی و بهش و هۆبه داتاشراوهکان، که بۆ مهبهستی پێدانی دهرماڵه بۆ ههندێک کهس دروست کراون، نەهێڵدرێن".
بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی یاسایی ئەوەشی خستە ڕوو، دوای پەسندکردنی یاساکە، حکوومەت دەست بە رێوشوینی جێبەجێکردنی ماددە و بڕگەکان دەکات و دواناخرێت، دەشڵێت: "خەڵکانێک کە گەندەڵن و لە بەرژەوەندییان دەدرێت، لۆبی لە دژی پڕۆژەی چاکسازی دەکەن، بۆیە دەبێ خەڵکی چاکساز و دژ بە گەندەڵیش، بۆ سەرخستنی پڕۆژەکە لۆبی بکەن، دەبێت هەموو خەڵکی کوردستان پشتیوانیی پڕۆژەکە بکەن و بە قسەی خەڵکانێکی گەندەڵ دژی نەوەستنەوە".