سۆڤێت لایه‌نگری هه‌ڵگیرسانی شۆڕشی ئه‌یلوول نه‌بوو دژ به حكوومه‌تی عه‌بدولكه‌ریم قاسم له ساڵی 1961دا، سۆڤێت پێیان وابوو، كه ده‌كرا، به‌ڵكوو وا پێویست بوو، كه به شێوازی ئاشتییانه و سیاسه‌ت و گفتوگۆ، كورد خۆ له كێشه و ناكۆكی له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی قاسم به‌دوور بگرن، به‌بێ ئه‌وه‌ی په‌نا ببه‌نه به‌ر چاره‌سه‌ری سه‌ربازی. وێڕای ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ش، یه‌كێتیی سۆڤێت به‌رهه‌ڵستیی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كوردی نه‌كرد له عێراقدا، به‌ڵكوو تا راده‌یه‌كی زۆر پشتیوانی و هاوكاریشی كرد. هه‌ر بۆیه جه‌لال تاڵه‌بانی ده‌ڵێت: ئێمه‌یان به ته‌نیا جێ نه‌هێشت، به‌ڵكوو له رووی داراییه‌وه ئه‌وه‌ی پێویست بوو پێیان داین. (30)، ل190
له هه‌مان كاتیش‌دا ده‌بینین، كه سۆڤێت هاوكاریی له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراقیشدا ده‌كه‌ن و كۆمه‌كی سه‌ربازی ده‌كه‌ن و چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نیی پێ ده‌ده‌ن، كه دژ به شۆڕشگێڕانی كورد به‌كار ده‌هێندران، له‌م رووه‌وه فوئاد عارف ده‌ڵێت: ئه‌و چه‌كه‌ی قاسم دژ به بزووتنه‌وه‌ی كورد به‌كاری هێنا، چه‌كی رووسی بوو، به تایبه‌تی فڕۆكه‌ی بۆردومانكه‌ری مێک، كه له یه‌كێتیی سۆڤێت وه‌ری گرتبوو. زۆر به‌داخه‌وه گه‌لێك جار سۆڤێت و هه‌وادارانی ئه‌وان باسی ئه‌وه‌یان ده‌كرد، كه سۆڤێت پشتیوانیی گه‌لانی سته‌مدیده و مافخوراون. (31)، ل197.
له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی له عێراقدا، یه‌كێتیی سۆڤێت به شێوه‌یه‌كی گه‌رموگوڕ لایه‌نگریی له شۆڕشی ساڵی 1961ی كورد نه‌كرد، ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندیی فره‌لایه‌ن و گرنگی هه‌بوو، به چه‌شنێك وای لێ كرد، كه دۆخی هه‌نووكه‌یی عێراق بپارێزێت.
یه‌كێتیی سۆڤێت خۆی له هه‌ر كارێك به‌دوور ده‌گرت، كه ره‌نگه بووبووایه‌ته مایه‌ی تووڕه‌بوون و په‌ستبوونی زه‌عیم عه‌بدولكه‌ریم قاسم، یان بڵێی پاساوێكی پێ بدات، كه هه‌ڵوێستی خۆی هه‌مبه‌ر به به‌رژه‌وه‌ندیی سۆڤێت له عێراقدا بگۆڕێت. (32)، ل54.
یه‌كێتیی سۆڤێت به دانپێدانانی لاوه‌كی و ناڕۆشنی به پرسی كورد بەسی لێ كرد، ئه‌ویش نه‌ك له رێی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی سۆڤێت، یان له رێی لێدوانی سه‌ركرده‌كانی پارتی كۆمۆنیستی سۆڤێته‌وه له‌باره‌ی شۆڕشی كورده‌وه، به‌ڵكوو له رێی هه‌ردوو پارتی كۆمۆنیستی عێراق (شیوعی) و ئێران (تووده)وه، هه‌ڵوێستی خۆی راده‌گه‌یاند. (33)، ل200.
له ئه‌یلوولی 1962دا عێراق و یه‌كێتیی سۆڤێت رێككه‌وتننامه‌یه‌كی تایبه‌تیان واژۆ كرد بۆ دامه‌زراندنی بنكه‌یه‌كی مووشه‌ك له‌سه‌ر خاكی عێراقدا، به مه‌رجێك ئه‌و بنكه‌یه له لایه‌ن شاره‌زایانی سۆڤێت و عێراقه‌وه به‌ڕێوه ببردرێت، ئه‌مه‌ش ئاشكرای ده‌كات، كه یه‌كێتیی سۆڤێت له پشتیوانیكردنی قاسم تا رووخانی له ساڵی 1963دا، به‌رده‌وام بوو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هیچ هه‌ڵوێستێكی سه‌باره‌ت به ره‌تكردنه‌وه‌ی شۆڕشی كوردیش نه‌بوو.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا شۆڕشی كورد له‌و كاته‌دا پشتی به كۆمه‌كی سۆڤێت نه‌به‌ست، هه‌وڵی بارزانی بۆ به‌ده‌ستهێنانی كۆمه‌ك له ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئه‌مەریكا، ده‌كرێ وه‌ك هه‌وڵێكی ئه‌و بۆ وازهێنان له كۆمه‌ك و یارمه‌تیی سۆڤێت دابندرێت. (34)، ل206، 207
له‌دوای كوده‌تای شوباتی 1963 و رووخانی حكوومه‌تی قاسم و هاتنی قه‌ومی و به‌عسی بۆ سه‌ر ده‌سه‌ڵات، وه‌ك هه‌میشه گه‌ڕێكی دیكه‌ی دانوستاندن له‌نێوان حكوومه‌تی عێراق و بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد به‌ڕێوه چوو، به ئامانجی گه‌یشتن به چاره‌سه‌رێك بۆ دۆزی كورد، به‌ڵام بێ سوود بوو.
سۆڤێت له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا بوون كه ئه‌و گرفتانه‌ی له‌نێوان بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد و حكوومه‌تی عێراقدا بوون، به چاره‌سه‌رێك بگه‌ن، هه‌رچه‌نده ئه‌و حكوومه‌ته‌ی عێراق دژی حكوومه‌تی مۆسكۆش بوو، یه‌كێتیی سۆڤێت ترسی هه‌بوو كورد توانای به‌رگریكردنی نه‌مێنێت، له‌كاتێكدا دانوستاندن ده‌یهێشته‌وه، بۆیه ئه‌و پشتیوانیی له چاره‌سه‌ری ئاشتییانه كرد، به‌ده‌ر له هه‌ڵوێستی ناته‌بای له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراقدا، له‌پای ئه‌و كوشتاره‌ی دژ به ئه‌ندامانی پارتی كۆمۆنیست (شیوعی)ی عێراق كرد، بۆیه ده‌بینین به سه‌رۆكی شاندی كورد جه‌لال تاڵه‌بانییان راگه‌یاند، كه ده‌بێ له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراق درێژه به دانوستاندنیان بده‌ن، جه‌لال تاڵه‌بانیش ئه‌وه‌ی دووپات كردووه‌ته‌وه، كه ده‌ڵێت: هه‌ڵوێستی سۆڤێت مه‌ردانه و زۆر دۆستانه و لایه‌نگر به بزووتنه‌وه‌ی كورد بوو، ئه‌وان نه‌یانده‌ویست به‌رگریی كورد كۆتایی بێت و نه‌مێنێت و ترسی ئه‌وه‌شیان هه‌بوو له‌ناو ببردرێت، بۆیه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا بوون درێژه به دانوستاندن له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی عێراقدا بدرێت. (35)، ل235
ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ش به رای من، به‌ڵگه‌یه، كه لایه‌نی سۆڤێت سوور نه‌بوون له پشتیوانیكردنی كورد، خۆ ئه‌گه‌ر ئاماده بوونایه پشتیوانی له پرسی ره‌وای گه‌لی كورد بكه‌ن، ئه‌وا هه‌ژموونی خۆیان به‌كار ده‌هێنا و گوشاریان ده‌خسته سه‌ر ئه‌و حكوومه‌تانه‌ی، كه له‌و كاته‌دا لەوپەڕی پێویستیدا بوون بۆ پشتیوانیكردنیان له لایه‌ن سۆڤێته‌وه.
وێڕای ئه‌وه، ئێمه ده‌بینین پشتیوانییه‌كی سنوورداری سۆڤێت بۆ پرسی كورد هه‌بوو، به‌ڵام نه‌گه‌یشته ئاستی پشتیوانیی كرداره‌كی و كاریگه‌ر. له شه‌شی ئایاری 1963دا رۆژنامه‌ی (براڤدا) ئۆرگانی حكوومه‌تی سۆڤێت وتارێكی درێژی بڵاو كرده‌وه، كه سه‌باره‌ت به وه‌دیهاتنی خواستیان، سۆڤێت پشتیوانیی له كورد و شۆڕشی كورد كرد. براڤدا له‌و وتاره‌یدا ئاماژه‌ی دا، كه كورد مافی خۆیه‌تی قه‌واره و ده‌وڵه‌تی تایبه‌ت به خۆی دابمه‌زرێنێت، هه‌روه‌ها مافی خۆیه‌تی سه‌ربه‌خۆ بژی و به شێوه‌یه‌كی جودا، یانیش له فیدارسیۆنێكدا له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تی عێراقدا بژی. (36)، ل237.
له لایه‌كی دیكه‌وه و بۆ ویژدان، پێویسته بگوترێت، كه یه‌كێتیی سۆڤێت له 14ی حوزه‌یران ساڵی 1963، گه‌فێكی له سوپای توركیا كرد، كه ده‌ست له كاروباری عێراق وه‌رنه‌دات، ئه‌گه‌ر ئه‌م گه‌فه‌ی سۆڤێت نه‌بوایه، ئه‌وا سوپای توركیا ده‌یتوانی هێرش بكاته سه‌ر ناوچه‌كه بۆ یارمه‌تیدانی حزبی به‌عس و له‌ناوبردنی شۆڕشی كورد. (37)، ل112
بۆیه ده‌بینین ئه‌و بایه‌خه‌ی یه‌كێتیی سۆڤێت له رێی هه‌وڵی دیپلۆماسییه‌وه به پرسی كوردی دا، سه‌رباری ئاماژه و نیشانه‌ی دیكه‌ش كه له ساڵی 1963دا، سۆڤێت له‌پێناو پشتگیریكردن له شۆڕشی كورد له عێراق هه‌وڵی بۆ دا، هه‌روه‌ها له‌و یاداشته‌دا، كه وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سۆڤێت بۆ ئه‌و چوار ده‌وڵه‌ته‌ی نارد، كه كوردیان تێدا ده‌ژین، هاتووه: له‌م قه‌یرانه‌دا شه‌ڕی دژ به كورد وا پێناسه ده‌كرێت كه هه‌ڕه‌شه‌یه له یه‌كێتیی سۆڤێت. (38)، ل84.
دواجار پاشه‌كشه‌كردنی یه‌كێتیی سۆڤێت له پشتیوانیكردنی بزووتنه‌وه‌ی كورد، وای كرد كۆماری مه‌نگۆلیاش داواكه‌ی له نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بكێشێته‌وه، داواكه‌ی مه‌نگۆلیا بریتی بوو له چه‌سپاندنی پرسی كورد له كارنامه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی داهاتووی كۆمه‌ڵه‌ی گشتیی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان. به‌رله‌وه‌ی ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه له مانگی ئه‌یلوولی 1963دا گرێ بدرێت، مه‌نگۆلیا به بێ ئه‌وه‌ی باسی هۆیه‌كه‌ی بكات، داواكه‌ی كێشایه‌وه. ئه‌مه‌ش به زۆری وا پێ ده‌چێت كه به قسه‌ی سه‌ركرده‌كانی كریملین ئه‌مه‌ی كردبێت، یه‌كێتیی سۆڤێت به‌م هه‌ڵوێسته‌ی جارێكی دی گه‌ڕایه‌وه سه‌ر هه‌ڵوێستی پشتگیریكردنی حكوومه‌تی عێراق. (39)، ل255.
كاتێك هه‌ردوو لایه‌نی عێراق و كورد به‌پێی به‌نده‌كانی به‌یاننامه‌ی 29ی حوزه‌یران ساڵی 1966 گه‌یشتنه رێككه‌وتن، ئه‌م رێككه‌وتنه له لایه‌ن یه‌كێتیی سۆڤێته‌وه په‌سند كرا، كه پیرۆزبایی له حكوومه‌تی عێراق كرد سه‌باره‌ت به رێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد، ئه‌نجوومه‌نی باڵای سۆڤێتیش به بۆنه‌ی 29ی حوزه‌یرانه‌وه برووسكه‌یه‌كی نارد. (40)، ل279.
دوای شه‌ڕی شه‌ش رۆژه‌ی ساڵی 1967، عێراقیش وه‌ك زۆربه‌ی وڵاتانی عه‌ره‌ب په‌یوه‌ندیی خۆی له‌گه‌ڵ رۆژاوادا بڕی، جا یه‌كێتیی سۆڤێت بوو به ته‌نیا هاوپه‌یمانی عه‌ره‌ب، به پشتیوانیی میسڕ و سووریاش، یه‌كێتیی سۆڤێت سیاسه‌تێكی ئه‌رێنیتری به‌رامبه‌ر به عێراق په‌یڕه‌و كرد، ته‌نانه‌ت سه‌رۆك وه‌زیرانی سۆڤێت (نیكۆلای بۆدگۆرنی) له ته‌مووزی ساڵی 1967دا به ئامانجی باشتركردنی په‌یوه‌ندیی نێوان هه‌ردوو وڵات، سه‌ردانی عێراقی كرد. له ساڵی 1968یشدا یه‌كێتیی سۆڤێت په‌خشی ئێزگه‌ی به‌رهه‌ڵستكاری حكوومه‌تی عێراقی راگرت، كه به ناوی (ده‌نگی گه‌لی عێراق)ـه‌وه له به‌رلینی رۆژهه‌ڵاته‌وه به‌رنامه‌كانی په‌خش ده‌كرد.
ده‌كرێ سیاسه‌تی سۆڤێت ده‌رهه‌ق به بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد تا راده‌یه‌كی زۆر به مۆله‌ق ناو ببه‌ین، به‌وه‌ی له‌نێوان هه‌ڵوێستی پشتیوانیكردن له بزووتنه‌وه‌كانی رزگاریخوازی كوردستانه‌وه، كه به ئامانجی به‌ده‌ستهێنانی مافی پێشێلكراو خه‌باتیان ده‌كرد له لایه‌ك، له لایه‌كی دیكه‌وه هه‌وڵی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی له ناوچه‌كه ده‌دا، ئه‌مسه‌ر و ئه‌وسه‌ری ده‌كرد، ئه‌ویش له‌سایه‌ی كێبڕكێیه‌كی توند له‌نێوان یه‌كێتیی سۆڤێت و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئه‌مەریكا بۆ كۆنترۆڵكردنی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، كه بزوێنه‌ری سه‌ره‌كیی سیاسه‌تی هه‌ردوو جه‌مسه‌ره‌كه بوو. (41)، ل82، 83.
هه‌ڵوێستی سۆڤێت به‌رامبه‌ر به كورد له حه‌فتاكاندا
یه‌كێتیی سۆڤێت له ساڵی 1972دا، له گه‌مه‌یه‌كی تازه‌ی سیاسی‌دا پاڵ به سه‌ركردایه‌تیی كورده‌وه ده‌نێت، كه روو له رۆژاوا بكات.
سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆك نیكسۆن له ساڵی 1972دا بۆ ئێران، هه‌روه‌ها لایه‌نگریكردنی عێراق له لایه‌ن یه‌كێتیی سۆڤێته‌وه، له‌دوای واژۆكردنی رێككه‌وتننامه‌ی ساڵی 1972 له‌نێوان یه‌كێتیی سۆڤێت و عێراق، ئه‌مه سه‌ره‌تای وابه‌سته‌بوونی توندوتۆڵی سه‌ركردایه‌تیی كورد بوو به كۆمه‌ك و یارمه‌تیی ئه‌مەریكا. سه‌ركردایه‌تیی كورد به هیوا بوو، كه ئه‌زموونه‌كه‌ی پاكستان و به‌نگلادیش دووباره ببێته‌وه، كه‌چی ئه‌مەریكا ته‌نیا له هه‌وڵی لاوازكردنی عێراق و لاوازكردنی هه‌ژموونی سۆڤێتدا بوو. (42)، ل69.
زۆربه‌ی جار سۆڤێت به شێوه‌یه‌كی تیۆری پشتیوانیی مافی بڕیاردانی چاره‌نووسیان بۆ گه‌لی كورد كردووه، به‌ڵام به كرده‌نی هه‌وڵی یارمه‌تیدانی كوردیان بۆ به‌دیهێنانی ده‌وڵه‌تی تایبه‌تی خۆیان نه‌ده‌دا، به‌ڵكوو ئه‌وان بۆ به‌دیهێنانی جۆرێك له خۆسه‌ری له چوارچێوه‌ی ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی كوردیان تێدا ده‌ژی، پشتیوان بوون. (43)، ل346، 347
له ئاداری 1974دا شه‌ڕی نێوان هێزی شۆڕشی كورد و حكوومه‌تی عێراق ده‌ست پێ كرد و تا ئاداری 1975 به‌رده‌وام بوو، كه 60 هه‌زار كوژراوی لێ كه‌وته‌وه. ئه‌و یارمه‌تییه سه‌ربازییه‌ی یه‌كێتیی سۆڤێت پێشكه‌ش به عێراقی كرد، ئه‌نجامی ئه‌و شه‌ڕه‌ی دیاری كرد. به رێنمایی سۆڤێت، سوپای عێراق چه‌ندین شوێنی ستراتیژیی داگیر كرد، سه‌رباری ئه‌وه‌ی كه حزب و رێكخراوه‌یلی كۆمۆنیستیی هه‌واداری سۆڤێت له بزووتنه‌وه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی كۆمۆنیزمدا، لێدوانی دژ به بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورد و لایه‌نگر به حكوومه‌تی عێراقیان ده‌دا. چه‌ندین كۆنگره‌ی نێوده‌وڵه‌تی بۆ پێشكه‌شكردنی پشتیوانیی واتایی له عێراق، رێك خران، له‌وانه كۆنگره‌ی هاوبه‌ندی نێوده‌وڵه‌تیی قوتابییان و ئه‌نجوومه‌نی جیهانیی ئاشتی له به‌غدا. (44)، ل301، 302.
له‌دوای ساڵی 1979، بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورد له ئێران‌دا سه‌نگێكی په‌یدا كرد. یه‌كێتیی سۆڤێت هه‌ڵوێستی ئه‌رێنیی هه‌بوو سه‌باره‌ت به مافی ئۆتۆنۆمی بۆ كوردی ئێران، له‌م خاڵه‌شدا ره‌خنه‌ی له رژێمی ئێران گرت. كه‌چی له ساڵانی نێوان 1980- 1983دا پشتیوانیی سۆڤێت له كوردی ئێران له كورتیی دا، كاتێك یه‌كێتیی سۆڤێت هیوایه‌كی زۆری له‌سه‌ر رژێمی تازه‌ی ئێران هه‌ڵچنی، به‌ڵام سه‌ركوتكردنی حزبی تووده (كۆمۆنیستی ئێران) له ساڵی 1983 به‌دواوه، هه‌روه‌ها خراپبوونی په‌یوه‌ندیی نێوان ئێران و سۆڤێت، دیسان ده‌رگای به‌رامبه‌ر به یارمه‌تیی سۆڤێت بۆ كورد له ئێران كرده‌وه. (45)، ل305، 306.
ده‌ره‌نجام
ده‌توانین سه‌باره‌ت به هه‌ڵوێستی ده‌وڵه‌تی یه‌كێتیی سۆڤێت به‌رامبه‌ر به دۆزی ره‌وای گه‌له‌كه‌مان، له ساڵانی نێوان 1943- 1979 ئه‌م ده‌ره‌نجامه‌ی دادێ بخه‌ینه روو:
سۆڤێت هه‌میشه سیاسه‌تی دووسه‌ره‌ی به‌رامبه‌ر به كورد پیاده كردووه، له لایه‌ك وا خۆی پیشان داوه كه لایه‌نێكی باشی به‌رگریكردنه له گه‌لی كوردستان و هه‌وڵی ئه‌وه‌ش ده‌دات، كورد مافی ره‌وای خۆی به‌ده‌ست بهێنێت، كه‌چی له لایه‌كی دیكه‌وه، په‌یوه‌ندیی خۆی له‌گه‌ڵ وڵاتانی داگیركه‌ری كوردستان پاراستووه، سه‌ره‌ڕای ئه‌و تاوانانه‌ی ده‌رهه‌ق به كوردیان كردووه، به‌ڵكوو هه‌ر كاتێك به‌رژه‌وه‌ندیی سۆڤێت وای خواستبێت كه پشت له گه‌له‌كه‌مان بكات، له‌م كاره‌دا درێغیی نه‌كردووه، وه‌ك ره‌فتاری هه‌ر زلهێزێكی دی حیسابی بۆ به‌ڵێن و پره‌نسیپه‌كانی خۆی نه‌كردووه، وڵاتانی داگیركه‌ری كوردستانی هه‌ڵبژاردووه و پشتی له كورد كردووه.
واته یه‌كێتیی سۆڤێت به‌پێی به‌رژه‌وه‌ندیی خۆی تا ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت، پشتیوانیی له كورد كردووه، ئه‌وه‌ی ئاشكرایه، وڵاتانی زلهێز هه‌میشه له سیاسه‌تی خۆیاندا، له‌پێناو پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان لایه‌نگری ئه‌وه‌ن، كه په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ گه‌لانی سه‌رده‌ست و خاوه‌ن ده‌وڵه‌تدا بێت، نه‌ك له‌گه‌ڵ گه‌لانی ژێرده‌ستدا.
- سەرچاوەکانی هەموو ئەڵقەکانی ئەم باسە، لە (باس‌نیوز)دا بخوێنەوە.
لیستی سه‌رچاوه‌كان:
1 ـ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له‌سه‌رده‌می دووه‌م جه‌نگی جیهاندا، د. ئه‌ڤراسیاو هه‌ورامی، پێداچوونه‌وه و ئاماده‌كردنی: سدیق ساڵح، بنكه‌ی ژین، چاپخانه‌ی شڤان، سلێمانی، 2008، ل 10.
2 ـ هه‌مان سه‌رچاوه،ل 11.
3ـ الوجیز فی تاریخ ایران، د.حسن كریم جاف، ج 4، ط1، منشورات اراس، اربیل، كوردستان العراق، 2008، ص157،157.
4ـ ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان له سه‌رده‌می دووه‌م جه‌نگی جیهانیدا، ل104.
5ـ هه‌مان سه‌رچاوه، ل107،106.
6ـ هه‌مان سه‌رچاوه، ل111.
7ـ هه‌مان سه‌رچاوه، ل114.
8ـ هه‌مان سه‌رچاوه، ل199، 198.
9ـ سێبه‌ری ئازادی، كه‌مال عه‌بدوللاهی، بنكه‌ی ژین، چاپخانه‌ی شڤان، سلێمانی 2008،ل133،132.
10ـ سیاسة الاتحاد السوفیتي تجاه الحركة القومیة الكوردیة التحرریة فی كوردستان الجنوبیة ـ 1968 ـ 1945، ميهڤان محمد حسین رشید البامرنی، ط1، موسسة موكریانی للبحوث و النشر، مطبعة خاني فی دهوك، اربیل، 2008، ص55،56.
11ـ كردستان و السیاسة السوفیتیة فی شرق الاوسط، د.فاضل رسول، ت: غسان نعسان، مراجعة: ماموستا جعفر، من منشورات مكتب الفكر و الوعي فی الاتحاد الوطني الكردستاني، موسسة حمدي للطباعة و النشر، السلیمانیة، 2008، ص136.
12ـ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان له سه‌رده‌می دووه‌م جه‌نگی جیهانیدا، ل105.
13ـ سیاسة الاتحاد السوفیتي تجاه الحركة القومیة الكوردیة التحرریة فی كوردستان الجنوبیة 1945 ـ 1968، ص82 ،81.
14ـ المصدر نفسه، ص85 ،84.
15ـ المصدر نفسه، ص86 ،85.
16ـ الوجیز فی تاریخ ایران، ج4، ص158.
17ـ سیاسة الاتحاد السوفیتي تجاه الحركة القومیة الكوردیة التحرریة فی كودرستان الجنوبیة 1945 ـ 1968، ص93.
18ـ كردستان و السیاسة السوفیتیة فی الشرق الاوسط، د.فاضل رسول، ت: غسان نعسان، مراجعة ماموستا جعفر، من منشورات مكتب الفكر و الوعي فی الاتحاد الوطني الكردستاني، موسسة حمدي للطباعة و النشر، السلیمانیة، 2008ـ ص 203.
19ـ سیاسة الاتحاد السوفیتي تجاه الحركة القومیة الكوردیة التحرریة فی كوردستان الجنوبیة، میهڤان محمد حسین رشید البامرني، ط1، موسسة موكریاني للبحوث و النشر، مطبعة خانی فی دهوك، اربیل، 2008، ص100 ،102.
20ـ المصدر نفسه، ص 168.
21ـ كوردستانی پشت قه‌فقاس.د. ئه‌ڤراسیاو هه‌ورامی، پێداچوونه‌وه و ئاماده‌كردن: سدیق ساڵح، بنكه‌ی ژین، چاپخانه‌ی شڤان، سلێمانی، 2006،ل 154.
22ـ هه‌مان سه‌رچاوه، ل155.
23ـ هه‌مان سه‌رچاوه، ل163، 162.
24ـ سیاسة الاتحاد السوفیتي تجاه الحركة القومیة الكوردیة التحرریة فی كوردستان الجنوبیة 1945 ـ 1968، ص116، 115.
25ـ المصدر نفسه، ص120.
26ـ كردستان و السیاسة السوفیتیة فی الشرق الاوسط، ص255، 254.
27ـ سیاسة الاتحاد السوفیتي تجاه القومیة الكوردیة التحرریة فی كوردستان الجنوبیة 1945ـ 1968، ص161.
28ـ المصدر نفسه، ص168.
29ـ كردستان و السیاسة السوفیتیة فی الشرق الاوسط، ص235، 234.
30ـ سیاسة الاتحاد السوفیتي تجاه الحركة القومیة الكوردیة التحرریة فی كوردستان الجنوبیة 1945 ـ1968، ص 190.
31ـ المصدر نفسه، ص197.
32ـ سنوات المحنة فی كردستان، شكیب عقراوي، ط2 منقحة، مطبعة مناره، اربیل، 2007، ص54.
33ـ سیاسة التحاد السوفیتي الحركة القومیة الكوردیة التحرریة فی كوردستان الجنوبیة 1945 ـ1968، ص 200.
34ـ المصدر نفسه، ص207 ،206.
35ـ المصدر نفسه، ص235.
36ـ المصدر نفسه، ص 237.
37ـ سنوات محنة فی كردستان، شكیب عقراوي، ط2 منقحة، مطبعة مناره، اربیل 2007، ص112.
38ـ كردستان و السیاسة السوفیتیة فی الشرق الاوسط، د.فاضل رسول، ت: غسان نعسان. مراجعة: ماموستا جعفر، من منشورات مكتب الفكر و الوعي فی الاتحاد الوطني الكردستاني، موسسة حمدي للطباعة و النشر، السلیمانیة، 2008، ص84.
39ـ سیاسة الاتحاد السوفیتي تجاه الحركة القومیة الكوردیة التحرریة فی كوردستان الجنوبیة 1945 ـ1968، ميهڤان محمد حسین رشید البامرني، ط1، مطبعة خاني فی دهوك، موسسة موكریانی للبحوث و النشر، اربیل، 2008، ص255.
40ـ المصدر نفسه، ص279.
41ـ المصدر نفسه، ص283، 282.
42 ـ كردستان و السیاسة السوفیتیة فی الشرق الاوسط، ص69.
43ـ المصدر نفسه، ص347، 346.
44ـ المصدر نفسه، ص302، 301.
45ـ المصدر نفسه، ص306، 305.