بەرپرسێکی پێشمەرگە: ساڵی داهاتوو مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە لە ڕێی بانکەوە دابەش دەکرێ
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

بەرپرسێکی پێشمەرگە: ساڵی داهاتوو مووچەی هێزەکانی پێشمەرگە لە ڕێی بانکەوە دابەش دەکرێ

"پرۆژەی چاکسازی لە پێشمەرگە بیرۆکەی سەرۆک بارزانی بوو"

لیوا دلێر میران، بەڕێوەبەری گشتیی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە، لە گفتوگۆیەکی تایبەتی (باس)دا، چەندین پرسی پەیوەست بە پڕۆژەی چاکسازی دەخاتە ڕوو. راشی دەگەیەنێت، کار بۆ یەکخستنەوەی یەکەی 70 و 80 دەکەن و دەخرێتە چوارچێوەی فەرمانی وەزارەتی پێشمەرگە. دووپاتیشی دەکاتەوە، هێزەکانی هاوپەیمانان بە توانای هونەری و دارایی، هاوکارن بۆ سەرخستنی پڕۆژەی چاکسازیی پێشمەرگە.


لە سەرەتادا پڕۆژەی چاکسازیی روون کردەوە و گوتی: "بۆ پڕۆسەی چاکسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و هێزەکانی پێشمەرگە، پشت بە بەرنامەیەکی کار دەبەستین، کە سەرەتا لە 35 پڕۆژە پێکهاتبوو، دواتر سێ پڕۆژەی تر زیاد کرا و بوو بە 38 پڕۆژە، ئێستا 7 پڕۆژەیان تەواو بووە، ئەو پڕۆژانەیش پەیوەندییان هەیە بە کاری رۆژانەی وەزارەتی پێشمەرگە و لیوا و بەتالیۆنەکان، 8 پڕۆژەی تریش ئێستا کاریان تێدا دەکرێت".


گوتیشی: "دابەشکردنی مووچە کراوە بە ئەلیکترۆنی، تاوەکوو ئێستا 21 بەڕێوەبەرایەتی لەنێو وەزارەت مووچە لە بانک وەردەگرن، لە ساڵی داهاتوودا مووچەی هەموو هێزەکانی پێشمەرگە بە ئەلیکترۆنی دەکرێت و لە رێگەی بانکەوە دابەش دەکرێت".


ئاشکراشی کرد: "پڕۆژەمان هەیە تایبەتە بە سەنتەری زمان و هاوپەیمانانمان لەگەڵدان، کارەکە بۆ ئەوەیە ئاستی فێربوونی زمانی ئینگلیزی و ئەڵمانی بەرز بکرێتەوە، لە خولی یەکەم 41 پێشمەرگە و ئەفسەر بەشدارن، دوو خولی تریش دەکەینەوە زیاتر بۆ ئەوانە دەبێت، کە دەنێردرێنە دەرەوە".


جەختیشی کردەوە، بەرنامەیان هەیە، کە لە ئاییندە کار بۆ يەکخستنەوەی یەکەی 70 و 80 دەکەن و دەخرێتە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە، گوتیشی: "هەندێک هەنگاو لەگەڵ هاوپەیمانان بۆ رێکخستنەوەی یەکەکانی 70 و 80ی پێشمەرگە نراوە، هەنگاوی باشی ئایندەییش هەیە و دەدرێتە وەزیری پێشمەرگە، بۆ ئەوەی بیداتە فەرماندەی هێزی پێشمەرگە، بۆ یەکگرتنەوەی هەردوو یەکە ئێستا ژمارەیەک خاڵ دیراسەت دەکرێن و کێشەیەکی وا نییە بۆ مەسەلەی یەکگرتنەوەکە، کارەکە قۆناغ بە قۆناغ دەبێت و بە یەک بڕیار نابێت".


لەمیانەی قسەکانیدا دووپاتی کردەوە، بۆ بواری پزیشکیی پێشمەرگە، دوو خاڵیان ئەنجام داوە، گوتیشی: "نەخۆشخانەیەکی تایبەت بە پێشمەرگە لە لایەن ئەڵمانییەکان دروست کراوە، ئێستا خەریکی ئەوەین پزیشک و شارەزای تەندروستی بۆ نەخۆشخانەکە دابین بکەین، پڕۆژەیەکی تریش ئەوەیە، تیمی چارەسەری گەڕۆک دروست بکەین، بۆ ئەوەی لە کاتی جەنگ چارەسەری سەرەتایی بکەن".


ئاشکراشی کرد، لە ساڵی داهاتوودا گەورەترین پڕۆژەیان هەیە، کە ئەمەریکییەکان ئەنجامی دەدەن، ئەویش پەیوەندیی هەیە بەو ئۆتۆمبێل و چەک و تەقەمەنییانەی، کە لایەن هاوپەیمانان دراوە بە پێشمەرگە، گوتیشی: "ساڵی داهاتوو وەرشەیەکی گەورەی چاککردنەوەی ئۆتۆمبێلی سەربازی دروست دەکرێت، ئەفسەر و پێشمەرگەمان بۆ ئەو بابەتە ناردووەتە خول و ئامادەیان دەکەین بۆ ئەو کارە".


ئەو بەرپرسەی پێشمەرگە نایشارێتەوە، پڕۆژەی چاکسازیی پێشمەرگە بۆ سەرۆک بارزانی دەگەڕێتەوە، گوتیشی: "لە کاتی شەڕی داعش، کە وەزیری بەرگریی بەریتانیا هاتە کوردستان، ئەوکات ئەو گوتی پێشمەرگە ئازایە، سەرۆک بارزانی ئەوکات گوتی، هاوکاریمان بکەن بۆ بەهێزکردنی پێشمەرگە، ئەو بیرۆکەی چاکسازی لە پێشمەرگە لە لایەن سەرۆک بارزانی خرایە روو، دوای شەڕی مووسڵ، هێزەکانی هاوپەیمانان هاتنە پێش و ئێستاش هەنگاوی باش چووینە پێشەوە و بەردەوامیشین".


دووپاتیشی کردەوە، یەکێک لە خاڵە هەرە گرنگەکانی چاکسازی، تایبەتە بە میلاکات و دابەشکردنی میلاکاتی پێشمەرگە، گوتیشی: "ژمارەیەکی زۆر ئەفسەر و پێشمەرگەمان هەیە، بۆ نموونە، شوێنێک پێویستی بە 10 پێشمەرگە و 20 ئەفسەر هەیە، بەڵام 40 ئەفسەر و30 پێشمەرگەی لێیە، بۆیە میلاکات بە جۆرێک رێک دەخەینەوە، نزیک بێت لە ستانداری جیهانی".


پێیشی وایە، ئەو کارانەی چاکسازییان بۆ ئەوەیە، پێشمەرگە سوپایەکی رێکخراو بێت و یەک فەرماندەیی و یەک رێنمایی و یەک جلوبەرگ و یەک باوەڕی کوردایەتیی هەبێت.


ئاشکراشی کرد، ئەو خاڵەی لە چاکسازییەکان کراون، بریتین لە: "پڕۆژەی کارنامەی وەزارەتی پێشمەرگە، تۆمارکردنی سەرجەم ھێزەکانی پێشمەرگە لە سیستەمی بایۆمەتری بۆ دانانی سیستەمی بانکی، دانانی سیستەمێکی سەربازیی ستراتیژی بۆ ھەرێمی کوردستان، پێداچوونەوە بە ھەموو یاساکانی ژیان و گوزەرانی پێشمەرگە و خانەنشینی ھێزەکانی پێشمەرگە، پڕۆژەیەک بۆ دروستکردن و دانانی ھەماھەنگی لەنێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و ھێزە ئەمنییەکانی عێراق، بەتایبەتی لە ناوچە کێشەلەسەرەکان، لەگەڵ پێداچوونەوە بە میلاکات و شێوەی کار و بەرنامەی وەزارەتی پێشمەرگە".


راشی گەیاند، ئەو 8 خاڵەی ئێستا کاریان لەسەر دەکرێت بریتین لە: پــرۆژەی رێکخستنەوەی بـــارەگای وەزارەتی پێشـــمەرگە، پرۆژەی راپۆرتی ئامادەباشیی پێشمەرگە، پرۆژەی گەیاندن لەگەڵ مخابەرە، پرۆژەی یەکپۆشیی جلوبەرگ، پرۆژەی لۆجستی، پرۆژەی پزیشــــکی، پرۆژەی بودجە، لەگەڵ پرۆژەی دامەزراندن.


بەپرسەکەی وەزارەتی پێشمەرگە باسی لەوەش کرد، جێبەجێکردنی خاڵەکانی چاکسازی بە هاوکاریی راوێژکارانی ئەڵمانی‌ و ئەمەریکی ‌و بەریتانی و هۆڵەندی و کەنەدی دەکرێت، گوتیشی: "لە هەموو پلان و بەرنامە و خاڵەکانی چاکسازیدا، هێزی هاوپەیمانان لەگەڵماندان، هێزەکانی هاوپەیمانان ئیمکانیەتی هونەری و دارایییان بۆ دابین کردووین، بۆ ئەوەی پڕۆژەی چاکسازی ئەنجام بدرێت، هێزی هاویەیمانان دەیانەوێت ئاستی هونەری و ئیداری و لۆجیستیی پێشمەرگە بگاتە ئاستێکی بەرز، ئێمە لەنێو پێشمەرگە هەموو شتێکمان هەیە، بەڵام رێکخراو نین و پێش نەخراون".