كونسوڵی سریلانكا: چەند وڵاتێكی رۆژهەڵاتی ئاسیا نوێنەرایەتییان لە هەرێمی كوردستان دەكەنەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

كونسوڵی سریلانكا: چەند وڵاتێكی رۆژهەڵاتی ئاسیا نوێنەرایەتییان لە هەرێمی كوردستان دەكەنەوە

"ساڵانە بایی 170 ملیۆن دۆلار چای سریلانكا دێتە كوردستان"

د. ئەحمەد جەلال، كونسوڵی فەخریی سریلانكا لە هەرێمی كوردستان، لە گفتوگۆیەكی تایبەتی (باس)دا، چەندین پرسی پەیوەست بە پەیوەندییەكانی ئەو وڵاتە لەگەڵ كوردستان و ئاڵوگۆڕی بازرگانی ئاشكرا دەكات. روونیشی دەكاتەوە، ساڵانە بایی 170 ملیۆن دۆلاری چای سریلانكا دێتە كوردستان. راشی دەگەیەنێت، ئاگادارە چەندین وڵاتی رۆژهەڵاتی ئاسیا نوێنەرایەتییان لە كوردستان دەكەنەوە.


سەرەتا ئەوەی خستە ڕوو، كونسوڵخانەكەیان ماوەی دوو ساڵە لە هەرێمی كوردستان كراوەتەوە و چەندین كاریان كردووە، گوتی: "كاری كونسوڵخانە سەرەتا بۆ كاروباری ئەو سریلانكیانە بوو، كە لە كوردستاندان و ژمارەیان 4 هەزار و 500 كەسە و لێرە كار دەكەن، دواتر توانیمان ڤیزای سریلانكا بۆ خەڵكی كوردستان بەدەست بهێنین و لە ماوەی 24 سەعاتدا ڤیزاكە دەدرێت، كە نرخەكەی 45 دۆلارە و راستەوخۆ دەتواندرێت بەهۆیەوە بچیتە سریلانكا".


دووپاتیشی كردەوە، ئەو 4 هەزار و 500 سریلانكییەی لە كوردستانن، لە كۆمپانیاكان و هۆتێلەكان كار دەكەن و زۆربەیان لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر كار دەكەن.


روونیشی كردەوە، هەموو كاروبارە بازرگانییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و سریلانكا ئەنجام دەدەن، گوتیشی: "پەیوەندییەكی بەهێز لەنێوان سریلانكا و هەرێمی كوردستان هەیە، پێشبینی دەكرێت پلەی كونسوڵخانەش لە فەخری بەرز بكرێتەوە بۆ كونسوڵخانەی هەمیشەیی، چونكە ئەو پەیوەندییەی هەیە زۆر بەهێز بووە، بەراورد بە عێراق 65%ی بازرگانیی سریلانكا لە هەرێمی كوردستانە".


جەختیشی كردەوە، سریلانكا بە چای بەناوبانگە، بۆیە ساڵانە بایی 150 بۆ 170 ملیۆن دۆلار چای سریلانكا دێتە كوردستان، گوتیشی: "دوو ساڵە عێراق یەكەم وڵاتە زۆرترین چای سریلانكا بەكار دەهێنێت، 65%ی چایەكە دێتە هەرێمی كوردستان".


ئاشكراشی كرد، زۆر كۆمپانیای جلوبەرگی سریلانكی كاری بازرگانی لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەكەن، هەروەها بەهاراتیش دەهێندرێت و هەموو قوتووی بەتاڵی بیبسی لە سریلانكاوە دێت، گوتیشی: "بڕیارە لە 25ی 1ی 2020 شاندێكی گەورەی بازرگانیی هەرێمی كوردستان سەردانی سریلانكا بكات، ئێمە هەموو ئاسانکارییەكمان كردووە، دوای ئەو سەردانە بازرگانان و كۆمپانیاكانی سریلانكا بێنە هەرێمی كوردستان و وەبەرهێنان بكەن".


راشی گەیاند، تەنیا ئەمساڵ زیاتر لە هەزار و 500 كەس لە هەرێمی كوردستانەوە ڤیزای سریلانكایان وەرگرتووە، كە زۆربەیان بۆ گەشتوگوزار بوونە و هەندێكیش بۆ كاری بازرگانی بووە.


ئەحمەد جەلال، پێی وایە باشترە بۆ بازرگانانی هەرێمی كوردستان بازرگانییەكەیان بە ئاڕاستەی وڵاتانی رۆژهەڵاتی باشووری ئاسیا فراوان بكەن، گوتیشی: "ئەگەر راستەوخۆ پەیوەندییت لەگەڵ هەر وڵاتێك هەبێت، ئەوا كاڵا و كەلوپەلی ئەو وڵاتە دەتواندرێت بەئاسانی بۆ كوردستان بهێندرێت، هەروەها ئەو وڵاتەش نوێنەرایەتیی خۆی دەكاتەوە و پەیوەندییەكان پێش دەكەون".


ئەو ئاشكرای دەكات، چەند وڵاتێكی رۆژهەڵاتی باشووری ئاسیا كار دەكەن بۆ كردنەوەی نوێنەرایەتییان لە هەرێمی كوردستان، گوتیشی: "ئاگادارم پەڕاوی كونسوڵخانەی بەنگلادیش بەڕێوەیە و حكوومەتی ئەوان رەزامەندیی لەسەر كردنەوەی نوێنەرایەتییان لە هەولێر داوە، وڵاتی نیپاڵ لە پڕۆسەی دەستپێكردنی كردنەوەی نوێنەرایەتییاندان، فلیپینیش كارەكانی كردنەوەی كونسوڵخانەكەی تەواو بووە، ئەندەنووسیاش جارێ بڕیاری نەداوە، هیندستانیش كونسوڵخانەی گشتییان هەیە".


كونسوڵی فەخریی سریلانكا، بەم دواییانە لە كۆنفرانسێك بەشداریی كردووە، كە وڵاتانی رۆژهەڵاتی باشووری ئاسیا تیایدا بوونە، سەبارەت بە روانینی ئەو وڵاتانە بۆ هەرێمی كوردستان گوتی: "وڵاتانی رۆژهەڵاتی ئاسیا حەز دەكەن پەیوەندییەكی باش لەگەڵ هەرێمی كوردستان ببەستن، پێویستە لە هەرێمی كوردستان زیاتر رۆڵ بە كونسوڵی فەخری بدرێت، چونكە لە زۆر وڵات ئەو جۆرە كونسوڵانە رۆڵێكی باشیان هەیە، بۆ نموونە لە ئیسرائیل 170 كونسوڵی فەخریی وڵاتان هەیە، لە توركیا و هیندستانیش كونسوڵی فەخری زۆرترە و رۆڵیان زۆرە، چونكە كونسوڵی فەخری زانیاریی زیاتری هەیە، بۆ نموونە، من كوردم و زیاتر زانیاریم لەسەر كوردستان هەیە، تاوەكوو كونسوڵی وڵاتێكی بیانی دێت زۆری دەوێت، تاوەكوو بەدوای كوردستان و كولتوورەكەی دەگەڕێت، بەڵام كونسوڵی فەخری هەر گرفتێك یان پێداویستییەك هەبێت، لە رێگەی پەیوەندییەوە رێكی دەخات".


ئەحمەد جەلال، ئاماژە بە ساختەكردنی چای سریلانكا دەكات و دەڵێت: "سەدان جۆر چای لە هەرێمی كوردستان هەیە و ناوی چای سریلانكای لەسەرە، بەڵام سریلانكی نینە، ئەنجومەنی چای سریلانكا لێرە بوون، كۆمەڵێك نموونەی ئەو چایانە وەرگیراون و بۆ پشكنین براون، ئێمەش خەریكی لێكۆڵینەوەین، وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی كوردستان پێیان راگەیاندووین، بەسەرهەر لایەنێك ساخ بێتەوە، كە بەناوی سریلانكا چایان ساختە كردووە، ئەوە دەدرێنە دادگا".


ئەو كونسوڵە هاتە سەر كاری دیبلۆماسی و پەیوەندییەكان لە هەرێمی كوردستان و گوتی: "هەرێمی كوردستان لۆبییەكی زۆر باشی لەگەڵ چەندین وڵات هەیە، كونسوڵخانەی بەهێزی وڵاتان لێرە هەیە، توێژینەوەیەكم كردووە لەسەر كونسوڵخانە و نوێنەرایەتییەكانی وڵاتان لە هەرێمی كوردستان، هەندێك كیشوەر هەیە نوێنەرایەتییان لێرە نییە، بۆ نموونە ئەفریقیا، ئەمریكای باشوور، ئەوەی گرنگە ئەوەیە، هەرێمی كوردستان پەیوەندی لەگەڵ ئەو وڵاتانە دروست بكات".


نایشارێتەوە، كاتێك یەكێك یەكەم جار دەیەوێت سەردانی هەرێمی كوردستان بكات، بە گوگل دەگەڕێت و هەرێمی كوردستان بە عێراق ئەژمار دەكات، دەشڵێت: "كاتێك ئەوان دێن سەردانی عێراق و هەرێمی كوردستان دەكەن، بۆیان دەردەكەوێت لەنێوان هەردوولا زۆر جیاوازی هەیە، لەو ماوەیەدا كچێكی میدیاكاری تایلاندی سەردانی كوردستانی كرد و ئێمە سەردانەكەمان بۆ رێكخست، ئەو كچە لە یوتووب ڤیدیۆی هەیە و 5 ملیۆن كەس سەیری كردووە، هاتە ئێرە و كوردستانی دیت، گوتی ئەوەی من لە گوگل بینیم زۆر جیاوازترە، كە خۆم بینیومە، راپۆرتێكی كرد و لە یوتووب داینا، ملیۆنان كەس سەیریان كردووە، گەشتوگوزاری كوردستان بەم جۆرە شتانە پێش دەكەوێت".