كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

نەتەوە یەكگرتووەكان سەرجەم قوتابخانەكانی جیهان بەیەكەوە دەبەستێتەوە


ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاند تا ساڵی 2030، سەرجەم قوتابخانەكانی جیهان لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە بەیەكەوە دەبەستەوە.


گۆتێرێس لە میانی بەشداریكردنی لە كۆڕبەندێكی تایبەت بە ئینتەرنێـت، گوتی بە هۆی گرانیی نرخی ئینتەرنێت، خەڵكێكی زۆر لە وڵاتە تازە پێگەیشتووەكانی جیهان هێشتا ناتوانن ئینتەرنێـت بەكاربهێنن.


ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە كۆڕبەندەكەدا كە لە بەرلینی پایتەختی ئەڵمانیا بەڕێوەچوو، گوتیشی نرخی ئینتەرنێـت لە وڵاتێكەوە بۆ وڵاتێكی تر جیاوازە، بە تایبەتیش لە وڵاتە تازە پێگەیشتووەكاندا گرانە، بۆیە 80%یی هاووڵاتی ئەو وڵاتانە بێ بەشن لە بەكارهێنانی ئینتەرنێـت.


گۆتێرێس ئاماژەی بەوەش دا كە ئافرەتانی ئەم وڵاتە تازە پێگەیشتووانە زیاتر لە پیاوان بێ بەشن لە ئینتەرنێت.


ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان باسی لە چەند پرۆژەیەك كرد كە نەتەوە یەكگرتووەكان بە نیازە لە داهاتوودا كاریان لەسەر بكات، لەوانەش پرۆژەی GIGAیە كە رێكخراوی یونیسێف بە نیازە بە هەماهەنگی یەكێـتیی نێودەوڵەتی پەیوەندییەكان ئەنجامی بدات و ئەم پرۆژەیە بریتیە لەوەی تا ساڵی 2030 گشت قوتابخانەكانی جیهان بە ئینتەرنێتەوە ببەستنەوە.