كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

فەریق جەمال ئیمینکی: پێشمەرگەکانی پارتی ئازادی و حوسێنی یەزدان پەنا خۆبەخشانە قوربانییان داوە

”بێویژدانییە بگوترێ یەک دیناریشیان وەکوو مووچە پێ دراوە“

 

لەم گفتوگۆ تایبەتەی (باس)دا، فەریق جەمال ئیمینکی، سوپاسالاری هێزی پێشمەرگەی کوردستان رای دەگەیەنێ، دوای کوژرانی ئەبووبەکر بەغدادی، داعش لە ناوچە دابڕێنراوەکانی هەرێمی کوردستان لاواز نەبووە و جموجۆڵەکانی وەکوو خۆی ماوە. هاوکات، وەڵامی ئەو میدیا و ماڵپەڕانەش دەداتەوە، کە زانیاریی هەڵەیان لەبارەی پێدانی مووچە بە پێشمەرگە خۆبەخشەکانی پارتی ئازادیی کوردستانی ڕۆژهەڵات (پاک) بڵاو کردووەتەوە.

سەرەتای گفتوگۆیەکە لەبارەی جموجۆڵەکانی داعش لە دوای کوژرانی ئەبووبەکر بەغدادی، فەریق جەمال ئیمینکی، سوپاسالاری هێزی پێشمەرگەی کوردستان، بۆ (باس) رای گەیاند، کوشتنی ئەبووبەکر بەغدادی هەنگاوێکی گەورە بوو، بەڵام ئەوە نابێتە هۆی کۆتاییهاتن بە داعش، چونکە ئەو رێکخراوە هەیکەلی شوێنگرەوەکانی دیاری کردووە و هەر ئەمیرێکی چەند جێگرێکی بۆ دانراوە، هەر کات یەکیان نەما، بە شێوەی ژمارەیی جێگری یەکەم شوێنی دەگرێتەوە، لە ئەگەری نەمانی یەکەمیش دووەمیان داناوە، تەنانەت بۆ والیی ویلایەتەکانی دروستیشیان کردبوو، بۆ هەر والییەک چەند جێگرەوەیەکیان دیاری کردبوو. داعش رێکخراوێکی تیرۆریستیی لەناوخۆیدا رێکخراوە و بە نەمانی ئەمیرێکی ناتوانرێ پێشبینیی کۆتاییهاتن بۆ  داعش بکرێت، بەڵام کۆتایی خەلیفەکەی بێ گومان کاریگەریی دەخاتە سەر لاوازبووکردنی داعش، گوتیشی: ”رۆژ بە رۆژ ئەوەی دەبینرێ، پێش کوژرانی بەغدادی و دوای کوژرانیشی، داعش جموجۆڵی لە ناوچە دابڕێنراوەکانی هەرێمی کوردستان زیاتر بووە، هەر لە خانەقینەوە تا دەگات بە حەمرین، قەرەتەپە، جەلەولا، خورماتوو، کەرکووک و مووسڵ، بەردەوام داعش هێرشی کردووە و جموجۆڵی لەو ناوچانەدا هەبووە“.

حەختیشی کردەوە، ئەو ناوچانە لەدوای کشانەوەی پێشمەرگە، نەتوانراوە لەلایەن سوپای عێراقەوە پارێزگارییان لێ بکرێت، گوتیشی: ”سوپای عێراق لە توانایدا نییە بەتەنیا کۆنتڕۆڵی ئەو ناوچانە بکات، بەشێوەیەک هەر ناتوانرێ بەراورد بەو کاتانە بکرێت، کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەو ناوچانەدا هەبوو، دۆخەکە زۆر لەوکات جیاوازترە، دەبێ عێراق خۆیشی دان بەوەدا بنێت کە توانای کۆنتڕۆڵی ئەو ناوچانەی نییە، تەنانەت لە خوارووی کەرکووک، داعش بەئاشکرا هەیە و هەندێ ناوچە لە شەواندا بە دەستی داعشەوەن، ئەوە بۆ ناوچەکانی خوارووی قەرەچووخیش هەر وایە“.

لەبارەی ئەو بارودۆخەیش، کە ماوەیەکە عێراقی گرتووەتەوە، لەو خۆپیشاندانانەی بەشێوەی چڕ لە ناوچە شیعەنیشینەکان لە خوارووی عێراق و بەغدای پایتەخت، ئەوە نەبووە بە مەترسیی گەورە بۆ سەرهەڵدانەوەی داعش و دەرفەت وەرگرتنیان، جەمال ئیمینکی، سوپاسالاری هێزی پێشمەرگەی کوردستان ئاماژەی بەوە دا، مەترسییەکە لەو کاتەوە بۆ سەرهەڵدانەوەی داعش دەستی پێکردووە، کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەو ناوچانە نەماوە، بێ گومان هەرچەند بارودۆخی عێراق خراپ و دامەزراوەکانی حکوومەت لاواز بن، مەترسییەکە زیاترە، گوتیشی: ”ئەگەر حکوومەتی عێراق لە رێککەوتن بۆ گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆ ئەو ناوچانە و هەماهەنگیکردن نەیەتە پێشەوە، ئەوا مەترسییەکە زۆر گەورەیە و لە ئان و ساتدایە داعش بتوانێ دەست بەسەر ئەو ناوچانەدا بگرێتەوە، ئێستا عێراقیش درکی بەو راستییە کردووە و هیوادارین ناوچەکە نەگات بەو دۆخەی لە کۆنتڕۆڵ دەربچێت“.

ئاشکراشی کرد، بەردەوام هەولێر و بەغدا بۆ ئەو پرسە لەسەر خەتن، بەڵام تاوەکوو ئێستا لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق لەو پرسەدا نەهاتوونەتە پێشەوە و ئەوەش رێککەوتنی هەولێر و بەغدای لەسەر پرسی هەماهەنگیکردنی پێشمەرگە لەگەڵ سوپای عێراق بۆ پاراستنی ئەو ناوچانە دواخستووە.

سەبارەت بەو هێزانەیش، کە لە شەڕی داعشدا خۆبەخشانە هاوکاریی هێزی پێشمەرگەی کوردستانیان کردووە، بەتایبەتی پارتی ئازادیی کوردستان -ی رۆژهەڵات، کە ژمارەیەک شەهید و برینداریشیان لە شەڕە زۆر سەختەکاندا هەبووە، هەندێ میدیا و ماڵپەڕ و پەیجەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتی بڵاویان کردووەتەوە، کە ئەو هێزە خۆبەخش نەبووە و لەسەر هێزی پێشمەرگەی کوردستان میلاکە و پێشمەرگەکانیان مووچەیان هەیە، ئەو بەرپرسە باڵایەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، جەختی کردەوە، ئەوەی ئەو میدیا و ماڵپەڕانەوە گوتوویانە ئەوپەڕی بێویژدانییە، کە بگوترێ یەک دیناریان پێ دراوە، گوتیشی: ”لە کاتی شەڕی داعش خەڵکێکی زۆر لە کوردانی رۆژهەڵات و باکوور و رۆژئاوا لە ڕیزی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لەبەرامبەر بە داعش شەڕیان کردووە، کە هیچ کام و کەسێکیان مووچەیان نەبووە و تەنیا وەکوو پرەنسیپی کوردانە و بۆ بەرگری لە خاک و ئەزموونی کوردستان هاوکاریی هێزی پێشمەرگەیان کردووە، لەبەر ئەوە، ئەوەی ئەو میدیایانە دەیڵێن، ئەوپەڕی بێویژدانییە، چونکە ئەوانە لە سەنگەرەکانی پێشەوە شەهیدیان هەبووە، ئاخر منیش دەپرسم، کەسێک خۆی بداتە بەر فیشەکی دوژمن و شەهید بێت، دواتر پارەی بۆ چییە؟ ئەوانە تەنیا هەستێکی نیشتمانی و نەتەوەیی بۆ ئەو شەڕەی هێناون، کە ئەوەش لای ئێمە جێگەی رێز و دەستخۆشییە، بەتایبەتی پارتی ئازادیی کوردستان و بەڕێز حوسێن یەزدان پەنا، کە ئازاینە و بێ هبیچ بەرامبەرێک ئەوپەڕی توانای خۆی و پێشمەرگەکانی خستە خزمەتی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و شەهید و برینداریان دا، کە لە یەکەم رۆژی شەڕەکەوە، ئەو پارتەی رۆژهەڵات بەردەوام و بەبێ ئەوەی داوای لێ بکرێت، خۆبەخشانە و بەبێ ئەوەی هیچ مووچەیەکیان هەبێت، هاتووەتە شەڕی داعش، تەنیا ئەگەر لەگەڵ پێشمەرگە نانێکی سەربەرزانەیان خواردبێت، لەبەرئەوە ئەوەی لەو جۆرە ماڵەپەڕ و میدیایانەوە دەگوترێ، جگە لە دڵڕەشی و بێویژدانی، هیچی تر نییە“.