له‌ناو ئه‌م هاتوهاواره‌ی كه‌ودایر، دوای خواردنه‌وه‌ی تفتی و تاڵیی قه‌واریر.. وێڕای هاشوهوشی میدیا، بۆ ده‌ستگرتن به پنجه گیا، تا بای حزبێك كڵاوه‌كه‌یان دوور نه‌یبا.. سه‌ره‌ڕای لێدوانی به‌ناو فڵانه به‌رپرس، فیساره سه‌ركرده، كه زۆربه‌یان، خه‌یاڵیان لای گیرفان و هه‌رامه و گرده، ئه‌وانه‌ی له‌سه‌ر یه‌ك ڕیتم و به هه‌مان تۆن، فوو به كه‌ڕه‌نای پشێویدا ده‌كه‌ن و به‌بادا ده‌كه‌نه‌وه كای كۆن، من هێشتا گه‌شبین بووم، كه دۆخه‌كه دێته‌وه باری ئاسایی خۆی و ئاوه‌كه ڕێڕه‌وی خۆی ده‌ده‌ۆزێته‌وه.
بۆیه ئه‌وكات گوتم، هیچ كه‌س ناتوانێ بڕوام پێ بێنێت، كه ڕیسی هه‌لومه‌رجه‌كه‌مان لێ ده‌بێته‌وه به خوری. وه‌ك چۆن، هیچ لێدوانێك، چه‌نده‌ش تیژ و توند بێت، خه‌یاڵم ناباته سه‌ر ئه‌وه‌ی، ڕه‌وشه‌كه بچێته باری (كه‌ڵه‌كه‌تڕی). چونكه تێ ده‌گه‌م، سیاسیی هه‌ر كاتێك ویستی، باش ده‌زانێ دۆخی ساردی بخاته‌وه سه‌ر گه‌رموگوڕی، هه‌روه‌كوو چۆن، كوانووی گه‌رمیش ده‌باته‌وه سه‌ر پله‌ی سفری ساردوسڕی.
ئیتر وایه، هه‌ر نا له دونیای سیاسه‌ت و له ململانێی نێوان ئه‌هلی سیاسه‌تی ئێمه‌دا، سیاسه‌ت ڕۆژێك، نه‌وایه‌كی نه‌رم و خۆش و خه‌مڕه‌وێنه، ڕۆژێكیشیان، ته‌قینه‌وه‌ی میزڵدانی پڕ هه‌وایه. سیاسییه‌كانیش هه‌روا، ڕۆژێك مۆن و ددان لێك جیڕ ده‌كه‌نه‌وه، ڕۆژی دوایی، كه وه‌زعه‌كه‌یان بخوازێ، سفره و سه‌فه‌ر، ماڵ و مێزیان تێكه‌ڵی یه‌ك ده‌كه‌نه‌وه. زۆر به كورتی، تووڕه‌ییان بۆ ئه‌وه‌یه، گه‌ده‌ی عه‌وامه‌كه بگرن، چوون زۆر نابا، له گه‌مه‌یه‌كی دووباره، ده‌ستی شۆخی و سوعبه‌تی یه‌كتری ده‌گرن.
مه‌گه‌ر نه‌مگوت، هه‌ر بینیتان، ده‌هۆڵی ئه‌م هه‌راوزه‌نایه هاكا دڕا، وه‌رزی كلكه‌سووتێی عاشقه ئاڵۆزیی و پشێوییه‌كان كۆتایی هات، تا وه‌رزێكی دیكه‌ی ناكۆكی، سفره‌ی فیتنه‌گێڕییان دڕا. ماشێنی میدیای چه‌واشه‌ش تایه‌ی ته‌قی، تا هه‌ڵبژاردنێكی دیكه‌ش، كه‌ری هه‌رچی شرۆڤه‌كار و چاوگێڕ هه‌یه، له قوڕی بێ ئاگایی خۆیدا چه‌قی.
بیرتان چوو گوتم، ئه‌رخه‌یان بن، ئه‌م گه‌ڕی بێنه و به‌رده‌یه‌ش ته‌واو ده‌بێت، حكوومه‌ت پێك دێت، ئه‌وه‌ی له خه‌ونی خۆیشیدا پۆستی نه‌دی، له‌م یارییەدا، پشكی ده‌بێت، خه‌می نه‌بێت.
مه‌گه‌ر نه‌مگوت، په‌له مه‌كه‌ن، ئارام بگرن تاوێ. ئه‌م هه‌ویره، له‌وه زیاتر، ئاوی ناوێ. با ئه‌میشیان توانج له‌و بگرێ، یاخود ئه‌ویان، تانه و تیرێك، بۆ ئه‌م باوێ. له‌كۆتایی، هه‌ر ده‌بێ بێنه‌وه لای یه‌ك، نه‌رم بۆ یه‌كتر بكێشن، ڕێك بكه‌ون و دواجار بڵێن: زۆر بۆ كه‌م، گوتنی ناوێ.
له‌به‌ر ئه‌وه بوو، هیچ درۆ و ڕتووشێكی میدیا، هیچ خۆسووركردنه‌وه‌ی بابایه‌ك، كه خۆی لێ بووبوو به كه‌ڵه‌گا، هیچ هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی لوولدراوی ناو بابۆڵه‌ی پێچ و په‌نا، هیچ په‌یامێكی ناڕاسته‌وخۆ و ته‌فسیرێكی لینگه‌وقووچی ئه‌ملا و ئه‌ولا، نه‌یانتوانی بڕوام پێ بێنن، كه وڵاتمان ده‌چێته‌وه سه‌ر خه‌ره‌ندی ده‌رد و به‌ڵا، هه‌ی ئه‌ز قه‌زا!