سەفین کانەبی: ئەکادیمیای ڕیاڵ مەدرید بازرگانی بە بەهرەمەندانی کوردستانەوە دەکات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

سەفین کانەبی: ئەکادیمیای ڕیاڵ مەدرید بازرگانی بە بەهرەمەندانی کوردستانەوە دەکات

"بۆ ھەر منداڵێک ١٢ ھەزار دۆلار وەردەگیرێت"

سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی کوردستان لەبارەی بردنی منداڵان و بەھرەدارانی کوردستان بۆ ئیسپانیا و ئەکادیمیای ڕیاڵ مەدرید ڕوونکردنەوەیەکی بڵاو کردەوە و تێیدا ڕای دەگەیەنێت منداڵان تەنھا بۆ ماوەیەکی کورت و دیاریکراو دەچێتە ئیسپانیا بۆ تاقیکردنەوە نەک یاریکردن لە ئاکادیمیای ڕیاڵ مەدرید و مەبەستەکەش زیاتر بازرگانیکردنە بە منداڵانی کوردستانەوە.

 

سەفین کانەبی، سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان، لە ڕوونکردنەوەیەکدا کە وێنەیەکیشی بۆ (باسنیوز) نێردراوە، ڕای گەیاندووە: "چەند ڕۆژێکە لەڕێگە دەزگا‌کانی ڕاگەیاندنەوە گوێیست بووم، کە چەند کەسێک لە ئەکادیمیای یانەی ڕیال مەدریدی ئیسپانی ھاتوونەتە ھەولێر، گوایە منداڵان و بەھرەمەندانی کوردستان بۆ ئیسپانیا و ئەکادیمیای ریال مەدرید دەبەن، بەندە وەک سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان بە ھیچ شێوەیەک دوور و نزیک ئاگاداری ھاتنی ئەم شاندە نیم و ئامادەش نیم لەگەڵیان دابنیشم و پرۆتۆکۆڵیان لەگەڵ واژۆ بکەم، چونکە ھاتنی ئەم شاندە تەنیا بۆ مەبەستی بازرگانیکردنە بە منداڵانی کوردستانەوە".

 

 ڕوونیشی کردووەتەوە "ئەوەندەی من زانیاریی دروستم ھەبێت، ئەم شاندە ئیسپانییە بۆ ھەر منداڵێک داوای (١٢٠٠٠) دوازدە ھەزار دۆلار دەکەن، لە بەرامبەر ئەمەدا منداڵەکە تەنیا بۆ ماوەیەکی کورت و دیاریکراو دەچێتە ئیسپانیا و تەنیا بۆ تاقیکردنەوەیە نەک یاریکردن لە ئەکادیمیای ریال مەدرید، روون و ئاشکراشە ھاتنی ئەم شاندە تەنیا بۆ منداڵانی دەوڵەمەندە، چونکە بڕی ئەم پارەیە لای ھەژارەکان نییە".

 

کانەبی ئاشکرای کردووە: "من وەک سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی کوردستان بە شانازییەوە دانیشتن لەگەڵ ئەم شاندە رەت دەکەمەوە و بە ھیچ شێوەیەکیش وەک یەکێتی تۆپی پێی کوردستان ھەماھەنگیان نابین، چونکە بە بڕوای ئێمە منداڵە لێھاتووەکان و بەھرەمەندەکانی تۆپی پێی کوردستان زیاتر لە گەڕەکە ھەژارنشینەکان و خێزانە ھەژارەکان ھەن و دروست دەبن، ئێمە بە شانازییەوە لە رێگەی پاڵەوانیەتی ساڵانەی فێرگەکانی تۆپی پێی ھەموو کوردستان، خزمەت بە منداڵە بەھرەمەندەکانی خۆمان دەکەین".