عێراق لەبەردەم دوو مەترسیی گەورەدایە

ئەم هەفتەیە هەڵوێستی هەرێمی کوردستان یەکلا دەبێتەوە

25/02/2020 - 09:27 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

بەپێی زانیارییەکانی (باس) وا بڕیارە رۆژی پێشنجشەممەی داهاتوو پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە متمانەدان بە کابینەکەی عەلاوی کۆ بێتەوە، ئەوەش لە کاتێکدایە کە دانوستان و گفتوگۆکان بەردەوامن هەیە و تاوەکوو ئێستا کورد و سوننە بڕیاریان نەداوە متمانە بە حکوومەتی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلاوی بدەن. ئەمە لە کاتێکدایە کە عێراق لەبەردەم دوو مەترسیی گەورەدایە.

دوێنێ دووشه‌مه‌ لە‌ سه‌رۆكايه‌تيى هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەیەک لە نێوان هەرسێ سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و سەرکردە سیاسییەکان و ئەندامانی شاندی دانوستکاری هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەمەد تۆفیق عەلاوی ئەنجام درا.

کە كۆبوونه‌وه‌كه‌ تايبه‌ت بوو به‌ خستنه‌ڕووى ده‌ره‌نجامه‌كانى سه‌ردانى شاندى لايه‌نه‌ كوردستانييه‌كان بۆ به‌غدا و گفتوگۆ و كۆبوونه‌وه‌كانى له‌گه‌ڵ لايه‌نه‌ سياسييه‌ عێراقييه‌كان لەگەڵ محه‌مه‌د عه‌لاوى، ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانى حكوومه‌تى داهاتووی عێراق.

بەپێی راگەیەنراوی فەرمی کۆبوونەوەکە کە وێنەیەکی تایبەت بۆ (باس) نێردراوە، لایەنە کوردستانییەکان لەسەر چەند خاڵێک لەم بارەیەوە رێک کەوتوون.

لە راگەیەنراوەکەدا هاتووە: “لایەنە کوردستانییەکان كار بۆ پێكهێنانى حكوومه‌تێك ده‌كه‌ن كه‌ تواناى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى ئێستاى عێراقى هه‌بێت و كارى جددى بۆ گێڕانه‌وه‌ى سه‌قامگيرى بۆ عێراق و ئاماده‌كارى بۆ هه‌ڵبژاردنى پێشوه‌خت بكات و جێگه‌ى بڕوا و متمانه‌ى سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانى گه‌لى عێراق بێت”.

لە خاڵێکی دیکەشیدا ئاماژە بەوە دراوە کە ئه‌و هه‌نگاوانه‌ى تا ئێستا له‌لايه‌ن محەمەد عه‌لاوييه‌وه‌ نراون بۆ زۆرێك له لايه‌ن و پێكهاته‌كانى گه‌لى عێراق جێگه‌ى دڵنيايى و متمانه‌ نين، بۆيه‌ داوا ده‌كه‌ين پێداچوونه‌وه‌ به‌ شێوازى كار و به‌رنامه‌كه‌يدا بكرێته‌وه‌ به‌ جۆرێك كه‌ حكوومه‌تى ئاينده‌ داخوازيى هه‌موو پێكهاته‌كانى عێراق، بهێنێته‌ دى.

هەروەها تیایدا ئەوەش خراوەتە ڕوو کە داكۆكى و پێداگرى له‌سه‌ر پاراستنى قه‌واره‌ى ده‌ستووريى هه‌رێمى كوردستان و ده‌سته‌به‌ركردنى سه‌رجه‌م مافه‌ ده‌ستوورييه‌كانى هه‌رێم و ناوچه‌ كێشه‌له‌سه‌ره‌كان ده‌كه‌ينه‌وه‌‌، هەروەها  پێكهاته‌كانى كوردستان و دامه‌زراوه‌ فه‌رمييه‌كانى هه‌رێمى كوردستان، ته‌نیا لايه‌نى شه‌رعيى بڕيارده‌رن له‌ ده‌ستنيشانكردنى نوێنه‌رانى هه‌رێمى كوردستان له‌ حكوومه‌تى فيدراڵى له‌سه‌ر بنه‌ماى هاوبه‌شيى ڕاسته‌قينه‌ى نيشتمانى و هاوسه‌نگى و سازان.

لە خاڵێکی دیکەشدا ئاماژە بەوە دراوە، ئێستا عێراق ڕووبه‌ڕووى ته‌حه‌دياتى گه‌وره‌ى ناوخۆيى و ده‌ره‌كى بووه‌ته‌وه‌ و به‌ وه‌رچه‌رخانێكى مه‌ترسيدارى مێژووييدا تێ ده‌په‌ڕێت، بۆيه‌ داوا ده‌كه‌ين و‌ پێويسته‌ سه‌ركرده‌ سياسييه‌كانى عێراق له‌سه‌ر مێزى گفتوگۆ دابنيشن و بگه‌نه‌ بڕيارێكى يه‌كگرتووى نيشتمانى.

هەروەها تێیدا جەخت لەسەر ئەوەش کراوەتەوە کە له‌پێناو هێنادیى ئه‌م ئامانجانه‌دا، شاندى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ لايه‌نه‌ سياسييه‌كانى ديكه‌ى عێراق، له‌ گفتوگۆ و ڕاگۆڕينه‌وه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت.

بەپێی زانیاریەکانی (باس) وا بڕیارە رۆژی پێشنجشەمەی داهاتوو پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە متمانەدان بە کابینەکەی عەلاوی کۆ بێتەوە، ئەوەش لە کاتێکدایە کە دانوستان و گفتوگۆکان بەردەوامییان هەیە و تاوەکوو ئێستا کورد و سوننە بڕیاریان نەداوە متمانە بە حکوومەتی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتیی عەلاوی بدەن، کە بەپێی هەندێ سەرچاوەی زانیاری، محەمەد تۆفیق عەلاوی بەبێ گەڕانەوە بۆ سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان و لایەنە سیاسییەکان، تەنیا لەڕێگەی بەرهەم ساڵح سەرکۆماری عێراقەوە دەستنیشانی هەندێ کاندیدی کوردی بۆ پۆستە وەزارییەکان کردووە، لەوانە (شوان ئیبراهیم تەها، بۆ وەزیری دارایی، دادوەر رزگار محەمەدئەمین بۆ وەزارەتی داد و د.سامان شاڵی بۆ وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن).

چاودێرانی سیاسیی کوردیش نایشارنەوە کە عێراق لە ئەگەری رێکنەکەوتنی لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتەکاندا، لەبەردەم دوو مەترسیی گەورەدایە، کە یەکیان گەیشتنە بۆشایی یاساییە لە دووی مانگی داهاتوودا (ئادار)، کە ئەگەر رێکەوتنەکان سەرکەوتوو نەبن بۆ پێکهێنانی حکوومەت و  عادل عەبدولمەهدی سەرۆك وەزیرانی دەستلەكاركێشاوەی عێراق دەستبەرداری پۆستەکەی بێت.

دووەمیان فشاری هەندێ لە لایەنە شیعییەکان، لەوەی مافە دەستوورییەکانی کورد و سوننە لە حکوومەتەکەی عەلاوی لەبەرچاو نەگیرێت و بەوەش کورد و سوننە دەنگ بە حکوومەتی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتیی محمەد تۆفیق عەلاوی نەدەن.

سەرچاوەیەکی ئاگەدار بۆ (باس) رای گەیاند، شاندی کوردستان، کە بە یەک تیم لەگەڵ عەلاوی دانوستانیان کردووە، هەر بەو شێوەیە بەردەوام دەبێت و ئەمڕۆ سێشەمە یان سبەی چوارشەمە، شاندێکی باڵا لە هەرێمی کوردستانەوە سەردانی بەغدا دەکات.

لای خۆشیانەوە، د.بەشیر حەداد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، تایبەت بۆ (باس) رای گەیاند، تاوەکوو ئێستا هەڵوێستی فراکسیۆنە کوردستانیەکان و کورد سەبارەت بە کۆبوونەوەی رۆژی پێنجشەمەی داهاتوو روون نییە، کە دەنگ بە کابینەکەی عەلاوی دەدات یان نایدات، یان هەر بەشداریی کۆبوونەوەکە ناکات، گوتیشی: ”بە گوێرەی کۆبوونەوەی دوێنێ دووشەممەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان هەڵوێستەکان لەسەر بنەمای پڕۆسەی دانوستانەکان روون دەبن، کە تا ئێستا دانوستان بەردەوامە و گفتوگۆ هەیە“.

لای خۆشیانەوە، محەمەد سەعدەدین، ئەندامی شاندی دانوستانکاری لایەنە کوردستانییەکان لە بەغدا و بەشداربووی کۆبوونەوەی دوێنێ دووشەمەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، بۆ (باس) رای گەیاند، لە کۆبوونەوەکانی لایەنە کوردستانییەکاندا جەخت لەسەر یەکڕیزیی لایەنەکان و یەک شاندی و یەکدەنگی کراوەتەوە و لەوەدا هیچ لایەنێک هەڵوێستی جیای نەبووە، گوتیشی: ”لە کۆبوونەوەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان لەسەر چەند خاڵێک رێکەوتن کراوە، لەوانە ئەو حکوومەتەی کە لە عێراق دادەمەزرێ دەبێ نوێنەرایەتیی هەموو پێکهاتەکانی عێراق بکات، چونکە تاوەکوو ئێستا هەڵسوکەوتی سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو جێگەی متمانە نییە، پێویستە پێداچوونەوە بە شێوازی سیاسەتی خۆیدا بکات، هەروەها پێویستە ڕێز لە مافە دەستوورییەکان و قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان بگرێت“.

ئاماژەی بەوەش دا، هەرێمی کوردستان داواکانی خۆی سەبارەت بە حکوومەتی نوێی عێراق خستووەتە ڕوو کە خۆی لە مەلەفی بودجە و رێکەوتنەکانی پێشووی حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پرسی نەوت و بودجە دەبینێتەوە، لەگەڵ پرسی ناوچەکانی ماددەی 140 و هەموو پرسە هەڵپەسێردراوەکان، گفتوگۆکانیش بەردەوامییان هەیە و تاوەکوو کۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراقیش دەرفەتی رێکەوتن هەیە، گوتیشی: “پەیامی لایەنە کوردستانییەکان بۆ عێراق لەو کۆبوونەوانە ئەوە بووە کە پێویستە حکوومەتی عێراق رێز لە دەستوور و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان بگرێت، هەروەها دەزگا شەرعییەکانی هەرێمی کوردستان دەستنیشانی نوێنەرانی خۆیان بکەن لە کابینەی نوێی حکوومەتەکەی عەلاوی کە ئێستا لەسەر ئەو پرسە دانوستان کۆتایی نەهاتووە”.

جەختی لەوەش کردەوە، دەنگدانی فراکسیۆنە کوردستانییەکان بەندە بە هاتنە پێشەوەی عەلاوی لە مافەکانی کورد و جێبەجێکردنی رێکەوتنەکان و پێدانی مافە دەستوورییەکان.

هاوکات، د. محەمەد شاكر، پەرلەمانتاری پارتی لە ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، بۆ (باس) رای گەیاند، بەپێی ماددەی ٥٧ی دەستوور، سەرەڕای ئەوەی پەرلەمانی عێراق لە پشوودایە، بەڵام پەنجا پەرلەمانتار دەتوانن داوای كۆبوونەوە بكەن، کە پێویستە ٤٨ سەعات بەر لە دەستپێكردنی كۆبوونەوەی پەرلەمان، سی ڤیی وەزیرەكان بگاتە دەست پەرلەمان و بەرنامەی حكوومەت دیاری بکرێت.

گوتیشی: «ئێمە دەمانەوێ پشكی كورد لە كابینەی نوێی حكوومەتی عێراقدا، لەلایەن دەزگا فەرمییەكانی ھەرێمی كوردستانەوە دیاری بكرێت، ئەوە بۆچوونی ھەرێمی كوردستانە و ئەگەر بێتوو نەگەن بە رێككەوتنی کۆتایی، ئەوا بە دووری نابینین كورد بایكۆتی حكوومەتی محەمەد تۆفیق عەلاوی بكات».

سەبارەت بە پرسی بۆشایی یاساییش، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی دەستلەكاركێشاوەی عێراق، لە چەند رۆژی رابردوودا لە نامەیەکی کراوەدا، کە بۆ پەرلەمانی عێراق نووسیویەتی، ئاماژەی بەوە داوە: “دوای دوو مانگ و 15 رۆژ لە دەست لەكاركێشانەوەی، تاوەکوو ئێستا حكوومەتی نوێ پێكنەهاتووە، كە بەپێی دەستوور پێویست بوو راسپاردنی پاڵێوراوێكی نوێ‌ دوای 15 رۆژ بوایە لە وادەی دەستلەكاركێشانەوەكەی، بەڵام زۆر دوا كەوتن و لە سەرەتای مانگی شوباتدا محەمەد تۆفیق عەللاوی راسپێردراوە، ئەوەش قەیرانی پرۆسەی سیاسی، بەڵكوو قەیرانی هێز و دامەزراوە دەستوورییەكان پیشان دەدات”.

لە بەشێكی دیكەی نامەكەی عەبدولمەهدی ئاماژەی بەوەش داوە، لە 2-3-2020 ماوەی دەستووری بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێ‌ كۆتایی دێت و دەڵێت: «باش لە زەحمەتیی كارەكان تێ دەگەین، كە رووبەڕووی هەمووان بووەتەوە، بۆیە ئەم نامەیە پێش كۆتاییهاتنی وادە دەستوورییەكە، ئاراستەی برایان و خوشكانی پەرلەمان و گەلی عێراقی دەكەین و هۆشداری دەدەین لە مەترسیی كەوتنە ناو بۆشاییەكی نوێوە، ئەوەش بەهۆی دواخستنی پێكهێنانی حكوومەتی نوێ‌، داواش دەكەین پەلە بكرێت لە پێكهێنانی، بۆ ئەوەی ئەركەكانی جێبەجێ بکات، لەوانەش هەڵبژاردنی پێشوەختە بە زووترین كات».

سەرۆك وەزیرانی دەست لەكاركێشاوە ئاماژەی بۆ ئەوەش کردووە، رێکنەکەوتن لەلایەن هێزە سیاسییەكانەوە دوای 3 مانگ لە دەست لەكاركێشانەوەی حكوومەت، وڵات رووبەڕووی قەیرانێكی مەترسیدار دەكاتەوە.

عادل عەبدولمەهدی دەشڵێت: «دروست و گونجاو نییە بەردەوام بم لە هەڵگرتنی ئەم بەرپرسیارێتییە لەدوای 2-3-2020ەوە، چونكە هیچ چارەیەكم نامێنێت”.

بەڵام، د.سامان شاڵی، چاودێری سیاسی، بۆ (باس) ئاماژەی بەوە دا، هێندەی رازینەکردنی پێکهاتەکان، بەتایبەتی کورد و سوننە مەترسیدارە، پرسی دروستبوونی بۆشایی یاسایی مەترسیدار نییە، گوتی: “عێراق ماوەیەکە لە بۆشایی یاساییدایە، بەڵام پشتکردن لە پێکهاتەکان، بەتایبەتی کورد و سوننە لە حکوومەتی عەلاوی، دۆخی عێراق بەرەو مەترسییەکی گەورە دەبات، چونکە دیار نییە دوای ئەوە کورد و سوننە چ بڕیارێک دەدەن، ئایا لە پڕۆسەی سیاسیدا دەمێننەوە یان دەکشێنەوە، گوتیشی: ”هیوادارین دۆخەکە بگات بە رێککەوتن، چونکە لە دۆخێکی وەهادا هەموو لایەک زەرەرمەند دەبن”.

د.سامان شاڵی، کە یەکێکە لەو بەربژێرانەی ناوی بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی عێراق بڵاو کراوەتەوە، راشی گەیاند، ئەوان ئەو پۆستە وەربگرن یان نا، بە ئەرکی خۆیانی دەزانن لە پشتیوانیکردنی داوا رەواکانی خەڵکی کوردستان بەردەوام بن.

هاوکات، سەرچاوەیەكی نزیك لە (محەمەد تۆفیق عەلاوی)یش بە (شەرقول ئەوسەت)ی راگەیاندووە: «عەلاوی 57 كەسایەتیی دەستنیشان كردووە، بۆ هەر وەزارەتێك سێ كەس، کە لە پەرلەمان بە دەنگدان یەکلا دەکرێنەوە”.

سەبارەت بە سوننەکانیش، رۆژی  پێنجشەممەی رابردوو هێزە سوننەكانی عێراق لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی (ئیتیحاد ئەلقیوا)دا هەڵوێستی خۆیان بەرامبەر حكوومەتەكەی محەمەد تۆفیق عەلاوی راگەیاند و دووپاتیان كردەوە، كە لە كۆبوونەوەی پەرلەماندا دەنگی پێ نادەن.

محەمەد كەربوولی، ئەندام پەرلەمانی عێراق لە هاوپەیمانیی سوننەكان رای گەیاند، محەمەد تۆفیق عەلاوی، سەرۆك وەزیرانی راسپێردراو، پیاوی ئەم قۆناغە نییە، بۆیە هاوپەیمانییەكەیان دەنگی پێ نادات.

كەربوولی لە هەژماری خۆیدا لە (تویتەر) نووسیویەتی، ئەوان لایەنگیرییان تەنیا بۆ هاووڵاتییان و داواكارییەكانی خۆپیشاندەرانە، كە حكوومەتی عەلاوی رەت دەكەنەوە.

هەروەها ئاماژەی بەوەش داوە، كە ئەو پێوەرانەی عەلاوییش رەت دەكەنەوە، كە بۆ دەستنیشانكردنی وەزیرەكانی كابینەی حكوومەتە كاتییەكەی دایناوە.