حەشدی شەعبی هەڕەشە لە حکوومەتی نوێی عێراق دەکات

لەسەر پرسی دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا و ناتۆ

22/02/2020 - 17:06 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

لەسەر پرسی دەرکردنی هێزەکانی ئەمەریکا و ناتۆ، حەشدی شەعبی هەڕەشە لە حکوومەتی نوێی عێراق دەکات و مەرجی دەنگدانیان بە کابینەکەی عەلاوی، بە جێبەجێکردنی بڕیاری دەرکردنی هێزە بیانییەکان لە عێراق دەبەستنەوە، هاوکات سەرکردەیەکی حەشدی شەعبییش جەخت لەوە دەکاتەوە، ڕێگە بەوە نادەن ئەمەریکا لەپەنای ناتۆدا لە عێراق بمێنێتەوە.


لە چەند رۆژی رابردوودا، عادل كه‌رعاوی، سه‌ركرده‌ لە حه‌شدی شه‌عبی، بۆ میدیا عێراقییەکان ڕای گه‌یاند، بڕیاره‌كه‌ی په‌رله‌مانی عێراق بۆ چوونه‌ده‌ره‌وه‌ی سوپای ئه‌مەریكا، ڕێكخراوی ناتۆش ده‌گرێته‌وه‌.


به‌ وته‌ی سه‌ركرده‌كه‌ی حه‌شدی شه‌عبی، ئه‌و په‌یامه‌یان به‌ ناتۆ گه‌یاندووه‌، كه‌ ده‌بێت خاكی عێراق جێ بهێڵن.


كه‌رعاوی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا، ئه‌مەریكا ده‌یه‌وێت به‌ هه‌ر پاساوێك بێت، له عێراقدا بمێنێته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ ڕه‌تكراوه‌یه‌ و بۆ ئه‌وه‌ بڕیاری په‌رله‌مان هه‌یه‌.


لەمبارەیەوە، سەرچاوەیەکی ئاگەدار لە پێکهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق، بۆ (باس) ئاشکرای کرد، کە مەرجی حەشدی شەعبی بۆ حکوومەتی نوێی عێراق و دەنگدان بە کابینە نوێیەکەی عەلاوی، بە پرسی جێبەجێکردنی دەرکردنی هێزە بیانییەکان لەسەر خاکی عێراق بەستراوەتەوە، کە لەو پرسەدا موقتەدا سەدڕ، رێبەری رەوتی سەدڕ و لیستی (سائیروون)یش، کە گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی عێراقە، پشتیوانی لەو مەرجەی حەشدی شەعبی دەکەن، کە لە ئەگەری پاشەکشەکردن لەو بڕیارە، ئەوا حەشدی شەعبی هۆشداریی داوەتە محەمەد تۆفیق عەلاوی، کە تەمەنی حکوومەتەکەی درێژ نابێت.


بەڵام، ماڵپەڕی (رووسیا ئه‌لیه‌وم) بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی بەرپرس لە حکوومەتی عێراق ئاشکرای کردووە‌، كه‌ هه‌ر یه‌ك له‌ به‌غدا و واشنتۆن، خواستی ئه‌وه‌یان هه‌یه‌ ده‌ست بكه‌ن به‌ گفتوگۆ، سه‌باره‌ت به‌ مانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مەریكا له‌ عێراق.


سەبارەت بە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەش، ماڵپەڕەکە ئەوەی خستووەتە ڕوو‌، یه‌كێك له‌و پێشنیازانه‌ی به‌غدا بۆ واشنتۆنی ده‌كات، ئه‌وه‌یه‌ کە هێزه‌كانی ئه‌مەریكا له‌ چوارچێوه‌ی هێزه‌كانی په‌یمانی ناتۆ له‌ عێراق بمێنێته‌وه‌.


دوای بڕیاره‌كه‌ی په‌رله‌مانی عێراق بۆ پابه‌ندكردنی حكوومه‌ت به‌ كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مەریكا، عادل عه‌بدولمه‌هدی داوای له‌ ئه‌مەریكا كرد، شاندێك بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ره‌وانه‌ بكات، له‌ وه‌ڵامیشدا وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مەریكا رای گه‌یاند، هه‌ر شاندێك سه‌ردانی به‌غدا بكات، قسه‌ له‌سه‌ر پرۆسه‌ی كشانه‌وه‌ ناكات.


له ‌نوێترین لێدوانیشیدا، یانس ستۆڵتنبێرگ، ئه‌مینداری ناتۆ ڕای گه‌یاندووە، عێراق خواستی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌، ناتۆ له‌و وڵاته‌ بمێنێته‌وه‌.


یانس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ، ئاماژەی بەوەش داوە، کە هێزەکانی ناتۆ تاوەکوو ئەو کاتە لە عێراق دەمێننەوە، کە عێراق بە مانەوەیان رازی بێت.


 هێزەکانی ناتۆ لە ساڵی 2018وە بە 500 سەرباز و راوێژکاری سەربازییەوە دەستیان بە مەشقپێکردن و راوێژپێدانی هێزە عێراقییەکان کردووە، بەڵام دوای کوشتنی قاسم سولەیمانی لەلایەن ئەمەریکاوە لە سەرەتای ئەمساڵ، چالاکییەکانی وەستاند، تاوەکوو لە کۆبوونەوەی ڕۆژی چوارشەممەی رابردوو 12-2-2020 وەزیرانی بەرگریی وڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانییەکە، بڕیاریان بەردەوامیدانی چالاکییەکانیان دا.


لەمبارەیەوە، د.سامان شاڵی، چاودێری سیاسی و شارەزا لە سیاسەتی ئەمەریکا، بۆ (باس) رای گەیاند، ئەو بڕیارەی پەرلەمانی عێراق داویەتی، هێزەکانی (ناتۆ)ش دەگرێتەوە، گوتیشی: “هەڵوێستی حەشدی شەعبی و هێزە شیعەکان بەگشتی، روونە، دەیانەوێ هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق بڕۆنە دەرەوە و ڕێگری لە هەر هەوڵێک دەکەن کە ببێتە هۆی مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق، بەڵام ئاراستەی دیکەش لە عێراقدا هەیە، کە لەم قۆناغەدا لەگەڵ ئەوەدا نین، کە هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق بڕۆنە دەرەوە، جگە لەوەش، ئەمەریکا خۆیشی ئەوە بە هیچ شێوەیەک قبووڵ ناکات، حکوومەتی نوێی عێراقیش، کە دروست دەبێت، ئەگەر خواستی ئەوەشی هەبێت هێزەکانی ئەمەریکا لەسەر خاکی عێراق دوور بخاتەوە، کە ئەو فشارەی بەهۆی لایەنە شیعەکانەوە لەسەر بێت، کە زۆرینەی کورسییەکانی پەرلەمانیان بەدەستەوەیە و دەتوانن مەرجی خۆیان تا سنوورێک بەسەر هەر سەرۆک وەزیرانێکدا بسەپێنن، بەڵام پرسیارە بنەڕەتییەکە ئەوەیە، تا چەند ئەمەریکا پابەندی کشانەوە دەبێت لە عێراق، کە بە بڕوای من ئەوە لە هەموو دۆخێکدا ئەستەمە روو بدات”.