ئه‌مساڵیش به‌رهه‌می جووتیارانی كوردى كه‌ركووك وه‌رناگیرێت

ساڵی پار ده‌غڵودانه‌كانیان سووتاند

20/02/2020 - 22:19 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

ساڵی پار ده‌غڵودانه‌كانیان سووتاند، ئه‌مساڵیش به‌رهه‌می جووتیارانی كوردى كه‌ركووك وه‌رناگیرێت. به‌ڕێوه‌به‌رى شه‌رعیی كشتوكاڵی كه‌ركووكیش دەڵێت: ”ئه‌وانه‌ى له‌ پلانى وه‌زاره‌تى كشتوكاڵی عێراقدا نه‌بن، بێ به‌ش ده‌بن له‌ وه‌رگرتنى گه‌نم و گه‌نمه‌شامى و جۆ، له‌وه‌شدا پیلان هه‌یه‌ له‌سه‌ر جووتیارانی كورد و ئه‌وان زیانمه‌ندى یه‌كه‌من“.


له‌م باره‌یه‌وه‌، مه‌هدى كاكه‌یی، به‌ڕێوه‌به‌رى شه‌رعیی كشتوكاڵی كه‌ركووك، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند، له‌ وه‌زاره‌تى كشتوكاڵی عێراق پلانی وه‌رگرتنی به‌روبوومى جووتیاران هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر هه‌ر جووتیارێك بڕواته‌ پلانه‌كه‌وه‌، ئه‌وا به‌روبوومه‌كه‌ى لێ وه‌رده‌گیرێت، ئه‌گه‌ر كورد بێت یاخود عه‌ره‌ب یان هه‌ر نه‌وته‌وه‌ و پێكهاته‌یه‌كى تر بێ، بۆیه‌ گرنگه‌ ته‌نیا له‌ پلانه‌كه‌دا بێ، ئه‌و جووتیارانه‌ بێ به‌ش ده‌بن و به‌روبوومه‌كانیان لێ وه‌رناگیرێت كه‌ پلانیان بۆ نه‌كراوه‌، به‌تایبه‌تى ئه‌و جووتیارانه‌ى ئێستا كێشه‌ى زه‌وییان بۆ دروست كراوه‌ و له‌ ڕووى یاساییشه‌وه‌ وایان كردووه‌، كه‌ ناچێته‌ چوارچێوه‌ى پلانی كشتوكاڵیی عێراقه‌وه‌ و بێ به‌ش ده‌بن له‌ وه‌رگرتنی گه‌نم و جۆ و گه‌نمه‌شامى، كێشه‌كه‌ له‌مه‌دایه‌، چونكه‌ به‌شێكى زۆر لە جووتیارانی كورد كێشه‌یان بۆ دروست كراوه‌ و مه‌حرووم كراون له‌ پلانى كشتوكاڵی، بۆیه‌ ئه‌وانه‌ بۆ داهاتوو هیچ به‌روبوومێكیان لێ وه‌رناگیرێ.


كاكه‌یی، ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ش كرد: ”ئه‌گه‌ر ئه‌و زه‌وییه‌ كشتوكاڵاڵییانه‌ كێشه‌یان له‌سه‌ر بێت، ناڕۆنه‌ پلانه‌وه‌، ئه‌وه‌ى ده‌ڕواته‌ پلانه‌وه‌ ته‌نیا گرێبه‌ست یان تاپۆی به‌ناوى ئه‌و كه‌سه‌وه‌ هه‌بێ و وه‌رگرتنى به‌روبوومیش جیاوازه‌ له‌ به‌رهه‌مهێنان، بێ گومان پیلانیش هه‌یه‌ له‌ دژی جووتیارانى كورد و ئه‌وان زیانمه‌ندى یه‌كه‌من له‌م پرۆژه‌یه‌ و كورد له‌ هه‌موو حاڵه‌ته‌كاندا له‌م دۆخه‌دا هه‌ر زیانمه‌نده‌، به‌ڵام عه‌ره‌ب‌ ده‌یكێڵێ، ئه‌گه‌ر له‌ پلانیشدا نه‌بێ و ئه‌و به‌روبوومى خۆی هه‌یه‌ و هه‌ر زۆر لێشى وه‌رنه‌گرێ له‌ بازاڕدا ساغی ده‌كاته‌وه‌، واتا هه‌ر عه‌ره‌به‌كه‌ لێره‌دا سوودمه‌نده‌“.


گوتیشی: ”جووتیاران به‌ پله‌ى یه‌كه‌م بایه‌خ به‌ گه‌نم و جۆ و گه‌نمه‌شامیش ده‌ده‌ن له‌ سنوورى كه‌ركووك، زۆربه‌ى جووتیارانى كورد كه‌ كێشه‌یان بۆ دروست كراوه‌، ئه‌مه‌ دوو ساڵه‌ گه‌نمه‌شامى ناكه‌ن و ئه‌وانه‌یشی كه‌ كردییان نه‌چوونه‌ پلانى كشتوكاڵیی وه‌زاره‌تى كشتوكاڵی عێراقه‌وه‌ و جووتیاران زۆربه‌یان زیانه‌مه‌ند بوونه‌ و كێشه‌كه‌ش له‌وه‌دایه‌، له‌ سنوورى پارێزگاى كه‌ركووك یه‌ك شوێنی وه‌رگرتنی گه‌نمه‌شامى هه‌یه‌، كه‌ ئه‌ویش كه‌وتووه‌ته‌ ناوچه‌ى تازه‌وه‌ و ده‌توانم بڵێم له‌ بابه‌تى چاندنى گه‌نمه‌شامیدا جووتیارانی عه‌ره‌ب و توركمان زیاتر سوودمه‌ند بوونه‌ نه‌ك كورد“.


پێوه‌ند به‌م باسه‌، دیلان غه‌فوور، ئه‌ندامى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانی عێراق، له‌ ئه‌كاونتى خۆی له‌ فه‌یسبووك نووسیویه‌تى: ”به‌دواداچونمان بۆ وه‌رگرتنی به‌رهه‌مى جووتیاران له‌ زه‌وییه‌ مه‌تفاكان كردووه‌ و به‌ نووسراوێك داوامان له‌ ئه‌میندارێتیی گشتیی ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیرانی عێراق كردووه‌، كه‌ له‌ ڕووى داراییه‌وه‌ ڕه‌زامه‌ندی ده‌ربڕن و وه‌زاره‌تى كشتوكاڵ ئاگادار بكه‌نه‌وه‌ به‌ وه‌رگرتنی به‌رهه‌مى جووتیاران له‌ زه‌وییه‌ مه‌تفاكان له‌ پارێزگاى كه‌ركووك. هه‌رچه‌نده‌ به‌پێی بڕیارى ژماره‌ 29ی ساڵی 2012ى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانی عێراق، ئه‌و زه‌وییانه‌ گه‌ڕێندراونه‌ته‌وه‌ بۆ خاوه‌نه‌كانیان، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ى هێشتا سه‌نه‌دى یاساییان نییه‌، به‌رهه‌مى جووتیاران له‌لایه‌ن حكوومه‌ته‌وه‌ وه‌رناگیرێت، كه‌ زیاتر گه‌نم و گه‌نمه‌شامى و جۆیان هه‌یه‌“.


ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ ڕوو، كه‌ كاریان بۆ چاره‌سه‌ركردنى ئه‌و كێشه‌یه، له‌گه‌ڵ وه‌زیری كشتوكاڵی عێراق قسه‌یان كردووه‌، تاوه‌كوو ده‌ست بكرێت به‌ وه‌رگرتن و كڕینه‌وه‌ى به‌رهه‌مى جووتیاران.
له‌دواى 16ی ئۆكتۆبه‌رى 2017ه‌وه‌، كاتێك كه‌ركووك له‌لایه‌ن میلشیاكانى حه‌شدى شه‌عبییه‌وه‌ داگیر كرا، عه‌ره‌به‌ هاورده‌كان گه‌ڕانه‌وه‌ سنوورى پارێزگاكه‌ و ده‌ستیان گرت به‌سه‌ر زه‌ویى كشتوكاڵیی جووتیارانى كورد له‌ سنوورى دووبز و داقووق و له‌یلان و چه‌ندین شوێنى تر، ئینجا پار ساڵ به‌شێوه‌یه‌كى به‌رده‌وام ده‌غڵودانى كورد ده‌سووتێنرا و جووتیارانى كوردى كه‌ركووكیش ئاماژه‌یان بۆ ئه‌وه‌ ده‌كرد، كه‌ عه‌ره‌به‌ هاورده‌كان ئاگر له‌ ده‌غڵودانه‌كانیان به‌رده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ى بۆ ساڵی داهاتووو ئه‌و زه‌وییانه‌ى كه‌ كورد ده‌یكات و ده‌یكێڵێت ئیتر نه‌یكه‌ن، هه‌روه‌ها زیانى مادیى گه‌وره‌ به‌ جووتیارانی كوردى سنوورى پارێزگاى كه‌ركووك بگه‌یه‌نن.


هاشم مه‌ولوود، جووتیارێكى كوردى سنوورى قه‌زاى داقووقى سه‌ر به‌ كه‌ركووكه‌، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند، ”ئێمه‌ له‌ سنوورى داقووق خاوه‌نى زه‌وییه‌كى زۆری كشتوكاڵیین، له‌دواى 16ی ئۆكتۆبه‌ره‌وه‌ هه‌ندێ عه‌ره‌بی هاورده‌ هاتنه‌ سه‌ر به‌شێك له‌ زه‌وییه‌كانمان و گوتیان كاتى خۆی ئه‌و زه‌وییانه‌ دراوه‌ به‌ وان، له‌كاتێكدا ئێمه‌ تاپۆمان هه‌یه‌، ئیتر به‌ پاڵپشتیى هێزه‌ سه‌ربازییه‌كان ده‌ستیان به‌ چاندنى گه‌نم كرد، به‌ڵام بۆ ئه‌مساڵ خۆمان رووبه‌ڕوویان بووینه‌وه‌ و ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ش هه‌بوو شه‌ڕى گه‌وره‌ له‌نێوانمان ڕوو بدات“.


گوتیشی: ”ئێستا كێشه‌یه‌كى دیكه‌ى گه‌وره‌ بۆ جووتیارانى كورد دروست بووه‌، كه‌ بۆ ئه‌مساڵ وه‌زاره‌تى كشتوكاڵی عێراق به‌رهه‌مه‌ كشتوكاڵییه‌كانمان لێ وه‌رناگرن و هه‌رچی به‌رپرسی كوردیش هه‌یه‌، كه‌ لێره‌و له‌وێ باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن، كه‌ كێشه‌كانیان بۆ چاره‌سه‌ر ده‌كه‌ن، وا نییه‌ و ئه‌وان خۆیان به‌م جۆره‌ كاره‌وه‌ سه‌رقاڵ ناكه‌ن، كه‌ سوودى خۆیانى تێدا نه‌بێت و له‌مه‌شدا هه‌ر جووتیاران و خه‌ڵكى كاسب زیان ده‌كه‌ن“.