له‌ سنوورى كه‌ركووك داعش تا دێ بەهێز دەبێتەوە و بەنیازی هێرشیشە

مەسرور بارزانی: كوشتنى به‌غدادی كاریگه‌ریى له‌سه‌ر توانا و چالاكییه‌كانى چه‌كدارانى داعش نه‌بووه

20/02/2020 - 16:16 بڵاوکراوەتەوە لە ڕاپۆرت

رۆژ له‌دواى رۆژ داعش له‌ سنوورى كه‌ركووك بەهێز دەبێ. له‌باره‌ى مه‌ترسییه‌كانى داعشیشه‌وه‌، فه‌رمانده‌یه‌كى پێشمه‌رگه‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات، له‌سه‌ر كات ماوه‌ و داعش به‌نیازى هێرشی گه‌وره‌ترن.


مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، له‌ په‌راوێزى كۆنگره‌ى ئه‌منى، كه‌ له‌ شارى میونخی ئه‌ڵمانیا به‌ڕێوه‌ ده‌چێت و له‌میانه‌ى چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ى (واشنتۆن پۆست)، ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ كردووه‌، داعش خۆیان رێكخستووه‌ته‌وه‌ و ئه‌وان هێرش ده‌كه‌ن و مه‌ترسین بۆ سه‌ر ناوچه‌كه‌، ئه‌و په‌یامه‌شیان له‌باره‌ى هێرشه‌كانى داعشه‌وه‌ گه‌یاندووه‌ته‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ى ئه‌مەریكا.


ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ ڕوو، كوشتنى به‌غدادی كاریگه‌ریى له‌سه‌ر توانا و چالاكییه‌كانى چه‌كدارانى داعش نه‌بووه‌، هه‌روه‌ها ئه‌وان له‌ هێرشه‌ چه‌كدارییه‌كانیان به‌رده‌وامن و خه‌ڵكیش ده‌چنه‌ ناو ریزه‌كانیانه‌وه‌، هه‌روه‌ها داعش هێرشی چه‌كدارى دەکا و ئه‌وان ئێستا زیاتر وه‌كوو مافیا مامه‌ڵه‌ ده‌كه‌ن و خه‌ڵكیش ده‌ڕفێنن.


سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌و دیمانه‌یه‌یدا، ئاماژه‌ى بۆ ئه‌وه‌ش كردووه‌، مانه‌وه‌ى هێزه‌كانى هاوپه‌یمانان و ئه‌مەریكا له‌ عێراق گرنگه‌، بۆ ئه‌وه‌ى بتوانن شه‌ڕی دژ به‌ تیرۆر بكه‌ن و هیوادارین واشنتۆن و به‌غدا رێگایه‌ك بۆ مانه‌وه‌ى هێزه‌كانى هاوپه‌یمانان له‌ عێراق بدۆزنه‌وه‌.


لەلایەکی ترەوە، به‌پێی راگه‌یاندراوێكى پۆلیسی فیدڕاڵیی عێراق، كه‌ وێنه‌یه‌كى بۆ (باس) نێردراوه‌ و تێیدا هاتووه‌، پۆلیسی فیدڕاڵیی عێراق له‌ سنوورى پارێزگاى كه‌ركووك، ده‌ستیان به‌سه‌ر دوو بۆمبی چێندراو و دوو گولله‌ هاوه‌ن و 82 پارچه‌ كه‌ره‌سته‌ى دیكه‌ی بۆمبی چێندراوی داعشدا گرت.


راگه‌یاندراوه‌كه‌ ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ ڕوو، هاوكات هێزێكى دیكه‌ى پۆلیسی فیدڕاڵیی عێراق له‌ ناوچه‌ى ره‌شادى سه‌ر به‌ كه‌ركووك، ده‌ستیان به‌سه‌ر 18 بۆمبی چێندراوى دروستكراوى ناوخۆ و شه‌ش ده‌به‌ی ماده‌ى سیفور و 10 ڕاسته‌ى ته‌قینه‌وه‌دا گرت و پاشان ئه‌و ته‌قه‌مه‌نییانه‌ له‌لایه‌ن هه‌نده‌سه‌ى سه‌ربازییه‌وه‌ پووچه‌ڵ كرانه‌وه‌.


هاوكات، سه‌باح نوعمان، گوته‌بێژی هێزه‌كانى دژه‌ تیرۆری عێراق، له‌ لێدوانێكیدا بۆ میدیا عێراقییه‌كان رای گه‌یاندووه‌، رۆژی شه‌ممه‌ 15/2/2020 هێزێكى دژه‌ تیرۆری عێراق له‌ زنجیره‌ چیای حه‌مرین، توانییان 10 تیرۆریستى داعش بكوژن و چه‌ند مۆڵگه‌یه‌كى ئه‌و چه‌كدارانه‌ش تێك بده‌ن.


هه‌روه‌ها به‌پێی زانیارییه‌كانی (باس)، له‌م رۆژانه‌ى رابردوودا رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى چه‌كدارى له‌نێوان چه‌كدارێكی داعش و چه‌ند چه‌كدارێكى پۆلیسی فیدڕاڵیی عێراق له‌ سنوورى حه‌ویجه‌ دروست بوو و له‌ ئه‌نجامدا چه‌كداره‌كه‌ى داعش به‌ ناوى سه‌یف سه‌عد عه‌سافی، كه‌ خه‌ڵكى قه‌زاى حه‌ویجه‌یه‌ كوژرا.


هه‌ر به‌پێی زانیارییه‌كان، له‌م چه‌ند شه‌وى رابردوودا تیرۆریستانى داعش سێ گولله‌ هاوه‌نیان ئاراسته‌ى ناوه‌ندى قه‌زاى داقووقی سه‌ر به‌ پارێزگاى كه‌ركووك كردووه‌ و گولله‌ هاوه‌نه‌كانیش دانه‌یه‌كیان له‌ گه‌ڕه‌كى نه‌ورۆزى قه‌زاكه‌ كه‌وتووه‌ته‌ خواره‌وه‌ و ئه‌وه‌ى دیكه‌شیان له‌ته‌نیشت مناره‌ى داقووق و دانه‌كه‌ى دواییشیان له‌نزیك بازاڕى داقووق كه‌وتووه‌ته‌ خواره‌وه‌ و ئه‌و گولله‌ هاوه‌نه‌نانه‌ جگه‌ له‌ زیانى ماڵی زیانى گیانى به‌دوادا نه‌بووه‌، به‌ڵام ترس و دڵه‌ڕاوكێی لای دانیشتووانى ناوچه‌كه‌ دروست كردووه‌.


له‌ گوندێكى سه‌ر به‌ ناوچه‌ى قه‌ره‌حه‌سه‌نى سنوورى كه‌ركووك ئه‌میرێكى داعش له‌لایه‌ن هێزه‌ عێراقییه‌كانه‌وه‌ ده‌ستگیر كرا، سه‌ره‌تا ئه‌و ئه‌میره‌ى داعش له‌ سنوورى یه‌كێك له‌ گونده‌كانى ناوچه‌ى قه‌ره‌حه‌سه‌ن كارى شوانیى كردووه‌، به‌ڵام دواتر ئاشكرا بووه‌ و ده‌ستگیر كرا.


مایلز كاكینز، گوته‌بێژی هاوپه‌یمانیى نێوده‌وڵه‌تى دژی داعش، له‌ لێدوانێكى رۆژنامه‌وانیدا ڕای گه‌یاند: داعش مه‌ترسین بۆ سه‌ر هاووڵاتییان له‌ ناوچه‌كانى كه‌ركووك و حه‌مرین و دیاله‌ و له‌ سنوورى مه‌خمووریش كراونه‌ته‌ ئامانج و ئه‌وان وه‌ك ناوه‌ندى ئۆپه‌راسیۆنه‌كان به‌رده‌وامن له‌ دژی داعش.


له‌باره‌ى جموجۆڵه‌كانی داعشه‌وه‌ له‌ سنوورى كه‌ركووك، عیرفان كه‌ركووكلی، سه‌رۆكى پارتی گه‌لی توركمانی، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند، ئه‌و هێزه‌ ئه‌منییانه‌ى هاتوونه‌ته‌ سنوورى پارێزگاى كه‌ركووك، به‌ڕاستى شاره‌زا نیین و غه‌ریبیشن، له‌ ساڵی 2014ه‌وه‌ كاتێك كه‌ هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ هاتنه‌ سنوورى كه‌ركووك، توانییان ئاسایشی كه‌ركووك به‌بێ جیاوازى بپارێزن و بارودۆخى ناو كه‌ركووكیش باش بوو، ئه‌وان به‌رگرییه‌كى قاره‌مانانه‌یان كرد بۆ پاراستنى خه‌ڵك، به‌ڵام له‌دواى 16ی ئۆكتۆبه‌رى 2017 دۆخه‌كه‌ گۆڕا و هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ناتوانن رووبه‌ڕووى داعش ببنه‌وه‌، هه‌روه‌ها ئه‌منیه‌تى ناو كه‌ركووكیش بپارێزن.


كه‌ركووكلی، كه‌ هاوكات ئه‌ندامى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى كه‌ركووكه‌، روونیشى كرده‌وه‌، ئێستا رۆژانه‌ چه‌ندین كارى تیرۆریستى له‌لایه‌ن داعشه‌وه‌ له‌ گوند و شارۆچكه‌كان و شوێنه‌كانى دیكه‌ى ده‌وروبه‌رى كه‌ركووك دەکرێن، ئه‌مه‌ش هۆیەكه‌ى بۆ ئه‌وه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ ئه‌و هێزه‌ى هاتووه‌ تاكلایه‌نانه‌ كار ده‌كا و یه‌ك نه‌ته‌وه‌ن، بۆیه‌ پێویسته‌ پێشمه‌رگه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌، بۆ ئه‌وه‌ى كۆتایی به‌و بۆشاییه‌ ئه‌منییه‌ بێت و ئۆپه‌راسیۆنى هاوبه‌ش له‌ دژی داعشدا دەست پێ بکەن.


له‌و چوارچێوه‌یه‌دا، لیوا حه‌مه‌ رێگر، فه‌رمانده‌ى فه‌رمانده‌یی كه‌ركووكى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌، بۆ (باس) ڕای گه‌یاند، پێشتر كه‌ رێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌كانى تر هه‌بوون، وه‌ك قاعیده‌ و نه‌قشبه‌ندییه‌كان، ئه‌وكاته‌ سوپای عێراقیش تا ڕاده‌یه‌ك به‌هێز بوو، به‌ڵام ئه‌وان رۆژانه‌ له‌ ده‌وروبه‌رى كه‌ركووك ته‌قینه‌وه‌یان دەکرد و دواى ئه‌وه‌ى خۆیان رێكخستەوە و ناوى خۆیان نا داعش، ئه‌وه‌بوو له‌ مووسڵه‌وه‌ هه‌موو سوپاكه‌ى مالكییان ڕاماڵی و زۆرینه‌ى ئه‌هلی سوننه‌ش كه‌وتنه‌ دوایان، به‌ڵام كاتێك هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ گه‌یشتنه‌ سنوورى كه‌ركووك و شوێنه‌كانى تر، ئیتر به‌ره‌ به‌ره‌ خه‌ڵكه‌كه‌ چه‌كیان دانا و پاشان هاوپه‌یمانان هاتنه‌ سه‌ر خه‌ت، به‌ڵام ئێستا ئه‌وان هه‌ر ماون و ته‌نانه‌ت بۆ به‌شێك له‌ چه‌كدارانى داعش، حه‌شدى سوننى و حه‌شدى عه‌شاریه‌رییان بۆ دروست كراوه‌، ئێستاش ئه‌وان به‌ رۆژ حه‌شدن و به‌ شه‌ویش هه‌ر داعشن و كارى تیرۆریستى ده‌كه‌ن.


ڕاشی گه‌یاند، به‌داخه‌وه‌، كه‌ له‌ 16ی ئۆكتۆبه‌رى 2017 پێشمه‌رگه‌ له‌ سنووره‌كه‌ نه‌مان و ئیتر بۆشاییه‌كى گەورەی ئه‌منى دروست بووه‌ و له‌ نه‌بوونى پێشمه‌رگه‌شەوه‌ لە ناوچەکە، داعش خۆیان رێكخستووه‌ته‌وه‌ و په‌لامارى زۆر شوێن ده‌ده‌ن و ده‌توانن هێرشی گه‌وره‌تریش بكه‌ن، به‌ڵام پێم وابێ هێشتا كاتى ماوه‌ لاى ئه‌وان. ئه‌وان له‌ هه‌موو ناوچه‌ جیاجیاكانى سنوورى كه‌ركووكدا هه‌ن و چاوه‌ڕێی كاتن بۆ ئه‌وه‌ى هێرشی گه‌وره‌تر بكه‌ن، وه‌ك گوتم ئێستا دۆخى عێراق ناله‌باره‌ و بووه‌ته‌ پاشاگه‌ردانى، ئه‌مڕۆكه‌ ئاڵۆزی هه‌یه‌ له‌ عێراق، بۆیه‌ هێزه‌ عێراقییه‌كان ناپرژێنه‌ سه‌ر ئه‌وه‌ى به‌دواى داعشدا بگه‌ڕێن، ناچار دۆخه‌كه‌ وای لێ دێت. بۆیه‌ پێویسته‌ پێشمه‌رگه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌.